١\٢\٢٠١٥
ئیتر کاتی ئەوە
هاتوە ژنان رازیی نەبن بەو پۆستە رووکەشانە.

نەجیبە مەحمود
ئەگەر خوێندنەوەیەک بکەین بۆ سەر کەوتنی
کۆبانێ و دەستکەوتەکانی، دەتوانین بڵێین سەرکەوتن لە تەنها شەرێک
نەبوو ، بەڵکو لە بواری دیبلۆماسیدا کوردی گەیاندە قۆناغێکی تری
مێژوویی کە تا پەلاماردانەکانی داعش و ئەو شەرە نەگریسە ی روو بەرووی
ئەو شارە خۆشەویستە نەبوویەوە تەنها گوێ بیستی شارەکانی عفرین و
قامیشلوو دەبوین ، کەم کەس گوێبیستی ناوی ئەو شارە بچوکە بوو، بەڵام بە
قارەمانێتی کوران و کچانی ئەو شارە توانرا نەک تەنها ناوی شارەکە
بەڵکوو کورد و مرۆڤدۆستی بە جیهان بناسێنن و داستانێک لە مێژوو تۆمار
بکەن، ئەو وەچەرخانە مێژوویەش لەسەر دەستی ژنانی یەپەژە و ژنانی
رۆژئاوا بە درێژکراوی خەباتی ژنانی باکوور هاتە ئاراوە.
ئەوەی مایەی دڵخۆشیە بۆ ئێمەی ژنانی کورد بە تایبەتی بە رێژەی نزیکەی
لە سەدا ٥٠ی ژنانی یەپەژە کە بڕیاردەر بوون و
دەور و نەخشیان هەبوو لە دانانی پلان و دیاری کردنی تەکتیکی شەڕ لە روو
بەروو بونەوەی شەری داعش لە کۆبانی و زۆر لە ناوچەکانی تر، بۆ نموونە
(ئارین میرکان )کە لە گردی مشتەنور بە ئەنجامدانی چالاکیە فیداییەکەى
توانی پلان و نەخشەی داعش لە پێشڕەو ییەکانیاندا بوەستێنێت و لە ناوی
بەرێت، بەڵام ئەمە لە کاتێکدابوو کە داعش خۆی لە قیمەی سەرکەوتندا
دەبینیەوە، ئەگەر چی ئەو چالاکیە فیدایە بۆ من وەک مرۆڤێک جێگەی
ئەسەفێکی گەورەیە بۆ گیان بەخت کردنی مرۆڤێکی وا مەزن و قسەی زیاتر
هەڵدەگرێت.
دیارە ئەوە ئاشکرایە کە خواستی داعش و گۆرینی ئاراستەی شەرەکە بەرەو
کۆبانێ لە دوای کۆکردنەوەی چەک و تەقەمەنیەکان لە موسڵ و شارەکانی تری
عێراق بۆ لە ناو بردنی ئیرادەی کورد بوو، لە کۆبانی لەبەر ئەوەی بە پێ
هەڵکەوتی جوگرافیایی شارێکی ستراتیجی گرینگ بوو بە نیسبەت تورکیاوە.
هەر بۆیە داگیر کردنی کۆبانێ ، بۆ ئەوان داگیر کردنی ئیرادەی گەلی کورد
بوو ، بە ڕوونی ئەردۆغان لە لێدوانێکیدا وەک کاردانەوەیەک بەرامبەر
سەرکەوتنی کۆبانێ دەڵێت ئێمە نامانەوێت کارەساتێکیتری وەک عیراق
دووبارە بێتەوە و خاکی سوریا بەش بکرێت و کوردستانێکی تر لە نزیک سنوری
ئێمە دروست ببێت، بەڵام لە کاتێکدا سەرۆکی هەرێم لە لێدوانەکەیدا
سەبارەت بە سەرکەوتنی گەلى رۆژئاوا هێزەکانی یەپەژە و یەپەگە و گەریلا
و پێشمەرەگەکاندا ، وێرای دەست خۆشى لەوان سوپاسى تورکیای کرد.
بۆیە دەتوانم بڵێم پێویستە بزوتنەوەی ژنان داستانی سەرکەوتنی کۆبانێ
وەک دەسکەوتێکی گرینگ ببینێت لە مێژوی بزووتنەوەی ژنانی کورستان لە هەر
چوار پارچە و بیکاتە دەستپێکی قۆناغێکی نوێتر بۆ خوێندنەوەیەی رابردووی
هەندێک لایەنی مێژوویی و کلتوری وفکری و سیاسی بۆ گۆرانکاری لە میتۆدی
حوکمرانی لە رۆژهەلاتی ناوەراست و بەتایبەتی لە هەرێمی کوردستان، لە
بەشداری راستەقینەی ژنان لە هەموو کایە سیاسیی و ئابوری و کۆمەلایەتی و
رۆشنبیری و سەربازی، ئیتر کاتی ئەوە هاتووە ژنان رازی نەبن بەو پۆستە
رووکەشانە و بێ ئیرادەکردنیان.
ماڵپەڕی نەجیبە مەحمود
|