په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٥\٨\٢٠١٦

ئیسلامە توندڕەوەکان و وڵاتانی کۆنەپەرست و دیکتاتۆرەکەی تورکیا.


ئه‌حمه‌د ره‌جه‌ب   


روون و ئاشکرایە ئیسلامە توندرەوەکان و وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی کۆنەپەرست و دواکەوتوو بەوپەری دڵسۆزییانەوەو بێوچان کار ئەکەن بۆ پشتگیری رەجەب تەیب ئەردۆگان و مانەوەی رژێمە خوێنرێژەکەی تورکیاو بۆ ئەو مەبەستەش وڵاتە دەوڵەمەندەکان وەک عەربەستانی سعودی و قەتەر خەرجی تیرۆریستان دابین ئەکەن بۆ ئەوەی بیاندەن بە گژ نەیارەکانیان و نەخشەکانی ئەردۆگان سەر بگرن.


شاراوە نییە لە مێژووی پر سەروەری گەلەکەمان زۆران لە نێوان کۆنەپەرستان وئیسلامە توندرەوەکان لە لایەک و، شیوعی و چەپ و نیشتمانپەروەران لەلایەکی ترەوە بە چەند شێوەیەک رەنگیدابووەوەو، ئیسلامییە کۆنەپەرست و توندرەوەکان شان بە شانی رژێمی خوێنرێژی سەددام حوسەێن و حزبی بەعسی عەرەبی درندەو جاش موستەشارو چڵکاوخۆرەکان لە یەک سەنگەر بوون دژی گەل و نیشتمان.


ئەمرۆ بە ھۆی پێشکەوتنی کۆمەڵگەی جیھانی وباسی مافی مرۆڤ و دیموکراسی و پێکەوە ژیان ھەندێ لە ئیسلامییە کۆنەپەرست و توندرەوەکانی ساڵانی شەستەکانی سەدەی رابردوو وریا بوونەتەوەو دەم لە زۆر بواردا ئەدەن و بە نیازی خۆیان وا ئەزانن کەس رابردوویان نازانێت و لەو کاتانەدا کە لە گەڵ رژێمی دیکتاتۆری سەددام حوسەێن و حزبی بەعسی عەرەبی و جاش موستەشار یەکیانگرتبووە دژ بە بیری چەپ و پێشکەوتنخوازو رۆڵەکانی گەل، کە بە بەر چاویانەوە راوئەنران و زیندانی ئەکران و لە سێدارە ئەدران یان لەناو مالەکانیانەوە بە دەسترێژی سەربازەکانی سوپای عێراق و ئەمن و ئیستخبارات ئەکوژران.


لە پاش خەبات و تێکۆشان و خۆبەختکردنی پێشمەرگەو جەماوەری ئازاو کۆڵنەدەری گەلەکەمان و، نەمانی رژێمی خوێناوی دیکتاتۆری، ئەوانەی کە لە رابردوودا شان بە شانی سەددامی دیکتاتۆرو چڵکاوخۆرەکانی بەربەرەکانی رۆڵە ئازاو قارەمانەکانی حزبی شیوعی و بزوتنەوەی چەپ و نیشتمانپەروەرانیان ئەکرد، توانیان بە کلکەلقەو ماستاو کردن و مامە حەمەیی جێی خۆیان بکەنەوەو، ببن بە خاوەن حزب و، وەک بڵێی کەس رابردووی رەشیان نازانێت کاتێ " فتوا"" یان دەر ئەکەردو، داعش ئاسا ئەیانوت ئەم کارە ( حەررامە) ‌و، ئەو ژنە مێردەکەی شیوعییە (حەڵاڵە) و ئەبێ تەڵاق بدرێت و، شوو بە ""موسڵمان"" ێک بکات.


ئەمرۆ ئیسلامییەکان بە تایبەت ئیخوان ئەلموسلمین و بزوتنەوەی حەماس و، تاقمی یەکێتی زانایانی جیھانی موسڵمانان ( یوسف قەرەزاوی و عەلی قەرەداغی) و، دەوڵەتی ئیسلامی ( داعش) رژێمی تورکیای خوێنرێژ بە پێشەنگ ئەزانن و، بەرگری لێوە ئەکەن و، لە سەر ئامۆژگارییەکانی ئەردۆگان ئەرۆن و، یارمەتی ئەدەن بۆ ئەوەی نەخشە گڵاوەکانی دژ بە مرۆڤ جێبەجێ بکات.


لەو رۆژەی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش) پەیدابووەو، ھاتووەتە ناوچەکە رژێمی تورکیا کار ئاسانیان بۆ ئەکات و، لە رێی ئەوانەوە تیرۆریستەکان لە پاش مەشقپێکردنیان لەلایەن سوپای تورکیاوە رەوانەی سوریاو عێراق ئەکرێن و، ئەردۆگان و بەرپرسانی تر ئەو ھەواڵە بە ‌دوورو درۆ لە قەڵەم ئەدەن، بەڵام ئەوەتە ئەلتەیب ئەلبگوشی وەزیری دەرەوەی تونس کە وڵاتێکی ئیسلامییە راشکاوانە ئەڵێت: تورکیا تیرۆریستان و توندرەوەکان ئەنێرێت بۆ سوریاو عێراق و، سەرەرای یارمەتی ھەمە جۆرە، بریندارەکانی داعش لە خەستەخانەکانی تورکیا تیمار ئەکرێن.


کوردستان بە درێژایی زیاتر لە ھەزار کیلۆمەترلە گەڵ دەوڵەتی ئیسلامی ( داعش) لە شەردایەو، تا ئێستا پێشمەرگە قارەمانەکان بەرنگاری ئەو دوژمنە لاسارو بێفەرە بوونەتەوەو، جێی ئاماژەیە کۆمەڵێک مەلا بە ناو زانایانی ئاینی لە مزگەوتەکان مێرمنداڵ و گەنجان ھانئەدەن بۆ کاری تیرۆریستی و پەیوەندیکردن بە تاقمی تاریکستانی داعش، ئەو کارەش بێشک دوژمنانەیەو، ئەگەر باسی ئازادی بکەێن، بۆمان دەرئەکەوێت ژمارەیەک کۆلکە مەلا بە ئاشکراو روون و رەوان ئازادی و بیروراپێشێل ئەکەن.


ئیسلامە توندرەوەکان وھەندێ کەسانی بەرپرسی دۆراوی کوردستان بە ھۆی بەرژەوەندی و گیرفان پرکردن پشتگیری رەجەب تەیب ئەردۆگان و رژێمی تورکیا ئەکەن و، گوایە وڵاتێکی ئیسلامەیەو، رێگرە لەکاری خراپەو ئەخلاق پارێزەو، باش ئەزانن ئەو وڵاتە کراوەیەو خەڵکەکەی حەزیان لە موسیقاو دانس و ھەڵپەرکییەو، شارەکانی پرە لە یانەی خواردنەوە رابواردن و سیکس رێگەپێدراوەو، بەڵام لای خۆمان ھەندی مەلا " فەتوا " ئەدەن و، ئەڵێن موسیقا ( حەررامە)‌ و، ھەڵپەڕکێی کوردی ئافرەتان دژی شەرع و بەھا ئیسلامییەکانە و ئەبێت ئەو ژنانە سزا بدرێن.


ئیسلامییەکان. یوسف قەرەزاوی و عەلی قەرەداغی و موریدەکانیان زۆر سەرسامن بە حزبەکەی ئەردۆگان "" دادو گەشەپێدان "" و، خۆیان بە بەشێک لەوان ئەزانن و، باس لە دیموکراسی تورکیا و پاراستنی مافی مرۆڤ ئەکەن و، خۆیان کوێر کردووە بەرامبەر بە تاوانەکانی ئەردۆگانی لە دێھات و شارەکانی باکووری کوردستان: نێسیبین، شرناخ، ئامەد، جزیرە، گەڤەر،ماردین و سڵۆبی وناوچەکانی تر.


رەجەب تەیب ئەردۆگان لەو کاتەی بووە بە سەرۆک کۆمار زیاتر بەرەو دیکتاتۆرییەت چووەو، بە ھێچ شێوەیەک ئۆپۆزسیۆنی ناوێت و، بروای بە بەشداری ھێزەکانی تر نییە لە بەرێوەچوونی سیاسەتی رۆژانەی تورکیاو، ئەوەش چاوەروانکراوبوو لە حزبێک لە سەر شیوازی ئاینی بروات و، ھەر لەو سونگەیەوە لە گەڵ ھەموو ھێزەسەرەکییەکانی کوردکەوتە بەر‌بەرەکانی و، ھیرشێکی درندانەی کردە سەر ئازادییەکان و، ئەو ھێرشە لەوە رەنگیدایەوە کاتێک بە داردەست و گازی فرمێسک رێژ دایبەسەر بارەگای گەورەترین رۆژنامەی تورکیا ( رۆژنامەی ئەلزەمان) و، ئەو کردەوەیەش گوزارشت لە ناخی بۆگەنی ئەردۆگان ئەکات.


تاقمی ئیخوانەکان بە شان و باڵی حزبی "" دادو گەشەپێدان "" ھەڵئەدەن و، بە ناوی پارێزەری ئیسلام ناویان ئەبەن و، داواکارن پشتگیری ئیخوانەکان و سەرکردەکانیان لە ئیستەنبول بکەن و، یوسف قەرەزاوی سەرۆکی یەکێتی جیھانی زانایانی مسوڵمان ئەردۆگانی تیرۆریستی بە سەرۆکی ئیماندار ناوزەدکردو، لەم کاتەدا ئەردۆگان جەخت لە سەر گۆرینی دەستور ئەکات و، ئەیەوێت سیستەمی سەرۆکایەتی و، دەسەڵاتێکی فراوان بگرێتە دەست و، ئەم ھەنگاوەش لەوانەیە (ئاکپارتی) بکات بە چەند حزبێک و، ئەردۆگان کەسێکی فێڵبازەو، ھەموو کات ئەیەوێت تەنھا خۆی حوکم بکات و، توانی دۆستە نزیکەکانی وەک عەبدوڵلا گوێل و ئەحمەد داود ئۆغڵو دوور بخاتەوەو، لە ئێستا و بەتایبەتی لە پاش شکستی کۆدەتاکەی ئەم دووایە کەس متمانە بە ئەردۆگان ناکات.


ئاستەنگ و ھەرەشەیەکی زۆر لە سەر ئەردۆگانەو، لەم بوارانەدا چر ئەبێتەوە وەک: بەردەوامی شەر لە گەڵ پارتی کرێکارانی کوردستان (پ. ک. ک) و بەھێزبوونی توندرەوە ئیسلامییەکان و، توورەیی یەکێتی ئەورۆپاو، دژایەتێکردنی سیاسەتی چەوتی ئەردۆگان و، ساردی و سستی پەیوەندییەکانی رژێمی تورکیا لە گەڵ وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا.


لەو کاتەی جکومەتی تورکیا ھێرشی عەسکەری و رۆشنبیری ئەکاتە سەر ئەو کوردانەی ھاوبەیمانن لە گەڵ رۆژئاواو، ئازادی تاکە کەس و راگەیاندن پێشێل ئەکات و، لە ھەمانکاتدا دژ بە دامەزراوە دادگایەکان ئەوەستێت و، سەرۆک رەجەب تەیب ئەردۆگان ھەوڵ ئەدات بنچینە عیلمانییەکانی کۆماری تورکیا بگۆرێت و، ئیسلام خاوەن دەوڵەت بێت و، ھەر ئەمانەش پاڵ بە سوپاوە ئەنێت بە رەزامەندی ئەمریکاو ئەوروپا بجوڵێت.


رەجەب تەیب ئەردۆگان و حزبەکەی شانسیان ھەیەو، ھەندێ لە مەلاکانی کوردستان لە ئاستی رژێمی تورکیای خوێنرێژ چاویان کراوەیەو، بۆ نموونە ئەم مەلایە کە ( بمانەوێ یان نەمانەوێ ) مامە حەمەیی و ماستاو ساردکردن بۆ لایەنێک ئەکات چونکە بێشەرمانە ئەڵێت: تاکە لایەنێک کە ئاوری بەلای کورددا دابێتەوەو کۆمەڵێ خزمەتی لە ھەموو بوارەکان بە کورد کردبێ ( دادو گەشەیە) لە تورکیاو، ئەم مەلایە کوێرەو چاوی داخراوە بەرامبەر بە کوشتاری بە کۆمەڵی کورد لە باکووری کوردستان و، ئەم جۆرە مەلایە ھەقە بدرێت بە دادگاو سزایەکی قورس وەربگرێت.


کەم رۆژ ھەیە لە کوردستان مەلاکان و ئیسلامیەکان سوکایەتی و، ھەرەشەی کوشتن لە خەڵکی ئازادیخواز نەکەن و، کەم رۆژ ھەیە مەلا لەم کۆمەڵگایە لە بڵندگۆی مزگەوتەکانەوە سوکایەتی نەکات یاخود لەسایت و پەیجەکانەوە ئەکەونە ھێرشی توند بۆ سەر ژنان و ئازادیخوازان و، کەس نازانێت "" مەلا ""ا خۆی بەچی ئەزانێت؟


پێویستە جەماوەری خەڵکی بە شەرەفی کوردستان چیتر لەم ھەرەشەو گورەشەو سوکایەتی پێکردنە بێ دەنگ نەبن و، فشارو گوشار بخەنە سەر حکومەتی کوردستان تا ئەو جۆرە مەلانەوەو ھەرەشەکەران و، ئەوانەی سوکایەتی و ھەرەشە ئەکەن بدرێنە دادگاو، چیتر لە مینبەری مزکەوتەکانەوە ‌وتاری ھەرشەو سوکایەتی پێکردن بڵاو نەکەنەوەو،‌ لە رابردوودا لای خۆمان ئەنتەرنێت و توێتەرو فێسبوک و ئایپادو ئایفۆن نەبوو کاروباری مەلاکان شاراوە بوون، بەڵام لەمرۆوە ھەموو شتێکیان ئەخرێنە بەردەستی خەڵک و، ئەوانەی بەرگری لە مافی رەواو مرۆڤایەتی ئەکەن و، لێرەدا داوا لەسەرجەم ناوەندو دەزگاو ئازادیخوازان و کەسایەتیە سیاسی و رۆشنبیرو ھونەریەکان ئەکەین، بێدەنگ نەبن و، دەنگ ھەڵبرن.


پێویستە ئەوەی سووکایەتی بە خاک و نیشتمان و نەتەوە و پێشمەرگە و ھەموو پیرۆزییەکانی کورد ئەکەن و ھیچ بەھا و پیرۆزییەک بۆ خاک و نیشتمان و ئاڵای کوردستان و خەباتی پێشمەرگە ناھێڵنەوە و، گەیشتوەتە ئەوەی نیشتمانپەروەری بە بت پەرستی ناو ئەبەن و بەرگری لە کوردستان لەژێر ئاڵای کوردستان بە کوفرئەزانن شەرمەزار بکرین و راپێچی دادگا بکرێن.


ئەو رۆژە نزیکە ئیخوانەکان تووشی شکستێکی گەورە ئەبن و، سوڵتانەکەیان سەرشۆرانە وەک ئیخوانەکەی میسر محەمەد مورسی راپێچی دادگا ئەکرێت و، لە سەر تاوانەکانی بەرامبەر بە کوردو شارەکانیان و، یارمەتیدانی داعش و توندرەوەکان وڕھل النێرەو ئەنجومەنەکەی ئیستەنبول و شتی تر سزا ئەدرێت.

 

٢\٨\٢٠١٦
ماڵپه‌ڕی ئه‌حمه‌د ره‌جه‌ب

 


 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک