٢٠\٣\٢٠١٣
''ژمارە و
رەنگەکان''ی پەسار فایق بەرھەمێکی نوێی شیعری کوردییە.
مەنسوور
جیهانی
"ژمارە
و رەنگەکان" کتێبێکی نوێی شیعرییە و یەکەمین بەرھەمی شاعیری لاو پەسار
فایقە وەک کتێب، لە ئێستادا لە بازاڕی کتێب فرۆشانی ھەرێمی کوردستان
دەست دەکەوێت و ئەزموونێکی ژمارەییە لە بواری شیعر نووسیندا.
پەسار فایەق لە بارەی ئەم بەرھەمە شیعرییەوە رایگەیاند: "ئەم کتێبە
یەکەم بەرھەمی شیعریی چاپکراومە، شیعرەکان لە نێوان ساڵانی ٢٠٠٣- ٢٠١٢
نووسراون و بەشی زۆریان لە رۆژنامە و گۆڤار و ماڵپەڕەکانی ھەرێمی
کوردستان بڵاوکراونەتەوە، ھەندێکیشیان لە بۆنە و کۆڕی جیاجیادا
خوێندراونەتەوە".
گوتیشی: "چوار ساڵ پێش ئێستا، لە خەیاڵمدا ناونیشانی "ژمارە و
رەنگەکان"ـم بۆ یەکەم کتێبی شیعریم ھەڵبژاردبوو، بۆ ئەوکاتەی کە چاپی
دەکەم، ئێستا و دوای ئەم چوار ساڵە بیروبۆچوونەکانم نەگۆڕاوە و وا
ناونیشانەکەم خستەسەر یەکەم بەرھەمی شیعریم".
ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد: "ھەڵبژاردنی ئەم ناونیشانە دوو ھۆکارە، یەکەم؛
ئەگەر لە ڕووە فەلسەفییەکەوە سەیر بکەین، بە تێڕوانینی من ھەموو ژیان
لە ژمارە و رەنگ پێکھاتووە، ھەر کاتێک ئەمانە نەبن ژیان نابێ، تۆی
خوێنەر و منی نووسەر ژمارەین، ئەمجارەیان من و تۆ رەنگین، کەواتە ژمارە
و رەنگ ژیانە".
روونیشی کردەوە: "ھۆکاری دووەم ئەوەیە؛ ھەمیشە حەزم کردووە وێنە بکێشم،
بەڵام لەم کارەدا سەرکەوتوو نەبوومە، بگرە لە وێنەکێشاندا زۆر نا
بەھرەمەند و دەست و پێی سپیم، لێرەوە لە دەقەکاندا ھەم رەنگ دەبینی و
ھەم ژمارە، دەمەوێ ئەوە بڵێم من بۆ خۆم ناوم لەو شیعرانەم ناوە (شیعری
ژمارەیی)".
کتێبی "ژمارە و رەنگەکان" لە (٩٦) لاپەڕەی قەبارە ناوەندا لە لایەن
مەڵبەندی گشتیی یەکێتیی نووسەرانی کورد چاپ و بڵاوکراوتەوە و کاری
دیزاینی بەرگ و ناوەوەی لە لایەن دیزاینەر ئەبوبەکر عەبدوڵڵا
ئەنجامدراوە.
تیراژی ئەم کتێبە (٥٠٠) دانەیە و لە چاپخانەی رۆژھەڵات لە شاری ھەولێر
لە ھەرێمی کوردستان چاپ و بڵاوکراوەتەوە.
مەڵبەندی گشتیی یەکێتی نووسەرانی کورد، بە پاڵپشتی سەرۆکایەتی حکومەتی
ھەرێمی کوردستان لە کۆتایی ساڵی رابردوو و تا ئەمساڵ و بە دوو قۆناغی
جیاواز، چەندین کتێبی بە چاپ گەیاندووە و چەندین دیدار و فێستیڤاڵی
ئەدەبی لە شار و شارۆچکەکانی ھەرێمی کوردستان ساز کردووە.
پەسار فایەق لە ساڵی ١٩٨٢ لە شارۆچکەی خەبات سەر بە پارێزگای ھەولێر لە
دایک بووە و خەڵکی شارۆچکەی ئاکرێیە، ماوەی (١٥) ساڵە شیعر بە زمانی
کوردی و عەرەبی دەنووسێ.
ئەم شاعیرە لاوە بەشداری لە چەندین فێستیڤاڵ و کۆڕ و چالاکیی ئەدەبیدا
کردووە، لە خولی ١٣ـەمینی فێستیڤاڵی گەلاوێژ لە شاری سلێمانی خەڵاتی
سێیەمی شیعری وەرگرتووە، لە ساڵی ٢٠٠٧ـدا لە شاری ھەولێر، ھەمان خەڵاتی
لە فێستیڤاڵی ئەدەبی نەورۆز وەرگرتووە، لە ساڵی ٢٠١٣ لە لایەن
بەڕێوبەرایەتیی چالاکیی وێژەیی لەگەڵ (١٨) شاعیری دیکە خەڵاتکراوە.
دوایین چالاکیی، بەشداریکردن بوو لە دیداری شیعریی نەورۆز کە یەکێتیی
نووسەرانی کورد لقی دھۆک لە شاری دھۆک بۆ ٢٠ شاعیری کوردستان، ئێران،
تورکیا، سوید و میسر سازیکرد، تێیدا چەند دەقێکی شیعریی خۆی خوێندەوە.
ماڵپهڕی مهنسوور جیهانی
|