په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٣\٩\٢٠٢١

ئیسلامییەکان لە پشتی ناو ززڕاندنی ژنانەوەن لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا!


تاهیر عیسا       


ئەوەی کە ئەم ڕەوتە دینییە کۆنەپەرستە لەڕێگای ھەزاران مزگەوت و واعیز و بانگخوازیەوە و لەڕێگای دەیان کەناڵی تەلەفزیۆنی و ڕادیۆییەوە و لەڕێگای سەدان پەیج و ڕۆژنامە و ئامرازی پەخشی راگەیاندنەوە، نەیتوانیوە بەر بەم گەشەی پەیوەندیە کۆمەڵایەتیەکانی نێوان ھەردوو ڕەگەزی نێرو مێ و تێکەڵ بوون وئاوێتەبوونیان لەگەڵ یەکتردا لەناو جیهانگیریی ئەمڕۆدا بگرێت، کە ئاستی تەکنۆلۆجیای جیھانی ئەمڕۆ، دنیای لە گوندێکی بچووکدا لێک ھەڵپێکاوەو لە باکوریەوە ھەتا باشوری و لە ڕۆژھەڵاتیەو ھەتا ڕۆژئاوای لە ڕایەڵەیەکی کۆمەڵایەتی سوک وئاساندا پێکەوە گرێداوە، بگرێت و لەڕێگای ھێنانەوەی شێرو ڕێوی وەک گۆتەگۆتەوە ناکام و مایە پووچ ماونەتەوە و نەیانتوانیوە نیوەی کۆمەڵگای مرۆڤایەتی کە ژنانن، دەستەمۆ و وابەستەی یاساو ڕێسا ئاینیی و دواکەوتووە کۆنەپەرستیەکانی خۆیان بکەن، کە لە ئایات و فەرموودەی دۆگمایی دەیان سەدە لەمەوبەردا، ھەتا ئەمڕۆکە لەلایەن سیستەمە سیاسییە چەوسێنەرە یەک لەدوای یەکەکانی مێژووی ئەم ڕەوتەدا دەستاودەستی پێکراوەو تا بەمڕۆکە وەک ژەھرێک دەرخواردی چین و توێژی بێبەشی کۆمەڵگای موسوڵمان نشینی دەدرێت و کە لەھەر جێگاو بڕگەیەکیشیدا دەستیان چووبێتە ژیانی خەڵکەوە و وەک یاساو ڕێساو حوکمڕانی دەوڵەتی و شەریعەتی دۆگمای خودایی، بەسەر خەڵکیدا لەڕێگای شمشێرو سێدارەوە سەپێندراوە، وێڕای ئەوەی دەوڵەتانێک لەڕێگای شەرعیەتی نێو دەوڵەتییەوە وەک عەڕەبستانی سعودیەو ئێران و گەڕانەوەی جارێکی دیکەی تاڵیبان لە ئەفغانستان بە گڵۆپی سەوزی ئەمەریکا وەک ئیمپریالیزمێکی تاسەر مۆخ دژە مرۆیی، سڵیان لە دەستبردن بۆ بەپڕاکتیککردنی دەقە پیرۆزەکانیان و شەرعیەتە خوداییەکەیان لەبەرچاوی جیھاندا نەکردۆتەوە، ھاوکاتیش ئەمڕۆ ناوە ناوە بۆ ترساندن و بێدەنگکردن و بێ ئومێدکردن و ڕەشبینکردنی کۆمەڵگای مرۆیی لە ژیان و خەباتی ڕۆژانەی خۆیدا، ڕێشمەو ھەوسار و جڵەوی نموونەگەلێکی دڕندەیی وەک قاعیدەو بۆکۆحەرام (خوێندن حەرام) و داعش و نوسڕە و تاڵیبان و ئیخوانیەکان و چەندین دەستەو تاقمی دڕندەی تری بارگاوی بە دەق و فەرموودە دژە مرۆییەکانی ناو تاریکایی مێژووی ململانێی ھۆز و خێڵە دواکەوتووەکانی وڵاتانی وەک سعودیەو ئەردەن و عێڕاق و فەلەستینی چواردە سەدە لەمەوبەر، بەردەدرێنە ناو مەیدانی خەبات و تێکۆشانی مرۆڤگەلی بێبەش لە ژیان و ئازادی شایستەی پڕ لە شکۆی مرۆیی، ھەتا ئاراستەو ئاسۆ و چارەنووسی ھەوڵ وتێکۆشانیان بۆ ژیانێکی باشتریان بەلاڕێدا ببرێت ، وەک لە میسرو تونس و ئەفغانستان و بەتایبەتیش دۆزەخێک کە بۆ خەڵکی سوریاو یەمەن و عێڕاقیان خوڵقاند، چاوەڕوانی لەمانە خراپتریش بۆ چەندەمین جار لەئەفغانستان دەکرێت.


ھەموو ئەم ھەل و مەرجە دڕاماتیک تڕاژیدیا ئامێزیە لەناو ئەجێندای تەواوی وڵاتانی زلھێزی دنیای ئەمڕۆ و ھەموو ئەو ڕایەڵە دەوڵەتی و حکومەتیانەی کە کوللی دنیای سەرمایەداری ئەمڕۆی پێکھێناوە بەبلۆکە بەناو ناکۆکە ئابووری و سیاسیەکانیشیەوە، لەبردنە پێشی وەھا سیاسەتێک و وێرانترکردنی ژیانی مرۆڤایەتی ئەمڕۆدا ، کۆک و تەبا و ھاوبەشن.


ئەوەی کە لەناو دۆزەخێکی لەم جۆرەشدا، گۆڤەندەکان لێرەو لەوێی کۆمەڵگا نەریتیەکاندا، پەلاماری رێز و شکۆی ژنان و کچانێک دەدەن کە مافی ڕەھایان وەک ھەر مرۆڤێکی دیکەی ئازادی سەر ئەم گۆی زەوییە لە هەڵسوکەوتکردن لەگەڵ ئازادییە ھەمەجۆرەکانیاندا ھەیە، بێشک بۆ ھێشتنەوەی ئەو کەلێنە بەرفراوانەیە، کەلە ناو نەریت و بیر و هزر و فەرھەنگی کۆمەڵگا دواکەوتووە دینیی و ئاینزایەکان ھەیە، ھەتا بتوانن لەم کەلێن و قڵشت و جیاوازیە جێندەریەدا، باشتر کۆنتڕۆڵی خواست و ویستی ھەر خەبات و تێکۆشان و بەرگریکردنێکیان لە خۆیان، بەرپێبگیرێت!! کە ئەمە ھەم بەقازانجی دەوڵەت و حکومەتە خۆجیێیەکانی ناو ئەم فەرھەنگە دواکەوتوانەیە تەواو دەبێت ھەم بەقازانجی ئەو بازانەی دیکە کە وەک زنجیرێک لە ئاستی جیھاندا تەواوکەری یەکترن.


جێگرەوەیەک کە دەتوانێت لەم ھەلومەرجەدا سەردەربێنێت، پێویستە لەم گۆشە نیگایەوە بڕوانێتە چارەسەرییەکان!؟


واتە جیهانگیریی ئەمڕۆ کە تەکنۆلۆجیای سەرمایەداری لە گوندێکی بچوکدا وەک ڕایەڵەیەکی سیاسی و ئابووری سەربازی لێکی ھەڵپێکاوە، بێشک ناتوانێت بەربەست لەبەرامبەر لێک ھەڵپێکانی فەرھەنگە جیاوازەکان و دوا جاریش ئاوێتەبوونیاندا بکات، کە ئەمەش قسەیەکی مارکسمان بیر دەخاتەوە کە دەڵێت سەرمایەداری خۆی گۆڕھەڵکەنی خۆی بۆخۆی دروست دەکات، واتە تا ھەرچی جیاوازییە شارستانیەکان لەباری فەرھەنگەوە کاڵتر ببنەوە بەربەستەکانیش بۆ لێک نزیکبوونەوەیان و ئاشنایەتی و ھاودەردییان کەمتر دەبنەوە، ئەمە ئەو پاڕادۆکسیەیە کە سەرمایەداری ئەمڕۆکە تێی کەوتووە، لەلایەک کۆششی دەستە و گرۆیە دینییەکان لە لایەک بۆ بەرگرتن بەم ڕەوتە ڕوولەپێشە مێژووییەو بەم ئاوێتە بوون و بەم کۆششی ئازادییە تاکەکەسییانەی لە ناو ئەم جیھانە بچووککراوەدا لە ئارادان، لەلایەکیش جیھانەکە خۆی جگە لەم ئاوێتە بوون و تێکەڵبوونە ناچاریانەیەدا شتێکی دیکە ھەڵناگرێت، دوا جاریش تێکشکاندنی بەربەستە فەرهەنگیی و شارستانییە جیاوازەکان، ڕێگایەکی ئاوەڵاتر بۆ وشیاربوونەوەی یەکگرتنێکی سەرتاسەریانەی مرۆڤە ئازادیخواز و یەکسانیخوازەکانی ناو ئەم جیھانە بچووکە دەکاتەوە، کە ئەمڕۆکە ھەم ڕۆژئاوا و وڵاتە زلھێزەکانی نایخوازن، ھەم وڵاتە کۆنەپەرستە دواکەوتوو نەریتیەکان، بەڵام ئەم پڕۆسێسە ناچارییە و ئەمڕۆ یان سبەی واتە زوو یان درەنگ ھەر ڕوودادات.


٥\٩\٢٠٢١
taheresa_9@hotmail.com
 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک