په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٩\٨\٢٠١٣

ژارگۆن - ٢ -.


عەبدولموتەڵیب عەبدوڵا

دەقى کراوە / دەقى داخراو.

دەق بە تەنها رووکارێکى هێلکارى پێشکەش دەکات، کە دەشێ لەمیانیدا بابەتى جوانکارى وەبەر بێ، بەڵام بەرهەمى فیعلى لە کردەى جێبەجێکردندایە. کردەى جێبەجێکردن ئەو کاتە دێتە ئاراوە، کە خوێنەر بەر دەق دەکەوێت! بەو مانایەش کارى ئەدەبى دوو تەوەرەیە: یەکەم تەوەرەى هونەرى، دووەم تەوەرەى ئیستێتیکى. یەکەمیان دەقى دانەرە و دووەمیان ئەو جێبەجێکردنەیە، کە لەلایەن خوێنەرەوە بەئەنجام دەگات. لە ئاوێتەبوونى ئەو دوو تەوەرەیە بۆمان ئاشکرا دەبێ کە "کارى ئەدەبى" نە تەنها دەقى دانەرە و نە تەنها لەگەڵ جێبەجێکار یەکدەگرێتەوە! بەڵکو واقعێکە لەنێوان نووسەر و خوێنەردا. کارى ئەدەبى لە سروشتى خۆیدا بکەرە، چونکە نە دەشێ بۆ واقیعى دەق کورتى بکەینەوە، نە بۆ خوێنەر، بەڵکو خۆى لەو چالاکیەدا هەڵدەگرێتەوە، کە بە پرۆسەى خوێندنەوە ناو دەبرێت.


(١)


دەقى کراوە وەک زاراوەیەکى ئەدەبى نوێ هەتا ئەمڕۆ کۆمەڵێ بیروڕاى جیاواز و خەسڵەتى فرە جۆرى لەخۆدا هەڵگرتووە، بەڵام لەگەڵ هەموو ئەوانەشدا بە شێوەیەکى سیستیماتیزەکراو رەهەندەکانى دیارى نەکراوە و وێنەکەیەکى بەرجەستەى نییە؟! کەواتە دەلالەتى دەقى کراوە، وەک خەسڵەتێکى سەردەمیانە رووکارە هێلکارییەکانى خۆى لە فرە رەهەندى و شیانەى جیاوازى هونەرى و مەعریفى و خەیاڵى هەڵدەگرێتەوە. وەک چۆن رووکارە ئیستێتیەکانیشى لە ئاستەکانى خوێندنەوە و خوێنەرى جیاوازدا دەدۆزێتەوە، بەو مانایەش دوور لە قسە لەسەر کردنەکانى (ئیمبرتۆ ئیکۆ)ەوە دەمەوێ بڵێم هەر دەقێک نەخوێندرێتەوە لە بەرانبەر دەقى کراوە (بە مانا ئیبداعیەکەى) دەشێ بە دەقى داخراو لە قەڵەمى بدەین.


(٢)


ئەگەر (خوێندنەوە) دەقى کراوە و دەقى داخراو لەیەکجیا بکاتەوە، کەواتە هیچ دەقێکى ئەدەبى داخراو نییە، چونکە دەقێکى ئەدەبى دەشێ بکەوێتە دووتوێى راڤەکردن و لێکدانەوە و دووبارە داڕشتنەوەى جیاوازەوە، بەڵام رەنگە بتوانین (دەقى زانستى) بخەینە دەرەوەى ئەو بیرکردنەوەیە؟! کەواتە فەزاى دەقى کراوە ئازاد و بێ کۆتاییە و بڕواى بە هیچ جۆرە سێنترالیزمیەتێک نییە، وەک چۆن هەڵگرى جۆرێک لە تەمومژى شەفافانەیە، کە شیعرییەت رەنگەکانى دەنەخشێنێ، بەڵام نەک لە رێگاى ئامانج و ئاراستەیەکى دیاریکراو، بەڵکو لەوێوە، کە بەریەککەوتنە جیاوازەکانى خەیاڵ و دنیابینى و ئەزموونگەرییە.


هەڵبەتە دەقى کراوە راستەوخۆ بە خوێندنەوەوە پەیوەستە. ئەگەرچى مەرج نییە (دەقى ئاوێتە) بێ، چونکە دەقى ئاوێتە ئەو دەقەیە کە ژانرە ئەدەبییەکان لە خۆیدا کۆ دەکاتەوە، بەڵام دەستکردنانە نا! خاڵى لە یەکنزیکبوونەوەشیان لەوێوەیە، کە کارى ئەدەبى بەبێ خوێنەر بوونى نییە! بە دیوەکەى دیکەش هەموو دەقێک لە دەقئاوێزانییەوە هەڵقوڵاوە. کەواتە نووسەر خوێنەرەوەیەکە، لە کۆمەڵێ دەقى پێشوو، دەقێکى دیکەى نوێ دەسازێنێ، بەو مانایەى کە داهێنانە.


(٣)


بە گشتى بۆ ئەوەى زمانى دەق، مانا و هەڵوێستى خۆى لەبارەى دەوروبەرى دەرەکى پێشکەش بکات، دەبێ پەنا بۆ کۆمەڵێک پێوانە و وەسف و رێکەوتن بەرێت، کە پێشتر کۆنتێکستى هاوبەشى نێوان دەق و خوێنەر بووە. ئەو بارە کۆنتێکستییە لاى (ئایزەر) بە تۆمارى دەق (سجل النێ) ناو زەد کراوە. تۆمارى دەق ئەو هەرێمە باوەیە کە خوێنەر و دەق تێیدا بەیەک دەگەن. هەڵبەتە ئەو هەرێمە باوە هەر تەنها بۆ دەقەکانى پێش خۆى ناگەڕێتەوە، بەڵکو بە پلەیەکى بەرزتر بۆ پێوانە کۆمەڵایەتى و مێژوویى و کۆنتێکستى رۆشنبیریى و سیاسى و نەفسى.. کە دەقى تێدا هاتۆتە دنیاوە دەگەڕێتەوە. بەڵام دەق هەموو ئەوانە لە خۆیدا کورت دەکاتەوە و بە شێوەیەکى ناڕاستەوخۆ پێیان دەگات، بەمجۆرە پرۆسەى بەیەکگەیشتنى دەق و پێوانە باوەکان دەسازێ. دەقى سازاو (دەقى نوێ) لە کۆنتێکستە کۆمەڵایەتى و ئەدەبییە ئەسڵیەکانیان دەبنەوە و دەچنە کۆنتێکستێکى نوێوە و رەهەندى دەلالى نوێ وەردەگرن، کە پێشتر خاوەنى نەبوونە.

_____________________________________

بەشی یەکەم: www.emrro.com/jargonyek.htm

 

ماڵپەڕی عەبدولمتەلیب عەبدوڵا

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک