١\٦\٢٠١٠ ئیتر به گوێی دڵم ناکه‌م.
هۆ هاوڕێیانی دوای غه‌مه بێ کۆتاکانم.. هه‌ر دوای ئازاره نه‌مره‌کان ده‌بینم په‌نجه‌م له قه‌ڵه‌مێک ئاڵاوه.. ئه‌مڕۆ ئیتر بۆنی قه‌ڵه‌م ده‌که‌م.. دێڕێ ده‌نووسم و بۆ دێڕێکی تر سه‌رم ده‌نێم به لای قه‌ڵه‌مه‌که‌مه‌وه.. ئه‌ها قه‌ڵه‌م بۆته خه‌نجه‌ر و له دڵی وشه‌می ده‌نێم ڕسته‌کان هه‌نجن هه‌نجن ده‌که‌م.. هاوڕێکانم ده‌که‌مه ئه‌کته‌ری سه‌ره‌کی باسه‌که‌م، یاده تاڵه‌کانیش ده‌که‌مه به‌رگی خامه‌که‌م و سه‌رنووسه‌ره‌که‌ش ده‌که‌مه ئه‌هریمه‌ن..
ئا هاوڕێیان ئه‌وا (سی) ساڵ له ته‌مه‌نم ده‌سڕمه‌وه، سی ساڵ ده‌نێمه دووتویی یادنامه‌ی بیرچوونه‌وه‌م به‌ندیان ده‌که‌م کۆت و زنجیری قه‌ده‌ریان لێ ده‌به‌ستم.. وا قه‌ده‌رێ له ته‌مه‌نی ساردوسڕم ده‌که‌مه قوربانی یاد و بیره‌وه‌رییه قه‌شه‌نگه‌کان ئه‌که‌مه خه‌ونێک، له‌سه‌ر په‌ڕه‌کانی تراویلکه فوویان لێ ده‌کــه‌م، له ناو ده‌ریای ڕه‌شـدا حه‌ز و ئاره‌زوه‌کان نوقم ده‌که‌م، ئه‌و یادانه له بن گۆم ده‌نێم، ئه‌وه ده‌زانم که ئێستاکێ شه‌پۆلی ڕه‌ش یاری به وشه‌کان ده‌کات .. به پۆشاکی لیــته دایانده‌پۆشێ و به‌په‌یژه‌ی دڕکپۆشدا ڕووه‌و دۆزه‌خ ئۆغر ده‌که‌ن..
له ڕۆژێکدا که ئاگربارانه ئێوه بۆ دونیای په‌شیمانی سه‌فه‌ر ده‌که‌ن.. منیش رۆحی نه‌بینراوم له ئاسمانی به‌ریندا له‌گه‌ڵ گشت فریشته‌کاندا ده‌بینمه‌وه خه‌ریکی سه‌ماکردنن، غه‌مم بوو جارێکی دی باسکم بکه‌مه سه‌رینی وشه‌کانتان، غه‌مم بوو خوێنبه‌ر و خوێنهێنه‌رم بکه‌مه جۆگه‌له‌ی غه‌مه‌کانتان.. نا ئیتر به گوێی دڵم ناکه‌م سه‌دان پێک له چاوی وونبونتان هه‌ڵئه‌ده‌م.. هۆنراوه‌ی جوان بۆ یادی بیرچوونه‌وه‌تان ده‌نووسم.. ده‌یانکه‌مه په‌یڤی ڕه‌نگاڵه و له گه‌ردنی هاوڕێیه‌تی ده‌نێم.. له‌گه‌ڵ دوا بزه‌ی دووریتاندا بیرمه شه‌وانی تاریکی ئێوه‌م پر له مرواری گرانبه‌ها ده‌کرد.
من بووم هه‌ناسه‌ی ساردی ئێوه‌م به سۆزی ده‌نگی خۆم گه‌رم ده‌کرده‌وه، ئه‌وه من بووم زستانی پڕ له کڕێوه‌م پڕ له شنه‌ی با و شه‌ماڵی بۆن به گووڵ ده‌کرده‌وه، هه‌ر منیش بووم وه‌ک ماسی خۆم هه‌ڵدایه وشـکانیی.. وڵاتی ئاوم جێهێشت.. له‌نێو گه‌ڵاڕێزانه‌وه ده‌هاتمه‌وه به باوه‌شێک لق و چڵی سه‌وزه‌وه، ده‌ماڵئاوا بۆ دواجار ماڵئاوا ئیتر به‌بێ ده‌نگ ده‌خه‌وم و چاولێکده‌نێم، به وشه‌ی جوان پشه..پشه بۆ هه‌نسکی دڵم و فرمێسکی چاوم و هه‌ناسه‌ی گه‌رووم ئه‌که‌م، وشه سه‌رسامه‌کان ده‌هۆنمه‌وه، ملوانکه‌ی قه‌شه‌نگ ده‌که‌مه ملی ته‌نیایم .. ژیان ده‌که‌مه ژووانێک تا یادگارییه‌کانی ئێوه‌ی به‌سه‌ردا بپه‌ڕێنمه‌وه وڵات له نامۆیی دووره‌وڵاتیی ده‌سڕمه‌وه لانه‌یه‌ک بۆ ئه‌وینی پاک و بێگه‌ردی خۆم به پووشوپه‌ڵاش و هه‌ستی ناسک.. په‌یڤی هه‌نگوینی ئه‌هۆنمه‌وه یاده‌کانیش وه‌ک خورپه‌کانی دڵم گوێبیست ئه‌بن تا ئیتر هه‌رگیزاو هه‌رگیز ره‌نگ و ده‌نگی ئێوه له ناخی دڵمدا نه‌ژێته‌وه..
دڵنیابن ژیان قه‌ده‌ره و یاده‌کان له
چوارچێوه‌ی په‌نجه‌ره‌یه‌ک ئه‌گرم که بڕوانێته سه‌ر ئه‌و دارستانه‌ی
که پڕیه‌تی له گورگ و ئاژه‌ڵه دڵبه‌ردینه‌کان.. دواجار دڵم ده‌شۆمه‌وه
به‌م سروودانه.. نه‌فره‌ت له‌و ڕۆژانه‌ی که بزه و ئه‌شکم له‌گه‌ڵتان
تێکه‌ڵ ئه‌بوو.. له‌و ساتانه‌ی که گیانبه‌خش ده‌بووم بۆتان.. له‌و
چرکانه‌ی گوێبیستتان بووم نه‌فره‌ت نه‌فره‌ت .. نه‌فره‌ت.. بڕۆن ئێوه
دۆڕان و با چیتر وشه وێڵ و سه‌رگه‌ردانه‌کانم له گوناه و تاوانتان
خۆش نه‌بێ.. ئۆخه‌ی دوایی هات به داستانه‌کانی ئه‌فسانه.
|