په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٧\٢\٢٠١٣

ئیسلامی سیاسیی، گۆپاڵیک بۆ چەواشەکردنی شۆڕشی خەڵک، میسر وەک نموونە.

جەلال محەمەد     


ڕەنگە زۆر کەس بەم گوتەیەم باوەڕ نەکەن کاتێک دەڵێم تەواوی لایەنە ئیسلامیەکان دروستکراوی "سی ‌ئای ‌ئەی" ئەمریکی و موسادی ئیسرائیلین، خۆ ئەگەر سەرنجێک بدەین ئەوا زۆر بە ڕوونی دەردەکەوێت کە لە دوای شێخە بەکرێگیراوەکانی کەنداوەوە ھیچ لایەنێکی دیکە ھێندەی لایەنە ئیسلامیەکان خزمەتی بە ھێزە ئیمپریالیستیەکان و لە سەروی ھەمووشیانەوە بە ئەمریکا نەکردووە، ھەموو کردەوەی لایەنە ئیسلامیەکان پڕکردنی گیرفانی ئەمریکا و ماڵوێرانی گەلان بووە، تاکو ئێستا لایەنە ئیسلامیەکان نەک ھیچ دەستکەوتێکیان بۆ کۆمەڵگای مرۆڤایەتی بەدەست نەھێناوە بەڵکو ڕوویان لە ھەر شوێنێک کردبێت ئەو شوێنەیان لە پێشکەوتن خستووە و لایەنە پێشکەوتنخوازەکانیان لاواز کردووە و دانیشتوانەکەشیان دووچاری ئاوارەیی و ماڵوێرانی کردووە، لە کۆتایشدا بە بیانوی "شەڕ لە دژی تیرۆر" ئەمریکا و ئەوروپیەکانیان کێشاوەتە شوێنەکە. نموونە زۆرن لەو بارەیەوە ھەر لە ئەفغانستانەوە تا لوبنان، ھەر لە کوردستانەوە تا سۆماڵ، ھەر لە بۆرماوە تا مالی، خۆ دەبێت فاتیحە لەسەر دواڕۆژی میسر و لیبیا و یەمەنیش بخوێنین. ئەمە جگە لەوەی کە لایەنە ئیسلامیەکان خاوەنی قێزەونترین کردەوەن لە مێژووی مرۆڤایەتیدا، ئەو کردەوەیەش دیاردەی لەناوبردنی فەرھەنگ و کەلەپوری گەلانە وەک تەقاندنەوەی پەیکەرەکانی بودا لە ئەفغانستان و سوتاندنی مێژووی ھەزاران ساڵەی مالییەکان، واتا کتێبی دەسنووسی کۆن و لەمێژینەی کتێبخانەکانی شارەکانی ژێردەسەڵاتیان.


سەرھەڵدانی لایەنە ئیسلامیەکان لە دوو جێگە پەرەی سەندووە:


١- ئەو شوێنانەی کە لەلایەن دەسەلاتدارانەوە ھەوڵی خۆ دەربازکردن دەدەن لە کۆت و بەندی ئیمپریالیزم، وەک لیبیا و مالی.


بۆ نموونە کەسێک نییە کە لیبیای سەردەمی موعەمەر قەزافی لە بیر نەبێت، ھەموو ھەوڵی قەزافی ئەوە بوو کە لیبیا لە کۆتی ھێزە ئیمپریالیستیەکان ڕزگار بکات و تەنانەت ھاواری بۆ گەلە چەوساوەکانیش دەکرد کە خۆیان لە پیلانی ئیمپریالیزمی ئەمریکی بپارێزن و زۆرترین ھاوکاریشی بە گەلانی ئەفریقا دەکرد تاکو ناچاری ئەوروپیەکان نەبن، لەو باوەڕەدام تا سەد ساڵی دیکەش لە نێو عەرەب‌دا کەسایەتییەکی ئازادیخوازی وەک قەزافی پەیدا نابێتەوە، ئەگەرچی لە درێژەی دەسەڵاتداریدا تووشی لەخۆ بایبوون ھات و لە ناوخۆدا بووە دیکتاتۆر بەسەر خەڵکەکەیدا.


ئەوروپیەکان ھەمیشە کەسانی وەک قەزافیان بە مەترسی دەزانی بۆسەر بەرژەوەندیەکانیان، ھەر بۆیەش ئاسانترین ڕێگە و ھەرزانترین خەرجی بۆ ئەوروپیەکان سازکردنی ھێزی ئیسلامی بەکرێگیراو بوو تاکو بیانکەنە ئاستەنگی لەبەر دەم قەزافی‌دا و لەو ڕێگەیەوە جڵەوی لیبیا بخەنە دەستی خۆیان.


لیبیەکان لە سەدەی ڕابردوودا خوێنێکی زۆریان پێشکەشکرد تا ئەوروپیەکانیان لە وڵاتیان وەدەرنا ، بەڵام لە سەدەی نوێ و لە ڕێگەی چەند ھێزێکی ئیسلامی داردەستەوە بە ئاسانترین شێوە دێنەوە وڵاتی لیبیا و ھەر لە ڕێگەی ئەو داردەستە بێ بەھایانەوە قەزافی و دارودەستەکەی بە دڕندانەترین شێوە کۆمەڵکوژ کران بە پێش چاوی کامێراکانەوە .


وڵاتی مالیش یەک لەو نمونانەی دیکەیە کە لە خۆرئاوای ئەفریقادا کەمێک ئارامی بە خۆیەوە بینیبوو و بیریان لە بەرژەوەندی نیشتمانیان دەکردەوە، بەڵام لە بەدبەختی مالیەکاندا ئیسلامیە ئامادەکراوەکان لە کاردا دەبن تاکو وڵات لە قەیران وەربدەن و دەوڵەت ناچار بکەن ھەموو بەرژەوەندی نیشتمانی وەلاوە بنێت لە پێناوی پاراستنی ملی ژن و منداڵیان لە شمشێری ژەنگاوی و بە دەستی خۆیان ئەوروپیەکان بێننەوە ناو ئەو وڵاتەی کە ژمارەیەکی زۆریان وەکو کۆیلە بەکارھێنرا بوون لە ڕابردوودا.


٢- ئەو شوێنانەی کە لایەنە شۆڕشگێڕ و پێشکەوتنخوازەکان گەشەی تێدا دەکەن ، وەک کوردستان و میسر.


لە کۆتایی سەدەی ڕابردوودا حیزبی بەعس لاوازکرا و کوردان بە ڕاپەڕینی سەرتاسەری ھەنگاوێک بەرەوپێش چوون ، لەگەڵ بەرەوپێشچوونی کورداندا ھەم حوکمی بنەماڵەیی زیندو کرایەوە و ھەم ئیسلامیە ڤایرۆسەکان قوت کرانەوە، ئەو کەسانەی سەرپەرشتی ئیسلامیەکانیان دەکرد دەموچاوێکی نامۆ نەبوون و لە گەرمەی ئەنفال و کیمیاباراندا "لبیک یا سەدام"یان دەچڕی و نیوەی گوتاری ڕۆژانی ھەینییان بۆ پیاھەڵگوتن بە سەدامی پاڵەوانی ئەنفال‌دا تەرخان دەکرد، نموونەی ئەو دەموچاوانەش شێخ زاناکان و شێخ عەلی قەرەداخیەکان بوون.


ئیمڕۆش لە ڕۆژئاوای کوردستان کوردان ھەنگاو دەنێن بۆ پێشەوە ، کەچی ڕێک لە کاتێکی وەھادا "کە گەرمەی دەسەڵاتی بەعسیەکانە" چاوی لایەنە ئیسلامیەکان دەچێتە سەر کوردان و ئەوەی مەبەستی ئەمریکا و تورکیایە ئەم ڤایرۆسانە ھەوڵی بە ئەنجام گەیاندنی دەدەن، ئەو ئەنجامەش ڕێگرتن لە پێشکەوتنەکان و دزینی سەر و ماڵی کوردان و قەیراناویکردنی ناوچەکەیە ، خۆ ئەگەر خەلیفە ئەردۆغان بەو ھەموو ئیمکانیاتەی لەبەر دەستیدایە ھیچ ئەنجامێکی بە دەست نەھێنابێت لە باکووری کوردستاندا ئەوا دەستوپێوەندەکانی لە ڕۆژئاوای کوردستاندا لە مایەپوچ ڕیسواتر دەبن.


بەڵام ئەوەی مەبەستی ئەم باسەیە وڵاتی میسرە، چونکە لە مێژووی عەرەب‌دا بۆ یەکەم جار بووە کە شۆڕشێکی سەردەمیانە لە جێگەیەکی عەرەبنشینەوە سەری ھەڵدابێت و ڕۆڵی شمشێری نەھێشتبێت ، ئەو شۆڕشەش سەرھەڵدانی دوو ساڵ بەر لە ئێستا بوو کە بە وێنەی شۆڕشگێڕانی وەک "چ . گیڤارا"وە ڕوویان لە مەیدانەکان کرد، شۆڕشەکە ھێندە سەردەمیانە بوو سەرنجی ھەموو لایەکی بەلای خۆی‌دا ڕاکێشا و نازناوی "بەھاری عەرەبی" بەسەردا بڕا، ھەڵبەت ئەو ناوەش پڕ بە پێستی بوو، چونکە بۆ یەکەمین جار بوو کە عەرەب سەردەمیانە بیر بکەنەوە و شمشێری ژەنگاوی نەگەیەننە سەر ئێسک، یەکەم جار بوو عەرەب بگەنە ئەو بڕوایەی کە "چ . گیڤارا" ھێمای شۆڕشگێڕییە نەک ئەو شمشێرەی کە ھێمای لەناوبردنی گەلان و مرۆڤ سەربڕینە. لێ مەخابن ھێشتا شۆڕشی میسریەکان لە چەکەرەکردندا بوو کە ھێزە ئیمپریالیستیەکان لە ڕێگەی داردەستی ئامادەکراو "ئیخوان ‌الموسلمین"وە ئەو چەکەرەیەی لە ڕەگەوە وشک کرد.


بۆچ وەھا بە زوویی بیر لە تێکدانی شۆڕشی میسر کرایەوە:


میسر یەک لەو وڵاتانەیە کە لە ڕووی جوگرافی و دیموگرافی و کۆمەڵایەتیەوە زۆرترین گرنگی ھەیە لای ئەمریکی و ئەوروپیەکان، بەشێک لەو گرنگیانە بریتین لە:


١- تەنھا وڵاتێکە لە خۆرئاوای ئیسرائیل ھەڵکەوتووە . خۆ ئەگەر جڵەوی ئەو وڵاتە بکەوێتە دەست شۆڕشگێڕان ئەوا مەجالی ئیسرائیل نامێنێت ھێندە یاری بە چارەنووسی گەلان بکات لە ناوچەکەدا. ھەڵبەت مەبەستی ئەم خاڵە دەسەڵاتی ئیسرائیلە نەک جولەکە و گەلی عیبری کە کۆنترین خەڵکی ئەو ناوچەیەن کە لە سەری دەژین.


٢- میسر تەنھا وڵاتێکە کە ئەفریقا و ئاسیا لە لایەک و ئەوروپا و کەنداو لە لایەکی دیکەوە لە ڕێی "کەناڵی سوەیس"ەوە گرێ دەدات. بە ھاتنە پێشەوەی لایەنە شۆڕشگێرەکان ئاستەنگیەکی زۆر بۆ ئەمریکا و ئەوروپیەکان ساز دەبێت و ناتوانن چی دیکە ھێندە بە ئاسانی گەلانی ناوچەکە دادۆشن.


٣- ئەگەر وڵاتی میسر بکەوتایە دەست شۆڕشگێڕان ئەوا جێگەی شێخە بەکرێگیراوەکانی کەنداویش بەو گەرمیە نەدەمایەوە و گڕی ئازادیخوازی تەخت و پای دەسوتاندن.


٤- میسر زۆرترین قورسایی ھەیە لە نێو عەرەبدا. عەرەبیش زۆرترین خاک و گرنگترین ناوچەیان بە دەستەوەیە، ئەگەر جڵەوی عەرەب بکەوێتە دەست کەسە شۆڕشگێڕەکان ئەوا ھێزە ئیمپریالیستیەکان ناتوانن ھێندە بە ئاسانی گەلانی بە ئیسلامکراو کۆیلە بکەن لە ڕێگەی نەزانی عەرەبەوە. چونکە لە ڕۆژگاری ئیمڕۆدا ھەموو ھێزە ئیمپریالیستیەکان بە سەر پشتی عەرەب‌دا ھەنگاو دەنێن بۆ کۆیلەکردنی گەلانی ناوچەکە.


٥- عەرەب خاوەنی ئایدۆلۆژیای ئیسلامە. ئەو ئایدۆلۆژیایە ھەم ڕێ لە پێشکەوتنی گەلان دەگرێت و ھەم لە ڕێی ئەو ئایدۆلۆژیایەوە عەقڵیەتی کۆنەپەرستی عەرەبی لە نێو گەلە بە مسوڵمانکراوەکاندا دەچەسپێت. بە ھاتنە سەر دەسەڵاتی کەسە پێشکەوتنخوازەکان ئایدۆلۆژیای ئیسلامی ڕۆڵی خۆی لە دەست دەدات، ئەو کات ھەم عەرەب ھەنگاو بەرەو ڕزگاری دەنێن و ھەم ئەو عەقڵیەتە کۆنەپەرستیەش لە نێو گەلە بە ئیسلامکراوەکاندا ئەو پیرۆزییەی نامێنێت. بە پێشکەوتن و ڕزگاربوونی گەلانیش بەرژەوەندی ئیمپریالیزم نامێنێت لە ناوچەکەدا.


٦- بە ھاتنە پێشەوەی ئیخوان‌الموسلمین سەقامگیری میسر تێک دەچێت و ڕێگەی دەستێوەردانی ئیمپریالیزم ئاسانتر دەبێت لە ناوچەکە. چونکە لایەنە ئیسلامیەکان لە پێناوی بە دەسەڵاتگەیشتندا ھەموو تاوانێک ئەنجام دەدەن و ھەموو کردەوەیەکی نەشیاویش قبوڵ دەکەن و مل بۆ ھەر سازانێک دەدەن، ئەم پەلەقاژەکردنەش بۆ بە دەسەڵاتگەیشتن وا دەکات کە خەڵکی میسر ئیمپریالیزم لە بیر بکەن و زیاتر لە ھەوڵی ڕزگاربووندا بن لە دەست ڤایرۆسی ئیسلامی.


بەو ھیوایەی زەحمەتکێشانی میسر لە ڕاپەڕین و شۆڕشکردندا بەردەوام بن تا ئەو کاتەی (ئیخوان‌ الموسلمین) و ئیسلامیە ڤایرۆسەکان دەخەنە زبڵدانی مێژووەوە، بێگومان تێکشکاندنی ئیسلامی سیاسی لە میسر سەرچاوە و نوێنگەیەک دەبێ بۆ درێژەی شۆڕشی دەوڵەتانی دیکەی عەرەبی و ناوچە و دامرکاندنەوەی ئەو کوڵ و کەفە درۆزنە ئیسلامی‌یەی کە بە پارەی سعوودی و قەتەر و پشتیوانیی ئیمپریالیستەکان وەرێ خراوە.


بۆ زانیاریی پتر لە ناوەڕۆکی دیموکراتیانەی (ئیخوان ‌الموسلمین) کرتە لەسەر ئەم لینکە بکە:
http://so.firatnews.com/news/jyhn/mwrsy-boe-mwh-y-mngykh-bry-ny-syy-lh-mysr-rgh-ynd.htm

 

ماڵپه‌ڕی جه‌لال محه‌مه‌د

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک