په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٤\٣\٢٠١٣

(ئیسرائیلیات لە سیرەی موحەمەد)دا.
(تەونی جاڵجاڵۆکە) لە نێوان ئەشکەوتی ''عەدولام''ی داود و ئەشکەوتی ''ثور''ی موحەمەد دا.


شازین هێرش     

 

یەکێکی تر لەو بەسەرھاتە سەیر و سەمەرانەی کە ڕاوییەکان و مێژوونووسانی ئیسلام دەربارەی سیرەی موحەمەد بۆمانی دەگێڕنەوە، چۆنییەتی دەربازبوونیەتی لە شەوی (٢٧)ی مانگی سەفەری ساڵی چواردەیەمی ھاتنی وەحیدا، کە لەگەڵ ئەبوبەکردا لە دەرگایەکی بچووکی دواوەی ماڵەکەیان ھەڵھاتوون، تا کەس نەیانبینێ و بەرلەوەی ڕۆژیش ببێتەوە مەککەیان جێھێشتووە لە ترسی ھێزەکانی قوڕەیش کە بە نیاز بوون پەیامبەر لە خەودا بکوژن. ئیتر ئەو شەوەش بۆ ماوەی پێنج میل بە رێگادا رۆیشتن تا گەیشتنە چیای ( ثور)، (حەبیب محەمەد سەعید) لە کتێبی (ژیانی ئازیزمان) دا دەڵێ:


[کاتێ پەیامبەر لەگەڵ ئەبوبەکری ھاوەڵیدا دەچنە ناو ئەشکەوتەکە بەفەرمانی خوای گەورە درەختێک لەبەر دەرگای ئەشکەوتەکە سەوزبوو، لقەکانیشی دەرگاکەی داپۆشی، ئینجا خوای گەورە فەرمانی بە جاڵجاڵوکە دا تا لقی درەختەکە بە دەزوەکەی بتەنێ، بە ئیلھامیش فەرمانیدا دوو کۆترە کێویلە لە نێو لقەکانی ئەو دوو درەختەدا ھێلانەیان بەست و ھێلکەیان تێدا کرد، ئەم سێ نیشانەیەش کاریگەریی چاکیان ھەبوو لە چەواشەکردنی موشریکەکان تا بگەڕێنەوە و نەچنە ناو ئەشکەوتەکەوە، ھەروەھا قوڕەیشییەکانیش کە زانییان پێغەمبەری ئیسلام لەدەستیان دەرچووە، کەوتنە گەڕان بە دوایدا و بەڵێنیان دا کە ھەر کەسێ بەدەستی بخات، چ بە زیندوویی و چ بە مردوویی، سەد حوشتر بکەنە خەڵاتی، ئەوانەشی لە شوێن پێ ھەڵگرتندا شارەزاییان ھەبوو ھەموویان ناردن تا ھەموو رێگاکان بگرن و بیدۆزنەوە، لەوانەش کورزی کوڕی عەلقەمە (کُرْز بن علقمة) ، سوراقەی کوڕی جوعشوم (سُراقة بن جُعْشُم) بوون، کەوتنە شوێنیان و تا گەیشتنە کێوی سەور، کەسەرکەوتنە سەر کێوەکە و گەیشتنە بەردەمی ئەشکەوتەکە، قوڕەیشییەکان سەرساممان، لەوەی کە ئەگەر پەیامبەر چووبێتە ناو ئەشکەوتەکەوە ئەی چۆن داوی جاڵجاڵوکەکە نەدڕاوە و ھێلکەی کۆترەکانیش نەشکاوە؟ ئایا پێویست دەکات بچنە ناو ئەشکەوتەکەوە؟ یەکێکیان ویستی بچێتە ناو ئەشکەوتەکەوە، بەڵام یەکێکیان گوتی: داوی ئەم جاڵجاڵوکەیە ھی پێش محەمەدە!!


بەم شێوەیە خوا کوێری کردن و وازیان لە ھاوەڵ و ئازیزەکەی ھێنا، بەڵام ماوەیەکیش لەبەردەم ئەشکەوتەکەدا وەستان و قسە و باسیان کرد، کە پێغەمبەری خودا (ص) و ئەبوبەکری ھاوەڵی گوێیان لێبوو، ئەبوبەکر زۆر ترسا پێیان بزانن و پێغەمبەری خودا تووشی نارەحەتی ببێ، بۆیە دەیفەرموو: ئەی پێغەمبەری خوا، ئەگەر کەسێکیان سەیری ژێر پێی بکات دەمانبینێ. پێغەمبەری خواش (ێ) فەرمووی: (
ما ظنك ـ يا أبا بكر! ـ باثنين الله ثالثهما)، واتە: ئەبوبەکر! چی دەڵێیت دەربارەی دو کەس کە خوا سێیەمیان بآ؟! مەبەست ئەوەیە: ئەگەر خوا چاودێری دوو کەس بێ و، لە پشتیان بێ کێ دەتوانێ زیانیان پێبگەیەنێت؟


لە ڕیوایەتێکی تردا ھاتووە: کە کافرەکان ھەموو شاخەکانی مەککە دەگەڕێن تا دەگەنە ئەو شاخەی ئەوانی لێبوون. ئەبوبەکر چاوی لە پیاوێک بوو کە بەرامبەر بە دەرگای ئەشکەوتەکە وەستابوو بۆیە فەرمووی: ئەی پێغەمبەری خودا! دەمان بینێ. فەرمووی: (
كلا إن ملائكة تسترنا بأجنحتها)، واتە: نەخێر، چەند فریشتەیەک بە باڵەکانیان ئێمەی داپۆشیووە. ئەو پیاوە دانیشت و ڕووبەڕووی ئەشکەوتەکە میزی کرد. پێغەمبەری خوا (ص) فەرمووی: (لو كان يرانا ما فعل هذا


واتە: ئەگەر ئێمەی بدیتایە وای نەدەکرد. خوای گەورەش قورئانی ناردە خوارەوە کە دەفەرموێ:


[
إِلَّا تَنْصُرُوهُ فَقَدْ نَصَرَهُ اللَّهُ إِذْ أَخْرَجَهُ الَّذِينَ كَفَرُوا ثَانِيَ اثْنَيْنِ إِذْ هُمَا فِي الْغَارِ إِذْ يَقُولُ لِصَاحِبِهِ لَا تَحْزَنْ إِنَّ اللَّهَ مَعَنَا فَأَنْزَلَ اللَّهُ سَكِينَتَهُ عَلَيْهِ وَأَيَّدَهُ بِجُنُودٍ لَمْ تَرَوْهَا وَجَعَلَ كَلِمَةَ الَّذِينَ كَفَرُوا السُّفْلَى وَكَلِمَةُ اللَّهِ هِيَ الْعُلْيَا وَاللَّهُ عَزِيزٌ حَكِيمٌ ] (توبە: ٤٠) .


واتە: [ئەگەر ئێوە پشتگیریی پێغەمبەر (ێ) نەکەن و یارمەتیی نەدەن ئەوا خوا پشتگیریی کرد و سەری خست، کاتێک ئەوانەی بێ باوەڕ بوون لە شاری مەککە دەریان کرد ، و یەکێک بوو لەو دوو کەسە کاتێک ھەردووکیان لە ناو ئەشکەوتەکەدا بوون (کاتێک بێ باوەڕەکان گەیشتبوونە دەوور وبەری ئەشکەوتەکە ئەبوبەکری ھاوەڵی خەمی لێھات)، پێغەمبەریش دڵی دایەوە و گوتی: "خەفەت مەخۆ، دڵنیا بە خوامان لەگەڵە". ئەوسا ئیتر خوا ئاسوودەیی و ئارامی خۆی دابەزاندە سەری و پشتگیریی بەھێزی کرد بە سەربازگەلێک کە ئێوە نەتاندەبینی، و بەرنامە و ئاینی بێ باوەڕانی ڕیسوا کرد، بەرنامەی و ئاینی خواش ھەمیشە بەرز و بڵندترە، خواش ھەمیشە باڵادەست و دانایە] (تەفسیری ئاسان).


ھەروەھا مامۆستا (محەمەدی شەڵماشی) یش لە کتێبی (ژیانی پێغەمبەران) دا دەڵێت:


[پێغەمبەر و ئەبوبەکر گەیشتنە ئەشکەوتی سەور و سێ شەو و سێ رۆژ لەوێ مانەوە، پاشان چەند کافرێک چوونە لای ئەشکەوتەکە و گوتیان: با بچینە ناوی، بەڵام بە ئەمری خوا جاڵجاڵوکە دەرگای ئەشکەوتەکەی تەنی و دوو کۆتر لە سەر زاری ئەشکەوتەکە ھێلانە و ھێلکەیان کرد. لەو کاتەشدا حەزرەتی ئەبوبەکر زۆر ترسا، پێغەمبەر فەرمووی: مەترسە خوامان لەگەڵە. کافرەکان کە چاویان بە جاڵجاڵوکەکە و ھێلانە و ھێلکەکان کەوت، گەڕانەوە و گوتیان دیارە لە مێژە شەقڵی نەشکاوە].


مەلاعەبدولکەریمی مودەریسیش لەکتێبی ((نووری قورئان))دا نووسیویەتی ((حەزرەتی جوبرەئیل بە ئەمری خودا وەحی بۆ پەیامبەر ھێناکە لە ماڵی خۆی دەرچێ.ئەویش شەو بە پەنامەکی لە ماڵی خۆی دەرچوو، ئەمریشی کرد (بەعەلی ئەبی تاڵیب) ی ئامۆزای لەجێگاکەیا بنوێ وخۆی ڕۆیشتەدەرەوەو ڕۆیشت بۆماڵی ئەبوو بەکری سەدیق و بەیەکەوە لە مەکە دەرچوون و لەغاری(پور)خۆیان پەنادا.کاتێ کافرەکان چوونەسەری و دەستیان نەکەوت کەوتنە ھاتووچۆبە شوێنیا و گەڕان بە ئەشکەوتەکان، ھەتا چوون بۆ ئەشکەوتی (ثور)کەحەزرەت لەگەڵ ئەبو بەکر لەوێدابوون. کەنزیک بوونەوەئەبووبەکر زۆر دڵگران بوو لەوە کەکافرەکان بیانگرن و بیان کوژن، حەزرەت پێی فەرموو:زویر مەبە، تۆچی ئەڵێیت سەبارەت بەدوو کەس کە خودای تەعالا سێ ھەمیان بێت، وەکو لەئایەتەکەدا وارید بووە (
إِذْ يَقُولُ لِصَاحِبِهِ لَا تَحْزَنْ إِنَّ اللَّهَ مَعَنَا - توبە /٤٠ ).


کاتێ کافرەکان تەماشایان کرد چاویان کەوت بەکۆترێ لەبەردەم ئەشکەتەکەدا ھێلانەیان کردبوو، پەردەی تەنراوی جۆڵایی کەڕووشیان لەدەرگای ئەشکەوتەکەشدا دی، لەبەر ئەمە بریاریان داکەس نەھاتووە بەم شوێنەداو ئەشکەوتەکە چۆڵەو، بە جێیان ھێشت و، ئەمانیش ڕزگار بوون.)) .


تا ئێرە بەسەرھاتی ھەڵاتنی پەیامبەری ئیسلامە لە مەکەوە بەرەو مەدینە ، کە بە ساڵی ھیجرەت لە مێژووی موسڵمانان ناسراوە. ئەفسانەی رایەڵەکردنی تەونی جاڵجاڵۆکە لەبەردەم ئەشکەوتەکەی پەیامبەرداو دانانی عەلی کوڕی ئەبی تالیب لەجێگای نووستنی پەیامبەردا، کەموسڵمانان وەک موعجیزەیەکی ئیلاھی لێی دەڕوانن، لە بنەڕەتدا جگە لە خورافەیەکی بێ بنەما و نامەوسووق ھیچی تر نییە، چونکە ئەم بەسەرھاتە یەکێکی ترە لەو خورافیاتە (ئیسڕائیلیات) ـانەی تر کە دزەی کردۆتە نێو کەلەپووری ئیسلامی و لە لایەن چەند موفەسیرێکەوە وەک واقیعێکی مێژوویی پێمان دەفرۆشنەوە، بەڵام موفەسیرەکان و راویەکان بێ ئاگان لەوەی کە ئەم بەسەرھاتە لە لایەن جولەکەی تازە بە موسڵمان بووەوە باسکراوەو و بە چەندین ساڵیش لە دوای مەرگی پەیامبەری ئیسلامەوە نوسراونەتەوە کە سەردەستەی ئەمانەش (کەعبی ئەحبار) ە، کە خۆی جولەکەیەکی یەمەنی بووە و بە ھەمان عەقڵیەتە تەوڕاتی תורה ــ تەلمود תלמוד ییەکەی جارانەوە رووداوەکانی گواستۆتەوە نێو کەلەپوری ئیسلامییەوە. بەم شێوەیە گەلێک لە چیرۆک و بیرۆکە ئیسلامیەکان، بەتایبەتی لاوەکیەکان، دەگەڕێنەوە بۆ کەلەپوری یەھودی لە تەلمود ـ תלמוד و میدراش ـ מדרש.) دا.


ئەشکەوتی ئاماراناس AMARNATH CAVE.


بەپێی کتێبی پیرۆزی ھیندۆسی ئالیھەی شیڤاو ئالیھەی پاراۆتی "Parvati دوور لەچاووگویێَ مرۆڤ لەنێو ئەشکەوتێکەدا سەرگەرمی باسکردنی نھێنی نەمری وخواوەندەکانیان دەکرد، بەڵام لەوێدا دووھێلکەی لێبوو بەبێ ئەوەی خوداوەندەکان پێی بزانن، کەدواتر دووکۆتری نێرو مێی لێھاتە دەرەوەو بەرێکەوتیش گوێیان لەنھێنی نەمری و خواوەندەکان دەگرت. ئینجا تەمێکی سپی لەشێوەی ستوونێکی بەفردا دەمی ئەشکەوتەکەی داخست .ئێستاش ئەم ئەشکەوتە بەلای حاجیەکانی ھندۆسییەوە وەک شوێنێکی پیرۆز لێی دەروانن و زیارەتی دەکەن.

لێرەدا بە پێویستی دەزانم کە بەسەرھاتێکی کورتی "داود پێغەمبەر" بخەمە ڕوو، کە چۆن لەلایەن شاوڵی فەرماندەی سەربازیەوە بەنیازە لەشوێنی خەوەکەیدا بیکوژن، بەڵام کاتێک دێنە سەر شوێنی نووستنەکەی و بەنیازن بیکوژن، دەبینن لە شوێن خەوەکەیدا پارچە قوماشێکیان گرمۆلەَ کراوەو وەک فێڵ خراوەتە ژێر بەتانیەکەوە بەر لەوەی شاوڵی دوژمنی بگاتە سەری و بیکوژێ داودیش زووتر ھەواڵی پێگەیشتووەو ھەڵاتووە ،کەلێرەدا بەپێویستی دەزانم دەقەکەی بخەمە روو لەگەڵ رووداوی ئەو جاڵجاڵۆکەیەی کەداود لە ئەشکەووتی عەدولام עֲדֻלָּם لە مردن ڕزگار دەکات . لە کتێبی تەناخ תנ"ך ی جوولەکەدا ھاتووە:


((ڕۆحێکی بەد لەلایەن خوداوە دابەزییە سەرشاووڵ שָׁאוּל لە کاتێکدا لەماڵەکەیدا دانیشتبوو ڕمەکەی بە دەستەوە بوو داوودیش عودەکەی دەژەنی. ئینجا شاووڵ ویستی داوود بە ڕمەکەی بە دیوارەکەوە ھەڵواسێت و داوودیش خۆی لاداو ڕمەکە لە دیوارەکە چەقی، داوود ھەڵات و لەوشەوەدا ڕزگاری بوو. ئینجا شاووڵ چەند نێردراوێکی بۆ ماڵی داوود نارد تا دەورو خولی بدەن و لە بەیانیدا بیکوژن. ئینجا میکالی ژنی پێ گووت: گەر ئەمشەو فریای خۆت نەکەویت سبەینێ دەکوژرێت. ئینجا میکالی ژنی لە پەنچەرەیەکەوە داوودی شۆڕکردەوە ڕای کردو خۆی دەربازکرد. پاشان میکال پەیکەرێکی برد و لە جێ خەوەکەدا دایناو بە پارچە جڵیک دایپۆشی و لبادێکی بزنی لە ژێر سەری دا دانا.


شاووڵ چەند نێردراوێکی بۆ گرتنی داوود ناردو میکالی ژنی گووتی ناساغە. ئینجا شاووڵ چەند نێردراوێکی بۆ بینی داوود ناردو پێی گووت لە جێ خەوەکەوە بۆ بەرزیکەنەوە تا بیکوژم. بەڵام کاتێک نێردراوەکان ھاتن تەماشایان کرد پەیکەرێک لە جێی خەوەکەیدا دانراوە و لبادێکی بزنیش لە ژێر سەریایەتی. شاووڵ שָׁאוּל بە میکالی گووت بۆچی ھەڵتخەڵەتاندم و بەڕەڵات کرد تا ڕزگاری بوو؟ میکالیش بە شاووڵی گووت ئەو پێ گووتم بەڕەڵامکە بۆچی بتکوژم؟


پاشان داوود ھەڵات و ڕزگاری بوو، پاشان چوو بۆ لای سامۆیل لەڕامەو ھەموو ئەو شتانەشی پێ گووت کە شاووڵ لەگەڵی کردبووی ئینجا ئەو و ساموێڵ ڕۆیشتن و لە نایوت دا. ئینجا شاووڵ چەند نێردراوێکی بۆ گرتنی داوود نارد )) ( العھد القدیم، ێموئیل الڕول- שמואלא، ١٩: ٩ - ١٩ )

بەڵام لەڕیوایەتێکی تردا کە (تلمود תלמוד) ی جوولەکە بۆمانی خستۆتە ڕوو ، باس لەھەڵاتنی داوود دەکات کە چۆن خۆی لە نێو ئەشکەوتێکدا حەشار دەدات و جاڵجاڵۆکەیەک لە مردن رزگاری دەکات وچاوی دوژمنانی کوێر دەکات.


.(( دەگێڕنەوە کە داود پێغەمبەر و پاشای ئیسرائیل ئەو رۆژانەی کە تووشی ناخۆشی و تەنگی ھاتووە، کەوتۆتە بیرکردنەوە و تێڕامان لە زۆر بواری کاروباری ژیاندا، لەبەر خۆشییەوە گوتوویەتی: باشە جاڵجاڵوکە سوودی چییە لەم ژیانەدا، جگە لە خڵتە و تۆز و تەونی پڕ لە پیسی و کەڕوو ، کە خۆی بە ھەموو شوێنێکدا دەکات و دەبێتە ھۆی ناڕەحەتی و ناخۆشی بۆ مرۆڤ. ئینجا کەوتە بیر کردنەوە لەچەند کەسێک کە شێتن، لەبەر خۆشیەوە گوتی: چەند بەدبەختن ئەم مرۆڤە شێتانە! لەوەش دەگەم کە ھەموو ئەمانە بە فەرمانی خودا و بە سیفەتێکی رێک و پێک داڕێژراون، بەڵام ھەموو ئەمانەش لە دەرەوەی تێگەیشتنی ھۆش و ئیدراکی منن، بەڵام بۆچی ھەندێک کەس کە لە دایک دەبن گەمژە و شێتن؟ ئینجا ھەندێ مێشوولە ھاتن و ناڕەحەتیان کرد، پاشان داود پرسیاری کرد: سوودی ئەم مێشولانە چییە؟ چ پێویست بوو لەم جیھانەدا خەڵق بکرێن ؟ تەنھا بۆ بێتاقەتکردن و نائارامی ئێمە درووستبوون و جگە لە زیانیش ھیچ سوودێکیان نییە لە ژیاندا.!!


پاشی ماوەیەکیش لە ژیانی داود ئینجا ھەستی بە ڕاستیەکان کرد و گوتی: ئەو زیندەوەرانە بە تایبەت حیکمەتی ئەم ژیانەی ئێمەن، ئەم بوونەوەرانەش کە من رەتم کردنەوە وەک زیانێک بۆ ژیانی مرۆڤم دەدایە قەڵەم، سوودێکی زۆریان بۆ ژیانی شەخسی مرۆڤ ھەیە.


پاش ئەوەی کە داود لەدەستی شاووڵی پاشای ئیسرائیل ھەڵھات، ئینجا لە خاکی فەلەستین دەستگیر کرا و بردیانە بەردەمی (ئەخیش) אָכִישׁ پاشای (جەت) גַּת. ئینجا داود خۆی کرد بە شێت و لە مردن خۆی رزگار کرد، پاشان (ئەخیش) بڕیاریدا ئازادی بکەن، چونکە پیاوێکی شێتی لەم جۆرە ھەرگیز ناچێتە عەقڵەوە داود بێت ، لێی گەڕێن با بڕوات، من چی لە شێت بکەم! ئینجا خوداوەند عەقڵی داودی لەبەر چاوی پاشای فەلەستینیەکاندا گۆڕی و وەک شێتێک لێیان دەڕوانی، پاشان دەستی کرد بە رووشاندنی دەسکی دەرگاکە و لیک بە ریشیدا دەھاتە خوارەوە، بەم شێوەیە داود لەبەر چاوی فەلەستینییەکان نەناسرایەوە و وەک شێتێکی بەرەڵا سەیریان دەکرد و پاشان ئازاد کرا. (العھد القدیم תנ"ך ، صموئیل الاول- שמואלא': ٢١: ١٠ ـ ١٥)).


لە گێرانەوەیەکی تردا ھاتووە کە پاش ئەو رووداوە داود لە ئەشکەوتی (عەدوللام) עֲדֻלָּם دا خۆی شاردۆتەوە. پاشان جاڵجاڵۆکەیەک ھاتووەو دەمی ئەشکەوتەکەی بە تەونەکەی چنیوە، پاشان پیاوەکانی شاووڵ کەوتنەگەڕان بە دوایدا ، کەگەیشتنە بەردەمی ئەشکەوتەکە شوێنەکەیان بە جێھێشتووە، چونکە لەو بڕوایەدا بوون ئەشکەوتەکە کەسی تێدا نییە، چونکە تەونی جاڵجاڵوکەکە نەدڕاوە و وەک خۆی ماوەتەوە. بەم شێوەیەش داود لە دەستی دوژمنەکانی رزگاری بوو، ھەر چەندە بەسەرھاتی داود و جاڵجاڵوکە لە کتێبی תנ"ך و (سیفری ساموئیل שמואלא) دا نەھاتووە، بەڵام لە کەلەپوری دەماودەم و ھەگگاداە אַגָּדָה (تەلمود תלמוד و میدراش ـ מדרש ) دا ھاتووە.


لە ڕووداوێکی تردا ھاتووە: کە مێشوولەکان کەوتوتەنە خزمەتی داود، کاتێک داوود خۆی کرد بە نێو سەربازگەی شاوولدا שָׁאוּל بۆ ئەوەی چەکی دەست بکەوێت، بە بەردەم (ئەبنێر)ی سەرکردەی سەربازیی شاووڵدا دزەی کرد، لەو کاتەدا ئەبنێر خەوتبوو جوڵا و قاچی خستە سەر داوود، ئیتر داوود ئەگەر بجوڵایە ئەبنێر بەئاگا دەھاتەوە و تیادەچوو، ئەگەر بەو شێوەیەش بمایەتەوە خۆر ھەڵدەھات و سەرەنجامی کوشتن دەبوو، ئیتر مێشولەیەک ھات و قاچی ئەبنێری گەست، ئیتر ئەبنێر قاچی لابرد و داوود ڕزگاری بوو، جابۆیە داود وتویەتی: "ھەموو ئێسکەکانم [مەبەست: ھەموو گیانم] دەڵێن: ئەی خودا کێ وەک تۆیە (مەزمورەکان תהלים ت ھـ ل ی م: ٣٥: ١٠).


لە کۆتایی ئەم لێکۆڵینەوە کورتەدا ئەوەمان بۆ ئاشکرا دەبێت کە چیرۆکی ھەڵاتنی پەیامبەر لەگەڵ ئەبو بەکری ھاوەڵیدا لەمەکەوە بەرەو مەدینەو ھەوڵی کووشتنی و خۆحەشاردانیان لە ئەشکەوتی " ثور" لەگەڵ چیرۆکی ئەو جاڵجاڵۆکەیەی دەمی ئەشکەوتەکەی بە تەون چنیوە، لە بنەڕەتداخورافەیەکی تەورات תורה و تەلمودתלמודیی جولەکەیەو لەڕێگای موفەسیرە جولەکەکانەوە دزەی کردۆتە ناو بەسەرھات و گێڕانەوە ئیسلامییەکان، چیرۆکەکەش تایبەتە بە داودی پەیامبەر نەک موحەممەدی پەیامبەر. سەرباری ئەمانەش ئەو گێڕانەوە و ڕیوایەتە ئیسلامیانەی کە چیرۆکی ھێلانە کۆترەکە و تەونی جاڵجاڵۆکەکەی ئەشکەوتی " ثور" دەگێڕنەوە، لە لەلایەن زانایانی ئایینیی و فەرمودەناسانەوە ڕەتکرانەوە، بەتایبەتی شێخ (ئەلبانی) و شێخ (موحەممەد بن ساڵح ئەلعوپھیمین).


(ئەلبانی) ئەو حەدیسانە بە لاواز و ھەڵبەسراو دادەنێت کە ئەو چیرۆکە دەگێڕنەوە، ھەروەھا (ئەلعوثەیمین) لە فەتوایەکیدا چیرۆکەکە ڕەتدەکاتەوە. ھەروەھا لەلایەن زانای ئایینیی گەورە و سەرۆکی یەکێتیی جیھانیی زانایانی موسوڵمانان (د. یوسف القرضاوی)ـەوە ڕەت کراوەتەوە. ھەردو ئەندامانی کۆڕی توێژینەوە ئیسلامیەکان (د. عبد الصبور شاھین) و (الشیخ محمود عاشور) یش وتەکانی (القرضاوی) یان پەسەند کرد. ھەروەھا کاتی خۆی مەلا (عومەر چنگیانی) لە وتارێکی تۆمارکراویدا دەربارەی ژیاننامەی پێغەمبەر ئەم چیرۆکەی ڕەتکردەوە و ڕەخنەی لەو ڕیوایەت و دەنگوباسە گرت. کەواتە ئێستە چیرۆکە ئیسلامیەکە لەلایەن زانایانی ئایینیی گەورەوە داکوکیکی لێناکریت، بەڵام تائیستاش لەکەلەپوری ئیسلامیدا بەشێکە لە باس و خواسەکانی کۆچ بۆ مەدینە و بەشێکە لە فانتازیای باوەڕی ئایینی لە ئیسلامدا، یەکێکیشە لەو چیرۆکانەی کە ھەمیشە مەلاکان و پیاوانی ئایینیی تەقلیدی بۆ ڕەشەخەڵکی دەگێڕنەوەو لە کارە ھونەریە ئیسلامیەکانیشدا دوبارە دەکرێتەوە، بۆ نمونە دیمەنی تەونی جاڵجاڵۆکە گرتەیەک بوو لە فیلمی (الرسالة) دا.
_______________________________
سەرچاوەکان:

١. حەبیب محمد سەعید، ژیانی ئازیزمان ، بەرگی یەکەم ، ل. ٤٤٢ - ٤٤٥. چاپی یەکەم، ساڵی ٢٠٠٧.
٢. موحەمەدی شەڵماشی، ژیاننامەی پێغەمبەران. چاپی شەشەم، ٢٠٠٧. ل. ٣١٣.
٣. مەلا عەبدولکەریمى مودەریس، نوورى قورئان، ١٩٨٥، ل: ٤٦ ، ٤٧.
٤. الكتاب المقدس، صموئيل الأول ، الإصحاح الرابع. جميعة الكتاب المقدس، لبنان، ١٩٩٣.. ص، ١٣-٢١.
٥ . أحمد إيبش، التلمود، كتاب اليهود المقدس. قدم له: سهيل زكار. دار قتيبة، دمشق. الطبعة الأولى، ٢٠٠٦. ص. ٣٤٣، ٣٤٤.
٦. سلسلة احاديث الضعيفة ،الشيخ محمد ناصرالدين الالبانى /بيصغة ورد / ويب.

 

ماڵپه‌ڕی شازین هێرش

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک