په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٤\٨\٢٠١٣

ژارگۆن - ٤ -.


عەبدولموتەڵیب عەبدوڵا

دەقی نوێ لە نێوان ستاتیک و دینامیکدا.


دەقی سازاو ئەو فەزا تازە بەرھەمھاتووە، لە کۆنتێکستە کۆمەڵایەتی و ئەدەبییە ئەسڵیەکەی دەبێتەوە و دەچێتە کۆنتێکستێکی نوێوە و رەھەندی دەلالی نوێ بەخۆوە دەگرێت، دەمەوێ بڵیم لە پێناو پێوانەی تازەی تایبەت و دووبارە خۆ رێکخستنەوە، واز لە کۆمەڵێک پێوانە دەھێنێ، وەک چۆن ھەندێکیان رووت دەکاتەوە.. لەلایەکی دیکە دەقی نوێ لە بەرانبەر کۆنتێکستە کۆنەکان و کۆی پرسیار و چارەسەرکردنە کۆنەکان وەک پەرچەکردارێک رادەوەستێ.


(رۆمان ئینگاردن ١٨٩٣-١٩٧٠ Roman Ingarden) دەقی ئەدەبی لە دوو بونیاددا دەخەمڵێنێ، بونیادی یەکەم: جێگیرە، بناغەی تێگەیشتنە. بونیادی دووەم: ناجێگیرە و بنەمای سەرەکی شێوازی کاری ئەدەبی لێدەکەوێتەوە. لێرەدا رەنگە پرسیاری سەرەکی ئەوە بێ، ئەگەر لە دەقدا زمان قسان بکات، ئایا زمان توانای خۆ دەرخستنی نییە؟ ئەگەرچی ئەو پرسیارانەی دەکەونە نێوان بونیادی جێگیر و بونیادی ناجێگیر ھەر تەنھا ناکەونە بواری دیاردەگەراییەوە (Phenomenology) بەڵام ئەگەر من قسەکانی خۆم لەو بوارەدا درێژە پێبدەم، ئەوە دەتوانم بڵێم دەق وەک فینۆمینە (دیاردە) راستەوخۆ دەکەوێتە نێو نیازگەریی ھۆسرەل و دواتر راڤەکردنەکانی ئینگاردن و قوتابخانەی کۆنستانس و تیۆری وەرگرتن.... (ئیدمۆند ھۆسرەل E. Husser ١٨٥٩ -١٩٣٨) چەمکی نیازگەریی القێدیە"Intentionality" لە بەدواداچوونی دوالیزمییەتی شت لەخودی خۆی و شت بۆ خودی ئێمەی (ئیمانۆیل کانت Immanuel Kant ١٧٢٤-١٨٠٤)ەوە وەرگرتووە.


کەواتە ئەگەر بمانەوێ لە چەمکی نیازگەریی بگەین، ئەوە لە فینۆمینۆلۆجیادا ھەموو کردەیەکی (ھەست/ئاگا-شعور)ی مرۆیی، بە ھەستێکی نیازخوازانە دادەنرێت، واتە ئەوە نیازی مرۆڤە کە دەیەوێت دەرک بەو شتە بکات. بۆیە ھەمیشە ئاگامەندی، ئاگامەندی بووە بە شتێ، نیازی ئەو ئاگامەندییە، یان ئەو ھەستکردنەش خودی شتەکەیە، کەواتە فینۆمینە ئەوەیە کە ھەیە و ئاگامەندی دەیدۆزێتەوە، لێرەدا ئاگامەندی ھەم ئاگاییە لە بابەتێک، ھەم خۆ ئاگاییە، بەو مانایەش کەسی ئاگامەند ئەو کەسەیە کە بیر دەکاتەوە. لە رێگای ئەو پێناسەوە دەگەینە ئەوەی، کە ھەموو شعورێک دەرککردنی تایبەت بەخۆی ھەیە.


(وولفگانگ ئایزەر Wolfgang Iser ١٩٢٦-٢٠٠٧) وەک رەخنەگرێکی قوتابخانەی (کۆنستانس)ی ئەڵمانی کە برەوی زۆری بە چەمکی (کاریگەری ئیستێتیکی) داوە، لە دەستنیشانکردنی بونیادی (رووی پێشەوە) و بونیادی (رووی دواوە)، پشت بە ھەمان بیرکردنەوە دیاردەگەراییەوە دەبەستێ.. لەلای ئەو بونیادی (رووی پێشەوە)ی دەق، لە رێکخستنی پەیوەندی دەق بە سەرچاوەکانیەوە لێپرسراوە، یان بە دەوروبەری (دەرەکی) ئەدەبی و کۆمەڵایەتی.. کە لێیەوە ھەڵقوڵاوە و ھەڵوێستی لێوەرگرتووە. بەڵام بونیادی (رووی دواوە) لەسەر رێکخستنی پەیوەندی رەگەزە نوێ و ناوەکیەکانی دەقی تازە وەستاوە. بە دیوەکەی دیکە دەق لەسەر ھێلکاری و جۆری پەیوەندییە شیاوەکانی نێوان رەگەزەکانی دەق و خوێنەر خۆی دەنوێنێ، بۆ ئەوەی بابەتی جوانی کە دەق مەبەستیەتی بونیاد بنێ.


لێرەدا (تۆماری دەق) یان فەزای تازە بەرھەمھاتوو، وەزیفەیەکی دوالیزمی دەگێڕێ، لەلایەک ھێلکارییە باوەکان لەپێناو پێکھێنانی باکگراوەندێک بۆ کردەی بەیەکگەیشتن فۆرمەلە دەکاتەوە و ئەو باکگراوەندەش چوارچێوەیەکی گشتی پێشکەش دەکات، کە بشێ لە میانی (پەیامی دەق) ماناکەی رێکبخرێت. ھەر بەھۆی ئەو تۆمارە ئاسۆی گفتوگۆی نێوان خوێنەر و دەق دەردەکەوێ و دەشێ خوێنەر دووبارە، یان لە نوێوە باری مێژوویی خۆی بونیاد بنێتەوە، کە دەق بۆی دەگەڕێتەوە و کردەی بونیادنانی خۆی لە نوێوە لەسەر دامەزرێنێ. کەواتە بونیادی بابەت و بونیادی ئاسۆ لە رێکخستنی کردەی تێگەیشتن و کردەی بونیادنانی بابەتی جوانی لێپرسراو دەکەونەوە، بەڵام لێپرسراویەتیان ھەر ئەوەندە نییە، بەڵکو ئەو دوو بونیادە ستراتیژیی دەق دەنوێنن.

__________________________________

بەشی سێیەم: www.emrro.com/jargonse.htm 

بەشی دووەم: www.emrro.com/jargondu.htm

بەشی یەکەم: www.emrro.com/jargonyek.htm

 

ماڵپەڕی عەبدولمتەلیب عەبدوڵا

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک