په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٣\٤\٢٠١٣

ژارگۆن.- ٦ و ٧ -.


عەبدولموتەڵیب عەبدوڵا

(٦)
ئەفۆریزم من لەگەڵ جەماوەرەکەم جوان لێکحاڵى دەبین، نە ئەوان گوێ لە من دەگرن، نە من ئەوە دەڵێم کە ئەوان دەیانەوێ. (کارڵ کراوس).

(قەسیدە) لە ( قەسد - نیاز) هاتووە، بەڵام وەک ئەدەب واتاکەى لە نیازى یەکەمدا گیر ناخوات، بەڵکو بەرەو نیازێکى دیکە دەچێت. بەو مانایە نیازى دووەم فێڵکردنە لە نیازى یەکەم. یان وەک (ئیبن خەلدون) قسەى لێدەکات: قەسیدە لە خۆ لەبابەت لادانى خاوەنەکەى هاتووە، لەوەى کە نیازیەتى، و دەرچوون لەو نیازە بۆ نیازێکى دیکە، تا پێ لە نیازى یەکەم و ماناکەى بنێ، بۆ ئەوەى خۆى لەگەڵ نیازى دووەم بگونجێنێ. من نامەوێ لە بارەى پێکهاتە و رێکخستنى قەسیدە، یان شیعر کۆمەڵێک زانیارى بخەمە روو، بەڵکو دەمەوێ لە جێگیر نەبوونى زمانى ئەدەبى بدوێم، نەک بەو مانایەى کە (رەسەنایەتى و رەوانى) دەلالەت لەبەرز راگرتنى دەکات، بەڵکو بەو واتایەى کە (دابڕان و سەرسامى) دەخاتەوە. دەشێ بەشێکى زۆرى رەوانى پەیوەندى بە بیرکردنەوەى باو و رێکخستن و رێککەوتنى گشتى و (هەستى ناسیونالى)یەوە هەبێ، وەک چۆن بەشێکى زۆرى سەرسامى، بە گۆڕان و بیرکردنەوەى جیاواز و تاکایەتى و (چێژى جوانییەوە) بەندە.


ئەگەر دوێنێ ناونانى شیعر و قەسیدە بۆ هەست و نیاز و بابەت و پەیام بگەڕێتەوە، ئەوە ئەمڕۆى کورتە شیعر، زیپ، نانۆ... پەیوەندى بە خێراییەکانى سەردەم و خەونە رەنگاوڕەنگەکانەوە دەکات، بەو مانایەش ئەوە جێگیرنەبوونى زمانە، بەرەو ئێستاى ژیان و زمانێکى جیاواز و فرەڕەهەند و شەفاف و قووڵمان دەکاتەوە. (سۆزان بێرنار) کورتبڕى و چڕى و درەوشانەوە، یان داڕژان، بە پێوەرى (قەسیدەى نەسر) لە قەڵەم دەدات. بەڵام ئەمڕۆ کۆى پێوانانەکان، وەک پێوانەى شیعرى نوێ تەماشا دەکرێت، نەک وەک نموونەیەکى ئامادە و سیستمێکى داخراو، بەڵکو وەک فۆڕم و شێواز و بونیاد، وەک دنیابینى و جیاوازى و چێژ.


دەمەوێ بڵێم شیعرى نوێ هەر تەنها لە چڕبوونەوە، وەک مەسەلەى ئابورى زمان کورت نابێتەوە، بەڵکو هەنگاونانێکى روونە، بەرەو ناخى وشەکان.. هەنگاونانە لە دەستەواژەوە بۆ رۆحى درەوشاوەى زمان، نەک لە پێناو مانا، بەڵکو لە پێناو بەدواداگەڕانى ئیقاعەکانى چێژ، وەک هونەرێک کە لە تاکایەتییەوە سەرچاوە دەگرێ، نەک فیکرەیەکى سیستماتیزەکراو، چونکە پڕشنگ سەر بە ئاماژەیە، نەک دەستەواژە.


دەشێ ئەو فۆرمە لە بیرکردنەوە، بەرەو جۆرێکى دیکە لە نوسینمان بکاتەوە، نووسینێک کە دەکەوێتە دەرەوەى ژانرەکان، دەقێک کە بە دژى سیستم و بیرکردنەوە گشتگیرەکان دەبێتەوە، بەرهەمێک کە وەک ژانرێکى بەرزى ئەدەبى دەکەوێتە نێوان شیعر و فەلسەفە، نەک هەر هێندە بەڵکو یاریکردنە بە سیستمەکانى شیعر و بیرکردنەوە، بەو مانایەى کە هونەرى هاوارکردنى بێدەنگییە، ستایشى سپێتى و جوانى بۆشایى لەخۆدا هەڵگرتووە و لە سەر ئیشکالیەت وەستاوە و دنیاییەک دەنوێنێ، کە بڕواى بە بەها و فۆرمەکان نەماوە، وەک رۆحێکى یاخى دژى ناوکۆییەکان و زەمەنى ئێستا دەوەستێ، ئەویش (ئەفۆریزم-Aphorism)ە.


ئەفۆریزم بۆ یەکەمجار لە پەند و حیکمەتەکانى (هیپۆکرات)ى گریکى دەردەکەوێت، پاشان لاى (باکۆن) و دواتر (باسکال) و لاى (نیتشە) وەک هونەرێکى نەمر ناس دەکرێت، بەڵام (کارڵ کراوس ١٨٧٤ - ١٩٣٦) وەک تێکۆشانێک بە دژى زەمەن و وەک ئامانج بە دژى زمانى ئەو زەمەنە لە قەڵەمى دەدات.


ئەفۆریزم هونەرێکى ئەدەبییە، لە دڵەوە سەرچاوە دەگرێ و لە پێشبینیکردنەوە هەڵدەقوڵێ، بە چەند وشەیەک لە دەرگاى چەندین بابەتى جۆراوجۆر دەدات، واتە بە کورتکردنەوەى زمان جیا دەکرێتەوە، بەڵام ناشێ لە رێسایەکى دیاریکراو کورت بکەینەوە. ئەفۆریزم لەگەڵ حەقیقەت نایەتەوە، یان نیو حەقیقەتە، یان حەقیقەت و نیوە. بەڵام لەبەر ئەوەى دەکەوێتە نێو عەقڵ، نەک هەست، بۆیە کەمەکێک لە شیعر دوورە، لەگەڵ ئەوەش شیعرە، چونکە رۆحى درەوشاوەى وشەیە، قەڵەمبازێکە بەرەو نادیار..
 

 

(٧)
لە پێشانگاى هەولێرى نێودەوڵەتى بۆ کتێب.


خۆشترین و جوانترین کاتەکانى ژیانم، ئەو کاتانە بوو، کە لە نێو کتێبەکانم بەسەرم بردن.(جیمس شیرلى).


خوێندنەوە پرۆسەیەکى عەقڵى و هەستییە، بنەماى مەعریفە و جوانى و چێژە. خوێندنەوە گوتارێکە بەرەو خود و ئەوانیدیکە. خوێندنەوە دنیاى مرۆڤ لە رێگاى رەنگەکانى حەقیقەت و فرینەکانى خەیاڵ و پڕشنگەکانى جوانى هەڵدەنێ. دنیاى خوێندنەوە، دنیاى رامان و هەڵوێست و بیرکردنەوەیە. هەمیشە ژیان بابەتێکە مرۆڤ بەر لەوەى مامەڵەى لە تەکدا بکات و هاوژیانى بکات، دەبێ بیخوێنێتەوە، دەبێ تێیبگات.


بێگومان خوێندنەوە هەر تەنها بۆ زانیارى و شارەزایى نییە، وەک چۆن تەنها ئەوە نییە مەعریفە و لێهاتوویى پێ زیاد بکەیت، دۆزینەوەى چەند رستەیەکیش نییە "بوون"ەکانى (نووسەر-دەق-خوێنەر)ى پێ بوڕوژێنى، یان مانایەک تا ملکەچى دەسەڵاتەکانى (بونیادنان-چنین-هەڵنان)ت بکات، بۆ ئەوە نییە قسە لەو کۆمەڵگایە بکەیت، کە ئەو داهێنانەى تێدا کراوە، یان نووسەرێک، کە دەکەوێتە دەرەوەى مەعریفەى تایبەت و گشتییەوە، بەڵکو گەیشتنە بەشێوازێکى دیکەى جوانتر لە پەیوەندى نێوان مرۆڤ و مرۆڤ، مرۆڤ و دەق، مرۆڤ و دنیا.


خوێندنەوە بەو مانایەى کە پەیوەندى نێوان مرۆڤ و مرۆڤ، مرۆڤ و دەق، مرۆڤ و دنیایە، هەمیشە ئەزموونێکى کەسییە، نە دەکەوێتە سەر "خود" نە بە "بابەت"ەوە دەلکێ، ناکەوێتە سەر خود چونکە خوێنەر تەعبیر لە کلتورى بەرفرەوانى خوێندنەوە یەک لە دوا یەکەکان دەکات، وەک چۆن ناکەوێتە سەر بابەتگەرایى، چونکە لە بابەتگەرایى دەقدا خوێنەر لە خوارەوە و لە رێگاى دانەرەوە بەسەرەوە دەگات.


ئەگەر زمان ماڵى دەق بێ، ئەوە دەق ماڵى بوونە، نەک لەبەر ئەوەى بەبێ ئەویدیکە، شتێک بە ناوى بوون مەیسەر نابێ، بەڵکو چونکە لەو ماڵەدا بەبێ بەشدارى چالاکانەى ئەویدیکەى جیاواز بوون هیچ مانایەکى نییە، هەر بەو مانایەش دەق هەمیشە لە بەرانبەر ئەویدیکەى خوێنەر لە ئامادەباشییەکى هەڵپەسێردراو دایە. بۆ ئەوەى دەق بوونێکى سروشتى، یان بەهایەک بۆ تێگەیشتن بەجێ بهێینێت، خوێنەر دەبێ بەردەوام هۆکارى بوونى خۆى لە دووتوێى ئازادى بوونى دەقدا بدۆزێتەوە. هەمیشە ئازادى بوونى مرۆڤ، لە داهێنانەوە سەرچاوە دەگرێ، بەڵام وەک چۆن بەبێ جیاوازى، بوونى ئازادى دەکەوێتە تەگەرەوە، بە هەمان شێوەش بەبێ بەشدارى خوێنەرە جیاوازەکان، جیاوازى خوێندنەوە درووست نابێ.


دەمەوێ بڵێم هەمیشە کردەى خوێندنەوە کردەیەکە، لە دانوستاندا گەمەکانى بوونى درێژە پێدەدات، بە دیوەکەى دیکەش هەر چەندە ئاستى مەعریفەى (وەرگر/خوێنەر) لەرووى هونەرى و رۆشنبیریى بەگشتى بەهێز بێت، ئەوەندە توانانى بەشداریکردن و خەڵقکردنەوەى لەرووى تێگەیشتن و وەرگرتن بەهێزتر دەبێت. لێرەوە ئەگەر جیاوازى وەک بەهایەکى ئەوەلى لە رێگاى جیاوازى زمانى دەق و زمانى وەرگر، لە رێگاى جیاوازى ئامادە و نائامادە، زیندەگى و مەرگ، خەون و واقیع.... فەزاى دانوستان درێژ بکاتەوە، ئەوە خوێنەرى داهێنەر هەمیشە لەنێوان رەگەزە ئامادە و نائامادەکان، پردێک درووست دەکات و بە هۆى ئەو پردە تەئویلییەوە سپێتى و بۆشاییەکان ئاوەدان دەکاتەوە. کەواتە لەبەر ئەوەى خوێنەر بەشدارى لە داهێناندا دەکات، بۆیە هەمیشە خوێندنەوە وەک کارێکى ئیبداعى دەکەوێتە بەرانبەر کارێکى ئیبداعییەوە، ئەوەى کە کردەى خوێندنەوە وەک ئیبداع سەیر دەکات، ئاستە بەرزەکانى خوێندنەوە و هەڵوەشانەوە و دووبارە بەرهەمهێنانەوە.


بەڵام خوێنەر چۆن دەق دەخوێنێتەوە، یان چۆن دەقێک بۆ خوێندنەوە هەڵدەبژێرێت؟ گومانى تێدا نییە، کە وەک چۆن خوێندنەوە جۆراوجۆرە، بە هەمان شێوەش ئاستى خوێنەران جۆراو جۆر دەکەوێتەوە، بەڵام مامەڵەکردنى خوێنەر لەگەڵ دەق بۆ ئەوەیە تاکو بتوانێت خۆى تێدا خەڵق بکاتەوە. خۆ خەڵقکردنەوەى خوێنەران هەمیشە لە رێگاى تێکەڵ بوون بە بونیادەکانى دەق و دووبارە بەرهەمهێنانەوەوە مەیسەر دەبێ، هەر لەو رێگایەشەوە دەتوانێ یادەوەرییە خەزنکراوەکانى خۆى لە رێگاى پێدراوە نوێیەکانى و تەواوى ساتە یەک بەدوا یەکداهاتووەکانى خوێندنەوەوە، راستبکاتەوە!

______________________________

ژارگۆن.- ٥ -: www.emrro.com/jargon5.htm

ژارگۆن.- ٤ -: www.emrro.com/jargon4.htm

ژارگۆن.- ٣ -: www.emrro.com/jargon3.htm

ژارگۆن.- ٢ -: www.emrro.com/jargon2.htm

ژارگۆن.- ١ -: www.emrro.com/jargon.htm  

 

ماڵپەڕی عەبدولمتەلیب عەبدوڵا

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک