په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٦\٤\٢٠١١

ئیسرائیل ''دەوڵەتى کوردستان'' دادەمەزرێنێ،

- گۆڕان و هاوپشتەکانى هەڵەیان کرد -.


فەرەیدون بێوار   


لەسەرەتاى ساڵدا، گۆڤارێکى ئەوروپی ناوى (10) نەتەوە و هەرێمى بێ دەوڵەتى بڵاوکردەوە، کە بەم نزیکانە دەوڵەتى سەربەخۆیی خۆیان رادەگەیەنن، کوردستان لە ریزبەندى حەوتەمدا بوو، هەروەها بەپێی سەرچاوەى ماڵپەرى (تابناک)ى ئێرانى و هەندێک لە سیاسەتوانان و رۆژنامەکانى ئیسرائیل بەتایبەتى رۆژنامەى (هائارێستى)‌ ئاماژەیان بەوە داوە، کە دواى سەرکەوتنى راپەرینەکانى ناوچەى رۆژهەڵاتى ناوین بەتایبەتى وڵاتە عەرەبییەکان، کۆمەڵێک وڵاتى تازە دێنە دامەزراند، لەوانە دامەزراندنى دەوڵەتى سەربەخۆی کوردستان و راگەیاندنى دەوڵەتى فەلەستینی. هەروەها ئاماژەشیان بە دابەشبوون و کەرتبوونى هەندێک وڵات کردووە و پێشبینى دەکەن (5 تا 10) دەوڵەتى تازە لەناوچەکەدا بێتە دامەزراندن، پێیانوایە نەخشەى جوگرافى هەندێک وڵاتیش گۆڕانکارى بەسەردادێت و دەکرێن بە چەند دەوڵەت و هەرێمێکى نەتەوەیی ومەزهەبییەوە، لەوانە سعودییە و سوریا و یەمەن و ئیماراتى یەکگرتووى عەرەبی، ئەمەش جێبەجێکردنى هەمان نەخشەى رۆژهەڵاتى گەورەى ناوەڕاستە کە لەمێژە ئەمریکا نەخشەى بۆ کێشاوە، لەو نەخشەیەشدا ئاماژە بە دەوڵەتى یەکگرتووى کوردستانى گەورە کراوە.


ساڵى 2011، دەسپێکى گۆڕانکارى و وەچەرخانێکى نوێیە لە سیستەمى سیاسی ناوچەکەدا، بەتایبەتى وڵاتانى عەرەبی. سەرەتا لە "باشورى سودان"ەوە دەستى پێکرد، بەخەباتى مەدەنى و لەرێگەى سندوقەکانى دەنگانەوە، بەپێی راپرسییەکى سەرتاسەرى (912011)، شەرعییەتى دەوڵەتى سەربەخۆییان وەرگرت.


ئەو شەپۆلە خۆپیشاندانە جەماوەرییانەى کە لەتونس و میسر و دواتر زۆرێک لەوڵاتە عەرەبییەکانى گرتەوە لەپێناو گۆڕانێکى ریشەیی لە سیستەمى حکومڕانى لەناوچەکەدا، هەڵبەت کورد و هەرێمى کوردستانیش لە دەرەوەى بازنەى ئەو گۆڕانکارییانەدا نییە، بەڵام چۆنییەتى سود وەرگرتن لەو دەرفەت و ئەزموونانە، جێی باس و خواستە.


لەکوردستانی خۆشماندا، حزبی "بزوتنەوەى گۆڕان" کەوتە ژێر کاریگەرى خۆپیشاندان و گۆڕانکارییەکانى وڵاتە عەرەبییەکان، بۆیە ئەم حزبەش لەرێگەى بەیانێکى "حەوت خاڵ"ییەوە (2912011)، هەمان ئەزمون و داواکارى خۆپیشاندەرانى وڵاتى عەرەبی کۆپی کردەوە، بەتایبەتى داواکارییەکانى هەڵوەشانەوەى حکومەت و پەرلەمان و هەڵبژاردنى پێشوەختە، بەمەش هەرێمى تووشی قەیرانێکى ناوخۆیی کرد.


تەنانەت ئەگەر حکومەتیش هەڵوەشێتەوە و هەڵبژاردنى پێشوەختەش بکرێت، ئەوا دڵنیام لەدواجاردا هەر یەکێتى و پارتى حکومەت پێکدێننەوە، ئەویش بە هاوپەیمانى کردن لەگەڵ لایەنەکانى (11) کورسییە کۆتاکەى پەرلەمان. کەواتە هەڵبژاردنەوە شتێکى ئەوتۆ لە واقیعەکە ناگۆڕێت.


پێموایە گۆڕان و هاوپشتەکانى، بەم کارەیان ئومێدى راگەیاندنى دەوڵەتى سەربەخۆی کوردیان لە هەرێمەکەمان بۆ چەند ساڵێکى تر دواخست. چونکە هەر (20 یان 30) ساڵ جارێک گۆڕٍانکارى و قۆناغێکى نوێ لەجیهان دێتە ئاراوە و دەرفەت بۆ نەتەوە بێ دەوڵەت و ژێر دەستەکان دەرەخسێت، ئێمە ئەمجارەش ئەم دەرفەتەمان لەدەستدا، بەهۆی ململانێی ناوخۆیی حزبەکان لەگەڵ یەکترى.


لەبری ئەوەى ئەم حزبە هەمان ئەزموونى روخاندنى حکومەت و شۆڕشی تونس و میسر کۆپی بکاتەوە، دەبا ئەزمونە دیموکراسییەکەى باشورى سودانى کۆپی کردابا و سودى لەو گۆڕانکاریانە وەرگرتبا لە پێناو کارکردن و راگەیاندنى دەوڵەتى کوردى.


بەردەوامى خۆپیشاندانەکانى پارێزگاى سلێمانى و دەوروبەرى و جڵەوگرتنى لەلایەن ئۆپۆزسیۆنەوە، ئەو دڵنیاییەى دایە وڵاتانى دراوسێ (ئێران و تورکیا و سوریا) تەنانەت عێراق و ناوچەکەش، کە هەرێمى کوردستان و حزبەکانى، مەیلى جیابوونەوەو سەربەخۆییان نییە. هەر چەندە وەڵامى بێ کردەیی حکومەت هۆکارێکە لەبەردەوامیدانى خۆپیشاندانەکان.


لەم کاتەدا، کە وڵاتانى ناوچەکە و دراوسێکانى هەرێم بە کێشە ناوخۆییەکانى خۆیانەوە سەرقاڵن و رووبەرووى ناڕەزایی جەماوەرى و گۆڕانى ریشەیی لەسیستەمى سیاسی بوونەتەوە، بزوتنەوەى گۆڕان و هاوپشتەکانیشی*، جیاواز لەیەکێتى و پارتى، دەبا داواى راگەیاندنى دەوڵەتى کوردیان بکردایە و سودیان لەو دەرفەت و گۆڕانکاریانەى ناوچەکە وەرگرتبا، (هەر وەکو چۆن کورد لە 1991 لەبەرژەوەندى خۆی سودى لەگۆڕانکارییەکانى ناوچەکە وەرگرت، )، ئەمەش دەبووە پاڵپشتییەک بۆ پارچەکانى تری کوردستانیى تورکیا و ئێران و سوریا، بەتایبەتى کە خۆپیشاندانیش لە کوردستانى سوریا دەستی پێکردووەو لەتورکیاش جۆرێک لەرێپێوانى ناڕەزایی و مەدەنى لەلایەن حزبە کوردییەکانەوە لەئارادایە. رەنگە لە داهاتوویەکی نزیکیشدا هەمان شەپۆل کوردستانى ئێرانیش بگرێتەوە.
سەرکردەکانى حزبە ئۆپۆزسیۆنەکان هەمیشە گلەیی و رەخنەى ئەوە لەیەکێتى و پارتى دەگرن کە بەبیانووى کۆمەڵێک پاساو و هۆکار، دەرفەتى زێرینیان لەدەستداوە بۆ راگەیاندنى دەوڵەتى کوردى، بەتایبەتى لە راپەرینى 1991 و ئازادى کردنى عێراق لە2003، کەچی لەئێستاشدا سەرکردەکانى ئۆپۆزسیۆن هەمان پاساوەکانى بیست ساڵ لەمەوپێشی یەکێتى و پارتى دوبارە دەکەنەوە و پێیانوایە کە جارێ کاتى نەهاتووە و رەوشەکە لەبار نییە، کە من پێوایە پێچەوانەکەى راستە، چونکە لەم کاتەدا هەم لەرووى ناوخۆیی کوردستانەوە، چی لەرووى کۆمەڵایەتی و حکومڕانییەوە ئامادەگی و پاڵپشتى هەیە، هەم لەرووى نێودەوڵەتیشەوە پاڵپشتى و هاوکارى بۆ گۆڕانکارییەکانى ناوچەکە لەئارادایە و جۆرە کۆدەنگى و دانپێدانانى نێودەوڵەتی هەیە.


بۆیە دەکرێ داواکارییەکانیان لە هەڵوەشانەوەى حکومەت بگۆڕدرێت بەراگەیاندنى دەوڵەتى کوردى و فشار خستنە سەر پارتى و یەکێتى بە کشانەوى نوێنەرانى کورد لەبەغدا. ئەمەش وادەکات خۆپیشاندانەکان لە بازنەیەکى دیاریکراوى نیمچە حزبیی و گروپییەوە بگۆڕدرێت بۆ خۆپشاندانى جەماوەرى و سەرتاسەرى.

* هاوپشتەکان، مەبەستم لە کۆمەڵی ئیسلامى و یەکگرتووى ئیسسلامییە، سەرەتا ئەم دوو حزبە لەگەڵ بەیانەکەى گۆڕان نەبوون، بەتایبەتى هەر دوو خاڵى هەڵوەشانەوەى حکومەت و پەرلەمان، بەڵکو هاوسۆز و را بوون لەگەڵ یەکێتى و پارتى لەپێناو مانەوە و پاراستنى ئەزمونەکە و دام و دەزگا شەرعییەکان، کەچی دواتر کەوتنە ژێر کاریگەرى سیاسەت و بەیانەکەى بزوتنەوەى گۆڕان، ئێستا کوردستانیان بەسەر دووبەرەى حزبەکانى ئۆپۆزسیۆن و حزبەکانى حکومڕان دابەشکردووە، ئەمەش وایکردووە کەپێوەندییەکانى نێوان تاک و حزب تازە و تۆختر بکرێتەوە لەپێناو مانەوەى حزب و سەرکەوتنى حزب لەلای هەر دوو بەرە. بەتایبەتى دواى ئەوەى کە یەکێتى و پارتى هەڵوەشانەوەى حکومەتیان رەتکردوە، چاوەڕێی دابەشبوون و ئاڵۆزى زێتر دەکرێت.

 

 

F_bewar@yahoo.com - هه‌ولێر

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک