ژەهرخواردمان
دەکەن!

بەشدار
عهلی
لە شەوى 2 لەسەر 3ى 2/2008،لە ناحیەى قوشتەپەى نزیک پارێزگارى هەولێر
لە کەمپى کاوە خێزانێکى هەشت کەسى بەهۆى خراپى جۆرى سۆباو
نەوتەکەیانەوە ژەهراوى بوون و هەر ئەو شەوە حەوت کەسیان گیانیان لە
دەست دا و هەشتەمیشیان لەسەرەمەرگدایە،هەر دوایى چەند رۆژێکى تر لە
شەوى 5 لەسەر 6 ،خێزانێکى ترى سێ کەسى لە ناحیەى بنەسڵاوە بەهۆى خراپى
جۆرى سۆبا و نەوتەکەیانەوە بەداخەوە هەموو ئەندامانى خێزانەکەیان
ژەهراوى بوون و گیانیان لەدەىستدا.
لەهەموو شوێنێکى ئەو دوونیایە مردن و ماڵئاواى کردن هەیە،بەڵام لە هیچ
شوێنێکى ترى وەکو ئەو کوردستانە مەرگى ئینسانەکان ئەوەندە ئاسان
نەکراوە،رۆژنیە سەدان کەس بەهۆى خراپى رێگاوبان و شۆستە و نەبوونى
یاسایەکى هاتووچۆ لە شار و شارۆچکەکانى کوردستان گیان لەدەست نەدەن، ،رۆژ
نیە سەدان کەس بەهۆى نەبوونى دەرمان و پێداویستى تەندورستى و دکتۆرى
شارەزا لە شار و گوندەکانى کوردستان کۆتاى بە ژیانیان نەیەت،رۆژ نیە
سەدان خێزان بەهۆى نەبوونى پێداویستیەکانى ژیان و خزمەتگوزارییە
سەرەتاییەکان و ئامێرەکانى خۆپارێزى و بەرگرى ،رێگاى مەرگیان لێ نزیک
نەبێتەوە و کۆتاییان پێ نەیەت... .
هەرکارەسات و رووداوێک ئەگەر بەدەر لە ئیرادەى مرۆڤ و کاربەدەستان بێت
و هەوڵەکانیان لەم پێناوەدا دیار بێت، رەنگ بێت هەرچەندە رووداوو و
کارەساتێکى گەورە و جەرگ بریش بێت،ئەوەندە نیگەرانمان نەکات و
ویژدانمان ئازار نەدات،بەڵام کارەساتەکە لەوەدایە دەسەڵاتداران و
کاربەدەستان خۆیان رێگاى کورتکردنەوەى ژیان بە خەڵک نیشان دەدەن و
خۆیان هۆکارێکى سەرەکى ماڵوێرانیەکانن، ئەو خێزانانە دوایى چەندین
ململانى بەحاڵ کەلاوەیەکیان دەست کەوت و تیایدا نیشتەجێ بوون،لە
ساکارترین پێداویستیەکانى ئەو زستانە بێ بەش بوون سەرماى و سەختى زستان
تەنگى پێ هەڵچنیون وبەتانیەکى باش و سەرینێکى گەرم و دۆشەکێکى باشیان
لە ماڵەکەیان شک نەبرد و ناچار لە سەرمانا سۆباکانیان(کە یەکێک بوو لە
خراپترین جۆرى سۆبا لە هەموو دونیا کە نرخەکەى تەنها
5دۆلارە،)نەکوژاندەوە و ئەو چەند لترە نەوتەشى کە دەستیان کەوتبوو لە
جۆرە خراپەکەیەتى کە بەرپرسانى کوردستان ئیستا بازرگانى پێوە دەکەن
نەسوتابوو ، لە شیرینى خودا کە هەر دوو دوو،سێ سیانیان لەژێر پەرۆیەکدا
خەو بردبوویانەوە،گیانیان لەدەستدا و بۆ هەتایە چاویان هەڵنەهێنایەوە.
ئەگەر بەرپرسانى کوردستان ئۆزقاڵێک ویژدانیان هەبوایە دەبوایە دواى
روودانى ئەو کارەساتانە روویان نەهاتبایەوە بێنەوە ناو خەڵک.
ئەگەر ئەو خێزانانە و سەدان خێزانى تر کە رووداو و کارەساتى تر
چاوەروانیان دەکات شەوانە 5 سەعات کارەبایان هەبوایە ناچار نەدەبوون
ئەو جۆرە سۆبا و نەوتە خراپانە بەکاربهێنن،ئەگەر ئەو خێزانانە جل و
بەرگ و رایەخ و کەل وپەلێکى باشیان لە ماڵەکەیاندا هەبوایە بۆ
خۆگەرمکردنەوە و خەوتن، ناچار نەدەبوون بەدیار سۆبایەکى لە ژەهر و غاز
خەوبیانباتەوە و کۆتایى بە ژیانیان بێت،... .
ئاخر بە چ معیار و مقیاسێک ئەو جۆرە ژیان کردنە رەوایە؟ دەسەڵاتدارانى
کوردستان بە سامانى ئەو خەڵکە نوقم بوونە لە سەرمایە و ئەوەى بە خەیاڵى
مرۆڤەکاندا نایەت لە خۆشگوزەرانى لە نێو کۆشکەکانى ئەواندا بوونى
هەیە،هەزاران کەسیش لە نێو کەلاوەکانیانیاندا هەر سااتێک نا ساتێک
چاوەروانى مردن و گەورەترین کارەساتن!
رێگاى هەناسەدان ،رێگاى رزگاربوون لە موسیبەت و ماڵوێرانیەکان،رێگاى
کۆتاى هێنان بەم جۆرە کارەساتە جەرگ بڕانە،رێگاى دەست راگەیشتن بە
پێداویستیەکانى ژیان، تەنها و تەنها لە گرەوى نەمان و ئاوابوونى
دەسەڵاتى ئەو بەرپرسە دز و گەندەڵانەیە کە رۆژاەنە بە هەزار و یەک شێوە
لە هەوڵى کوشتن و کۆتایى هێنان و ژەهراوى کردن و خنکان و لەبرسان
مردنمانن بۆ ئەوەى خۆیان خۆشتر بژین و سەرمایەکانیان زۆرتر بکەن،رێگاى
تر و شێوازى ترى زۆر گیرایە بەر ،بەڵام هیچیان ئەنجامێکى نەبوو بۆیە
ئەوە رێگاى رزگاربوونە، هەموو خەڵکى کوردستانیش ئەو راستیە باش دەزانن
و ئەو رۆژانەش نزیکن.
Bashdar_net@yahoo.com
|