په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٦\٢\٢٠١٣

ژارگۆن.


عەبدولموتەڵیب عەبدوڵا

(١)


مەبەستى من لەو ناونیشانە بە زمانێکەوە بەندە، کە تایبەتمەندییەکەى دەکەوێتە دەرەوەى "شوێن" و دنیایەکى دیکەى جیاوازى پەیوەندیکردنەوە! هەوڵێکە بۆ شۆڕبوونەوە بە نێو کۆڕ و بازنە تایبەتیەکانى زمان، کە کرانەوەى بەسەر کەسانى دیکە، بە مەرجى چوونە ناو ئەو بازنە تایبەتەوە بێت!


دەمەوێ بڵێم (ژارگۆن: jargon) هەنگاوێکە بۆ بەدواداچوونى دوو فۆڕم لە تێگەیشتن، یەکێکیان دەکەوێتە سەر "جێگیربوون" و ئەویدیکە "گۆڕان" ئەو دوو شێوەیەش لە تێگەیشتن دوو جۆر لە دنیابینى لەخۆدا هەڵگرتووە، یەکێکیان دەکەوێتە سەر سیستم و ئەویدیکە بە جیاوازییەوە دەلکێ، وەک دەزانین بابەتى تێگەیشتن هەمیشە جێگیرە، بەڵام مەرجەکانى تێگەیشتن لە گۆڕانى بەردەوامدایە و ناکەوێتە سەر بابەتى تێگەیشتنەوە، بەڵکو دەچێتە سەر ئاسۆکانى راڤەکردنەوە، من قسە لە ئاسۆکانى راڤەکردن و بەدواداچووندا دەکەم، بەو مانایەى کە زمانى ئەدەبى لە خوێندنەوەى جیاوازدا بوونى خۆى هەڵدەگرێتەوە، بەو مانایەى کە دنیا لە گۆڕانى بەردەوامدا جوانییەکانى خۆى هەڵدەنێ، هەموو خوێندنەوەیەکى جیاوازیش داهێنانى دنیایەکى دیکەى جیاوازە. هەمیشە جیاوازیش فیکرەى یەکگرتووى کۆتائامێزى نێوان مرۆڤ و مرۆڤ، مرۆڤ و دەق، مرۆڤ و دنیاى قبول نییە، وەک چۆن بە تووندى یەکگرتنى نێوان دەق و دانەر رەتدەکاتەوە.


داهێنان هەرگیز نوێنەرایەتى جێگیربوون ناکات، بەڵکو لە گۆڕانى بەردەوامدا خۆى راڤە دەکاتەوە، ئەو خۆدۆزینەوەیەش بەهۆى بەدواداچوونى ئەو رووناکییەوەیە، کە دەکەوێتە سەر سیستم و جیاوازى، دەق و وەرگر. بەو مانایەش دەشێ لە رێگاى خوێندنەوەى جیاوازەوە (گێڕانەوەى سەرەتاکان)یش ماناى بەردەوامى بگەیەنن! دەمەوێ بڵێم کارى ئەدەبى لە دەرەوەى شوێن دەمێنێتەوە و دەیەوێت ساتەکانى گومان و پڕشنگەکانى جوانى لە رێگاى وەرگرە جیاوازەکانییەوە، یەکبخات! رەوانبێژى وەرگر و خەیاڵى زمان، کارێکە بۆ یەکگرتنى جوانى و چێژ و خۆشى، لە نوێوە!


بە بڕواى من ئەوەى (وەرگر/خوێنەر)ى ئەدەبى بەشێوەیەک لە شێوەکان نەیتوانیوە کەشفى بکات، دوو شێوەیە لە گومان و دوو جۆر یەکبوونە، گومانێک کە هەمیشە لە دەرەوەى شوێن دەسوڕێتەوە و یەکبوونێک کە هەستەکانى وەرگر لە حەزى گەیشتن و دواخستنى تێر نابن. ئەو دوو هۆکارە وام لێدەکەن ئومێدى بەهایەک، لەو گۆشە قەوارە بچوکە، بۆ ئەو دەستپێکردنە بخوازم!! ئەوەش گەمەیەکى ئەدەبى نییە، وەک چۆن هەر تەنها بابەتى زانیاریش نییە، بەڵکو هەناسەدانى زمانە، زمانێک، کە دەچێتە نێو مێژووەوە! هەناسەدانى گومانێکە، کە بەردەوام ئەو مێژووە وەک بابەتى پرسیارکردن هەڵدەداتەوە! ئەوەش دەکەوێتە دووتوێى بزاڤێکى رەخنەیى، کە لە کەشفکردنى هێزە زمانییەکان و پەیبردنى رەهەندەکانى چێژ و جوانى و راڤەکردنى جیاواز خۆى دەبینێتەوە.


بەو مانایەش رەوانبێژى وەرگر و خەیاڵى زمان لەیەک کاتتدا هەم دەکەوێتە نێو زەمەن و هەم لە دەرەوەى زەمەنە: زەمەنییە- چونکە لە بزاڤى مێژووى داهێنانى مرۆڤدا، ئەسڵە، و لە پەیبردن و تەجاوزکردنیشدا بەردەوامى دەگەیەنێت. نازەمەنییە- چونکە خەونبینییە و هەموو زەمەنەکان لەباوەش دەگرێت، هەر بە تەنها لە رێگاى مێژووى گێڕانەوە، وەک بەسەرهات و رووداوەکان، بەمێژوو ناکرێت: بەڵکو ستوونیە، رەوتى ئاسۆیانەشى جگە لە وێنەیەکى دیارى قوڵایى ناوەوە شتێکى دیکە نییە. بە دەستەواژەى دووەم، هەر تەنها بەردەوامى زمان نییە، بەڵکو دەلالەت لە بوونیشى دەکات. بەو مانایەش رەوانبێژى وەرگر و خەیاڵى زمان، لە هەر شوێنێکدا بێ، پێش هەموو شتێک گۆڕان و بەردەوامبوون و جیاوازى دەکێشێ.

 

ماڵپەڕی عەبدولمتەلیب عەبدوڵا

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک