١١\١\٢٠١٤
ژنانی کارگوزار لە
کوردستان و بارودۆخیان.

لاوژە ماهیە
ئەوەی، کە من دەمەوێت لەسەری بدوێم دیاردەی خزمەتکاریە لە ماڵان و
پەرەسەندنی ئەم کەلتورەیە لە لایەن ماڵە دەوڵەمەندەکانەوە، ھێنانی
ژنانی کارگوزار لە وڵاتانی باشوری ئاسیا وەک فلیپین، نیپاڵ، مالیزیا و
چەندین وڵاتی ترو بەکارھێنانی وەک و کارگوزار لە ماڵاندا، دیارە ئەم
دیاریدەیە پێشتر لە وڵاتانی کەنداو بوونی ھەبووەو ھەر ھەمان
کۆمپانیاکانن کە ئەم دیاریدەیان ھێناوە بۆ عیراق و کوردستان.
بەپێی چەند سەرچاوەیەک تەنھا لە سلێمانی ٢ ھەزار زیاتر کارگوزار ھەیەو
ئەم ژمارەیە لە ھەولێر زۆر زیاترە. ئەم ژنانە لە کوردستان رووبەڕوی
کێشەی زۆر دەبنەوە. لە راپۆرتێکمدا سەبارەت بە بارودۆخی کرێکارانی
ھاتوو بۆ کوردستان کە بۆ سایتی ھاوپشتی بەبۆنەی ١ی ئایار ڕۆژی جیھانی
چینی کرێکارەوە ئامادەمکردبوو، گفتوگۆم لەگەڵ کچێکی کارگوزار کردبوو کە
لە شاری کۆیە لە ماڵێکدا کاریدەکرد بەناوی جوبی ئیشارەتی، کە دەیوت من
شەنسم ھەیە لە ماڵێکدام کە زۆر باشن لەگەڵم، ھەرچەندە من بۆ یەک ماڵ
دەبێت کار بکەم بەڵام کاری دوو ماڵم پێدەکەن و منداڵم پێ پەروەردە
دەکەن، بەڵام واش من مەمنونم ئەوان وەک کچی خۆیان سەیرم دەکەن،
جلوبەرگو پێڵاوم بۆ دەکڕن و تەنانەت پارەی کارتی تەلەفۆنیشم بۆ دەدەن
کە ھەفتەی جارێک لەگەڵ کەسو کارم قسە بکەم. بەڵام ئەوانەی کە وەک منن
زۆر دەگمەنن، بەشێک لە ھاوڕێکانم کە وەک من لە ماڵان کار دەکەن وەزعیان
زۆر خراپە بۆ یەک ماڵ بردراون کاری چەند ماڵێکیان پێدەکەن، عەزێتیان
دەدەن، قسەی ناشیرینیان پێدەڵێن، ناھێڵن دەست لە خواردن دروستکردن بدەن
دەڵێن ئێوە پیسن، ئەوانەی کە موسوڵمان نین بەزۆر دەیانکەن بە موسڵمان و
ھەندێک جار حیجابیان پێدەکەن.
دیاریدەی گێچەڵ و دەستدرێژی سێکسیش لەگەڵ ھەندێکیان بەکارھاتوە. ئەوان
زمان نازانن کەس ناناسن ناتوانن شکات بکەن، چەند جارێک لەلایەن خاوەن
ماڵەکانەوە ھەڕەشەیان لێدەکەن و دەڵێن ئەگەر قسە بکەن لای کەس ئەوە
شکاتان لێدەکەین و بە تۆمەتی دزی دەتانخەینە زیندان.
ھیچ رێکخراوو شوێنێک نیە دیفاع لە ئێمە بکات و لە ئێمە بپرسێتەوە، لێرە
وەک کۆیلە ئێمە بەکاردەھێندرێین. لە زۆر شوێن و زۆر جار ھاوڕێکانم
ناچار کراون بە کاری لەشفرۆشی، بەناوی کاری تر ئێمە ھێندراوین بەڵام
زۆر جار واقیعەتێکی تر دەبینین.
ئێمە عەقدمان لەگەڵ خاوەن کارەکانمان ھەیەو ناتوانین تەنانەت شوێنی
کارەکانمان جێ بھێڵین. زۆربەمان لە ماڵەکاندا شوێنی تایبەتی
ئیسراحەتمان نیە دەبێت لە متبەخی ماڵەکان بە سەرماو گەرما بخەوین. وەک
وتم ئەوانە کەمن کە شەنسی منیان ھەیە، ئەم ماڵە ئەوەندە باشن لەگەڵ من
و قسەم لەگەڵ دەکەن بۆیە توانیومە کوردی فێربم.
ئەم کرێکارە ھاتووانە کە دێنە کوردستان لەلایەن کۆمپانیاکانەوە
پاسپۆرتەکانیان لێ زەوت دەکرێت و ھەر ٦ مانگ جارێک ئیقامەی کارکردنیان
پێدەدەنەوە. بەپێی وتەی ئەم کرێکارانە خۆیان زۆربەیان لە خراپترین
بارودۆخدا ژیان دەبەنە سەرو ھیچ ماف و بەرگریەکیان نییە.
تەنانەت ھەندێکیان ڕوبەڕوی دەستدرێژی سێکسی دەبنەوە! لەلایەن خاوەن
ماڵەوە ھەڕەشەی ئەوەیان لێدەکرێت ئەگەر باسی ئەو ھەموو فشارو
دەستدرێژیە بکەن بەتۆمەتی دزی دەیانخەنە زیندانەوە.
رۆژی یەکشەمە ڕێکەوتی ٢٢-١٢-٢٠١٣ کچێکی نیپاڵی بەناوی (داوا لاما)
بەھەڵواسراوی دەدۆزرێتەوە، بەپێی وتەبێژی پۆلیسی سلێمانی لاما تەمەنی
٢٤ ساڵەو ماوەی سێ مانگە لە یەکێک لە ماڵەکانی سلێمانی کاریکردوەو خۆی
دەستی بۆ خۆکوشتن بردوە.
سەبارەت بەم روداوە بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی بەکارخستنو راھێنانی
پیشەیی سلێمانی ئاسۆ نەجمەدین فەتاح بە ئاوێنە نیوزی وتووە کە ئەوانیش
وەکو لایەنێکی پەیوەندیدار بە ژیانو گوزەرانی کرێکارانی بیانی
لێکۆڵینەوەیان لەروداوەکە کردوە بەپێی بەدواداچونەکانی ئەوان رۆژێک پێش
روداوەکە (لاما) نانی نەخواردوەو خەفەتبار بووە.
ھەروەھا ئەوەی وتووە کە ئەوان لیژنەیان ھەیەو ھەر دوو ھەفتە جارێک
سەردانی ئەم کارگوزارانە دەکەن لە ماڵەکان و ٦ مانگ جارێکیش بەجیا قسە
لەگەڵ خاوەن ماڵ و کرێکارەکان دەکەن! بەڵام وادیارە ئەوان زۆر بە جدی
نەچونەتە ناو کێشەکانیان و لە ھیچ شوێنێک ئیشارەتیان بەوە نەداوە کە
ئەم کچانە لەژێر چ ھەڕەشەو فشارێکدان و بەھۆی زەوتکردنی
پاسپۆرتەکانیانەوە ناتوانن ھەرێم بەجێبھێڵن، ھیچ مدافعێکیان نییە لە
کاتێکدا کە تۆمەتێک بخرێتە پاڵیانەوە یاخود لە کاتێکدا کە دەستدرێژی
دەکرێتە سەریان یاخود دووگیان دەکرێن ھیچ مافێکیان ھەبێت.
پێویستە رێکخراوەکانی کرێکاران و ژنان بەجدی بەرگری لەم ژنانە بکەن و
کار لەسەر کەیسی ئەم کرێکارانە بکەن و بەپێی یاسا مافیان بسەپێندرێت و
لیژنەیەک لەو ڕێکخراوانە ئامادەبن لە کاتی ئیمزاکردنی عقد لەنێوان
خاوەن ماڵ و کۆمپانیاکان و لەکاتی ھاتنە پێشەوەی کێشەدا دیفاع لەو
ژنانە بکەن.
رێگا بە دامودەزگای بەرپرس نەدەن کە وا بەئاسانی تەنھا بەناوی ئەوەی کە
بێتاقەتبووەو خۆی کوشتوەو یەکلایەنە بەڵگە داتاشێت و بەوپەڕی بێ
دەربەستیەوە کەیسەکە دابخات.
دەبێت لێکۆڵینەوە لەوە بکرێت کە بۆ خۆی کوشت؟ پاڵنەرەکانی پشتی چیبوو؟
ئایا ئەوە بەسە کە دەڵێن پرسیارمان لێکردوە وتویەتی بێتاقەتی دایکمم؟
دەبێت لێکۆڵینەوەی جدی لە کەیسی لاماو ئەم ژنانەی تر بکرێن و نەھێڵدرێت
چیتر ئینسان بەم شێوەیە ھەڵسوکەوتی لەگەڵ بکرێت و وا بەئاسانی کەیسەکەی
دابخرێت.
ماڵپەڕی
لاوژە ماهیە
|