٨\٨\٢٠١٠ عیسمەت شەریف وانلی مێژووێک لە کوردایەتی.
ئەم کەڵە پیاوە مەزنە بە هەزاران بابەت و گوتار و کۆڕ و سیمینار و چالاکی مەدەنی و سیاسی لەسەر هەموو ئاستەکاندا هەیە و بە هەموو زمانە زیندووە جیهانیەکان، هانای بۆ هەموو مرۆڤدۆست و ئازادیخوازێکی جیهان بردووە بۆ ئەوەی هاوسۆزی دۆزی رەوای نەتەوەی کورد بێت لە جیهاندا، پێم وایە ئەو هەوڵ و کۆشش و خەباتەی وانلی هیچی کەمتر نەبووە لەگەڵ خەبات و تێکۆشانەکانی مام هەژاری موکریانی، دەبینین هەردوو کەڵە پیاو لە پێناو بەجیهانی ناساندنی کلتور و مێژوو و ئەدەب و مێژوو و جوگرافیای کورد وکوردستان و دۆزی رەوای نەتەوەی کوردمان و ئەو غەدرە دیرۆکیانەی لێیکراوە بەیەک لۆژیک و توانستەوە تا دوا ساتەکانی ژیان کار و خەباتی بێ ماندوو بوون و نەپساوەیان بۆی کردووە، مام هەژاری موکریانی هەر بەو حەسرەتەوە سەری نایەوە و گیانی پیرۆزی سپارد و ئازادی کوردستانی بە چاوانی خۆی نەبینی، بەڵام توانی مێژووێکی پڕ لەسەروەری بۆ نەتەوەکەی دروست بکات، مام هەژار بەهەژاری و نەخۆشی و نەداریەوە سەری نایەوە، بە لەدەستچوونی مام هەژاریش گەورەترین ئەستێرەی گەشتی مەعریفە و زانینی کورد ئاوابوو، بەڵام ئەمڕۆ وا خەریکە مامۆستای گەورەی کورد عیسمەت شەریف وانلیش بە هەمان دەردی مام هەژاری موکریانی سەر دەنێتەوە.
وانلی وا لە تاراوگە بە دەست نەخۆشی و نەداریەوە دەناڵێنێ کە دەبووایە ئێستا نووسەران و دڵسۆزانی کورد بەوجۆرە بێ ئاگا نەبوونایە لە ژیانی ئەو کەڵە پیاوە، لێرەوەش بە پێویستی دەزانم کە رەخنەی توند ئاراستەی حکومەتی هەرێم و پارتە کوردیەکان بکەم لە بێ خەم بوونیان و پەراوێزخستنی ئەو کەڵە پیاوە مەزنە کە ماوەیەکی دوور و درێژە لە وڵاتی نەمسا بەنەخۆشیەکی کوشندەوە دەناڵێنێت، لێرەوە ریز و سڵاو ئاراستەی مامۆستای گەورەی کورد بەڕێز عیسمەت شەریف وانلی دەکەم و هیوای ساغ و سەلامەتی بۆ دەخوازم و هیوای چاکبوونەوەی بۆ دەخوازم.
|