١٣\١٢\٢٠١٣
ژارگۆن
-
١٨
-.

عەبدولموتەڵیب عەبدوڵا
تۆ یووسفی نەوحوسنی لەسەر
میێری جەنانی-من پیرم و فانی
لەم کولبەیی ئەحزانە نە زیندووم و نە مردووم-ھەر وا بە تەماتم.
(نالی).
(٢)
(پاشایەتی) کە بە دەوڵەتی حوکمی رەھا ناوبانگی دەکرد بوو، جگە لەوەی بۆ
مانەوەی گیانی خۆی پارێزگاری لە کۆنەخوازی دەکرد، بە دیوەکەی دیکەش
بەردەوام ھەوڵی ئەوەی دەدا، دەسەڵاتەکەی لە سامانی دنیایی بێ بەش نەکات!
بەو مانایە دەشێ بڵێین ھەر لە سەدەی سێزدەوە حکومی پاشایەتی خۆی لە دوو
عەقڵی جیاوازەوە دەبینێتەوە، یەکێکیان دەسەڵاتی دەرەبەگایەتی، کە خۆی
بە ئایینەوە ھەڵدەواسی، ئەویدیکەیان بورژوازیی، کە بە دنیاوە لکاوە. لە
پشت عەقڵی دەرەبەگایەتی پەیوەست بە ئایینەوە، ئەدەبی شەعبی وەستا بوو،
بەڵام لە دووتوێی عەقڵی بورژوازی دنیایی، ئەدەبی کلاسیکی نەفرەتلێکراو.
کەواتە ئەدەبی نەفرەتلێکراو لەلایەن ئایینەوە ئەدەبێکە، کە بانگەشەی
عەقڵ و ئازادی و تاکگەرایی دەکات و ھەژموونی ئایینی و دەسەڵاتی نۆرمە
ئایینیەکان بە سەر کۆمەڵگادا رەتدەکاتەوە، ھەر بەو مانایەش پشت بەستنی
ئەدەبی کلاسیک بە نموونە باڵاکانی ئەدەبی یۆنانی و رۆمانی (داستانی
ئەلیادە و ئۆدیسە، ھۆمیرۆس و شانۆگەرییەکانی سۆفۆکلیس و یۆربیدیس..) و
لاسایی کردنەوە و دراسەکردنی بنەما ھونەرییەکانیان و دواتر خۆ
دادەمەزراند لە سەر بنەما تیۆرییەکانی گەورە فەیلەسوفانی یۆنان و رۆمان
(ئەفلاتوون و ئەرستۆ و ھۆراس) و بە تایبەتی کتێبی (ھونەری گوتار) و (ھونەری
شیعر)ی ئەرستۆ، ھەر تەنھا لە ھەنگاونان لە ئەدەب و ھونەری شەعبییەوە بۆ
کلاسیک، کورت ناکرێتەوە! بەڵکو لە پشت ئەو گەشە ھونەری و ئەدەبییە،
گۆڕانکارییەکی گەورە، لە بیرکردنەوە و تێڕوانینی کۆمەڵگای ئەوروپی لە
ئارادا بوو، ئەویش تەجاوزکردنی دەرەبەگایەتی و ھەنگاونان بوو بەرەو
سەرمایەداری و سەرمایەداری بازرگانی...
وەک دەزانین لە سەدەی دووەمی زایینییەوە (ئۆلۆس گیلیۆس) زاراوەی
کلاسیکی بە دژی ئەدەبی (ئەدەبی زارەکی) بە کار ھێنا، بەڵام ھەمیشە
مەسیحییەکان ھەوڵی ئەوەیان دەدا، ئەدەبی کلاسیک ئەو بەھا بتپەرستییە
لەخۆی دابماڵێت و مۆرکی (ئینجیل) و بنەماکانی ئایینی کریستیانی لەخۆ
بگرێت، بەڵام نەیانتوانی لەو بارەوە سەرکەوتنی تەواو بە دەست بھێنین،
چونکە ئەدەبی کلاسیک خۆی لە گەڕانەوە بۆ ئەدەبی گریکی و رۆمانی کۆندا
ھەڵدەگرتەوە، بنەما سەرەکیەکانی ئەو ئەدەبەش وزەکانی خۆی لە تێڕوانینی
بتپەرستییەوە وەرگرتبوو! ھەر لەوێشەوە ئەدیب و رەخنەگرانی ئیتاڵیا لە
سەدەی سێزدەی زایینییەوە دوای پەیبردن بەو تێڕوانینە و کارەکانی ئەرستۆ،
برەوێکی زۆریان بە ئەدەبی کۆنی یۆنانی دا.
بە دیوەکەی دیکەش نووسەری ئیتاڵی (پۆکاچیۆ ١٣١٣-١٣٧٥ز) ھەموو ھەوڵەکانی
خۆی بۆ ئاشت کردنەوە و پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییەی نێوان ئەدەبی (شەعبی) و
(کلاسیک) خەرج کرد، بەو نیازەی بتوانێ لە رێگای بنچینەکانی زمانەوە،
ئەو کەلێنە چارەسەر بکات. ھەموو ھەوڵەکانیشی لە (دیکامیرۆن)دا خۆی
دەبینێتەوە. دیکامیرۆن پێکھاتووە لە سەد کورتە چیڕۆکی کورت و لە ماوەی
(١٠) رۆژدا و (١٠) کەس (حەفت کچ و سێ کوڕی گەنج) کە لە ترسی
بڵاوبوونەوەی نەخۆشی کۆلێرا، لە باڵەخانەیەکدا خۆیان حەشار دابوو، ئەو
چیڕۆکانە دەگێڕنەوە، جیاوازی ئەو کۆمەڵە چیڕۆکە لەوێدایە، کە
پاڵەوانەکانیان ھەر تەنھا لە چینی باڵا و ئەریستۆکرات نین، بەڵکو
خزمەتکارەکانیش رۆڵی پاڵەوانی تێدا دەگێڕن. وەک چۆن سروشتی چیڕۆکەکان
شێوەی گاڵتەجاڕی لەخۆ دەگرن، ھەر بەو شێوەیەش پۆکاچیۆ کارە
ناشیرینەکانی پیاوانی ئایینی ریسوا دەکات. لێرەدا پۆکاشیۆ وەکو (دانتی
١٢٦٥-١٣٢١) بۆ پاڵەوانەکان پەنای نەبردۆتە بەر (رابردوو)، بەڵکو
پاڵەوانەکانی لە نموونەی واقیعی (سەردەم)ەکەی خۆی ھەڵێنجاوە.. (ئەو
کۆمەڵە چیرۆکە لە لایەن "ێالح علمانی" تەرجەمەی زمانی عەرەبی کراوە،
ساڵی ٢٠٠٦ لە دەزگای "مەدا" چاپ و بڵاو کراوەتەوە) دواتر پۆکاشیۆ ھەموو
تەمەنی خۆی بۆ راڤەکردنی کۆمیدیای دانتی تەرخان دەکات، بۆ ئەوەی لەو
رێگایەوە لەگەڵ سەردەم بیگونجێنێت.
ئەگەرچی نووسەر و رەخنەگرانی ئەدەبی، رێبازی کلاسیک بە کۆنترین رێبازی
ئەدەبی دەستنیشان دەکەن، بەڵام بێگومان ئەدەب و ھونەر ھەمیشە لە پێش
ئەو ناونان و رێبازانەوە بوونی خۆی ھەیە، ھەمیشە ناونان پشت بە بنەما و
سیما دیارەکانی ئەو بوونە دەبەستێت، کە لە پیش ناونانەوە کۆمەڵێک
پانتایی جیاواز بۆ خۆی فەراھەم دەکات.
__________________________________
بەشی
شازدەم:
www.emrro.com/jargonshazde.htm
بەشی
پازدەم:
www.emrro.com/jargonpazde.htm
بەشی چاردەم:
www.emrro.com/jargoncarde.htm
بەشی
سێزدەم:
www.emrro.com/jargonsezde.htm
بەشی
دوازدەم:
www.emrro.com/jargondiwazde.htm
بەشی
یازدەم:
www.emrro.com/jargonyazde.htm
بەشی
دەیەم:
www.emrro.com/jargonde.htm
بەشی
نۆیەم:
www.emrro.com/jargonno.htm
بەشی
هەشتەم:
www.emrro.com/jargonhesht.htm
بەشی
هەفتەم:
www.emrro.com/jargonheft.htm
بەشی
شەشەم:
www.emrro.com/jargonshesh.htm
بەشی
پێنجەم:
www.emrro.com/jargonpenc.htm
بەشی چوارەم:
www.emrro.com/jargonciwar.htm
بەشی
سێیەم:
www.emrro.com/jargonse.htm
بەشی
دووەم:
www.emrro.com/jargondu.htm
بەشی یەکەم:
www.emrro.com/jargonyek.htm
ماڵپەڕی عەبدولمتەلیب عەبدوڵا
|