په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١١\٥\٢٠١٢

ئیسلام باشرین کەرستەیە بۆ ھەڵخەڵەتاندن و بەکوشتدانی لاوان.

ئارام حەمەساڵح    


ھەموو ئاینەکان بەگشتی و ئایینی ئیسلام بەتایبەتی ئەوەندەی بوونەتە ھۆی نەگبەتی و خوێن ڕشتن و کوشتوبڕی کۆمەڵگا نیو ئەوەندە خۆشگوزەرانی و بەختەوەریان بۆ مرۆڤ نەھێناوە ، ئایینی جولەکە لەگەڵ بڵاوبوونەوەیدا پشێوی و ئاژاوەیەکی زۆری نایەوە دوای ئەو ئایینی کریستیان بەھەمان شێوە بووە ھۆی ناڕەحەتیو گێرمەکێشمەیەکی زۆری لەئەوروپادا نایەوە بەدوای ئەمیشدا ئایینی ئیسلام کەگەورەترین نەھامەتی وئاژاوەی خستە نێو کۆمەڵگای ڕۆژھەلاتی ناوێن و بەشێک لە ئەوروپاوە، ئەفسوس ئەم بزووتنەوە تێرۆریستە ئیسلامییە تا ھەنوکەش درێژەی ھەیە.


ژنە نووسەرو بیرمەندی ئینگلیز کارین ئارمسترۆنگ لە کتێبی -مێژووی خوا- داThe History of God دەڵێ مرۆڤ بەدەستی خۆی خودای دروستکرد و کردیە خودا... جا ئایینی جولەکە یەکەمین ئایینە کە بیرۆکەی یەکتا پەرستی - Monotheism مۆنۆسیەزم -ی ھینایەکایەوە بەمەش جولەکە گەورەترین ھەڵەوخیانەتی مێژوویی بەرانبەر بە کۆمەڵگای مرۆڤ تۆمارکرد لەم سۆنگەیەشەوە پاشاو سەرۆک و فەرمانڕەوای تاک و تەنیا خۆیان وەکو خوا وێناکرد بە واتایەکی تر ئەگەر جولەکە بیرۆکەی یەک خوای تاک و تەنیای نەھێنایەتە گۆڕێ ئەوا ھەرگیز پاشاوسەرۆک و فەرمانڕەوای تاک و تەنیا نەدەھاتنە کایەوەو ھەمیشە بە کۆمەڵگای مرۆڤایەتی نامۆ دەبوون...!!!


کاتێکیش کە ھەریەکە لەئایینی جولەکەو کریستیان زانیان کەوا چیتر دەرەقەتی کێشە کۆمەڵایەتی وئابوری و سیاسیەکانی ئەم سەردەمە نایەن بەناچاری پاشەکشەیان کردو خۆیان پەڕگیرکردو وازیان لە دونیای سیاسەت ھێنا، ڕاستترە ئەگەر بڵێین چوونەدەرەوەی ئەم دوو دینە لە جوغزی دەوڵەت و سیاسەت ئارەزومەندانە نەبوو بەڵکو لەژێر پرێشەری بزووتنەوەی ڕێناسانس وھەوڵ و خەباتی ڕوناکاربیراندا بەدیھات ، مەخابن ئایینی ئیسلام لە مێژووی زێتر لە ١٤٠٠ ساڵدا نەک ھەرنەیتوانی چارەسەری کێشە کۆمەڵایەتی و ئابوری و سیاسیەکانی ناوچەکە بکات بەڵکو گەورەترین شەڕوئاژاوەو دووبەرەکی خستە نێو ھەموو ئەوکۆمەڵگایانەوە کە ئیسلامیان پەسەند کرد، لەلایەک شەڕەخۆکوژییەکانی نێوان ھەردووباڵی سەرەکی شیعەوسوننە لەدێرزەمانەوەو ئێستاشی لەگەڵدابێت باشترین بەڵگەن بۆ ڕاستی و دروستی ئەم قسەیە لەلایەکی تریشەوە ھەموو ئەوگرووپە ئیسلامیانەی کەبەم دواییە دروست بوون بە ڕاست ڕەوو چەپ ڕەو ومیانە ڕەویانەوە دەستیان سوورە بەخوێنی ھەزاران نووسەرو ڕۆشنبیرو سیاسەتمەدارو زانستڤانانی ئەم گەلانە، شایانی وتنە پیاوانی ئاینیی چ وەک مەلاو خوتبەخوێن وچ وەک ئیسلامی سیاسی گەورەترین ڕۆڵی نامرۆڤانە و بێویژدانانەیان بینیوە لە ھەڵخەڵەتاندن و شتنەوەی مێشکی منداڵان و لاوانی گەلانی موسڵماندا، ئەمانە ھەرئەوەندەی سۆسەی کەسێکی سێکیولاریان کردبێ ئیدی ھەزاران تۆمەتی تەکفیروزەندقبوونیان بۆ ھۆنیوەتەوەو ھاوکاتیش کەسانێکی نەفام و نەخوێندەواریان بۆ کوشتنی ئامادە کردووە، بۆ ڕاستی ئەم قسانەش فەرموون با پێکەوە گوێ لە ئیفادەی ھەریەکە لە بکوژانی دکتۆر فەرەج فۆدەو ئەنوەر سادات و بریندارکەرەکەی نەجیب مەحفوز بگرین لەکاتی دادگایی کردنیاندا کەلە عەرەبییەوە کردوومە بەکوردی .


دادگاییکردنی ئەو کەسەی کە دکتۆر فەرەج فۆدەی نووسەروڕوناکبیری کوشت:
دادوەر : بۆچی دوکتۆر فەرەج فۆدەت کوشت ؟
تاوانبار: لەبەر ئەوەی کافر بوو.
دادوەر: لەڕێگای کام کتێبیەوە یان کام نووسینیەوە زانیت کە فەرەج فۆدە کافرە؟
تاوانبار: من ھەرگیز کتێبەکانیم نە خوێندۆتەوە.
دادوەر: چۆن ؟
تاوانبار: من نەخوێندەوارم ، نە دەخوێنمەوەو نە دەشنوسم.


دادگاییکردنی ئەو کەسەی کە ئەنوەر ساداتی کوشت:
دادوەر پرسیاری لە تاوانبار کرد : بۆچی ئەنوەر ساداتت کوشت ؟
تاوانبار : لەبەر ئەوەی سادات کەسێکی عەلمانیی بوو.
دادوەر: ئایا تۆ ئەزانی عەلمانی بەمانای چی دێت ؟
تاونبار : نەخێر نازانم.


دادگاییکردنی ئەوکەسەی کە نووسەرو ڕۆماننوس نەجیب مەحفوزی بریندارکرد:
دادوەر: بۆچی نەجیب مەحفوزت دایە بەر چەقۆ و بریندارت کرد؟
تاوانبار: لەبەر ئەوەی کافر بوو ھەروەھا لە ئوممەی ئیسلام دەرچوبوو.
دادوەر : باشە چۆن ئەمەت زانی ؟
تاوانبار: لەڕێگای ڕۆمانێکیەوە بەناوی - اولاد حارتنا - .
دادوەر: بەرپەرچی دایەوەو پرسی؛ ئایا تۆ ڕۆمانی - اولاد حارتنا - ت خوێندۆتەوە؟
تاوانبار: نەخێر نەم خوێندۆتەوە.

 

ماڵپه‌ڕی ئارام حه‌مه‌ساڵح

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک