په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٩\١٢\٢٠١٣

ژارگۆن - ١٩ -.


عەبدولموتەڵیب عەبدوڵا

 

ئەدەبی کلاسیک / ئەدەبی نەفرەتلێکراو.
(٣)
وەک چۆن لە نێوان رێبازی ئەدەبی و رێبازی رەخنەی ئەدەبی جیاوازی ھەیە، بە ھەمان شێوەش (شەپۆل- تیار) و (رێباز- منھج)یش جیاوازییان لە نێواندا ھەیە، ئەگەر بۆ قسەکردن لە رێبازی ئەدەبی قسە لە رێبازی کلاسیکی و رۆمانسی و واقیعی و رەمزی و بەرناسی و وجودی و عەبەسی... بکەین، ئەوە رێبازەکانی رەخنەی ئەدەبی خۆیان لە رێبازی مێژوویی، کۆمەڵایەتی، دەروونی، ئیستێتیکی... ھەڵدەگرنەوە. بە دیوەکەی دیکەش دەتوانین دوو شێوە لە رێباز دیاری بکەین، رێبازی (ناوەکی) کە خۆی لە وەسفکردن و شیکردنەوە خودی دەقدا دەدۆزێتەوە، رێبازی (دەرەکی) کە بە مێژووی بەراوردکردنی دەقەکانەوە بەندە. کەچی (شەپۆلی ئەدەبی) خۆی لەو ئاڕاستەیە، یان دیدە، یان فیکرە تیۆرییە رووتەدا دەبینێتەوە، کە رەنگە لە میانی کۆمەڵێک نەخشە و ھێلکاریدا بەجێ بھێنرێت، دواجار دەشێ ھەموو ئەوانەش بەرەو (رێباز)مان بەرن.


سەرەتاکانی ئەدەبی کلاسیک لە ئیتاڵیا چەکەرەی کردووە، سەدەی دوانزە و سێزدە (دانتی) یەکێک بووە، لە رابەرانی رێنیسانس و بە ناوبانگترین شاعیری ئیتاڵیا، کە داوای کرد، لە بری زمانی (لاتینی) زمانی (نەتەوە)یی بۆ نووسین بە کار بھێنرێت! وەک چۆن شاعیر و نووسەری ئیتاڵی (پیتراک ١٣٠٤-١٣٧٤) بە یەکەم کەس دەژمێردرێت، کە ھەوڵی داوە (زانستی مرۆڤایەتی) رووبەڕووی (لاھوت theology) بکاتەوە و یەکێکیش بوو، لەوانەی کە لەگەڵ دانتی بە ھۆی ھەڵوێستی سیاسیان لە شارەکەی خۆیان وەدەرنراون. یەکێکی دیکە لەو شاعیرانەی کە دەورێکی باڵای لە بڵاو کردنەوەی ھەستی نەتەوەییدا بینی (پۆکاشیۆ) بوو..


بەڵام لەگەڵ ھەموو ئەوانەشدا ئەدەبی کلاسیک لە فەرەنسا پێگەیشت. شاعیری کۆشکی مەلیک (ھینری چوارەم)ی فەرەنسا (فرانسوا دو مالێرب ١٥٥٥-١٦٢٨ز) بە رابەری ئەو رێبازە لە قەڵەم دەدرێت، وەک چۆن ھەر یەک لە (کۆرنی ١٦٠١-١٦٤٨) شاعیر و درامانووس و (راسین ١٦٣٩-١٦٩٩) شاعیر و شانۆنامەنووس، دوو (قۆناغی جیاواز)ی ئەدەبی کلاسیک، لە فەرەنسا پێکدەھێنن... لێرەدا دەمەوێ لە نێوان شوێنی سەرھەڵدان و شوێنی گەشەکردنی ئەدەبی کلاسیک بڵێم ئەگەر ئیتاڵیا وەک شوێنی سەرھەڵدان، راستەوخۆ لە سەر لاساییکردنەوەی ئەدەبی گریکی وەستا بێت، ئەوە دەشێ وێڕای ئەو پرنسیبە بڕوامان بە جۆرێک لە جیاوازی و ھەڵبژاردن ھەبێت، ئەویش تێکەڵکردنی پرنسیبی عەقڵە بە پرنسیبی لاساییکردنەوە. بەو مانایەش ئەگەر چەمکی لاساییکردنەوەی ئەرستۆیی بنەما فەلسەفییەکانی رێبازی کلاسیک بەرھەم بھێنێت و بە شێوەیەکی گشتی خەسڵەتە ھونەرییەکانی پەیوەندی بە (روونی دەربڕین) و (تۆکمەیی پێکھاتەی رستە) و (رەوانبێژی شێواز)ەوە ھەبێت، ئەوە لە کۆی ئەو خەسڵەتانە، دەتوانین بایەخی (بابەت) و پشتگوێخستنی (خود) ھەڵبگرینەوە؟! بەڵام فەرەنسییەکان لە رێگای تێکەڵکردنی پرنسیبەکانی عەقڵ، ھەوڵیان داوە سنورەکانی ھەست و سۆز و خەیاڵ دەستنیشان بکەن، ھەر لەوێشەوە (راسین) دەڵێت: با بە (دڵ بیر بکەینەوە) و (بە عەقڵ ھەست بکەین) و (بە خەیاڵ دەرک بکەین).


بە کورتی ئەگەر ئیتاڵیەکان لە سەر رێبازی یۆنانییەکان جەختیان لە رێبازی کلاسیک کردبێتەوە، ئەوە فەرەنسییەکان بە لای ئەدەبی (لاتینی)دا شکاونەتەوە، ھەر لە سەر ئەو بنەمایەش دەشێ پەنجە بۆ خەسڵەتە ھونەرییەکانی ئەدەبی کلاسیک لای فەرەنسییەکان درێژ بکەین، کە خۆی لە زاڵبوونی (فۆرم) بەسەر (ناوەڕۆک)دا دەبینێتەوە، ھەموو ئەوەش جیاوازی نێوان تیۆری لاساییکردنەوەی ئەرستۆ و پرنسیبەکانی عەقڵمان نیشان دەدا!! لێرەوەیە (راسین) ھەوڵدەدا شانۆی لاتینی بنووسێتەوە، نەک (سۆفۆکلیس)ی گریکی.. بەڵام دەبێ لە بیرمان نەچێت، ئەو کاتە رێبازی کلاسیک لە ئەوروپا گەشەی کرد، کە لە ھەوڵی گەڵاڵەکردنی بەھا مرۆییەکاندا بوو، بەو مانایەش بەشێکی زۆری ناونانی ئەو ئەدەبە راستەوخۆ پەیوەندی بە بەھا مرۆییەکان و نەمرییەوە ھەیە، دواجار ھەر لەوێوە دەتوانین بڵێین ئەدەبی کلاسیک نە شوێن دەناسێ و نە کات و چینێکی دیاریکراوی کۆمەڵایەتی، بە دیوەکەی دیکەش رێبازی کلاسیک سەر بە گۆڕانکارییە گەورەکانی شارستانی و دنیای بیرکردنەوە و بوارەکانی ئابوری و کۆمەڵایەتی و سیاسییە.

__________________________________

بەشی هەژدەم: www.emrro.com/jargonhejde.htm    

بەشی شازدەم: www.emrro.com/jargonshazde.htm   

بەشی پازدەم: www.emrro.com/jargonpazde.htm  

بەشی چاردەم: www.emrro.com/jargoncarde.htm

بەشی سێزدەم: www.emrro.com/jargonsezde.htm

بەشی دوازدەم: www.emrro.com/jargondiwazde.htm  

بەشی یازدەم: www.emrro.com/jargonyazde.htm  

بەشی دەیەم: www.emrro.com/jargonde.htm

بەشی نۆیەم: www.emrro.com/jargonno.htm  

بەشی هەشتەم: www.emrro.com/jargonhesht.htm

بەشی هەفتەم: www.emrro.com/jargonheft.htm  

بەشی شەشەم: www.emrro.com/jargonshesh.htm

بەشی پێنجەم: www.emrro.com/jargonpenc.htm   

بەشی چوارەم: www.emrro.com/jargonciwar.htm  

بەشی سێیەم: www.emrro.com/jargonse.htm 

بەشی دووەم: www.emrro.com/jargondu.htm

بەشی یەکەم: www.emrro.com/jargonyek.htm

 

ماڵپەڕی عەبدولمتەلیب عەبدوڵا

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک