١٤\٣\٢٠١٣
ژارگۆن.

عەبدولموتەڵیب عەبدوڵا
(٥)
نووسین / دەق
/ کار.
(١)
هەڵبەتە (نووسین) دەکەوێتە نێو سیستمى زمانەوە و سیستمى زمان لە
قسەکردندا بەرجەستە دەکات. بەڵام نووسین وەک قسەکردنى زمان، نەک بەوەى
کە رێگاى پێدەدەیت بە ئازادى قسان بکات، بەڵکو بەوەى کە ناچار بە
قسەکردنى دەکەیت، خۆى لە نێوان تایبەتمەندى و گشتیدا دەبینێتەوە.
بێگومان لە نێوان (رێگا پێدان) و (ناچارکردن) جیاوازییەکى گەورە هەیە!
دەمەوێ بڵێم بە شێوەیەکى گشتى جەوهەرى نووسین زمانە، بەڵام تایبەتمەندى
نووسەر لە رێگاى شێوازەوە خۆى دەنوێنێ. بەو مانایە تایبەتمەندى شێواز،
زمان ناچار بە چارەسەرى ئەو مانایە دەکات، کە دەیەوێت گوزارشتى لێبکات،
یان نووسەر لە رێگاى شیانەى گوزارشتکردنێک، کە زمان ملکەچى دەبێت، بەو
چارەسەرییە هەڵدەسێ.
لێرە ئەوەى سروشتى نووسین دیارى دەکات (زمان) و (شێواز)ە، بەڵام ئەگەر
چەمکى زمان تەرجەمەى (ئازادى) و چەمکى شێواز لە (هەڵبژاردن)
هەڵبگرینەوە. دەتوانین بڵێین نووسین لە خاڵى بەیەکگەیشتنى ئازادى و
هەڵبژاردندا پەیوەندییەکى نەوعى لەگەڵ کۆمەڵگادا دەسازێنێ! بە دیوەکەى
دیکە زمان لە بەرانبەر دامەزراوى ئەدەبیدا هەڵبژاردنێکى ناچارییە،
لەبەر ئەوەى نووسەر ناتوانێ بەبێ زمان بنووسێت، بۆیە بە ناچارى دەبێ
زمان بۆ نووسین هەڵبژێرێت، لە بەرانبەر ئەو هەڵبژاردنەش شێواز لە
رەمەکییەت و لابەلایى بەدەر نییە، هەر لەوێشەوە بە ئازادییەوە دەلکێت.
(٢)
(دەق) فەزایەکى فرە رەهەندە و لەگەڵ نووسینگەلى جۆراوجۆر یەکدەگرێتەوە
و ناکۆکى خۆى نیشان دەدات، بێ ئەوەى هیچ یەکێک لەوانە بە ئەسڵى خۆى
دابنێت، چونکە دەق شانەیەکە لە گوتن و بەرهەمى هەزران تیشکۆى جیاوازە،
لە تیشکۆکانى رۆشنبیریى.
(رۆلان بارت) پێیوایە دەق بەپێى ئارەزوو و شارەزاییەکانى خوێنەر دێتەگۆ،
بەمجۆرە دەق لە رێگاى خوێندنەوە و خوێندنەوەى جیاوازەوە بەرەو بوونێکى
زێتر دەبێتەوە، هەموو خوێندنەوەیەکى جیاوازیش داهێنانى دەقێکى دیکەى
جیاوازە، دەقێک کە فیکرەى یەکگرتووى کۆتائامێزى نێوان دەق و خوێنەر،
بابەت و خود... رەتدەکاتەوە، وەک چۆن بە تووندى یەکگرتنى نێوان دەق و
دانەر رەتدەکاتەوە.
لێرە لاى سیمیۆلۆژییەکان دەق کۆمەڵێک دالە و دەبێ تەئویل بکرێت، ئەو
کاتەش دەق بوونى هەیە، کە دەخوێنرێتەوە، هیچ دەقێک بێ بوونى خوێنەر
بوونى نییە، بەو مانایەش سیمیۆلۆژیا لەسەر زنجیرەیەکى بێ کۆتایى لە
بەرهەمهێنانەوەى دال دەژیت. لە دەقگەراییدا لەبەر ئەوەى دەق دیلى زمانە،
لەبەر ئەوەى دەق دەکەوێـتە نێو زمان و زمانیش بۆخۆى کۆمەڵێک رێسا و
یاساى دەرەکى و ناوەکى بەڕیوەى دەبات و هەموو ئەو یاسا و رێسایانەش
دەکەونە دەرەوەى ویستى داهێنەرەوە، بۆیە خوێنەرى دەقگەرا هەمیشە دەبێ
قسە لە هەڵوەشانەوە و دووبارە بونیادنانەوە بکات.
(٣)
(کار) کردەیەکى بەردەوامە لە تێگەیشتنى دیاردەکانى بوون و لەسەر
ئامادەیى هەنووکەیى بوونى تاکە جیاوازەکان وەستاوە. کارى ئەدەبى و
هونەرى وەک کردەیەکى بەردەوام لە تێگەیشتن، شتێک نییە بە دەستى بهێنین
و خاوەندارێتى بکەین، بەڵکو فۆرمێکە لە فۆرمەکانى بوون لە جیهاندا،
لێرەوەیە (هایدگەر) پێیوایە (تێگەیشتن) و (بوون) دوو شتى هاوپەیوەستن،
یان یەکگرتوون. لاى هایدگەر بوونى مرۆیى بە بوونى هەنووکەییەوە بەندە،
بوونى مرۆى هەنووکەیى بە تێگەیشتن بۆ خودى بوون جیادەکرێتەوە.
لێرە لە هیرمینۆتیکا، (خوێنەر / وەرگر)
هۆکارى بوونى خۆى لە بەرهەمهێنانەوەى ماناکانى کاردا دەدۆزێتەوە، دەبێ
لە کاردا بەدواى دۆزینەوەى ماناکانى بوونیدا بگەڕێت، تا بەهایەک بۆ (بوونى
هەنووکەیى) بەجێ بهێنێت. یان ئامادەیى هەنووکەیى بەجێ بهێنێت،
ئامادەییەک کە حەقیقەت لە رێگایەوە دەبێتە رووداو.
____________________________________
•
ژارگۆن.- ٤ -:
www.emrro.com/jargon4.htm
•
ژارگۆن.- ٣ -:
www.emrro.com/jargon3.htm
•
ژارگۆن.- ٢ -:
www.emrro.com/jargon2.htm
•
ژارگۆن.- ١ -:
www.emrro.com/jargon.htm
ماڵپەڕی عەبدولمتەلیب عەبدوڵا
|