په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٥\١\٢٠١٧

ئیسلامی سیاسی.

سەروەر تەھا حەمەئەمین

بەشی یەکەم: ئیسلامی سیاسی لە کوردستان.


ئیسلامی سیاسی سەرەتا لە دەسپێکی دامەزراندنی کۆمەڵەی ئیخوان موسلمین لە ساڵی ١٩٢٨ لە سەر دەستی حەسەن بەننا دامەزراوە، کە بەردەوام لە ھەوڵی بڵاو کردنەوەی هزرە کۆنەپەرستانەکەیاندا بوون بە ھەموو دنیادا، تاکو بگەن بە مەرامی ڕەشی خۆیان و گەڕانەوەی ژیان بەرەو سەردەمی جاھلی و ئەشکەوت نشینی، سەرەتا لە وڵاتە عەرەبیەکانەوە دەستیان پێکرد، دواتر لە سەرەتای ساڵی ھەشتاکاندا ڕوی لە کوردستان کرد، لەبەر ئەوەی ئیسلامگەراکان ئەو سەردەمە نەیان ئەتوانی فکرە کۆنە پەرستانەکەیان بچەسپێنن و مێشکی تاکی کورد بە مین ڕێژبکەن، کۆمەڵگای کوردی ئامادە نەبوو ئەو بیرە جاھلیە قبوڵ بکات، کە لەگەڵ ھیچ رەوشتێکی نەتەوەییدا یەکناگرێتەوە"چونکە ئامانجی سەرەتاو کۆتای ئەمانە خزمەتکردنی کۆمەڵگەی عەرەبیەو خزمەت بە کەلتورو زمانی عەرەبی دەکەن، بۆ بەرچاو ڕۆشنی لە ناوی مناڵەکانیاندا زۆر بە زەقی دیارە کە ناوێکی کوردی ڕەسەن بوونی نیە، یا ئەنەسە یا ئوسامە یا خالید یا ئەبوبەکر... ھتد.

 

بەڵام بە داخەوە دوای ڕاپەڕین بە ھۆی ئەو بارودۆخە نا لەبارەی ھەرێمی کوردستان تێی کەوتبوو لە شەڕی ناوخۆ وە بگرە تا ئەو گرانیە سەختەی کە ڕوو بەڕووی تاکی کورد ببوەوە، ئەمەش بۆشاییەکی وەھای دروستکرد، کە پات و گرووپە ئیسلامیەکان زۆر بە ئاسانی توانیان کار بکەن و رێژەیان بەڕادەیەکی بەرچاو ڕووی لە زیادبوون کرد، بە دڵنیاییەوە ئەمەش بەری لێنەگیرێت سەردەکێشێ بۆ دروست بوونی گروپی تیرۆرستی، چونکە ئەمانە خوێندکاری بیرۆکە توندڕەویەکانی (حەسەن بەنا و سەید قوت)بن، ئەڵێی ئیسلامگەراکان ئەو ڕاستیەیان بیرچۆتەوە کە تا ناوەڕاستی ساڵەکانی ھەشتای سەدەی ڕابردوو زۆر تەنیابوون و نەیانتوانیوە خۆیان رابگەیەنن، چونکە لە مانەوەی خۆیان دڵنیا نەبوون.

 

لە ھیچ سەردەمێکدا ئیسلامگەراکان نەیانتوانیوەو ئامانجیشیان نەبوە، داواکاری و مافی گەلی ستەمدیدەی کورد بگەیەنن بە وڵاتانی دنیا و، داکۆکی لە مافەکانمان بکەن، با ئەوەشمان بیر نەچێ بەڕاستی ئیسلامگەراکان داکۆکیکەرێکی ڕاستەقینە و  ئازا و بەجەرگن لە ئاست تاکی عەرەبدا و خزمەتکارێکی دڵسۆزی ڕێبازەکەی (حەسەن بەننا و سەید قوتب)ن، مێژوو شاھدی وەفاداریان ئەدات بەرامبەر کۆمەڵگەی عەرەبی وەک چۆن ئەرژێنە سەر شەقامەکان و داوای مافی گەلی فەلەستین دەکەن، با بزانین ئەم ئیسلامگەرایانەی سەر گۆڕەپانی کوردستان تا چەند پەرۆشی کێشەی کوردن و لە ستراتیجیەتی کاری خۆیاندا جێگەیان بۆ کردۆتەوەو دروشم نین و لە ڕاستیدا جێگەیان بۆ کردۆتەوە، کاتێک گەلەکەمان لە بەھاری ١٩٩١دا ڕاپەڕینی کرد دژ بە ڕژێمی بەعسی فاشی، ئەوکات ئیخوان موسلمین بەیاننامەیەکی دەرکرد و داکۆکیان لە ھەڵوێستە دیکتاتۆریە نامرۆڤانەکەی ڕژێمی بەعسی گۆڕ بە گۆڕ کرد، ئیدانەی گەلی کوردیان کرد لە ئاست داواکردنی مافی ڕەوای خۆیاند، لە دەقی بەیاننامەکەیاندا دەڵێن: (لە ڕوانگەی باڵادەستی ئەمریکا بەسەر ناوچەکەدا گەلی باکووری عێراق و باشوور ھاندراون کە جموجۆڵی جیاخوازی لە قەوارەی غێراق ئەنجام بدەن و کێشەی کەمە نەتەوایەتیەکان گەورەکراون و کورد و ئەوانی تر لەلایەن خۆرئاواوە ھاندراون تەنھا بۆ ڕێگرتن لە پڕۆژەی ئیسلامی کە پڕۆژەی زۆرینەیە)، بزوتنەوەی ڕابەری ئیسلامی لە جەزائیر دەڵێ: (مەسەلەی کورد بە پیلانی ڕۆژئاوا دەزانین بۆ دابەشکردنی عێراق و دروستکراوی دەستی ئیستعماری ڕۆژئاوان و شکستی سوپای عێراق لە ئەستۆی کوردە)، کە لەو کاتەدا زوو زوو (د. حەسەن تورابی و شیخ عومەر عەبدولڕەحمان...) سەردانی سەدامی دیکتاتۆریان دەکرد، دڵنیام ئەم زاتە ئیسلامگەرایانەی کوردستان بە باشی دەیانناسن.


ئێمە لە ھەر کوێ ئەدەبیاتی ئەم ئیسلامگەرایانە بخوێنینەوە بەر لە ھەرشتێ ئەمەمان بەرچاو دەکەوێت کە ئەندامەکانیان بە جۆش و خرۆشێکی زۆرەوە دەیڵێنەوە دەڵێن: (ئیسلام یەک بەرنامە و یەک ئامانجە ئەویش حوکمی قورعانە، یەک مەبەستمان ھەیە ئەویش بەدەستھێنانی ڕەزامەندی خودایە)، با بزانین ئەم دروشمانە تا چەند بڕ دەکات، خۆ ئەردۆغان ئیسلامیە ھەمان دروشمی ھەیە، ئا لێرەدا ئیسلامی سیاسی دەردەکەوێت کە مااسکی باوەڕداریی و لەخواترسی لە سەر روویان لادەچێ، چونکە ناچێتە عەقڵەوە ئیسلام بەرنامەی بێت و پاڵپشتی (مەزڵومم و لێقەوماو) نەبێت، بەڵام خەریکی (قەتڵ و عام)ی گەلی کوردە، ئەم ئیسلامیانەی خۆشمان پاڵپشتی دەکەن، چونکە ھەموویان یەک هزر جێبەجێ دەکەن ئەویش هزری (ئیخوان)ە، ئەم ئیسلامیانە نە باوەڕیان بە کورد ھەیە نە بە کوردستان، تەنھا بۆ بڵاوکردنەوەی هزرەکانیانە و تەنھا دروشمن، لە بڵندگۆی مزگەوتەکانەوە خەریکی فریودانی کوردن، ڕۆژ بە ڕۆژ هزرەکەیان بڵاو دەکەنەوە، جیگەی داخە حکومەت و حیزبە عەلمانیەکان بێدەنگن لە ئاستیاندا و ھەر خەریکی شەری پارە و دەسەڵاتن، ڕیگرییان لێناکەن و مەترسییەکانیان لە بەرچاو ناگرن، ئیتر ئەمە ئەبێ بەرەو چ ئاقارێکی مەترسیدارمان ببا.

 

بەشی دووەم: ئیسلامی سیاسی و دیموکراسی.

ھەر ھەوڵدانێک بۆ گونجاندنی ئیسلام لەگەڵ دیموکراسیدا، تەنھا بۆ گەیشتنە بە دەسەڵات چونکە یاساکانی ئیسلام لەگەڵ دیموکراسیدا ناگونجێت و دیموکراسیش بنەماکانی ئیسلامی پێ ھەزم ناکرێت، ئاینی ئیسلام لەسەر بنەمای پەیڕەو کردن و سەپاندنی بۆچون و دەقە نەگۆڕەکانە، وەک پیرۆزییەک سەیر دەکرێت، و نابێت و ناکرێت لەگەڵ دیموکراسیدا بگونجێت، چونکە ئاینەکان و ئاینی ئیسلام بە تایبەت کە ڕێگە نادات بە ھیچ شێوەیەک بنەما سەرەکیەکانی مافی ئازادی ڕادەربڕین قبوڵ ناکات بۆیە بە بڕوای من ھەر ھەوڵدانێک بۆ گونجاندنی ئاینی ئیسلام لەگەڵ بنەما سەرەکیەکانی دیموکراسیدا کارێکی نەزۆکەو بەرناگرێت، ئیسلامی سیاسی تەنھا بۆ گەیشتن بە دەسەڵات خۆڵکردنە چاوی خەڵکە و لەو ڕێگەیەوە ھەنگاو بە ھەنگاو سەپاندنی شەریعەت و رێسا و یاساکانیانە بە ھەمان ئەو شێوەیەی کە لە ڕۆژانی خلافەتی ئیسلامیداپیادەکراون، و ئێستاش داعش بە ھەمان شێوە پەیڕەو پیادە دەکات، بەو شێوە دڕندانە خەریکی قەتڵوعام کردن و تاڵانکردنی سەروەت و سامانی ھاوڵاتیانی ژێردەستی ھەروەک چۆن لە ڕابردوودا بەھۆی نوکی شمشێرەکانیانەوە توانیان سنووری دەستەڵاتیان فراوان بکەن، و بنەماکانی ئیسلام بچەسپێنن بەسەر ھاوڵاتیاندا لە ئەنجامی ئەو ھەموو کوشتار و تاڵانیەوە بوو سیان لە خەلیفەکانی ڕاشدین کوژران و زۆربەی ھەرە زۆری خەلیفەکانی ئەمەوی و عەباسیش ھەر بە ھەمان دەرد چوون.


پێم باشە بۆچوونی چەند کەسایەتییەکی ئیسلامی بخەمە ڕوو دەربارەی دیموکراسی، لە ساڵی ١٩٨٩ کاتێک عمر بشیر بە پشتیوانی بەرەی نیشتمانی ئیسلامی بە ھۆی کودەتاوە ھاتە سەر حوکم و ڕەوتی دیموکراسی ڕاگرتوو، حکومەتی شەرعی لەسەر کار لابرد لەو کاتەوە حکومەتە ئیسلامییەکەی بەشیر دەستی لە ھیچ شتێک نەپاراستوە بۆ سەرکوتکردنی دەنگی ئازاد و دەڵێت دنیای دیموکراسی دونیای بێ ڕەوشتی یە، پێشی وایە تەنھا لە ڕێگەی جێبەجێکردنی شەریعەتی ئیسلام دنیا ڕزگاری دەبێت.


سەید قوتب دەڵێت: یەکەمین نیشانەی دۆڕان ئەوەیە کە واقیع بە بنەڕەتێک دابنرێت کە شەریعەتی خوا خۆی لەگەڵ بگونجێنێت، و بە موسوڵمانان دەڵێم دیموکراسی دوژمنی باوەڕەکانی دینەکەتانە ملکەچکردن بۆیان پشتکردنە لە کتێبی خودا و بەشداریکردن لە دروستکردنیان خیانەتکردنە لە پێغەمبەر، ئەو ئیسلامەی کە باوەڕتان پێی ھێناوە زۆر جیاوازە لەو پرەنسیپانەو شەڕی بنەما سەرەکییەکان دەکات ھیچ ھاوتایەکیش لە نێوانیاندا نییە، پرەنسیبەکانی دیموکراسی بێ بنەمان و دژی یەکن لە ھەر شوێنێک ھەبن ئیسلام لەوێ نییە، لە ھەر شوێنێکیش ئیسلام ھەبێت جێگای دیموکراسی نابێتەوە.


مەوەدی دەڵێ: من پێم وایە ئەو بنەمایانە لە شەیتانەوە نزیکن دەبنە ھۆی مایەی تراژیدیا و کارەسات لەبەرئەوە شەڕکردن لە گەڵیان بە ئەرکی سەرشانی خۆتان بزانن، بە ھەر ڕێگایەک لە دەستان بێت، ئەمەیە بۆچوون و تێڕوانینی ئیسلامییەکان بۆ دیموکراسی، تەنھا مەرامیان گەیشتنە بە دەستەڵات دە نا نە بڕوایان بە دیموکراسی ھەیە نە ئامادەن بنەماکانی دیموکراسی جێبەجێبکەن.

 

 

sarwartaha52@gmail.com

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک