٢١\٩\٢٠١٠
ژانگرتن لە هونەری
بێگانە و، ئەنفالی ئاوەز!

ئەرسەلان مەحمود
شازو نەشاز، دو دیوی ریتم و هارمۆنی دنیای
هونەرن، ئەمە بەرئەنجامی تێگەیشتنی دنیابینییەکی هونەریشە بۆ ژیان، بۆ
سروشتی مرۆڤبوون.
ئەوەی نەشازی لەوەها ریتم و هارمۆنییەک دا دەماڵێ، ئاستی خواستی
بەمرۆڤبوون و پەروەردەی زانستی و مەدەنی پەنجەکانە!، خوڵقاندنی
ژینگەیەکی هونەری نوێ و بەسیستەم رێکخراوە لەبۆتەی بەدامەزراوەییکردنی
جڤات.
بێگومان هیچ تاک یا فەرمانڕەوایەکی وەها بەبیروباوەڕ شتڵ و شکڵگرتوو،
ناتوانێ بۆیەک ساتیش لەسروشتی مرۆڤبوونی خۆی دوربکەوێتەوە.
ئایا تۆیش دەتەوێ نەشازی سەرزەنشتبکەی؟.. ئایا تۆیش هاوڕای ئەوانەی کە
دەڵێن" زۆرینەی خەڵک و، گەنجانی ئەمڕۆ، بەپشتیوانی کەمینەیەکی نەرێخواز
بەوەها وڵامێک، لەلایەن مۆرانەیەکی هونەری، دەیانساڵە ئیش لەسەر
تێکشکاندنی ئاکارو زەوقی هونەرییان دەکرێ لەم هەرێمەدا؟!..
جارێ بێئەوەی لەباری مەنتیق و ئەقڵانییەوە ئێوە بەشوین دۆزینەوەی وەها
وڵامێک مژوڵبکەم، دەمەوێ بڵێم راستییە بنچینەیەکەی ئیشی هونەر تەنێ
هەر چێژ بردن و سڕکردنی ئاوەز نییە لەزەینی مرۆدا، بەڵکو لەبنەمادا
ئیشی هونەر پەروەردەکردنی رۆحە.
ئایا هاوردەکردنی ریتم و هارمۆنی هونەری ئەوانی غەیرە کورد، ئەوانی دژە
کورد، لەئەزەلەوە بۆ ئەمرۆ، هەرگیز رویداوە وەزیفەیان پەروەردەکردنی
رۆحیانەتی مرۆڤی کورد بێ؟.. یا تێکشکاندنی کارەکتەرو شێواندنی تەل و
ژێکانی ژیانکردن و، بەرهەمهێنانی ئاژاوەو، ژاوە ژاو؟!..
من لەو باوەڕەدام چۆن تا ئێرە قبوڵکردنی برایەتی سەپێنراو، ئازادی
بیرکردنەوەو مافی بریاردان، ئازادی پەروەردەو فێرکردن، کۆبوونەوە،
رۆژنامەگەریی، سەفەر، کار، بازرگانی، بەکورتی تەنانەت ئازادی
ژیانکردنێکی سەرەتاییمان تێکدەشکێنێ و، ئەم هەژمونی بیابانگەرایە
دوچار بەنۆرە دڵێی کردوین، ئاوایش بەئاشکراو نزیک بەدەساڵە دنیابینی
هونەری ئێمە بێپەروا بەناوی کرانەوە! ژان لەهونەری بێگانە دەگرێ!،
دەساڵزیاتریشە بەرداشی ئەم بازارە مەبەست و بێ مەبەست کەرامەتی بینەرو
گوێگرو کچ و کوڕانێکی ئەم هەرێمەی ئێمە تێکدەشکێنێ!..
وێنە هەرە زەقەکانی ئەم هاڕینی دنیابینییەی مرۆڤی کورد لەبەعەرەبکردنی
ئاوەزو هەژموونی دراماو فیلمگەرا تورکی و فارسیەکانی وەک بێریڤان و
ئەمانەی کەناڵی سەحەر دا دەبینرێن، بێگومان پەنگاوی ئەم هەژمونگەرایە
وایکردوە تاکی کورد لەنیشتیمانەکەی خۆیدا وا هەستبکا لەجەنگەڵی
هێماکانا بژی و، کوردستان وەک شوێنێکی نامۆ بۆ ژیانکردن ببینێ، ئاخر
ئەوەی زیاد لەهەر شتێک هونەرو شەقام بەیەکەوە دەلکێنێ هونەروەرە
رەسەنەکانن نەک زۆڵەکان، هونەرو هونەروەری رەسەنیش ئەوەیە روناکی بخاتە
ناو چاوی نابیناوە، یانی روانگەو دانیابینییەکی سەربەخۆت بداتێ، چونکە
پێچەوانەکەی جگە لەوەی ئەم چاوو گۆێچکەیەت نەرێ دەکات، شتێکی ترت
پێنابەخشێ، لەهونەردا ئەو شتانەی دەکەونە خانەی درۆینەوەو، نیەتێکی
فریوکارییەوە یەکسانن بەپوچی، لێ ئیشی هونەر بەشینەوەی پوچی و هاڕینی
دنیابینی و، ئەنفالی ئاوەز نییە!، ئیشی هونەر فراوانکردنی فەزای گشتیش
نییە لەسەر حسابی ئەسڵ و بنەچە، ئیشی هونەر بەرهەمهێنانی هارمۆنی و
توخمی نوێیە لەناو نیشتیمان بۆ هاونیشتیمانی، لەسەروی هەموو
ئەمانەیشەوە ئیشی هونەر پارێزگاریکردنە لەهەستە گەورەو ناسکەکانی مرۆڤ
بەگشتی.
ماڵپهڕی ئهرسهلان مهحمود
|