ئیستاتیکای رۆشنبیر(رۆژنامەوان)ان و فەنتازییای دەسەڵات
.

ستار محەمەد قادر
مرۆڤ کاتێک پەنا وەبەر ناشیرینکردنی بەرانبەرەکەی دەبات، کە خۆی چۆڕێ
جوانی تێدا نەمابێت، ئەگەر ناوەندی رۆشنبیریی و رۆژنامەوانی کوردی بە
بێ هۆ ئیش بۆ ناشیرینکردنی دەسەڵات بکات؟ ئەوەیان کارێکی نا بەجێیەو
کەس لێیان قوبووڵ ناکات، لێ کاتێک وەزیفەیان دەرخستنی کەم و کوڕییەکان
بێت، ئەوەیان دەبێت پەنجەیان بگووشرێ و ستایش بکرێن!
ئەگەریش بەتەماین بە بێ ئازادی رۆژنامەوانی باس لە ئازادیی بکەین،
ئەوەیان مۆدیلێکی دییە، دەبێت لە سەر دەستی دەسەڵاتی کوردی ئاوا بکرێت،
وا چاکە بۆ هەموو لایەکمان بە بێ ماسک تەعریفێکی ئازادیی بە پێوەری شار
بکەین نەک شاخ، یان بە مۆدێلە جیهانییەکەی یانیش بە میزاجی خۆمان!
لە هەموو وڵاتانی پێشکەوتوودا یان حوکومەت گەرەنتی بە رۆژنامەوانان
دەدات ، یان ئەم مافە لە لایەن دەستووری ئەو دەوڵەتەوە دەپارێزرێت،
ئەگەر رۆژنامەوان یان هەر تاکێک لە ئێمە ئازاد نەبێت لە چۆنێتی
بیرکردنەوەو رادەربڕین و بۆچوون، پێم باشە هەر لە ئێستاوە خەبات بۆ
گۆڕینی ئەو بڕگەیە بکەین کە لە جاڕی گەردوونی مافەکانی مرۆڤدا
جێگیرکراون!
بەزمانی سیاسییەکانمان، ئێمەی کورد لە زۆر رووەوە ساواین، بۆیە بە
ئەندازەی ئەو ساوا بوونە، دەبێت چاو پۆشی لە زۆر چت بکەین، دەبا چاو
پۆشییان لەو تۆزە ئازادییەی بواری راگەیاندنیش بکردبایە، کە تا ئێستا
کارییگەرییەکی ئەو تۆی چێ نەکردووە، نە خەڵکی خستۆتە سەر شەقامەکان و
نەش بەرپرسێکی راپێچی لێپرسینەوەو لێکۆڵینەوە کردووە، ئەوەی هەیە، وەکو
هەموو چتەکانی دی فەوزایە، دەبا ئەمیش وەکو ئەوەی خۆیان بخرێتە بواری
ساوابوونەوە!
بۆیە دەکرێت لەم مینبەرەوە ئەوەی کە رۆشنبیران، رۆژنامەوانان داوای
دەکەن دەتوانین ناوی لێ بنێین ئیستاتیکاو ئەوەش کە دەسەڵات دەبێت هەوڵی
بۆ بدات بە فەنتازیا ناو زەدەی بکەین، لێ کام ئیستاتیکاو کام فەنتازیا؟
دەکرێت لە ئەمڕۆدا یەکێک لە خەسڵەتەکانی ئیستاتیکای رۆژنامەوانان، ئەو
رەخنە گردنانە بێت لە میکانیزمی ئیشکردنی دەسەڵات، هەر چەندە لە دوای
راپەڕینەوە ئەو توێژە هەستییارەش چییەتی خۆیان لە دەستداو کەوتنە
سەنگەری شەڕێکەوە کە دوورو نزیک وەزیفەی ئەوان نەبوو، ئەوکات
سیاسییەکان پێیان باش و خۆش بوو کەسانێک هەبن شەڕە تفەنگ بکەن و برا
سەنگەر لە براکەی بگرێت و کەسانێکی دیش هەبن هەموو ئاوەزی خۆیان بۆ
پەسەندکردنی ئەو شەڕە خەرج بکەن، چونکە یەکێک لە نیشانەکانی ئەو هێڵەی
کە بەعس بۆ رۆشنبیر و رۆژنامەوانان کێشابووی، لە دوای راپەڕینەوە بە بۆ
ماوەیی لە گۆڕەپانی کوردستاندا هەستی پێ دەکرا، دەرچوون و خۆ
قووتارکردن لە بازنەی دەسەڵات، کارکتەری راستەقینەی ئەو توێژەیە، بۆیە
ئیستاتیکای رۆشنبیر یان رۆژنامەوان لە دەرەوەی دەسەڵاتدا دەتوانێت خۆی
نمایش بکات، تا لە بارتەقایدا نەبێت لە هەژموونی دەسەڵات خۆی رزگار
بکات، ناتوانێت بچووکترین وێنای جوانی بدات بە دەرەوەی خۆی.
ئەو فەنتازیایەش کە دەسەڵات ساڵانی رابردوو شەڕی بۆی دەکرد، دوور بوو
لە هەموو جوانییەک، بۆیە لە پێناو ئەوەی ئەندێشەی دەسەڵاتیش رێچکەی خۆی
بگرێت، دەبێت گوێ بۆ رەخنەکانی رۆشنبیرو رۆژنامەوانان شل بکات، تا
جوانکارییەکانی ئەوان لە فەنتازیای دەسەڵاتدارانیشسدا رەنگدانەوەی
هەبێت!
ئیستاتیکا بەمانای جوانکاری دێت و بەلقێکی گەورە لە جیهانی فەلسەفە
دادەنرێت، لە جوانی دەکۆڵێتەوە و شرۆڤەی گەوهەری یاساکانی پەرەسەندن
دەکات.
فەنتازییاش بەمانای خەون و خەیاڵ دێت، بۆ هەریەکێک لە ئێمەش رەوایە
خەون و خەیاڵی خۆی هەبێت، هەروەکو چۆن بۆ هەموو دەسەڵاتێکیش رەوایە
لەچوارچیۆەی سیستمی دیموکراسیدا لەخەیاڵدانی خۆیدا فەناتزییای هەبێت،
بەڵام بەمەرجێک بە شێوەیەکی شەرعی لە هەوڵی بەدەستهێنانیدا بێت،
مەبەستم لە خەون و خەیاڵی دەسەڵات جێگیر بوون و قایمکردنی پایەکانی خۆی
نییە، بەڵکو لەرووە ژیارییەکەیەوە داواکارییەکانی کۆمەڵانی خەڵک دابین
بکات.
ئیستاتیکای رۆشنبیر لەبیرکردنەوە و راڤەکردن و بەراوردکردنەوە سەرچاوە
دەگرێت و پشت بەو پاشخانە مەعریفییە دەبەستێت کە لە ئەزموونی
خوێندنەوەی خۆیەوە لە دوو توێی پەرتووکەکان و ئەزموونی میللەتانەوە بە
دەستیان دەهێنێت.
یەکێک لە خەسڵەتەکانی ئەم بوونەوەرە بیرکردنەوە و پرسیارکردن و
رەخنەگرتنە و بەبەردەوامی لە هەوڵی بەرجەستەکردنی گۆڕاندایە؛ گۆڕانێک
کە بەرژەوندی گشتیی لە خۆی بگرێت. بەڵام لە زۆر ژیواردا رۆشنبیر بەهۆی
ئەو پرۆسە جوانکارییەوە کە لە رێگای رەخنەوە دەری دەبڕێت، تووشی قەیران
دەبێت و دەکەوێتە ململانێ و کێشمەکێشەوە لەگەڵ دەسەڵاتدا، ئەمەیان
زیاتر لەو وڵاتانەدا روودەدەن کە ئەزموونی دیموکراسیی تیایاندا ساوایە
و کۆمەڵانی خەڵک خاوەنداری لە: "هۆشیاریی، سیاسیی، کۆمەڵایەتیی،
ژییاریی، ئازادیی، دادپەروەریی، یاسایی، ئابووریی"ەکان ناکەن و بێ
ئاگان لەئاستی پێشکەوتنی گەلان و ئاستی ژیارییان و خاوەن پێناسەیەکی
درووستی چەمکی دەسەڵات نین. بۆیە لێرەدا و لەم بارودۆخەدا ئەرکەکانی
سەر شانی رۆشنیران لە هەموو شوێنێکی دی زۆر قورسترەو رەنگبێت هەموو
جوانکارییەکانی لە لایەن دەسەڵات و رۆشنبیرانی حزبییەوە بۆ بکرێت
بەناشیرینی و مەبەست و مانا و راڤەکردنێکی دییان بۆ بکەن!
لە رەوشێکی وادا رۆشنبیران لە لایەک زەنگێک لێدەدەن بۆ هۆشیارکردنەوەی
کۆمەڵانی خەڵک و لە لایەکی دی دەسەڵات بەئاگا دەهێنن لە کەموکوڕییەکان،
لە هەردوو ژیوارەکەشدا ئەم رۆڵی قوربانی دەگێڕێ و لەلایەک لە هەوڵی
پێشخستنی سیستەمی حوکومڕانیدایە و لەلایەکی دییەوە میللەت وریا
دەکاتەوە، لەم دوو ژیوارەشدا بە تەنها بەرژەوەندی گشتی رەچاو دەکات و
لە کاتی بەئاگاهاتنی میللەتیشدا، دەسەڵات قازانجێکی زۆر دەکات، چونکە
ئەوکاتە دەسەڵات نوێنەرایەتی و سەرکردایەتی میللەتێکی بەرچاو روون و
هۆشیار دەکات!
ئەگەر دەسەڵاتیش بەئاگابێت، ئەوا هەست بە مەترسییەکانی لادان دەکات و
بەخۆیدا دەچێتەوە و چۆنییەتی و چییەتی خۆی دەپارێزێت، لێرەدا دەمەوێت
پۆلێنی ئەو رۆشنبیرانە بکەم کە خاوەنداری لە جوانکارییە گشتییەکان
دەکەن، لە گەڵ ئەو رۆشنبیرانەی کە بە بەردەوامی لە هەوڵی جوانکردنی
خۆیاندان لەبەردەم دەسەڵاتدا. بێگومان لە هەموو جیهاندا و بەتایبەتیش
لە جیهانی سێهەمدا دوو جۆر لە رۆشنبیران بەرچاو دەکەون، یەکێکیان لە
غیابی دیمۆکراسیدا دەتوانین ناوی رۆشنبیری بەرەی گەلیان لێ بنێین، ئەوی
دییان بەرەی دەسەڵات، یەکەمیان بێ مەرامەو ئەوی دییان مەرامی لە
پشتەوەیە.
شتێکی ئاشکرایە ئەمڕۆ ئێمە لە سەردەمێکدا ژیان دەکەین دونیا هێندە
بچووککراوەتەوە بەگوند دەشووبهێنرێت، ئەگەر رۆشنبیرانیش هەر رەخنەیەکی
دەسەڵات بکەن، مانای دەرخستنی وێنایەکی ناشیرینی دەسەڵات نییە؛ بەڵکو
ئەوە ئەرکی ئەوانە ئەو دەسەڵاتە بەئاگابێنن لەو کەموکوڕییانەی کە
راستەوخۆ کاریگەری نێگەتیڤیان بۆ سەر ژیانی کومەڵانی خەڵک دەبێت.
بەداخەوە لە ناو ئێمەدا بە ئەمڕۆیشەوە ئەم چەمکە لە دوولاوە خوێندنەوەی
هەڵەیان بۆ دەکرێت. ئەگەر سەرنج بدەینە ئەزموونی بەعس و وانەی لێ
وەربگرین، ئەوا بەڕوونی ئەو راستییەمان بۆ ئاشکرا دەبێت، کەچۆن بەهرەی
لە ناخی رۆشنبیران و نووسەرەکاندا دەکوشت و کاراکتەریانی لە مرۆڤێکی
بیرکەرەوەو هەستیارەوە دەگۆڕی بۆ رۆبۆتێک و بە ئارەزووی خۆی
ئاراستەیانی دەکرد، هەر وەکو چۆن ئەو کەسانەی کە بەدەستی بەعس
رامکرابوون دووفاقی لە کەسایەتییاندا و پشیلە مارانەو ماستاوچێتی بوو
بوو بە پیشەیان و رووپامایی لە کاتی بەرزترین پلەی پەرۆشییاندا بە
روونی پێیانەوە دیار بوو، ئەزموونی بەعس، لەهەموو کایەکاندا ئەزموونێکی
پوچەڵ بوو، ئەزموونێک بوو چتەکانی ناوەوەی مرۆڤەکانی دەسڕییەوە و
چتگەلێکی دیکەی لە ناخیاندا تۆمار دەکرد. بەعس وەکو دەسەڵاتێک جگە
لەوەی بەهۆی سەرکێشی خۆیەوە بڕیاری کووشتنی خۆی دەرکرد، لە ماوەی
حوکمیدا بەهرەو توانای مرۆڤەکانیشی لەم وڵاتەدا کوشت، ئەو بەتەنها خۆی
تووشی قەیران نەکرد، بەڵکو کۆمەڵێک خەڵکی رۆشنبیریشی لەگەڵ خۆیدا پەل
کێش کرد بۆ ئەو کەنارەی کە ناکرێت لە بەر چاو نەگیردرێت. لێرەدا گرنگە
پرسیاری ئەوە بکەین، ئایائەگەر رژێمی بەعس ئازادیی رۆژنامەوانی فەراهەم
بکردایە، خودی بەعس و سەرکردەکەی تووشی ئەو قەیرانە دەبوون؟، یان
میللەتی ئێراق بەتایبەتیش برایانی عەرەب ئەوەندە ساویلکە دەبوون
بەهەموو ئەو چەواشەکاری و درۆیانەی دیکتاتۆر و شەڕە دۆڕاوەکانی بڵێن
ئامین؟ بێ گومان وەڵامی ئەو پرسیارگەلە لەو پاشکەوتنە هزرییەدا خۆی
نمایش دەکات، کە ئەمڕۆ لەسەر زەمینی ئەم وڵاتەدا لە سەر(ناو) مرۆڤ
سەردەبڕدرێت و سەری لە لاشەی جیا دەکرێتەوە! بۆیە ناکریت رۆڵی
رۆژنامەنووس و رۆشنبیران یان نووسەران، ئەوانەی وا لەدەرەوەی بەیداخی
حزبەکان کاردەکەن کەم بنرخێندرێن وپەراوێز بکرێن، بەڵکو دەبێت
راکەیاندنی حزبەکان دەرگایان بخەنە سەر پشت و بەسینەیەکی کراوەوە
بابەتی نووسەرەکانی دەرەوەی خۆیان بڵاوبکەنەوە و تیشک بخەنە سەریان،
تاهەناسەی ئازادی ئەوانیش بگرێتەوە، چونکە ئەگەر ئێمە لە
بەرنامەماندابێت دامەزراوەی مەددەنی درووست بکەین، ئەوا بێگومان یەکێک
لە بناغەکانی ئەو دامەزراوەیە راگەیاندنی ئازادە، پێویستە لەمەودواش
رێز لەو جوانکارییانە بگیردرێت کە رۆشنبیرانی دەرەوەی حزبەکان بێ
بەرامبەر پێشکەشی ئەم نیشتیمانە و ئەو مییللەتەی دەکەن تا جوانتر و
رازوەتر بێت! بۆیە لە پێناوی ئەوەی لە ئیستاتیکای رۆشنبیران بە هەڵە
نەگەن، پێویستە ئاوڕ لە رەخنەکانیان بدرێتەوە، کە گوزارشت لە
ئازارەکانی کۆمەڵانی خەڵک دەکەن، تا لە دەروازەی رەخنەکانی ئەوانەوە
دەسەڵاتیش، جگە لە فەنتازیاکانی خۆی لە هەوڵی بەرجەستەکردنی
فەنتازیاکانی کۆمەڵانی خەڵکیشدا بێت!!
کەرکوک2007
Star_qadr@yahoo.com
|