٢٩\١١\٢٠١١ ئیسلامیی کورد بۆ دژی توێژینەوە و ئازادیی هزریی تاکە.
محەمەد بێبەش
لێرەدا پرسیار ئەوەیە ڕۆژانە دەبینین ئیسلامیی کوردی زۆر توندن ، جگە لەوەی دیالۆگیان لە ھەندێ بابەت پێقبوڵ نیە ، بەڵکو دژایەتی توێژینەوە فکریەکانیش دەەن ، بگرە بەوەشەوە ناوەستن ئیسلام تێکەڵاوی ھەموو بابەتەکان دەکەن کە ئەمە کارێکی ھەڵەیە ڕوبەروی ئیسلامی دەکەنەوە ، بەلام لەگەڵ ئەمانەشدا نەیانتوانیوە ووتاری ئیسلام بگۆڕن ، ئەو ووتارە کۆمەڵایەتیانەی نیوسەدە لەمەوپێش لە مینبەرەکانەوە دەبیسرا ، ئێستاش ھەمان ووتاری کۆمەڵایەتیە ، بۆ نمونە لەسەر ژینگە ، لەسەر گیانلەبەران و پاراستنی ناتور ،لەسەر خۆشەویستی نیشتمان کە بڕبڕەی شەرەفەوکەرامەتی مرۆڤە ، لەسەر توندوتیژی بواری کۆمەڵایەتی ، لەسەر ئازادی بیرو ڕاو، کەئەم بابەتانە خوازراوی کۆمەڵگای ئەمڕۆن ، ئیسلامیی کوردی بۆ دەبێ لە عەقڵی ئازاد بترسێ ، کە ئیسلام خاوەنی ئیدیاو فەلسەفەیەکی توندو تۆلی جەماوەری خۆی بێت ، جگە لەمەش پشت ئەستور بێت بەڕاست و دروستی بنەما یاسایەکانی خۆی ، ھەمووشمان باش دەزانین کە توندو تیژی کار ناکاتە سەر چمکە عەقڵی ئازادیەکان ، ئەوهتا لە ئەفغانستان بەھێزترین چەکی ڕۆژگارلە ئاستی شێوازی بیرکردنەوەی مرۆڤەکان شکستی ھێنا ، ئیتر بۆ دەبێ ئیسلامیی کوردی ڕێگا لە لۆژیکی تاکەکان بگرێ ، ئەوەی کە ئیسلامیی کوردی دەیکاتە چەکی ناکۆکی دژایەتی ئازادیەکانی تاکی مرۆڤ ، ووشەی (مقدسات) پیرۆزیەکانە بەم ووشانە واتاکانی ئازادی ناخی تاکی مرۆڤەکان تەسک دەکرێنەوەو دەکەونە بەر تاشەو ڕەخنەی کۆمەڵایەتی ، کە ئەمەش خزمەت بە عەقڵ و بیری تەندروست ناکات ، بەواتایەکی تر سانسۆری عەقڵی مەزھەبی و دینی لەسەر عەقڵی تاکەکان ، ئەمەش دەچێتە خانەی سەپێنراو ، عەقڵە سەپێنراوەکانیش دەبنە ئامرازی خواستە تایبەتەکانی مرۆڤ ، پێم وایە کاتی ئەوە ھاتوە بڵێین مقەدەساتی مرۆڤەکان لە زھن وھۆش وھزری تاکی خودی مرۆڤەکاندایە ، چونکە وەک دەبینین مرۆڤ ھەیە گیان لەبەرێکی لا مقەدەسە ، مرۆڤیش ھەیە مرۆڤی لا مقەدەسە ، مرۆڤیش ھەیە ئاینەکەی لامقەدەسە.
کەواتە شتە پیرۆزو مقەدەسەکان خوازراوی تاکی مرۆڤەکانە ، یان خوازراوی کلتورو نەرێت و مێژوە ، ئەوەش دەگەڕێتەوە بۆ جێگەو پێگە و ھۆشیاری کۆمەڵگاکان و توانای تاکی مرۆڤەکان ، جگە لەمەش خواست ومقەدەساتەکان نیگەتیڤ و پۆزەتیڤی تیایە ، ھیچ ئیسلامێک ناتوانێ لە دەسەلاتی خودا کەمبکاتەوە وبڕیار لەسەر بەھەشتی جەھەنەمی مرۆڤەکان بدات ، ھیچ مرۆڤێک ناتوانێ خواست وحەزەکانی من لە ناخەوە بگۆڕێ بە سەپاندن ، پێم باشە ئیسلامیی کورد ، لە توژینەوە فکریەکان نەترسێ و نەبێتە بەربەستی شێوازی بیرکردنەوەی تاکەکان ، چونکە ھەر وەک لە بەرنامەی موسڵمانەکان دا ھاتوە ، خودا خۆی قورئانی ناردوە وھەر خۆشی پارێزگاری لێدەکات ، بە بڕوای من ئیسلامیی کورد لە جیاتی دژایەتی ، دەتوانێ توانای چالاکی فکری و فەلسەفی خۆی بەھێز بکات ، بێگومان حەزو خواستەکانی ناخی مرۆڤ پەرژین ناکرێ ، بۆ نمونە من لە گەڕەکێکدا دەژیم کە چوار مزگەوتی لێیە وڕۆژانە بانگ و ووتاری خۆیان دەخوێننەوە ، بەڵام یەک مەی فرۆشی لێیە نەھاوار دەکات ونە بانگێشە بۆ کاڵاکانی دەکات ، بۆ دەبێت ئیسلامیی کورد لەو دوکانە بترسێ ،یان مزگەوت و دوکانەکە چی پەیوەندیەکیان بە مقەدەساتی منەوە ھەیە ، وەکو وتمان مقەدەساتی خۆم لە ناخی خۆمدایە ، یان بۆ دەبێ تۆ لە جیاتی من بیر بکەیتەوە بۆ من ، کەمن خۆم خاوەنی ئازادیەکانی تاکی خۆمم ، کاتێک تۆ دەتونی ئازادیەکانی من سنورداربکەیت ، کە پێشێلی ئازادیەکانی تاک و کۆی بەرانبەرم کردبێ.
بەو حاڵەتەی ئیسلامیی کورد دژایەتی بیرو ھزری تاک دەکات ، بەبیانو پاساوی داب ونەرێت وکلتوری ئیسلام ، بەم بیرو لۆژیکەوە دەبێ ھیچ ڕەخنەیەکمان لە یەکێتی وپارتی نەبێت ، گەر بیانەوەێ ڕێگە بە ھیچ عەقڵێکی تری سیاسی نەدەن کە بیر وڕاو ھزری جیاوازی ھەبێ ، واتە تاکەکانی کۆمەڵ دەبێ بەخواستی حیزبی دەسەڵات بیر بکەنەوە ، بەواتایەکی تر ھەموو بیروئیداو عەقڵکی سەپێنراو ھەم کۆمەڵگا بەرەو لادان وشێواندن وشەرو ئاژاوە دەبا ، ھەم عەقڵە سەپێنراوەکەش بنەبر دەکرێ و دەچێتە گۆڕستان ، بەواتایەکی ڕاست تر ئەگەر ڕادەربڕین و بیرکرنەوەی تاکی مرۆڤەکان سا نسۆرو قەدەغە بکرێ ، یان توێژینەوەکانی بەرنامە فکریەکان دژایەتی بکرێ لەلایەن ئیسلامیی کوردەوە ، ئەوا گومان لەسەر نادروستی عەقڵەکان دروست دەبێ و، دەکرێ بلێین دەچێتە خانەی خیانەتی نەتەوەی و نیشتمانی وپاوەن کردنی ئازادی و روخان وھەڵتەکاندنی سیستەمی دیموکراسی ، خۆ ئەگەر سانسۆرکردنی بیروئەقڵ و مەنتق لۆجیکێکی ئیسلامیی سەرف بوایە ، ئەوا خودا ھۆشەکانی لەسەر خواستی پێویستیەکانی خۆی دەخولقاند ، کەواتە دیسانەوە سانسۆرو دژایەتی توێژینەوەوپاوەنکردنی ئازادی ھزرو بۆچونی تاکەکان ، بەشداری کردنە لە دەسەڵاتی خواوەند ، کە ئەمەش فەلسەفەیەکی نا مەنتیق ولۆجیکێکی دۆڕاوە ، ھەربۆیە داوا لە ئیسلامیی کوردی دەکەین چالاکی فکری و فەلسەفیان بەھێزکەن نەک دژایەتی وسەپاندن ، با حەرەمی دیالۆگ وئازادیەکان بپارێزن ، چونکە دیانەت ودین فەلسەفەی سۆزە لە نێوان ناخی تاکەکاندا بەرانبەر خودا ، واتە جەمسەرێکی ڕۆحیە لەنێوان مرۆڤ و خوادا ، جگە لەمەش فاکتەرێکی دەرونی سیکۆلۆژی وشەرمێکی شاراوەیە لە مرۆڤ بەرانبەر خواوەند ، نەک لە نێوان مرۆڤ و دەسەڵاتەکانی مرۆڤدا.
|