٤\٣\٢٠١٣
ژارگۆن.

عەبدولموتەڵیب عەبدوڵا
(٣)
ماڵی شیعری ''کەریم دەشتی''.
کەریم
دەشتی شاعیرێکی بە ئەزموونی پڕ بەرهەمە، بە یەکێک لە شاعیرانی (نەوە)ی
هەشتاکانی شیعری کوردی دەژمێردرێت، هەڵگری جۆرێک لە تایبەتمەندی
شیعرییە و پشت بە "بیرکردنەوە" و "خەیاڵ " دەبەستێت و بایەخ بە (چنینی
ڕیتم)ـی شیعری، دەنگ و سەروا دەدات، ئەوەی دوایی وای کردووە شیعرەکانی
لە ڕوونی و سادەیی نزیک ببنەوە!
بە گشتی کەریم دەشتی دەکەوێتە دەرەوەی دڵنیایی شیعریی و وەک چاودێری
ڕێچکەی خەیاڵ لە سارایی وەسوەسەدا دەخولێتەوە، بۆیە لە ڕووی (بیرکردنەوەی
شیعری)، ئەو وەک شاعیرێکی نیگەران (القلق) تەماشا دەکەین؟!
ئەگەر بشێ بەشێکی چەمکی نیگەرانی شیعریی لە ڕێگەی کارکردنی زەینییەوە (mental)
بە تێمەوە (theme) بەند بێ، ئەوە بەشێکی
دیکەی چەمکی نیگەرانی لە ڕێگەی لێوردبوونەوەی فیکری و لێوردبوونەوەی
ڕۆحییەوە بە خەیاڵی شیعریی پەیوەستە. وەک دەزانین خەیاڵی شیعری زێتر
خۆی لە زمانی ناوەکیدا دەبینێتەوە. زمانی ناوەکی، یان بە مانایەکی دیکە
هاوژیانی شیعری بە یەکێک لە بنەماکانی ئەزموونی شیعری کەریم دەشتی دێتە
ژماردن.
بەڵام لە ڕووی (چنینی ڕیتم)ـی شیعری، هەست بە جۆرە نەسەقێک دەکەین، ئەو
جۆرە لە نەسەق دەکەوێتە سەر دەنگ و سەروا، یان زمانی دەرەکی. دەنگ و
سەروای شیعری بە بنەمایەکی دیکەی ئەزموونی شاعیر دەژمێردرێت.
لێرە لە (پرۆسەی نووسینی شیعری) زۆر جاران (بابەتێک) یان (فیکرەیەک)
کەریم دەشتی بەرەو نووسین دەبات! ڕاستە فیکر و مانا لە دروستکردنی
وێنەدا بەشداری تایبەتی خۆیان هەیە، بەڵام دیارە لێرە مەبەست لە فیکر و
مانا وەک ڕەگەزێکی شیعری بینراوە، نەک وەک لۆژیک و تێگەیشتن!! وەک چۆن
زۆر جاران دەنگ و سەروای شیعری بەشێک لە خەیاڵی شیعری ئاڕاستە دەکات،
بەڵام ئەو ئاڕاستەکردنە بەشێک لە جوانی لەکەدار دەکات!
لەنێوان (سەروا) و (تێمە) دوو سەرنجی تایبەتی دەنووسمەوە: لە
یەکەمیاندا بایەخدانی شاعیر بە دەنگ و سەروا (ڕیتمی شیعری) بەو مانا
باوەی کە وزەیەکی بنەڕەتی شیعرییە و توانای کێشکردنی هەیە، پەیوەندی بە
چۆنێتی گەیاندنەوە دەکات، ئەگەرچی لە پشت چۆنێتی گەیاندنەوە هێزی
تەعبیرکردن وەستاوە، بەڵام خەمی گەیاندن خەمێکی گشتییە و بەرەو ڕێچکە
باوەکانمان دەکاتەوە؟! لە دووەمیاندا واتە بایەخدان بە "تێمە" ڕاستەوخۆ
دەکەوێتە پاڵ فیکرێکی دیاری کراوەوە، بەرجەستەکردنی فیکری دیارکراو
پێویستی بە وێنەی شیعری دیارەوە هەیە، فیکر و تێمەی دیاریکراو لە
شیعرییەتی خەیاڵ کەم دەکەنەوە؟!
بە شێوەیەکی گشتی ئەزموون و ئەزموونگەری شاعیر بە قەد ئەوەی نیگەرانی
دەستنیشانی دەکات، ئەوەندە گەڕانەوەی شیعریی نییە بەرەو باو.
مەبەستمە بڵێم بەشێکی زۆری فەزای شیعری نیگەرانی بەڕێوەی دەبات، بەشێکی
ڕێکخستنی دەنگ و سەروا. بەو مانایەیش پرۆسەی نووسینی شیعری لای شاعیر
بەشی زۆری (ترسی نادیار) تەنگەتاوی دەکات، بەشێکی (دەنگی دیار). ترسی
نادیار هەڵگری زمانی ناوەکییە، بەڵام دەنگی دیار زمانی دەرەکی دەنوێنێ.
دەشێ ئەو بۆچوونەم لە ئەزموونی کۆمەڵە شیعری "پیانۆی ڕۆژهەڵات" بەشی
هەرە زۆری فەزای نیگەرانی بەربکەوێ و ترسی نادیار بنوێنێ و بە زمانی
ناوەکی بدوێ؟! بەڵام ئەزموونی کۆمەڵە شیعری "کتێبی پیرۆزی عاشقان" زێتر
بە لای ڕیتمی ڕستە و دەنگی دیاردا بڕوات؟!
____________________________________
•
ژارگۆن.- ٢ -:
www.emrro.com/jargon2.htm
•
ژارگۆن.- ١ -:
www.emrro.com/jargon.htm
ماڵپەڕی عەبدولمتەلیب عەبدوڵا
|