![]()
|
٢١\٢\٢٠٢٦ ئی وی بوون!
دارا خونچە لە دارەدارەی پێگرتنی حەز و ئارەزووە سەرشێتەکانەوە تا هەڕەتی مۆزەمۆزی نێرەوزیی و ١، ٢ سەرەتاتکێیی ئەڤینداریی تا لارەلارەی دوا پێنگاڤی شۆڕشڤانیی ٣ هەر هۆگر و متووی وی بووم.. ٤ تا سەر ئێسک هەڵوەدای بووم ٥ جێم پێ جێ نەبوو - هەدام نەدەدا ٦ گەلەک حەزمەکرد ئەمن ئی وی بم ٧ چون وەمدەزانی ''ئی وی بوون'' ٨ ئاکنجییبوونە لە خانۆچەکەیێ لە دار سنەوبەرێ لە کەنار گۆمی گوڵاوێ لە گەڕەکی ئەوانەی لە هەموو تشەک هەر جوان بوون لێ شەرمیان لە مرۆبوون دەکردەوە! ئەوەی دەمزانی و نەمدەزانی لەوە پتر نەبوو کە دەبوو ئی وی بم! * * * لە دارەدارەی پێگرتنی حەز و ئارەزووە سەرشێتەکانەوە تا هەڕەتی مۆزەمۆزی نێرەوزیی و سەرەتاتکێیی ئەڤینداریی تا لارەلارەی دوا پێنگاڤی شۆڕشڤانیی هەر هۆگر و متووی وی بووم.. ئەو.. بارانی بەرابەریی لێدەربچی خڕ جوانییەکانی دەناسی ٩ ئەزیش هەمیشە حەزمەکرد هەر ئی وی بم بێ وەی خوازیار بم.. ئەو ژی ئی من بی ١٠، ١١ کەچی نێوانمان هەر لە پەیڤە شیرین و لە ماچە تەڕەکان تێپەڕی نەدەکرد.. هەرگیز دەرفەتی نەدەدام داوە هزرێ وە مەژییمدا گوزەر بکا ١٢ دۆزی ئاڵۆزی زێدەکەم زوو وەدۆزم و رزگاریکەم ئاوری جودایی رەگەز و چینەکانی خامۆش بکەم ئەو نیشتیمانە.. زیندانە.. خودی ژیانە ئەمنیش پاساوی هەبوونی.. رەنگە ئێستاش هەر تێنەگەم ئی وی بوون شەرمکردنە لە مرۆبوون لێ هێشتاکەش ئەز هەر دەخوازم ئی وی بم ئی وی بوون.. واتە .....! ____________________________________________________ ١- مۆزەمۆز: جوولەجوول و کۆششکردن تا لە دەرفەتەک بە ئامنجەک بگەی وە تایبەتییش لە خۆشەویستیی. ٢- نێرەوزیی: نێرینەیی، نێرسالاریی. ٣- پێنگاڤ: شەقاو، هەنگاو، بڕینی پلەیەک. ٤- متوو: هۆگر، بوونە هاوڕێ، پەیوەندیی گەرم. ٥- هەڵوەدا: وەدووداکەتنی ئامانجەک کە پێیەوە تووشی گێرمەوکێشەیەک ببی. ٦- هەدادان: ئۆقرەگرتن، هێوربوونەوە، ئارامگرتن. ٧- ئی وی: هی ئەو، یا وی. ٨- چون: چونکە، چونکێ، لەبەرئەوەی، لەبەرهەندێ. ٩- خڕ: گشت، هەموو، سەرتاپا، سەرجەم، تێکڕا ١٠- بێ وەی: بێ ئەوەی. ١١- ئەو ژی: ئەویش. ١٢- وە: بە
سەرەتای شوباتی ٢٠٢٦ وە کەنار شەقامە ئارامە جەنجاڵەکانی لەندەنەوە
|