په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٣١\١٢\٢٠١٦

ئیسلامی سیاسی و

نەبوونی سنووری یاسا بۆ کارکردنیان

بەرەو کوێمان دەبەن.

سەروەر تەھا حەمەئەمین


ئیسلامی سیاسی بۆ ئەو پارت و حیزب و ڕێکخراوە ئیسلامییانە بەکار دەھێنرێت کە دەیانەوێت ئاینی ئیسلام بکەنە ئامرازێک بۆ بەدەستھێنانی ئامانجە سیاسییەکانی خۆیان, خودی خۆیان بەدەم ڕاستی ئیسلام دەزانن و خۆیان بە موسڵمانی ڕاستەقینە لەقەڵەم دەدەن.


پێم وایە قۆناغی دوای ڕاپەڕین بە سەردەمی گەشەسەندنی ئەو پارت و حیزب و ڕێکخراوە ئیسلامییەکانە لە ھەرێمی کوردستان, بەھۆی نەبوونی یاسایەک بۆ ڕێگری کردن لە بەردەم کارەکانیاندا بە داخەوە لەم ھەرێمەی ئێمەی تێدا دەژین ئازادییەکی بەرفراوان و دیموکراسیەتێکی ڕاستەقینە ھەیە بۆ حیزبە ئیسلامیەکان, کە گەشتۆتە ڕادەی بێ سنووری جیاواز لە ھەموو وڵاتانی دنیادا.


ئەوەی جێگەی سەرنجە حکومەتی ھەرێم لە ڕووی یاساییەوە,ھیچ ڕێگریەکی کارکردن لەم حیزبە سیاسیانە نەکردووە, کارکردنیانی بە دەستوور قەدەغە نەکردووە, لە کاتێکدا لە زۆربەی ووڵاتان حیزبی ئیسلامی سیاسی, بۆیان نی یە کاربکەن, یان بە تەواوی ڕێگری لێ دەکرێت و زۆربەی کات ئەو حیزبانە بە نھێنی کاری خۆیان دەکەن, چونکە دەستوورو یاسای ئەو ووڵاتانە ڕێگەیان پێ نادات, شێوازی کارکردن و ھەڵسوکەوتی سنوورداریش ئەوە نییە وەکو کوردستان بە ئارەزووی خۆیان چیان بوێت بیکەن ئەم ھەموو ئازادیە بێ سنوور و دیموکراسیەی کوردستان, وا دەکات ڕۆژ لە دوای ڕۆژ ئیسلامی سیاسی نفوزی کەم بێتەوە, ئەمەش بۆ نەگونجاندنی ئەوانە لەگەڵ سەردەم و بەھۆی سیاسەتی دوو فاقیان,بیانوویەکیش نەماوە, بە ناوی نەبوونی ئازادی و دیموکراسی لە کوردستان لەماوەی ٢٣ ساڵی کارکردنیان, کە سەردەمی زێڕینی ئازادی و دیموکراسی بووە و ئەوان کاری سیاسی خۆیان تێدا کردووە.


بۆیە گرنگە لە پەڕلەمانی کوردستان یان وەزارەتی ناوخۆ و دەزگاکانی ئاسایش, بە کاری پارتە سیاسییە ئیسلامیەکاندا بچێتەوە, چونکە مەلەفی ئیسلامی و سیاسی لە ڕووی بیری تووند ڕەویەوە فەرامۆش کراوە, حیزبە ئیسلامیەکانی کوردستان دەبێت ئازادیەکانیان لە چوارچێوەی یاسایەک ڕێکبخرێت, ئەگەر کارکردنیشیان بەناوی ئیسلامەوە لێ قەدەغە نەکرێت,بە کورتی دەبێت سنوورێکی یاساییان بۆ دابنرێت و بەم جۆرەی ئێستا نەمێنێتەوە, ئەگەر نا, ئەوا کار لەکار دەترازێت و دەبێت چاوەڕوانی چەندین گروپ و ڕێکخراوی ھاوشێوەی داعش بکەین, چونکە حیزبی ئیسلامی سەرچاوەیەکە بۆ بیری توندڕەوی و دروستبوونی تیرۆر.


ھیوادارم حکومەتی ھەرێمی کوردستان سنوورێک بۆ کارکردنیان لە چوارچێوەی یاسا و دەستوور دابنێت.

 


sarwartaha52@gmail.com

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک