ژیلوان حەمەدى
یاریزان بۆ خولى یانە نایابەکان و هەڵبژاردەى سوید یارى دەکات.
ئەحمەد رەجەب
جارێکى تر باسى یاریزان و لاوى کورد ژیلوان حەمەد دەکەین کە بە هەوڵ و
راهێنان و کۆشش توانی پلەیەکى باش بەدەست بهێنێ و لە یانەیەکى فوتبۆڵ (تۆپى
پێ)پلە یەک بگاتە هەڵبژاردەى سویدو خولى یانە نایابەکانى وبۆ ماوەى
چوار ساڵ گرێبەستێک لە گەڵ یانەى بەناوبانگى سوید مالمۆ ئێف ئێف Malmö
FF ئیمزا بکات.
لە
نووسینێکى پێشتر بلاوکرایەوە سەبارەت بە ژیلوان بەم جۆرە نووسراوە:
لە شارى ئۆرەبروى ولاتى سوید تیپى FORWARD – BK یەکێکە لە تیپە
ناسراوەکانى ولاتەکەو هەمیشە وەک تیپەکانى تر هەوڵ وتەقالا دەدات بەرەو
پێش بروات و، یەکێک لە یاریزانانى لێهاتووى ئەو تیپە لاوێکى کوردى
خەڵکى رانیەى کوردستانە بەناو (ژیلوان) و، هەر کە گەیشتووەتە سوید لە
تەمەنى 6 ساڵیدا لەو تیپە یارى دەکات.
ساڵى 2006 راهێنەر رۆلاند لارشون 18 یاریزان تەمەن 16 ساڵى بۆ
یارییەکانى ئەوروپا کە لە گرێکلاند (یۆنان) لە 15 تا 21 سیپتەمبەرى ئەو
ساڵە بەرێوە چوو هەڵبژاردو، یەکێک لەوانە ژیلوان بوو، ئەمەش
پێناسەکەیەتى:
ناو : ژیلوان حەمەد (ژیلوان حەمە بچکۆل
ئەڵلاوێردى) ـ رانیە.
لە 6 /11/ 1990 لە دایک بووە.
بالاى 170 سانتیمەترە.
کێشى 66 کیلو گرامە.
شۆینى یارى کردن : ناوەراست و تەنیشتەکان (باڵەکان) و لە ماڵمۆ دەبێتە
هێرشبەر.
حەزو ئارەزووى : یاریکردنە بە پەلەو بەکارهێنانى تەکنیک.
لە بارەى ژیلوان راهێنەرەکەى دەڵێت : ژیلوان زۆر خیراو بە پەلەیە و
تەکنیکێکى باش بەکار دەهێنى و جۆرى یاریکردنى هەڵمەت بردنەو بە ئاسانى
پێش نیارانى دەکەوێت و شووتەکانى زۆر بە هێزن و هەموو کات ترس لە سەر
گۆڵى تیپى بەرامبەر دروست دەکات.
لە یارى نێوان هەڵبژاردەى سویدو هەڵبژاردەى سکوتلاندا لە 28/8/2006 دا
کە لە ولاتى ئیسپانیا بەرێوەچوو، پاش بەشداریکردنى ژیلوان و، لە ماوەى
دوو خولکدا دوو گۆڵى بۆ هەڵبژاردەکەى تۆمار کردو سویدى بردە قۆناغێکى
ترەوە، ئەو کات تەمەنى ژیلوان 16 ساڵ بوو، ئێستاکە لە (18) ساڵ نزیک
دەبێتەوە.
لە مێژەوە یانەى نایابى ماڵمۆ ئێف ئێف لە گەڵ یانەى فۆروارد لە
گفتوگۆدان بۆ راکێشانى ژیلوان بۆ یانەکەو، بۆ سەیرکردنى چۆنێتى
یاریکردنى ژیلوان هاسە بیریە Hasse Borg سەرۆکى وەرزش لە یانەى ماڵمۆ
هاتە شارى ئۆرەبرۆ کە خۆى لە بنەرەتدا دانشتووى ئەو شارەیە، هاتە
ئۆرەبرۆو، لە گۆرەپانى تایبەت بە تیپى فۆروارد ئامادە بوو ، پاشان
دەستخۆشى لێکردو پێخۆشحاڵ بوو.
پاش چەندین مانگ گفتوگۆکان لە نێوان تیپى فۆرواردو ماڵمۆ سەبارەت بە
چوونى ژیلوان حەمەد بۆ ماڵمۆ هەردوولا گەیشتنە ئەنجامێکى باش و، بریار
درا لە سەرى ساڵى نۆێ، واتە سەرەتاى ساڵى 2008 ژیلوان بۆ ماڵمۆ یارى
بکات.
چوونى ژیلوان لە تیپە پێشووەکەى بۆ تیپى فوتبۆڵى ماڵمۆ ئێف ئێف بە باشى
بەرێوە چوو، ژیلوان دەتوانێت وەک لاوێک زیاتر لە گەڵ یاریزانانى ماڵمۆ
پەرە بە شێوەى یارى و تەکنیکى یارى بدات و، بە باشى بەشدارى راهێنان
بکات و، خۆ ئامادەى بۆ بەرەو پێشچوون نیشان بدات.
تۆشتین مێدین (Torstin Medin) بەرپرسى فوتبۆڵ لە تیپى فۆروارد دەڵێت :
ئێمە لە تیپى پێى فۆروارد پێخۆشحاڵین یەکێک لە یاریزانانى تیپەکەمان
بچێتە خولى یانە نایابەکانى ولاتەکەمان، ولاتى سویدو، ئەوەش باشترین
نیشانەو بەڵگەیە بۆ ئێمە، کە توانیومانە لاوێک وەک ژیلوان حەمەد
پەروەردە بکەین، گەورەترین بەڵگەیە بۆ سەرکردەو راهێنەرى تیپەکەمان،
هیوادارین ژیلوان زیاتر بە خۆیدا بچێتەوەو، کەمو کوۆییەکان بدۆزێتەوەو،
پەرە بە وزەو تواناکانى بدات و، بەرەو پێش بروات.
لە 9 ى نۆڤمبەر (تشرینى دووەم) یانەى ماڵمۆ توانى سەرکەوتن بەدیبهێنێت
و لە گەڵ یانەى فۆروارد رێکەتن مۆر بکات و، یاریزانى لاوو، خاوەن
بەهرەو ئەزمون و بە توانا ژیلوان حەمەد بهێنێتە ریزى یانەکەو، بەو پێیە
هەردوولا یانەى ماڵمۆو ژیلوان گرێبەستیان بۆ ماوەى (4) چوار ساڵ ئیمزا
کرد.
لە هاوینى رابردوو بۆ چەند رۆژێک ژیلوان چووە ماڵمۆو، لە گەڵ تیپى
ماڵمۆ دەستى بە راهێنان کردو، دیارە یانەکە لە هەموو روویەکەوە سەیرى
یارى ئەم بەهرەمەندە بە توانایە کردووەو، پاشان رەزامەندییان
پیشانداوەو، ژیلوانیان بردووەتە لاى پزیشکى تایبەتى تیپەکە بۆ ئەوەى لە
بارى تەندروستى ئەم وەرزشوانەو تواناى لەش ساغى زانیارى وەربگرن و،
دڵنیا بن و، لە ئایندە تووشى گێچەڵ نەبن و، خۆشبەختانە ئەنجامەکان باش
بوون و، هیچ گرفتێک لە لەشى وەرزشوان و یاریزان ژیلوان نەبوو.
توشتین مێدین لە بارەى ژیلوانەوە دەڵێت :
ژیلوان (22) یارى بۆ پلەى یەکەمى یانەکەمان، پلە (ئا A) کردووەو، لە
(16) یاریدا لە سەرەتاوە بەشدار بووەو، توانیویەتى (8) گۆڵ تۆمار بکات.
ژیلوان وەک هەموو بەرپرسەکانى هەڵبژاردەى تیپى سویدو بەرپرسى یانەکان
باسى لێوە دەکەن، مرۆڤێکى هێمن و لە سەر خۆیەو، لاوێکى رەوشت بەرزو،
گۆی رایەڵەو، ژیلوان لە بارەى گرێبەستەکەى دەڵێت :
گرێبەستەکەم بۆ ماوەى (4) ساڵە کە لە گەڵ تیپى بناغەیى (ئەساس) تیپى (ئا
A) یارى بکەم و، هیوادارم شانسم هەبێت و، لە وەرزى داهاتوودا بە باشى
یاری بکەم.
لێرەدا پێویستە ئاماژە بەوە بدەێن کە یاریزانانى ناسراو {زەلاتان
ئیبراهیمۆڤیچ لە تیپى نایابى ئەنتەر میلانى ئیتالیا و مارکۆس رۆسنبێریە
لە تیپى نایابى ڤێردە برێمن لە ئەڵمانیا} یارى دەکەن لە تیپى نایابى
ماڵمۆ ئێف ئێف دەستیان بە یاریکردن کردو بوونە ئەستێرەى بەناوبانگى
یانەکانى دونیا، هەر لەم رووەوە ژیلوان دەڵێت :
ماڵمۆ سەکۆیەکى باشەو بناغەیەکى بتەوە بۆ ئەوەى یاریزانان روو لە
ئەوروپا بکەن و، منیش بە هیوام ببم بە یەکێک لەو ئەستێرانەو، زۆریش
هەوڵ دەدەم.
هاسە بۆریە پێخۆشحاڵە کە توانى لە بازارى (شارە کۆنەکەى، شارى ئۆرەبرو)
یاریزانێک وەک ژیلوان حەمەد بدۆزێتەوەو، بیباتە (شارە نۆێەکەى، شارى
ماڵمۆ)..
ئیزگەکانى رادیۆى سویدو کەناڵە جۆراجۆرەکانى تەلەڤزیۆن و چەندان
رۆژنامەو دامودەزگاکانى میدیا چاوپێکەوتنیان لە گەڵ ژیلواندا کردوەو،
ئەمەش هەنگاوێکى باش بوو، بۆ ناساندنى ئەم لاوە کوردە بە کۆمەڵگاى سوید..
پاش بیرکردنەوەیەکى قووڵ و دوورو درێژ خاوەن بەهرەو یاریزانى بە توانا
ژیلوان بریاریداو، ئامادەیى بۆ یانەى نایابى سویدى ماڵمۆ ئێف ئێف
نیشاندا.
ژیلوان خاوەن تەکنیکێکى باشەو هێرشبەرێکى ترسناک و بە تواناو لێهاتووەو،
بۆ ماوەى (4) ساڵ بۆ ئەم یانەیە یارى دەکات.
ژیلوان لە گەڵ تیپى فوتبۆڵى ( هەڵبژاردەى سوید) چەندین یارى کردووەو
رۆڵى باش و سەرەکى لە پێشخستنى تیپەکە بینیوەو گۆڵى تۆمار کردووەو، بۆ
نموونە لەم ولاتانە یارى کردووە: یۆنان، ئیسپانیا، دوو جار لە کۆمارى
چیک. ژیلوان سەرەراى تواناو زانیارییەکانى لە تیپى هەڵبژاردەى سوید،
ئارەزوومەندو کامەرانە لە گەڵ تیپى ماڵمۆ یارى بکات و، ئەوەش بە ئاوات
و خواست لە قەڵەم دەدات و، دەڵێت :
بە هیچ شێوەیەک رارانیم و تەنها چاوەروانى ئەو (کەسە بەرێزەم) کە ئەرکى
کارەکانم لە ئەستۆیەتى و پێهەڵدەستێت، چاوەروانى هەواڵى ئەوم و،
دەتوانم بەو کەسە بڵێم : خاوەنەکەم. ( هەر یاریزانێکى بە ناوبانگ کەسێک
دەبێتە بەرێوەبەرى کارو ئەرکەکانى لە کرین و فرۆشدا)..
لە کۆتاییدا بە پێویستى دەزانم رەخنە لە براو هاورێى خۆشەویستم بەرێز
کاک (تەها بەروارى) وەزیرى وەرزش ولاوان بگرم، چونکە لە کاتی دابەش
کردنى خەلات بە سەر لاواندا لە سوید، بەهرەمەندو یاریزانى کوردو
بەناوبانگى ولاتى سوید (ژیلوان حەمەد) فەرامۆش کرابوو، نازانم
خەلاتەکان بە کێ درابوون؟.
18\12\2007
|