٢٣\١\٢٠١٤
ژارگۆن
-
٢٣
-.

عەبدولموتەڵیب عەبدوڵا
ئەدەبی کلاسیک
/ ئەدەبی نەفرەتلێکراو.
مێژووی ئەدەبی نەتەوەی کورد، وەک دکتۆر (مارف خەزنەدار) دەنووسێت، بە
تایبەتی ئەدەبی (میللی/ فۆلکلۆر) وەکو سامانی نەتەوایەتی، دیارە لە باب
و باپیرە ھەرە کۆنەکانی کوردەوە دەست پێدەکات. ھەر لەوێشەوە ئەدەبی
تۆمارکراوی کوردی وەک ئەدەبی کلاسیزمی ئەوروپی، (راستەوخۆ) یان (ناڕاستەوخۆ)
پەیوەندی بە ئەدەبی زارەکییەوە ھەیە، ئەوەی ئەدەبی زارەکی کوردیش
پێکدەھێنێ، وەک مێژوونوسان دەڵێن، گۆرانیی قارەمانی و شایی و زەماوەندی
ژنھێنان و گۆرانیی کچان و پەندی پێشینان و قسەی نەستەق و گاڵتە و گەپ و
بۆ پێکەنین، ھەروەھا بەشێک لە چیرۆکی میللی وەکو گەورێ و خەلیل و مەمی
ئالان.....
بەڵام پرۆفیسۆر دکتۆر (عیزەدین مستەفا رەسول) پێیوایە، باری
نەنووسینەوە و پشت بەستن بە گێڕانەوەی ئەدەبی میللی کوردی بۆ چەند
سەدەیەک وایکردووە تێکەڵی و بە یەکداچوونێکی سەیر لە نێوان ئەدەبی (فۆلکلۆر)
و ئەدەبی (میللی)دا ھەبێت.. داستانی (شێخی سەنعانی)ی (فەقێی تەیران)
کەوتۆتە سەر دەمی خەڵک و بە ئاشکرا شەقڵی فۆلکلۆر و گێڕانەوەی
نەخوێندەواری باڵی بە سەر تۆمارکراوەکەیدا کێشاوە، ھەمان دیاردە (عەلی
بەردەشانی)یش دەگرێتەوە.
بەڵام ئەگەر قسە لە ئەدەبی نووسراوی کوردی بکەین، مێژوونوسانی ئەدەبی
کوردی، سەرەتاکانی ئەو ئەدەبە، بۆ شیعر دەگەڕێننەوە، لێرە و لە سەر ئەو
بنەمایە ھەندێکیان ئەدەبی تۆمار کراو، بە پێی جیاوازی شێوە زارەکانی
زمانی کوردی دەخەمڵێنن، لەوانەش (دکتۆر مارف خەزنەدار)، مێژووی ئەدەبی
کوردی بە پێی دیالێکتەکان لە چوار پێگەوە دەستنیشان دەکات. پێگەی یەکەم:
(بابا تاھیری ھەمەدانی ٩٣٧-١٠١٠) ییە، سەرەتای شیعری کوردی بە دوو
بەیتەکانی ئەو دەبەستێتەوە. پێگەی دووەم: شێوە زاری (گۆران- ھەورامی)یە
و بە کۆنترین شیعری سەدەکانی ناوەڕاستی دادەنێت. (ئەو شێوە زارە، کتێبی
پیرۆزی "یارسان ٩٠١-١٦٠٠ز"ەکانی پێنوسراوەتەوە) پێگەی سێیەم: دەکەوێتە
دوای رووداوی شەڕی چاڵدێران (١٥١٤ز) و شیعری ئایینی و لیریکی دیالێکتی
کرمانجی سەروو دەگرێتەوە، کە لە پێشاندا بە شێوەی شیعری میللی ھاتە
ناوەوە. پێگەی چوارەم: لە پاش دروستکردنی سلێمانی (١٨٧٤ز) و شیعری
لیریکی (غەزەل و قەسیدە) لە دیالێکتی کرمانجی خواروو دەست پێدەکات،
دواتر لە قوتابخانەی (نالی ١٧٩٧-١٨٧٣)دا خۆی دەدۆزێتەوە.
بەڵام لە لایەک کاری من ئەوە نییە، بۆ قسەکردن لە ئەدەبی بەرزی
کلاسیزمی کوردی یەکێک لەو دیالێکتانە وەک سەرەتایەکی دیاریکراو
دەستنیشان بکەم، یان لە ژێر رۆشنایی (مەدەنیەتی ئیسلامی) قسە لە مێژووی
ئەدەبی کوردی بکەم، وەک چۆن ئەو بیروڕایانەی کە پێیانوایە بۆ دەستنیشان
کردنی مێژوویی ئەدەبی تۆمار کراوی کوردی دەبێ قسە لە (پێش ھاتنی ئیسلام)
و (دوای ئیسلام بوونی کورد) بکەین، ناخەمە دواوە.. لەو بارەوە (سەدیق
بۆرەکەیی) لە بەرگی یەکەمی کتێبەکەیدا دەنووسێت، لە پێش داھاتنی
ئیسلامەتیدا ھۆنراوە بە زمانی کوردی ھۆنراوەتەوە، نامیلکەی (گاتاکان)
کە بەشێکە لە پەڕتووکی (ئاڤێستا) ھەمووی بە ھەڵبەستی (ھیجایی) وتراوە،
کە ئێستاش ئەم چەشنە ھەڵبەستە لە ناو کورداندا باون... لە بارەی
فەرھەنگی کوردی لە پاش ئیسلامیش دەڵێت، بە پێی بەڵگەکانی مێژوویی لە
ساڵی (حەڤدەی کۆچی)یەوە ئایینی پیرۆزی ئیسلام لە وڵاتی کوردان دەستی بە
بڵاوبوونەوە کردووە، بەڵام کوردەکان زەمانێکی دوور و درێژ بە ئایینی
پێشووی خۆیانەوە ھۆگر بوون.. زۆربەیان پەیڕەوی رێبازی (یار)ییان دەکرد.
لە لایەکی دیکە پرۆفیسۆر دکتۆر (عیزەدین مستەفا رەسول) بۆ دیاریکردنی
پلەکانی ئەدەبیاتی کوردی بە پێی قوتابخانەکان قسە دەکات و ئەدەبی
کلاسیزمی کوردی بە سەر (ئەدەبیاتی پێش ئیسلام و ئەدەبیاتی سەردەمی
موسڵمانبوونی کورد تا چەرخی دووەمی عەباسی و سەرەتاکانی ئەدەبیاتی
کوردی تا پەیدابوونی میرنشینەکان و ئەدەبیاتی کوردی سەردەمی
میرنشینەکانی کورد تا کۆتایی جەنگی یەکەمی جیھانی) دابەش دەکات و بەشی
پێنجەمیش، ئەدەبیاتی نوێ بە پەیدابوونی رۆمانتیزم و ریالیزم و ھەندێ
رەگەزی مۆدێرنیزم دادەنێت.
لەلایەکی دیکە قسەی من لەوە نییە، کە ئەدەبی فۆلکلۆر بە بناغەی
ئەدەبیات لە قەڵەم دەدرێت.. بەڵکو بەشێکی زۆری قسەکانم لەوێوەیە، کە
ئەگەر ئەدەبی میللی کوردی لە سەر ئەو (کێش)انە بێ، کە شیعری فۆلکلۆری
کوردییان پێنووسراوە. دەپرسم ئایا ئەو کێشانەی شیعری کلاسیزمی کوردییان
پێگوتراوە، چەند پەیوەندی بە فۆلکلۆرەوە ھەیە، بە مانایەکی دیکە لە
نێوان لاساییکردنەوە و تەجاوزکردندا، ئەدەبی نوسراوی کوردی تا چەند
توانیویەتی ئەو یاسا و رێسایانە راستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ پەیڕەو بکات،
کە ئەدەبی زارەکی لەسەر دروست بووە، ئایا ئەدەبی کلاسیزمی کوردی لە
نێوان (لاساییکردنەوە) و (تەجاوزکردن)، دەکەوێتە کوێ؟!
__________________________________
بەشی
بیست و دوو:
www.emrro.com/jargonbistudu.htm
بەشی
بیست و یەک:
www.emrro.com/jargonbistuyek.htm
بەشی
نۆزدەم:
www.emrro.com/jargonnozdeb.htm
بەشی
نۆزدەم:
www.emrro.com/jargonnozde.htm
بەشی
هەژدەم:
www.emrro.com/jargonhejde.htm
بەشی
شازدەم:
www.emrro.com/jargonshazde.htm
بەشی
پازدەم:
www.emrro.com/jargonpazde.htm
بەشی چاردەم:
www.emrro.com/jargoncarde.htm
بەشی
سێزدەم:
www.emrro.com/jargonsezde.htm
بەشی
دوازدەم:
www.emrro.com/jargondiwazde.htm
بەشی
یازدەم:
www.emrro.com/jargonyazde.htm
بەشی
دەیەم:
www.emrro.com/jargonde.htm
بەشی
نۆیەم:
www.emrro.com/jargonno.htm
بەشی
هەشتەم:
www.emrro.com/jargonhesht.htm
بەشی
هەفتەم:
www.emrro.com/jargonheft.htm
بەشی
شەشەم:
www.emrro.com/jargonshesh.htm
بەشی
پێنجەم:
www.emrro.com/jargonpenc.htm
بەشی چوارەم:
www.emrro.com/jargonciwar.htm
بەشی
سێیەم:
www.emrro.com/jargonse.htm
بەشی
دووەم:
www.emrro.com/jargondu.htm
بەشی یەکەم:
www.emrro.com/jargonyek.htm
ماڵپەڕی عەبدولمتەلیب عەبدوڵا
|