په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٣٠\٥\٢٠١٣

ژارگۆن.


عەبدولموتەڵیب عەبدوڵا

(١٤)
خوێنەرى هەواڵگەیەن / پەیامبەر.


ئەو خوێنەرە تاڕادەیەک لە چەمکى "ستانلى فیش Stanley Fish" بۆ خوێنەر، جێبەجێ دەبێ. ئەدەب لاى ستانلى فیش زمانە، زمانێکە لە رێى تێڕوانینى کەسێتى خۆمانەوە لێیتێدەگەین، ئەو تێڕوانینەش ئەوە دەگەیەنێت، کە ئێمە بڕیارمانداوە لە رێگاى هوشیارى خودى خۆمانەوە لەو سامانە بڕوانین، کە هەمیشە زمان هەیەتى.. بێگومان سامانى پەیامە زمانەوانیەکەش لاى فیش لە پێناو ناوەڕۆکە مرۆیى و ئاکارە مرۆییەکەیدایە، و هەرگیز بە بنەما ئامادە و سەپاو و جێگیرەکانى دەقەوە بەند نییە، بەڵکو ئەوە مرۆڤە تواناى داهێنانى خۆى لە دەست نادات و لە هەموو ساتەکانى خوێندنەوەدا داهێنان بە ئەنجام دەگەیەنێت!؟

 

لاى ستانلى فیش زانیارى خودى خوێنەر پانتاییەکى گەورەى هەیە، بەڵام (بڕوابوون) فەرامۆشکردنى دیوە نەزانراوەکەى زانیینە، واتە وەک چۆن خاڵى سەپاو بوونى نییە، خاڵى کۆتایى سەپاویش بوونى نییە، بەو مانایەش ئەزموونى خوێنەران کە دەکەوێتە دەرەوەى چوارچێوە دیاریکراوەکانەوە، دەبێتە خاڵى دەستپێک.
 

ستانلى فیش نەک هەر بە دامەزرێنەرى رەخنەى هاتنە وەڵامى خوێنەر دادەنرێت، بەڵکو ئەو پێیوایە هاتنەو وەڵامى خوێنەر بۆ (مانا) نییە، بەڵکو خودى هاتنە وەڵامەکە بۆ خۆى مانا دروست دەکات. خوێنەر لاى ئەو کارى بە پڕکردنەوەى ئەو بۆشاییانەوە نییە، کە دەق بە جێیهێشتوون، وەک ئایزەر بیرى لێدەکاتەوە.

 

هاوشێوەى خوێنەرەکەى (ریفاتێر)یش نییە، چونکە خوێنەرى ریفاتێرى بە پێوەرى هەڵسەنگاندنى دەلالەتە شیعرییەکانى ناو دەق دادەنرێت، بەڵکو خوێنەرەکەى فیش سەرچاوەى هەموو دەلالەتە بە دەستهاتووەکانە، چونکە ئەو شوێنەى ماناى لێپێکدێت، یان پێکنایەت بە تەنها مێشکى خوێنەرە، نەوەک لاپەڕەى چاپکراو..

 

بەو مانایەش ئەو چالاکیانەى خوێنەر بە ئەنجامیان دەگەیەنێت، هەر تەنها بریتى نییە، لە تەکنیکێکى رووت، بەڵکو بە جەوهەرى پرۆسەى شیکردنەوە و کارى رەخنەیى دادەنرێت، بە دیوەکەى دیکە پرۆسەى شیکردنەوە و رەخنە لە لاى خوێنەرەوە دەست پێدەکات، هەر لاى ئەویش کۆتایى دێت.


خوێنەرى هەواڵگەیەن/پەیامبەر لە خوێنەرى شارەزا نزیکە، واتە نە خوێنەرى خەیاڵییە و نە خوێنەرى راستەقینەیە، بەڵکو تێکەڵەیەکە لە هەردووکیان، خوێنەرێکى کردەییە، لە رێگاى شارەزایى خۆیەوە پەیامى دەق دەگەیەنێت. واتە هەر تەنها بایەخ بە ناوەندکارى پەرچەکردارەکانى خوێندنەوە نادات، بەڵکو بایەخ بە چارەسەرى دەقیش دەدات. ئەو خوێنەرە دەکەوێتە ژێر کاریگەرى دەق و پەیامى دەق، لەوێوە کە ئەو رستەیە چى دەکات؟ ئەو پرسیارە نوێیەى فیش لە ئەو رستەیەى چى دەکات؟ دەشێ وەک جۆرێک لە گومانکردن لە دەق تەماشاى بکەین، بەو مانایەى ئایا دەق جەستەیەکى سەربەخۆیە؟. ئەو شێوەیە لە گومان دواجار بەرەو ئەوەمان دەبات، کە ئەوە خوێنەرە دەق بە ماناوە پەیوەست دەکات. کەواتە لە رووداوى ئەو رستەیە چى دەکات، لە رێگاى بەشدارى خوێنەرەوە شتێک دەگوزەرێ، ئەو شتەى کە دەگوزەرێ و دەبێتە (مانا) بوونى دەق بەرجەستە دەکات، لەو تێکەڵبوونەدا، واتە لە دروستبوونى دەق لە رێگاى ئەزموونى خوێندنەوە، مانا دەگات. لەبەر ئەوەى ئەزموونى خوێندنەوە شتێکى ئامادە نییە و هەمیشە لە ئەنجامى بەدواداچوونى زانیارى کەڵەکەکراوەوە دروست دەبێت، بۆیە ناشێ هیچ خوێندنەوەیەک بە دوا خوێندنەوە و دوا ماناى دەق بژمێرین، بەدیوەکەى دیکەش هیچ دەقێک بە دەقێکى کامل و تەواو لە قەڵەم نادرێت، بەڵکو هەمیشە لە خوێندنەوەیەکەوە بۆ خوێندنەوەیەکى دیکە دووبارە دروست دەبێتەوە. کەواتە ئەوە خوێنەرە دەقى ئەدەبى دروست دەکات. بۆیە خوێنەر پێویستى بە هەندێ مەرج هەیە:


یەکەم: ئەو کەسە دەبێ بە باشى بەو زمانە بدوێ کە دەقى پێنووسراوە.
دووەم: پێویستە خاوەن توانایەکى بەرفرەوانى مەعریفى بێ (واتە شارەزاى سیستمى زمانەوانى و ماناى زاراوەکان و هەروەها لەهجەکان - dialect بێ...) بۆ ئەوەى ئەرکى تێگەیشتن بەباشى وازى بکات.
سێیەم: پێویستە توانایەکى بەهێزى ئەدەبى هەبێ. ئەوەش بەو مانایە دێت، کە ئەزموونێکى قوڵى لە خوێندنەوەدا بە دەست هێناوە.


کەواتە خوێنەرى پەیامبەر هەر تەنها خوێنەرێکى رووت نییە، وەک چۆن هەر تەنها خوێنەرێکى حەقیقى نییە، بەڵکو خوێنەرێکى شارەزا و هەجینە، لە توانایدایە بێتە خوێنەرێکى نموونەیى، چونکە ئەزموونێکى قوڵى خوێندنەوەى هەیە، بە جۆرێک دەتوانێـت شۆڕبێتەوە بۆ ناو تایبەتمەندییەکانى گوتار و جیاوازییەکانیان هەڵگرێتەوە، بەو مانایەش خوێنەرێکى کردەییە، واتە منم و تۆى، ئەو (منە) خوێنەرێکى حەقیقیە، کە هەموو کارێک دەکات تا بە تواناى خۆى ببێتە هەواڵدەرى خۆى. ئەو خوێنەرە وەک رابەرێکى خودگەرا ئامانجى گەیاندنى هەواڵە.

______________________________________

ژارگۆن.- ١٣ -: www.emrro.com/jargon13.htm 

ژارگۆن.- ١٢ -: www.emrro.com/jargon12.htm

ژارگۆن.- ١١ -: www.emrro.com/jargon11.htm

ژارگۆن.- ١٠ -: www.emrro.com/jargon10.htm

ژارگۆن.- ٩ -: www.emrro.com/jargon9.htm

ژارگۆن.- ٨ -: www.emrro.com/jargon8.htm

ژارگۆن.- ٦ ، ٧ -: www.emrro.com/jargon6u7.htm

ژارگۆن.- ٥ -: www.emrro.com/jargon5.htm

ژارگۆن.- ٤ -: www.emrro.com/jargon4.htm

ژارگۆن.- ٣ -: www.emrro.com/jargon3.htm

ژارگۆن.- ٢ -: www.emrro.com/jargon2.htm

ژارگۆن.- ١ -: www.emrro.com/jargon.htm  

 

ماڵپەڕی عەبدولمتەلیب عەبدوڵا

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک