په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٠\٥\٢٠١١

ئیسلامى سیاسى و شیعر.
پرسیار وەک خزمەتکارێکى وەڵام.

ته‌ڵعه‌ت تاهیر   


مێژوو لاى ئیسلامییەکان کۆتایى هاتووە، ئیسلامییەک دەزانێ چۆن دنیا درووست بووە و دەشزانێ پێویستە لە ئێستادا چى بکرێ و لایشى روونە لە کۆتایى ئەم دنیا فانییەدا کێ دەچێتە بە هەشت و هەنگوین دەخوا و کێیش هەرچى هەنگوینى خواردووە لێى دەکرێتە ژەهر، هەموو وەڵامەکانى لایە، لە شێوازى تارەتکردنەوە بگرە، تا دەگاتە ئایندەى بەشەرییەت. بەرامبەر بە هیچ دیاردەیەک، توخمێک: پرسیارى نییە، بەڵکو هەموو دیاردە و توخمەکان دەبنە بەڵگەى راستى وەڵامەکان . ئیسلامیى پرسیار لە ماهییەتى دار پرتەقاڵى حەوشەکەى ناکات، بەڵکو وەک نیشانەیەک بۆ مەزنیى نادیار بەکارى دەهێنێت، لەمەوە رۆژهەڵات کێبرکێى زانستى دۆڕاند، خۆرئاوا ناڵێت پرتەقاڵ بەڵگەى مەزنیى ئاسمانە، دەپرسێت پرتەقاڵ چییە و زانستى رووەکناسى دەدۆزێتەوە، ناڵێت کێ ئەو ئەستێرانەى راگرتووە، دەپرسێت ئەستێرە چییە و زانستى فەلەکناسى دەدۆزێتەوە، دنیا لاى ئیسلامییەک تاقیکردنەوەیە، بۆ دۆزینەوە نا، بۆ ئەوەیە تا چەند سەرکەوتووین لەوەى پرسیار نەکەین و گوێڕایەڵى وەڵامەکانین.


ئیسلامیى سوورە لەسەر ئەوەى ئایندە بە بۆیاخى رابردوو رەنگ بکا . هەموو خەیاڵەکان، ئەندێشەکان بخاتە ناو قالبە ئامادەکان. نەگوتراو، نا باو، نە نووسراو بگۆڕێتەوە بە گوتراو و باو و نوسراوەکان. دەیەوێت واقیع بگۆڕێ بەڵام بۆ پێشەوە نا، بەڵکو بۆ دواوە. وەک ئەوەى پیرەمێردێک بگەڕێنیتەوە بۆ منداڵیى، ئەویش نەک لە پێناو گەڕانەوە بۆ بەرائەت و پاکبوونەوە، بەڵکو بۆ ئەوەى دەست لە ئەزموون و فێربوون هەڵگرین.


ئیسلامییەکانى کوردستان مافى خۆیانە شانازى بە کەلتورى ئیسلامییەوە بکەن، منیش شانازى پێوە دەکەم، چونکە باپیرانى ئێمەش بەشدار بوون لە دروستکردنى بەشێکى ئەو کەلتورە، بەڵام کەلتور بە مانا ئیبداعییەکەى، شانازى بەو بەشە دەکەم کە بۆتە بەشێک لە گەڕان بەشوێن جوانکردنى ژیان و ئینسانەوە، ئەمەش دوور و نزیک پەیوەندى بە ئایدۆلۆژیاى ئیسلامەوە نییە، ئەگەرنا ئەو بەشەش دەبووە کۆیلەیەکى دیکەى سولتان و خەلیفەکان، ئەو بەشە بۆیە روناکە چونکە لە روکنێکى کۆشکى دەسەڵاتەوە قەتیس نەماوە. لێرەوە ئیسلامییەکانى کوردستان تووشى هەمان دەردى شیوعییەکانى کوردستان بوون، بانگەوازى ئەوە دەکەن دەرمانیان پێیە، بەڵام بۆ پەتایەک لێرە بوونى نییە، چونکە وەک عەرەب و بە عەرەبى بیردەکەنەوە، دوچارى هەمان گرێکانیان بوون، عەرەب جیاواز لە هەموو نەتەوەکانى دنیا، زمان وەک ئامرازى گەیاندن نابینن، بەڵکو دەیپەرستن، چونکە پێیان وایە زمان ناسنامەیانە، وەک ئەیقونەیەکى بە بەها دەیکەنە زینەى ماڵ و مەجلیس. بە درێژایى مێژووى ئیسلام و ئێستاش، گرفتى گەورەى عەرەب لەگەڵ نوێخوازى شیعردایە، پێیان قبوڵ نییە لە دواى قورئان وشەیەک هەبێت، تازە بێت، جیاواز بێت. هەزمى ناکەن رستەیەک بدۆزرێتەوە سەرچاوەکەى نەچێتەوە سەر قورئان، ماناکان ئاقارى دیکە و دەستەواژەکان دنیابینى دیکە بدۆزنەوە.


بۆیە دەبینى هەموو شاعیر و نووسەرە ناوازە و داهێنەرەکانى مێژووى ئیسلامى یان کوژراون یان بە نەفرەت کراون (ئەبى حەییانى تەوحیدى، ئیبن روشد، نیفەرى، ئەبى عەلاى مەعەرى... هتد) لە کاتێکدا ئەم مەزنانە هیچ کامێکیان دوژمنى ئیسلام نەبوون ، بەڵکو رازى نەبوون بەوەى پرسیار نەکەن، ئامادە نەبوون لە گۆڕى وەڵامە ئامادەکاندا، گومانە ئینسانییەکانیان بنێژن. ئیسلامییەکانى کوردستان وەک ئەوەى عەرەب بن و بەرگرى لە خەلیفە و بەیتى مالەکەى بکەن، دەستیان داوەتە ئەوەى شیعریش بخەنە ژێر رکێفى دنیابینى خۆیانەوە، دەیانەوێت شیعر تەنیا بەرگرى لەو هەقە بکات، کە ئەوان هەقبوونى مۆر دەکەن، لە کاتێکدا شیعر پەیوەندى بە هەقەوە نییە، شیعر پەیوەندى بە جوانییەوە هەیە، جوانیش لە دۆزینەوە و پرسیاردایە ، نەک لە دانیشتن لە سێبەرى وەڵام، شیعر لە ژوورى زانراودا زیندانى ناکرێ، بەڵکو لە پێدەشتى نەزانراودا غار غارێن دەکا . شیعر بە پەتەکانى ئایدۆلۆژیا ناپێورێت، بەڵکو بە گەردیلەکانى گومان.


هەقە ئیسلامییەکانى کوردستان لە دەلاقەى ژوورێکى وەڵامەکانیاندا سەر بێننەدەرێ و پرسیارێک بکەن، تەنیا پرسیارێک :
گەر ئیسحاق نیوتن ئیسلامیى بوایە، ئایا نەیدەگوت: کەوتنى سێو کارى خوایە؟

 


talaat.taher@yahoo.com

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک