٢٩\٣\٢٠١١
ئیسلامی سیاسیی
ئەڵتەرناتیڤی رژێمە عەرەبییەکان نییە.
- ئیسلامی سیاسیی لە
کوردستان، گرەو لەسەر ئەسپی تۆپیو دەکا -

ستیڤان ئهحمهد
تسۆنامییەک لە رۆژئاوای نیشتمانی عەرەبەوە هەڵیکرد و زۆربەی وڵاتانی
عەرەبی گرتەوە، ئەم زریانە زۆر بە خێرایی و چاوەڕواننەکراو هەردوو
رژێمی سیاسیی لە تونس و میسر لەسەر کار لادا، بەپێچەوانەی هەموو ئەگەر
و پێشبینییەکانەوە، ئەم زریانە لە رەگەوە ئەو سیستمانەی هەڵکێشا کە
هۆکاری ئەو بارودۆخە خراپەن هەنووکە مرۆڤی عەرەب پێی ئالودە بوو،
چوونکە بەشێک لە ژێدەرە ئەکادیمیی و زانستییەکان پێشبینی ئەوەیان
کردبوو، رژێمی موبارەک تا ساڵی 2020 دەتوانێت بەردەوام بێت، کەچی
بەپێچەوانەوە وەک بینیمان نۆ ساڵ زووتر ئەو رژێمە کۆتایی هات. حاڵی
حازریش ئەو تسۆنامییە بەشێوەیەکی زۆر توند لافاوی تووڕەیی بەسەر رژێمی
لیبیا و یەمەن و بەحرەین و سوریادا دەڕێژێ، ئەگەر کار وا بڕواتە پێشەوە
دوورنییە لە ماوەیەکی نێزیکدا هەر یەک لە رژێمەکانی ئەو وڵاتانەش
بڕوخێن. خولاسەی قسە ئەوەیە شەپۆلێکی ناڕەزایی و راپەڕینی جەماوەریی بێ
ئایدۆلۆجیا سەرتاپای ئەو پانتاییە جوگرافییەی گرتۆتەوە کە بە نیشتمانی
عەرەبی ناوزەد دەکرێت. بەڵام پرسیارێکی سترۆکتۆریی لێرەدا دێتە ئاراوە،
ئایا رژێمەکانی دوای رژێمە ناسیۆنالیستییە رووخاوەکانی دنیای عەرەب، چ
جۆرە رژێمێک دەبن؟. ئایا ئیسلامی فێندەمینتالیستی توانای ئەوەی هەیە
وەک ئەڵتەرناتیڤ خۆی تەرح بکات؟. ئایا لیبرالیزمی عەرەبی خەمڵیوە
کۆمەڵگەی عەرەبی بەرەو دیموکراسیی و پلۆرالیزم و لیبرالیزم ببات؟.
ئەگەرچی وەڵامدانەوە بەم پرسیارانە کارێکی سەختە و ئەوە گەمە
سیاسییەکانی داهاتوون دیاری دەکەن چۆن رژێمە عەرەبییەکان خۆیان
دادەڕێژننەوە، لەهەمان کاتیشدا بە روونی دەبینرێت ئیسلامی رادیکاڵ
ناتوانێت وەک ئەڵتەرناتیڤ بێتە مەیدان، بەپێچەوانەوە مەرگی ئیسلامی
ئسوڵی هاوکاتە لەگەڵ مەرگی ئەو رژێمە عەرەبییانەی هەنووکە رووخاون یان
لە سەرەمەرگدان، چوون پێدەچێت ئەو زەوینەیەی ئیسلامی سیاسیی هێنابووە
سەر سەحنەی سیاسەت لە بنەماوە لەنێو بچێت.
ئیسلامی سیاسیی ئەڵتەرناتیڤی دەیەکانی رابردوو بوو.
ئیسلامی سیاسیی لە نیشتمانی عەرەبیی ئیفرازاتی زۆر هۆکار بوو، لەوانە
شەڕی ساردی نێوان هەردوو کامپی ئەو کاتەی جیهان، کە بینیمان کامپی
سەرمایەداریی خۆرئاوایی بە سەرکردایەتی ئەمەریکا، ئیسلامی سیاسیی کردە
یەکێک لە مقاشەکانی دەستی خۆی بۆ دژایەتییکردنی بلۆکی سۆشیالیستیی
خۆرهەڵات، ئەمەش بووە فاکتۆری بەهێزبوونی ئەو رەوتانە لە جیهانی عەرەبی
و ئیسلامیدا، تەنانەت دوای گەشتی عەرەب ئەفغانەکان بەرەو مەیدانی جیهاد،
دژی رووسیای کۆمۆنیستی، خوێنێکی زۆر رژایە دەمارە سڕبووەکانی ئیسلامی
سیاسیی و جیهادیی لە دونیای عەرەبیدا، بەتایبەت کە لە میسری ناسریی و
زۆرێک لە وڵاتانی تری عەرەبیدا بە زەبری هێز پەڕاوێز خرابوون. لەپەنا
ئەمەشدا یەکێکی تر لە فاکتۆرەکانی بەهێزبوونی رەوتی ئیسلامی
فێندەمینتالیستی ئەوەی لە ئەدەبیاتی ئیسلامی سیاسییدا پێی دەوترێت "رابوونی
ئیسلامی"، دەگەڕێتەوە بۆ شکستی هەر دوو پڕۆژەی ناسیۆنالیزمی عەرەبیی و
بزووتنەوە چەپە تەقلیدیی و کلاسیکییەکانی وڵاتانی دونیای عەرەب هەر لە
کەنداوەوە تا ئۆقیانووس.
ئەگەر دیقەت بدەین ناسیۆنالیزمی عەرەب پاش ئەوەی وڵاتانی عەرەب لە
دەستی کۆلۆنیالیزم و داگیرکاریی بیانیی رزگار دەکات، لە بری ئەوەی
بینای مرۆڤی عەرەب و کۆمەڵگەی عەرەب بکاتەوە، جۆرێک لە دیکتاتۆریی
ئەرستۆکراتی و بنەماڵەگەریی هێنایە بوون، کە بە هەموو شێوە و ئامڕازێک
مرۆڤی عەرەبییان دەچەوساندەوە، بە لایەنی کەمەوە رژێمە ناسیۆنالیستییە
عەرەبییەکانی چەشنی میسر و تونس و یەمەن و جەزائیر و هتد.. لە بری
ئەوەی کۆمەڵگەیەکی خۆشگوزەران و کراوە دابمەزرێنن، هاووڵاتیانی خۆیان
دەچەوساندەوە و دیلی کۆمەڵێک دروشمی نەتەوەپەرستانەی یۆتۆپییان کردبوون،
ئەمەش سەرئەنجام بووە هۆی بەرینبوونەوەی سپەیسی نێوان رژێم و جەماوەر،
ئەمە لەلایەک و لەلاکەی تریشەوە هێزە چەپەکان یان ئەوەتا ببوون بە
بەشێک لە هاوپەیمانی دەسەڵاتی دیکتاتۆرانەی دەوڵەتە عەرەبییەکان وەک لە
نموونەی سوریادا دەردەکەوێت، یان ببوونە هێزی پاسیڤ و لاوازیی هیچ
لەباردا نەبوو وەک لە نموونەی میسردا بەرجەستە دەبێتەوە. ئەمەش دەرگای
واڵا کرد بۆ ئەوەی هێزی سێیەم وەک ئەڵتەرناتیڤی هەردوو هێزەکەی تر خۆی
پیشان بدات و بێتە سەر شانۆ، ئەو هێزەش لە چەند دەیەی رابردوو ئیسلامی
سیاسیی بووە.
ئێمە ئەگەر بەوردیی شیکاریی بۆ دۆخی ئیسلامی سیاسیی بکەین کە لە دەیەی
حەفتا و هەشتا و نەوەدەکانی سەدەی رابردوو، ئەڵتەرناتیڤی سەرەکیی رژێمە
عەرەبییەکان بوو، ئێستا کەوتۆتە دۆخێکە بەرەو ئاوابوونی رۆڵی کارای خۆی
دەچێت، چوونکە هەنووکە ئەو ئیسلامگەرایە لە دوو جەمسەری سەرەکیی
پێکهاتووە، یەکێکیان لە بۆتەی قاعیدە و ئیسلامگەرای جیهادییدا خۆی
بەرجەستە کردووە، ئەم جەمسەرە نەک شانسی ئەوەی نییە ببێتە جێگەرەوەی
رژێمە عەرەبییەکان بەڵکو لە بناغەوە خۆی هێزێکی بێزراوە. هەرچی باڵی
دووەمیشە لە چەند ساڵی رابردوو وەک هێزی ریفۆرمیست و ئۆپۆزیسیۆنی
پەرلەمانی کاری کردووە، ئەویش دیسانەوە لە قەیرانێکی سەخت و قووڵدا
دەژی، بەلایەنی کەمەوە لەبەر ئەو فاکتۆرەی نەیتوانیوە تەرحێکی جیاواز
لە تەرحی ناسیۆنالیزمی فەرمانڕەوا پێشکەش بکات، بەپێچەوانەوە لە
باشترین حاڵەتدا ئەجیندای ئەم هێزە بە چەندان فرسەخ لە دوای ئەجیندای
ئەو ناسیۆنالیزمە فەرمانڕەوایەوە بووە کە ئێستا گڵۆڵەی کەوتۆتە لێژی و
لە غەرغەری مەرگدایە. بۆیە بە بڕوای من ئیسلامی ئسوڵی ئەڵتەرناتیڤێکی
دێرین و پێشووتری رژێمە عەرەبییەکان بوو، یان راستتر وایە بڵێین قۆناغی
زێڕینی ئەوان چەند دەیەی کۆتایی سەدەی بیستەم بوو نەک ئێستایەک کە
خەریکە ناسیۆنالیزمی فەرمانڕەوا و ئیسلامی سیاسیی پێکەوە دەکاتە
کەلەپوور.
بۆچی ئیسلامی سیاسیی ئەڵتەرناتیڤ نییە؟
وەک لە پێشەوە ئاماژەمان پێدا، ئیسلامی سیاسیی دەرهاویشتەی قۆناغێک لە
قۆناغەکانی کۆمەڵگە عەرەبیی و ئیسلامییەکان بوو، بەڵام بە ئەزموون بۆ
کۆمەڵگە عەرەبییەکان دەرکەوت ئیسلامگەرای رادیکاڵ ناتوانێت ببێتە ئەو
بەدیلەی خەونی پێوە دەبینن، چوونکە لە بری ئەوەی ئیسلامی
فێندەمینتالیستی کۆمەڵگەکانیان پێشبخات بەڵکو بۆ هەزاران ساڵ لەوەوپێش
دەیگێڕێتەوە، ئەمە لەلایەک و لەلاکەی ترەوە ئیسلامی سیاسیی بە ئەزموون
نیشانی داوە لە جیاتی رزگارکردنی دەوڵەتانی عەرەبی و ئیسلامیی لەو
قەیرانانەی تێیکەوتوون چەندین قەیران و تەنگژەی تریشی دەخاتە سەر،
بێجگە لەوەش وەک بیرمەندی ناسراوی عەرەب "سەمیر ئەمین" بۆی چووە "یەکەمینی
قوربانیانی دەستی ئیسلامی سیاسیی، میللەتانی ئیسلامی خۆیانن". چوونکە
هێشتا لە دەسەڵات نین و هێزێکی کەمیان لە بندەستە هەڕەشە لە ژیان و
ئازادیی هاووڵاتیان دەکەن، جا ئەگەر دەسەڵاتیان بەدەستەوە بێت، هەر
مەپرسە چی دەکەن، لە باشترین حاڵەتدا ئەوە دەکەن بزووتنەوەی تاڵبان لە
ماوەی شەش ساڵدا لە ئەفغانستان کردی.
ئەگەر بە ئینساف و واقیعبینییەوە قسە بکەین، کێشەی سەرەکیی کۆمەڵگە
عەرەبییەکان تەنیا نان و کار نییە، هەرچەندە ئەو دوو کێشەیە کەم نین،
بەڵام یەکێک لە ئیشکالییاتە هەرە سترۆکتۆرییەکان لە نەبوونی ئازادیی
سیاسیی و مۆنۆپۆڵی دەسەڵات و حکومی هەتاهەتایی و نەبوونی پلۆرالییەتدا
خۆی دەبینێتەوە، ئەمەش نەک بە ئیسلامی سیاسیی چارە ناکرێت، بەڵکو
فێندەمینتالیزم هێندەی تر دەرگایان لەسەر دادەخا، چوونکە ئیسلامی
سیاسیی بوونی خۆی بە سڕینەوەی هەموو ئەوانیترەوە گرێداوە، جۆرێک لە
فاشییەت پەیڕەو دەکات، کە هەموو دەنگێکی دەرەوەی خۆی بە شایانی سەرکوت
و لەنێوبردن دەزانێت. هەر ئەم ترسەشە وای لە هزرمەندێکی ناسراوی وەک "هاشم
ساڵح" کردووە بە دەنگێکی بەرز هاوار بکات "لە ئێستادا توندڕەویی
ئیسلامی بۆ من لە فاشیزم ترسناکترە، چوونکە دەمامکی دینداریی و
خواپەرستی لەسەر کردووە". هەنووکە لە دونیای عەرەبیدا نەک رۆشنبیران
بەڵکو هاووڵاتیانی ئاسایی و سادەش لەو راستییە دڵنیا بوونەتەوە،
ئیسلامی سیاسیی یەکێکە لە مەترسییە هەرە سەرەکییەکان، هەر لەبەر ئەمەشە
چەندین ساڵە پرۆسەی گۆڕانکاریی لە وڵاتانی عەرەبی دواکەوتووە، چوونکە
هێشتا جەماوەر ئامادە نەبوون لە بەرانبەر موبارەک و بن عەلی و کێ و کێی
تردا، ئیسلامی سیاسیی هەڵبژێرن، ئەگەرنا دەمێک ساڵ بوو ئەو تسۆنامییە
هەڵیکردبوو بۆ راماڵینی ئەو سیستمە سیاسییانەی چەندین دەیەیە
قوڕقوڕاگەی هاووڵاتیانی عەرەبیان گرتووە.
زۆرێک لە شرۆڤەکاران و پسپۆرانی بواری ئیسلامی سیاسیی باس لەوە دەکەن
چیتر بۆ لەمەودوا ئەستێرەی بەختی ئیسلامگەرای رادیکاڵ نادرەوشێتەوە،
توێژەرێکی بەناوبانگی وەک "جیڵ کێبڵ" لە کتێبەکەی خۆیدا "پێغەمبەر و
فیرعەون" پەنجە بۆ ئاوابوونی ئەستێرەی بەختی ئیسلامی سیاسیی رادەکێشێت.
هەر بۆیە "هاشم ساڵح" لە بارەی ناوەڕۆکی ئەو کتێبەوە دەنووسێت: تێزی
سەرەکیی ئەم کتێبەی جیڵ کێبڵ بەمجۆرەیە: ئەو بزووتنەوە ئوسوڵییانەی لە
ماوەی چارەگە سەدەی رابردوودا لە کۆمەڵگە عەرەبی و ئیسلامییەکاندا شوێن
پێی خۆیان قایم کرد و سەرکەوتنی جەماوەریی گەورەیان بەدەستهێنا، لە
ئێستادا ئەستێرەی بەختیان لە ئاوابووندایە و بەرەو دواوە دەچنەوە.
بەڵام ئاخۆ هۆکاری ئەمە چی بێت؟. هۆکارەکەی دەگەڕێتەوە بۆ
هەڵوەشاندنەوەی ئەو هاوپەیمانییەی لە نێوان ئەم توێژە کۆمەڵایەتییانەدا
هەبوو: بۆرژوازییەتێکی ئیماندار لە شارەکان، لەگەڵ ئەو گەنجانەی بەدەست
هەژاریی و نەبوونییەوە دەیانناڵاند، هەروەها ئەو توێژەش کە لە گەڕەکە
میللیی و دوورە دەستەکانی شارە گەورەکانی وەک قاهیرە و جەزائیر و
دارولبەیزادا دەژیان، سەرەڕای خوێندکارانی زانکۆکان کە لە رۆشنبیرانی
بزاوتە فێندەمینتالیستەکان بوون.
شۆڕشی وڵاتانی عەرەبی شۆڕشی ئیسلامی نییە.
لە سەروبەندی شۆڕشەکانی تونس و میسر، ئایەتوڵا عەلی خامنەیی رابەری
رۆحی کۆماری ئیسلامیی ئێران، لە یەکێک لە وتارەکانی خۆیدا لە نوێژی
هەینیدا ئەو خۆپیشاندان و راپەڕینانەی وەک شۆڕشی ئیسلامیی و بە
دیاریکراویی بە "بزووتنەوەی ئازادیی ئیسلامی" پێناسە کرد، داواشی کرد
ئەو گەلانە وەک گەلانی سنووری قەڵەمڕەوی کۆماری ئیسلامی ئێران بن و
شوێن پێی شۆڕشی 1979ی ئێران هەڵبگرن و کۆمارێکی ئیسلامی هاوشێوەی ئێران
دابمەزرێنن. هەرچەند ئەمە کەمێک حەماسەتی بە بڕێک لە هێزە ئیسلامییەکان
بەخشی و کەوتنە لێکچوواندنی ئەو شۆڕشانە بە شۆڕشی 1979ی ئێران، تەنانەت
هەندێک لە رۆشنبیرانی عەرەبی و ئیسلامی باسیان لە لێکچوونی مێژوویی
راکردنی شاهنشای ئێران و بن عەلی دەکرد، کە لە یەک مانگدا بووە، بەڵام
زۆر زوو لەلایەن راپەڕیوانەوە بە ئیخوان موسلیمینیشەوە وەڵامی عەلی
خامنەیی دراوە، بەوەی خۆپیشاندان و راپەڕینەکانی ئەوان ناچنە خانەی
شۆڕشی ئیسلامییەوە بەڵکو شۆڕشن لە پێناوی نان و ئازادیی و
دەستاودەستکردنی دەسەڵات و جێکەوتی دیموکراسیی و لەناوبردنی حکومی
هەتاهەتایی سەرۆکەکان. ئەمە لەلایەک و لەلاکەی ترەوە خەڵک بۆ ئاین و
لەسەر پرسی ئاین راپەڕینی نەکردووە، تەنانەت ئۆلیڤییە روا وتەنی ئەو
نەوەیەی ئێستا لە دونیای عەرەبیدا سەرمەشقی شۆڕش و خەباتن بۆ گۆڕینی
رژێمەکان، نەوەیەکی پۆست ئیسلامن و بۆ ئەوان ئیسلامی سیاسیی دیاردەیەکی
کۆنە و ناتوانێت وەڵامی پێویستییەکانی ئەم قۆناغە بداتەوە.
رۆژنامەنووسی ناوداری ئەمەریکی "تۆماس فریدمان" لە وتارێکدا لە "نیۆیۆرک
تایمز" رەتیدەکاتەوە راپەڕینی هاووڵاتیانی عەرەبی راپەڕین و شۆڕشی
ئیسلامی بن و دەنووسێت: ئێستا خەڵکی وڵاتانی تونس و میسر، کۆتاییان بە
دەستەڵاتی ئەو رژێمانە هێناوە و چەندین رژێمی دیکەی وەکوو یەمەن و
بەحرەین و عوممان و لیبیاش لە لەرزیندان. خەڵکی ئەو وڵاتانە لەبەر ئێمە
یان وەکوو وەڵامدانەوەیەک بۆ بن لادن خۆپیشاندان ناکەن. ئەوان لەلایەن
خۆیانەوە بۆ خۆیان ئەو کارە دەکەن، چوونکە ئازادییان دەوێت و دەیانەوێت
چارەنووسی خۆیان کۆنترۆڵ بکەن، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا توانیوویانە
وەڵامدەرەوەیەکی بەهێزی مودێرن بۆ بن لادنیزم دروست بکەن، هەر بۆیە
ئەلقاعیدە دەمی بەستراوە. وەڵامی ئەلقاعیدە بۆ رووداوەکانی ئێستای
جیهانی عەرەبی هاندانی خەڵکە بۆ دروستکردنی خەلافەت، بەڵام خەڵک هەر لە
تونسەوە تا دەگاتە یەمەن، وەڵامی خۆیان هەیە بۆ توندڕەویی ئاینیی و ئەو
رژێمانەی ماوەی دەیان ساڵە رۆژئاوا یارمەتیان دەدات، بێگوومان ئەو
وەڵامە پێی دەوترێت دیموکراسی.
لەلای خۆیشیەوە "رۆبێرت کاپڵان" لە گۆڤاری "فۆرین پۆڵیسی"دا ئەم پرسە
زیاتر روون دەکاتەوە و دەنووسێ: خۆپیشاندانی خەڵک دژ بەداگیرکاریی
ئیسرائیل یان دژ بە رۆژئاوا و ئەمەریکا نییە، بەڵکو دژ بە رێژەی
بێکاریی، دیکتاتۆرییەت، گەندەڵی و نەبوونی ئازادییە، ئەمەیش گۆڕانێکی
مەزنە لە مێژووی خۆرهەڵاتی نێویندا. بۆیە ناکرێت هیچ بەراووردێک لە
نێوان ئەم شۆڕشانە و شۆڕشی ساڵی 1979ی ئێران بکرێت، چوونکە ئەمەی ئێستا
شۆڕشی گروپێکی ئیسلامیی نییە دژی هێزێکی عەلمانی، بەڵکو تەنیا تووڕەیی
خەڵکە و لەناو خۆپیشاندەراندا کەسێکی هاوشێوەی ئایەتوڵا خومەینی نییە
کە رابەرایەتی ئەو راپەڕینە بکات. هەروەها ئەم راپەڕینانە کاریگەریی
گەورەیان دەبێت و بەهۆیەوە سیاسەت لە جیهانی عەرەبیی ئاسایی دەبێتەوە و
پێگەی رێکخراوی ئەلقاعیدەش بەرەو لاوازبوون دەڕوات. چوونکە ئەنجامدانی
گۆڕانکاریی لە وڵاتانی عەرەبییدا دەبێتە هۆکاری کەمبوونەوەی دروشمە
بریقەدارەکانی ئەو رێکخراوە چەکدارییە.
ئیسلامی سیاسیی کورد گرەو لەسەر ئەسپی تۆپیو دەکا.
لە کوردستان ماوەی مانگێک زیاترە پرۆسەی خۆپیشاندان لە پارێزگای
سلێمانی بەڕێوە دەچێت، ئەگەرچی خۆپیشاندانەکانی کوردستان لەلایەن هەر
سێ ئۆپۆزیسیۆنی پەرلەمانی کوردستانەوە بەڕێوە دەبڕێت و ئاڕاستە دەکرێت،
بەڵام نەبۆتە شۆڕش یان راپەڕینی جەماوەریی، تەنانەت هەندێک توێژەری
بەناوبانگ و شارەزای وەک ئۆلیڤییە روا پێیانوایە ئەو خۆپیشاندانانەی لە
دونیای عەرەبیشدا روودەدەن ناتوانرێت بە شۆڕش ناوببرێن چوونکە نە
رابەرایەتی و رێکخستنی تۆکمە و دیاریان هەیە نە حزبێکی سیاسیی
دیاریکراو بە رەسمی ئاڕاستەی دەکات، جا ئەگەر ئەوەی لە دونیای عەرەبیدا
روو دەدات بە شۆڕش حیساب نەکرێت و یان لە نێوان دوو کەوانەدا پێی
بوترێت شۆڕش، ئەوە بێگوومان مافی ئەوەمان هەیە ئەو خۆپیشاندانانەی
کوردستان بە شۆڕش ناوزەد نەکەین، ئەمەش رۆشنایی دەخاتە سەر هەڵاوێردی
کوردستان لەو تیۆری "پولی دۆمینە"یەی هەنووکە لەسەر رژێمە عەرەبییەکان
تاقیدەکرێتەوە، کە بەکەوتنی یەک پول کۆی پولەکانی تریش بەشێوەیەکی
جادوویی بەدویدا دەکەون، ئەم ئەزموونەش نوێ نییە و درێژەدانە بە
ئەزموونی کۆمارەکانی یەکێتی سۆڤیەتی جاران لە ساڵی 1989 کە یەک لە دوای
یەک وەک پولی دۆمینە داڕوخان بەسەریەکدا.
ئیسلامی سیاسیی لە کوردستان ئەگەرچی خاوەنی سیاسەتێکی ئۆپۆرتۆنیستی
بووە بە درێژایی بوونی دەسەڵاتی کوردیی، بەڵام لەم قۆناغەدا بەشێوەی
راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ پەنا دەباتە بەر شەقام و جووڵاندنی جەماوەر لە
دژی دەسەڵاتی سیاسیی لە هەرێمی کوردستاندا، ئەگەرچی لێرەدا قسە لەسەر
رەوایی جووڵاندنی شەقام نییە، بەڵام لە هەمان کاتدا ئیسلامییەکانی
کوردستان وەک هێزێکی تاریکبین و خاوەن گووتارێکی کۆنزەرڤاتیڤ گرەوێکی
دۆڕاو دەکەن یان با بڵێین گرەو لەسەر ئەسپی تۆپیو دەکەن. چوونکە ئەگەر
قەرارە دەسەڵات لە کوردستان بگۆڕێت تەنانەت ئەگەر لە رێی راپەڕین و
شۆڕشیشەوە بێت، ئیسلامی رادیکاڵی کوردیی هیچ شانسێکی نییە بگاتە
دەسەڵات، تەنانەت ئەمەریکا قووتبوونەوەی حکوومەتێکی ئیسلامی لە پەنای
ئێراندا قبوڵ ناکات، لەوە زیاتریش گۆڕان هێزێکە بە ئاسانی قبوڵی نییە،
ئیسلامی سیاسیی بەسەر رەنج و ماندوبوونی ئەودا بازبدات و حکوومەتی
خەلافەت دابمەزرێنێت، خۆ ئەگەریش سیستم لە کوردستان نەگۆڕا و پرۆسەکە
بوو بە کردەی چاکسازیی سیستم، دیسانەوە زیانمەندی سەرەکیی ئیسلامی
سیاسیی دەبێت، چوونکە بە گەشەی دیموکراسیی و بەرزبوونەوەی داهاتی
تاکەکەس و تێپەڕاندنی قەیرانە قورسەکانی ئێستا، ئیسلامی رادیکاڵ هێندە
بچووک دەبێتەوە وەک ئەوەی نەمابێت. لە حاڵەتی سێیەمدا ئەگەر وەزعەکە
وەک هەنووکە بمێنێتەوە کە ئەمە ئەگەرێکی لاوازە، هەمدیسان ئیسلامی
سیاسیی ناتوانێت هیچ قازانجێکی ئەوتۆ بکات بەڵکو رەنگە پاشەکشەی بەرچاو
خۆیەوە ببینێت.
بەهەرحاڵ بارودۆخەکە بەرەو هەر وێستگەیەک بڕوات، ئیسلامی سیاسیی لە
کوردستان شانسی لەمە زیاتر بەهێزبوونی نییە کە ئێستا تێیدایە، چوونکە
بارودۆخی ناوخۆیی کوردستان، هەلومەرجی نوێی ناوچەکە، دەوڵەتانی زلهێزی
جیهان، رێگە بەوە نادەن ئیسلامی سیاسیی ئەم دەسەڵاتە نیمچە عەلمانییەی
ئێستا لە کوردستان هەیە (بەهەموو کەموکوڕییەکانیشەوە) لە ناو ببات،
ئەگەر کارێکی وا رووبدات ئەوە دەبێت لەلایەن هێزێکی عەلمانییەوە ئەنجام
بدرێت، ئەو هێزەش ئەمڕۆ بوونی هەیە کە گۆڕانە. لەوە خەمناکتریش بۆ
ئیسلامییەکان ئەوەیە سەرهەڵدانی گۆڕان بە پلەی یەکەم زەڕبەیەک بوو بۆ
ئەوان، چوونکە پێش لە دایکبوونی گۆڕان تەنیا ئیسلامییەکان ئەڵتەرناتیڤی
دەسەڵات بوون، کەچی ئێستا گۆڕان تاکە ئەڵتەرناتیڤە، گۆڕان بێجگە لەوەی
خەونی ئەوانی لەباربرد، زۆر زیرەکانەش رایکێشاونەتە ناو یارییەکەوە کە
سەرئەنجامەکەی بە قازانجی خۆی تەواو دەبێت، خۆ ئەگەریش کۆتایی یارییەکە
زیان و دۆڕانیش بێت، هێشتا گۆڕان بەنرخێکی هەرزانتر لە ئیسلامییەکان
لێی دێتە دەرەوە.
Shamzini79@yahoo.com
|