په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٨\٣\٢٠١٣

ژارگۆن.


عەبدولموتەڵیب عەبدوڵا

(٤)
(پرسی مانەوە).


ئەو ھێزە شیعرییەی، کە بانگەوازی (روانگە) لە ٢٥/٤/١٩٧٠ بەرزی کردەوە و لە دوای روانگە مایەوە، ھەستی شیعریی و توانای دەربڕین و وێنەی شیعریی (شێرکۆ بێکەس) بوو، نەک سیمای بزوتنەوەیەکی رەخنەیی و شێوازێک، کە بشێ بە روانگە ناوی بەرین، ئەوەش زۆر بە جوانی لە قەسیدەی (کۆچ)ەوە دەست پێدەکات.


لە دوای (دەربەندی پەپولە) ئەوەی بەشێکی زۆری ئەو گوتار و ھێزە شیعرییەی راگرتووە، ھەر تەنھا بەکارھێنانی وشە و دەستەواژەی نوێ نییە، بەڵکو بەرفرەوانکردنی فەزای شیعرییە، بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی ئازادانەتر (گوتاری مانەوە)ی لەخۆ بگرێت. بەڵام ئەوەی بەرە بەرە ئەو گوتار و پرسە شیعرییە لە جۆرێک لە شێوازگیریی نزیک دەکاتەوە کۆنتێکستی شێرکۆییە، دواجار ئەو سیاقە لە (خاچ و مار) بە ترۆپک دەگات. لەدوای خاچ و مار ئەوەی بەشی زۆری شێرکۆ دەنووسێتەوە (ئیلقای شێرکۆییە)؟!


بە گشتی دەشێ بڵێم کۆی ئەو قسانەی لەسەر بزوتنەوەی روانگە کراوە، بە ھەموو رووەکانییەوە، قسەکردن بووە، لەسەر شێرکۆ بێکەس وەک (دەرکەوتە) و (ھەژموون)!! ئەگەر بتوانین دەرکەوتنی شێرکۆیی لە (پرسی مانەوە) و (ئیلقای شێرکۆیی) درێژ بکەینەوە، ئەوە دەشێ بەشێکی زۆری ھەژموونی شێرکۆیی لە پەردەپۆشکردنی جیاوازییەکانەوە ھەڵبگرینەوە؟!


دەمەوێ بڵێم بەشی یەکەمی قسەکانم بە ئامادەیی ھێزی شیعریی و (پرسی کۆ)وە بەندە، ئەو پرسەش زۆر بە جوانی لەنێوان (جێکەوتەی بەرھەم) و (وەرگر)دا خۆی دەدۆزێتەوە. بەڵام بەشی دووەمی، پەیوەندی بە پرسیارێکەوە ھەیە، ئەویش ئەوەیە: بۆچی لە دوای روانگە بۆ نموونە لە ھەولێر کۆمەڵە شاعیرێکی جیاوازی وەک (عەباس عەبدوڵڵا یوسف، دلشاد عەبدوڵڵا، ھاشم سەراج، جەلال بەرزنجی، ئەنوەر مەسیفی، محەمەد باوەکر) سەر ھەڵدەدەن، کەچی لە سلێمانی بەشێکی زۆری جیاوازییە شیعرییەکان لە فەزای شێرکۆیی و دواتر لە ئیلقای شێرکۆییدا دەخنکێن؟!


(لە دەستنیشانکردنی ئەو ئیشکالەوە دەشێ بڵێم لە دوای شێرکۆ بێکەس، مەحاڵە ئەدەبی کوردی شاعیرێکی گەورە بەو قەبارە بەخۆیەوە ببینێ) .


بەڵام ئەگەر ئەو بەدواداچوونە، تەرجەمەی سەر روانگەی چیرۆک بکەین، بە شێوەیەکی گشتی پێچەوانەکەی دەبینرێت؟! دەپرسم ئایا دەتوانین نکۆڵی لە ھێز و دەسەڵاتی ئەدەبیانەی روانگەی چیرۆک و بە تایبەتی (حوسێن عارف) بکەین؟! ئەگەر ویژدانی ئەدەبی رێگامان پێنەدات، ئاڵای ئەو نکۆڵی کردنە بەرز بکەینەوە، کەواتە ئەو دەستنیشانکردنەی من پەیوەندی بەو شێوازگیرییە شێرکۆییە دایە، کە رووبەرەکانی (ئاسۆی چاوەڕوانی خوێنەری کورد) داگیر دەکات، خوێنەریش بەو پەیام و پرس و ریتمە زاڵە راھاتووە و ھەرگیز دووچاری گرفتی بەدحاڵیبوون نایەتەوە، لە پشت ئەو گرفت نەبوونە، جیھانبینیەکی یەک رەنگ وەستاوە، بەو مانایەش گوتاری (پرسی مانەوە) لە شیعریی شێرکۆدا بە (دەوڵەمەندبوونی ئەزموون) بە خوێنەران دەفرۆشرێتەوە. بەڵام ئایا کەس بیر لەوە ناکاتەوە کە بەشێکی زۆری ئەو دەوڵەمەندییە، پەیوەندی بە تاک ئاسۆیی و یەک پرسیارییەوە ھەیە؟!


بە دیوەکەی دیکە لە چیرۆکدا حوسێن عارف ئاسۆیەکی کراوە و رەنگاو رەنگی ھەڵناوە و وای کردووە خوێنەر ھەڵگری پرسیاری جیاواز بێت. بۆیە نەوەی چیرۆکی دوای روانگە بۆ نموونە لە سلێمانی (عەتا محەمەد، رێبوار حەمە رەحیم، ئاکۆ کەریم مەعروف، فاروق ھۆمەر) لە دەمەتەقێیەکی کراوەی پرسیار و وەڵامدا دەردەکەون. بێگومان دەرکەوتنی نەوەی جیاوازی چیرۆک لە دوای روانگە و دوای (شێرزاد حەسەن) ... بە ھەڵدانی پرسیاری جیاواز و دنیابینی جیاواز و کەشفکردنەوە بەندە.

_______________________________________
١- ھەڵبەتە لەگەڵ خۆشەویستیم بۆ ھاوڕێکانی دیکەی روانگە و بە تایبەتی چیرۆکنووسان.
٢- گوتاری مانەوە، بەشێکە لە ویست بۆ ژیان. لێرەدا تەعبیر لە گوتارێکی دەستەجەمعی و نەتەوەیی و گشتی دەکات، دواتر لە ئەزموونی شێرکۆدا تەرجەمەی (پرسی مانەوە) دەبێت.
٣- لەگەڵ خۆشەویستی زۆرم بۆ ھەندێ لە شاعیران و بە تایبەتی (محەمەد عومەر عوسمان) لەلایەک و لە لایەکی دیکە ئەو پرسیار و ئیشکالە ئەدەبییە و بە ھیچ شێوەیەک پەیوەندی بە ناوچەگەراییەوە نییە، بەڵکو پەیوەندی بە قەیرانێکەوە دەکات، قەیرانێک کە نەیتوانیوە بەر لەوەی خۆی بکەوێتە ژێر پرسیارەوە، ئەو دەرکەوتە و ھەژموونە شێرکۆییە بخاتە ژێر پرسیارەوە.
٤- لەگەڵ رێزم بۆ ھەندێ لە چیرۆکنووسان و بە تایبەتی (حەمە فەریق حەسەن).

____________________________________

ژارگۆن.- ٣ -: www.emrro.com/jargon3.htm

ژارگۆن.- ٢ -: www.emrro.com/jargon2.htm

ژارگۆن.- ١ -: www.emrro.com/jargon.htm  

 

ماڵپەڕی عەبدولمتەلیب عەبدوڵا
 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک