په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٤\١٠\٢٠١٣

ژارگۆن - ٨ -.


عەبدولموتەڵیب عەبدوڵا

پۆشین نەبا کێ دەیزانى رووتى چییە.
(کاروان کاکەسوور - رۆمانى مامزێر).

دەق و گەمە.


(گەمەکردن) فەرامۆشکردنی نیگەرانی و ئەزموونکردنی خاوبوونەوەیە (خاوبوونەوەی خود)، چونکە گەمە ناخی گەمەکەر بەدەست دەھێنێ، باری شانی سوک دەکات! لە گەمەدا گەمەکەر ئەزموونی وجودییانەی خۆی لە (ناوەندێکی سەربەخۆ)دا جێگیر دەکات، ھەر لەوێشەوە دەکەوێتە بەرانبەر نیگەرانیە حەقیقیەکەی بوون! کەواتە گەمە بۆخۆی حەقیقەتێکی بەرجەستەیە، نەک ھێز. ھەموو یارییەکیش ئەرکی خۆی بەسەر یاریکەرانیدا دەسەپێنێ، بەڵام یاری ئامانجی دیاری نییە، بەڵکو ئەوەی لە یاریدا جێگای بایەخە رێکخستنی جولە و پەیوەندی و پێکھینانی یارییە.. لەسەر ئەو بنەمایە یاری بونیادە. (بۆ زێتر شارەزایی بڕوانە، حەقیقەت و میتۆد، گادامێر، چ٢٠٠٧، ل١٧٨،١٨٣).


لە دەقی یارییدا یاریزان، ھونەرمەند، شاعیر، شانۆکار... دیار نییە، بەڵکو ئەوەی دیارە ئەو بەرھەم (ناوەندە سەربەخۆیەیە) کە ھونەرمەند، شاعیر، شانۆکار... لەمیانییەوە حەقیقەتی بوونی خۆی وەک پێدراوێکی جێگیر دەنوێنێ. کاتێ منداڵ یاری دەکات، راستە لاسایی دەکاتەوە و ئەو فۆرمە جێگیر دەکات، کە دەیزانێ، بەڵام لە ھەمان کاتیشدا جەخت لە (بوون)ی خۆی دەکاتەوە، واتە حەقیقەتی بوونی خۆی دەردەخات. لێرە لە سەر بنەمای حەقیقەتی بوون (گادامێر فەیلەسوفی ئەڵمانی ١٩٠٠-٢٠٠٢) خودی گەمەکردن لە کاری ئەدەبی نزیک دەکاتەوە. بەڵام گەمەکردن ھەر تەنھا چالاکییەکی داھێنەرانە نییە بۆ چێژ و خۆشی، بەڵکو یاری کردن جۆرێک لە جیدییەت دەنوێنێ! واتە ئەگەر یەکێک لە بەشداربووانی یاری ئەو جیدییەتەی فەرامۆش کرد، ئەوە یارییەکە تێکدەچێت.. بەو مانایەش گەمە دینامیکیی سەربەخۆ و ئامانجی سەربەخۆی ھەیە، جیا لە ھۆشیاری بەشداربووان! گەمە بابەتێک نییە روو بە رووی خودی یاریزانان بکرێتەوە، ھەر وەک چۆن ناکەوێتە ژێر رکێفی زاتیەتی یاریزانەوە. یاریزان ئەو یارییە ھەڵدەبژێرێت کە دەیەوێت بەشداری تێدا بکات، بەڵام کاتێک دەچێتە گەمەکەوە ئیتر دەکەوێتە ژێر یاسا و رێسا ناوەکییەکانی گەمەی ناوبراوەوە، لێرەدا گەمە دەبێتە حاکم بە سەر گەمەکەرانەوە و ھەموو جولەکانی یاریزانان ئاراستە دەکات، لەسەر ئەو بنەمایە ئەوەی دەکەوێتە بەر چاوی وەرگر و بینەران، زاتیەتی یاریزانان و بینەران تێدەپەڕێنێت، رۆحییەتی گەمە زاڵ دەبێت! رۆڵی یاریزانانیش دەبێـتە رۆڵێکی پەراوێزیی و تەنھا لە ھەڵبژاردنی جۆری گەمەکەدا نەبێ دەرناکەوێ.


بەڵام دەبێ بزانین کە دەق وەک بەرھەم، گەمەکردن نییە بە زمان، بەڵکو گەمەکردنە لەگەڵ زمان! جیاوازی نێوان لۆجیکی گەمەکردن بە زمان و گەمەکردن لەگەڵ زمان، ئەوەیە: یەکەمیان زمان تەنھا وەک وەسیلەیەک بەکار دەھێنێت، بەڵام دووەم زمان ئەزموون دەکات (ئەزموونکردنی زمان دروستکردنی کۆمەڵێک پەیوەندی نوێیە، لە نێوان وشە و وشە، وشە و بۆزیادکراوەکانی و خزینەکانی..)، لە میانی گەمەکردن لەگەڵ زمان و ئەزموونکردنی زمان (دەق/کار) وەک بەرھەمی ئەو ناوەندە دێتە دنیاوە. دەمەوێ بڵێم ئەدەب لە دانوستاندنی زمان / نووسەر (نووسەر وەک ئەزمونکار) دەق/کار، بەرھەم دەھێنێ، ھەر لە رێگای دانوستاندنەوەش چێژی ئەدەبی و لەوێشەوە بەخششەکانی (بوون) یان (داھێنان) دەردەکەوێت. بە گشتی دەتوانین بڵێین ئەوەی لە ئەدەب و ھونەردا سیاسەتی (بەکارھێنان) و (یاریکردن لەگەڵ زمان) تێکەڵ بە یەکتر دەکات، کەمخوێنی رۆشنبیرییە و گوزارشت لەو ئاگاییە ساویلکەیە دەکات، کە پێیوایە (داھێنان) جگە لە بەکارھێنانی تێکدەرانەی زمان شتێکی دیکە نییە.


بە کورتی گەمە وەک بەرھەم، یان ناوەند لە رێگای (دۆزینەوە و ئیبداع)ەوە لە فۆرمێکدا دەردەکەوێت، کە ھونەرمەند لەمیانیدا دەتوانێت ئەزموونی وجودییانەی خۆی بەرەو پێدراوێکی جێگیر بەرێت، پێدراوێک کە بشێ لەلایەن وەرگرەوە دووبارە بەرھەم بھێنرێتەوە، بەڵام پێویستە وەرگر ھوشیارییەکی وای ھەبێت پێش رووداوی بینین بکەوێت. دەمانەوێت بڵێین رۆڵی داھێنەر لە کاری ئەدەبی و ھونەریدا وەک رۆڵی یاریزانە لە گەمەکردندا. داھێنەر ھەوڵدەدات ئەزموونی وجودییانەی خۆی فۆرمەلە بکات، بەڵام ئەو ئەزموونە لە دروست بوونیدا لە زاتیەتی داھێنەر جیا دەبێتەوە و دەگۆڕێت و دەبێتە ناوەندێکی دینامیکی، رێسا و یاسای ناوەکی خۆی پیادە دەکات.. ھەر لەوێشەوە شیاوی بەشداریکردن و گۆڕین و گواستنەوە دەبێت.

__________________________________

بەشی هەفتەم: www.emrro.com/jargonheft.htm  

بەشی شەشەم: www.emrro.com/jargonshesh.htm

بەشی پێنجەم: www.emrro.com/jargonpenc.htm   

بەشی چوارەم: www.emrro.com/jargonciwar.htm  

بەشی سێیەم: www.emrro.com/jargonse.htm 

بەشی دووەم: www.emrro.com/jargondu.htm

بەشی یەکەم: www.emrro.com/jargonyek.htm

 

ماڵپەڕی عەبدولمتەلیب عەبدوڵا

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک