په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٧\١١\٢٠١٤

ژنانی رێکخراو گەورەترین هێزن!

 

      بەسێ هۆزان

وه‌رگێڕانی: رێبوار  

توندوتیژیی دژ بە ژنان و شارستانیەتی پیاوسالاری کولتورێکە کە مێژۆکەی دەگەڕێتەوە بۆ ٥ هەزار ساڵ پێش ئێستا ، ئەم کولتورەش لەگەڵ بە کۆیلەکردنی ژنی ئازاد دەست پێدەکات و ئەمەش بەسەر هەموو چینەکانی تری کۆمەڵگادا بڵاوەیان پێکراوە ، کۆمەڵگایەک کە ژنانی کۆیلە کرابێت خورسکی هاوتەبایی و ئازادی لە سروشتی خۆیدا وون دەکات و دەکەوێتە ناو قۆناغی لەڕێلادان ، هەربۆیە ژنان بە چاوێکی کەم لێی دەروانرێت و لە ناسنامەی خۆی نامۆ دەکرێت و لە هەموو پێکهاتەکانی ژیاندا پەراوێز دەکرێت، هەتا ژنان پەراوێز بکرێت واتا و حەقیقەتی ژیان لەدەست دەچێت و دەڕزێت.


بەدرێژایی مێژوو سەرچاوەی هەموو ئەو کێشانەی لەناو کۆمەڵگادا سەریان هەڵداوە ناکۆکی ڕەگەزایەتییە کە ئەمەش راستیەکی حاشاهەڵنەگرە، دەسەڵاتی پیاوسالاری کەخۆی بەستۆتەوە بە سیستەمی بە کۆیلەکردنی ژنانەوە هەرئەو پیاوسالارییەش سیستەمی دەوڵەتی بۆ جیاوازی چینایەتی خولقاندووە و لەدوای ئەو قۆناغەشدا قۆناغی میللەتگەرای و دینداری و زانایی و مەزهەبگەراییان خولقاندووە ، ناکۆکی دوانەی پیاوسالاری و ژنی کۆیلە کراوە بە ئایدۆلۆژیەکی دەسەڵات و ئەمەش لەناو کۆمەڵگادا بۆتۆتە هۆی دروستبونی برینێکی زۆر، سیستەمی ژن هی پیاوە .. مرۆڤ خاوەنی مرۆڤە ئەم ڕێسایە دەبێتە هۆی دروستبوونی کۆمەڵگایەکی گورگ ئاسا لەناو کۆمەڵگادا ، ئەم کولتوری دەسەڵاتی پیاو و ودەوڵەتە دەبێتە هۆکار کە کۆمەڵگاش ببێتە دوژمنی ژن ، دەتوانین بڵێین بناغەی نەخۆشی ژێرپەنجەی کۆمەڵگا بەو شێوەیە دێتە ئاراوە.


ئەگەر لەناو کۆمەڵگایەکدا توندوتیژیی لەهەمبەر ژنان بە مەشروعییەت کرابێت و بە کردارێکی سروشتی لێی بروانرێت کەواتە ئەم کۆمەڵگایە کۆمەڵگایەکی نەخۆشە ، جگە لەم نەخۆشییەش دەتوانین بڵێین کۆمەڵگایەکی مردووە ، پیاوسالاری لەگەڵ کوشتنی ژنی هاوچەرخ کۆمەڵگاشی کوشتووە ، بە کۆیلایەتیکردن مەترسیترین شێوازی کوشتنی کۆمەڵگایە ، هەناسەهەڵکێشانی زیندەوەرە هەرە بەنرخەکانی وەک مرۆڤ و کۆمەڵگا بەواتای ئەوە نایات کە لە ژیاندان ، ژیان پێویستی بە ئازادییە ، بەڵام دەبینین لەدونیادا هەرکاتژمێرێک یاخود هەرخولەکێک ژنێک دەکوژرێت یاخود خۆی دەکوژێت یان روبەرووی توندوتیژیی دەبێتەوە یان دەستدرێژی سێکسیان بەرامبەر دەکرێت یان دەفرۆشرێن ، لە ڕۆژهەڵاتی ناوین لەم بارەیەوە تابلۆیەکی زۆر ترسناک روبەرومان دەبێتەوە ، سیستەمی دەسەڵاتی پیاوسالاری لە هەرێمەکەدا یەکێ لەو فاکتەرانە کە سیستەمەکەیان دەخاتە بواری ژیانەوە داعشە کە کۆمەڵکوژی سەر ژنان ئەنجامدەدات ، داعش بەهەزارەها ژنانی ئێزیدی و بەسەدان ژنانی ئاسوری و سریانی و تورکمان و فەیلی کوشتووە ، دەستدرێژی سێکسیان لەگەل هەزارەها ژندا کردووە بە هەزارەها ژنیان لە گۆرەپانی کۆیلەکاندا کە خوڵقاندنی خۆیانە هەراج کردووە تاکو ئیستاش بە هەزارەها ژن لەژێر دەستی داعشدایە.


کاتێک داعش بەشێوەیەکی مەترسیدارانە ژنان دەکوژێت لەهەمانکاتدا لە تورکیا پارتی دادو گەشەپێدان (ئاکاپە) کە هاوپەیمانێکی داعشە هەمان سیاسەت لە تورکیا و باکوری کوردستان ڕچاودەکات بەڵام بەشێوازێکی تر ، توندوتیژیی سەرژنان لە قۆناغی دەسەڵاتی ئاکاپەکەی ئەردۆغاندا چەندین قات زیادی کردووە ، ئاکاپەیەک کە دوژمنی ژنانە هەموو شێوازێکی توندوتیژیی بەرامبەر بە ژن بەکاردەهێنێت، ئاکاپە لە تورکیا و هەرێمەکەدا بە شێوەیەکی سەرسوڕمانە پاشڤەڕۆیی مەزن و بەهێز کردووە ، بە ئاستێکی بەرز پەرەی بە سیاسەتی پاراستنی ڕەگەزی نێرینە داوە و کولتوری توندوتیژیی دژ بە ژنان پەرەپێدەدات، ئاکاپە بە شێوەیەکی روون و ئاشکرا پاڵپشتی بەکارهێنانی توندوتیژیی پیاوان و دەوڵەت دەکات ، حکومەتی ئاکاپە سیاسەتێکی فراوانی دژ بە ژنان بەکارهێناوە و تەنانەت دەستی خستۆتە ناو کاروباری تایبەتی ژنانیشەوە ئەردۆغانێکان بڕیار دەدەن کە ژن چەند منداڵ بخاتەوە ، منداڵ لەبارچونیان قەدەغە کردووە ، ئەو ژنانەی کە دڕژێنە سەرشەقام یان ئەوانەی بەرخودان دەکەن کوشتنیان حەڵاڵ کراوە ، ئیشکەنجەدانی ژنان و دەستگیرکردنیان کارێکی ئاساییە، دژ بە دەسەڵاتی ژنان هەربۆیە ڕێگرن لە سیستەمی هاوسەرۆکایەتی ، لەم دوایانەشدا سەرۆک کۆماری تورکیا ئەردۆغان ووتی (یەکسانی لە نیوان سروشتی ژن و پیاودا نییە) بەم شێوەیە لەسەرتارزێکی جیاوازتر لە داعش بەرامبەر بە ژنان دوژمنایەتی دەکەن ، ئاکاپە پەرەی داوە بە سیاسەتی شەڕی تایبەت بە کۆمەڵکوژیکردنی ژنان ئەمەش ئەوە دەسەلمێنێت کە دەستبەرداری ئەم دژایەتی کردنەی ژنانیش نابێت.


ئەمڕۆ ژنانی کورد دژ بە ٣ سوچکەی سیستەمی پیاوسالاری و داعش و سیستەمی پیاوسالاری ئاکاپە دەجەنگێت ، ئەمڕۆ لە شەنگال و کۆبانێ و تورکیا و باکوری کوردستان و ڕۆژهەڵاتی ناوین و لە زۆر شوێنی جیهاندا لە بەرامبەر سیاسەتی کۆمەڵکوژی ژنان ژنی کورد شەڕێکی شکۆمەندارە بەڕێوە دەبەن ، بەرزبونەوەی ئاستی تێکۆشانی مرۆڤایەتی بەڕێبەرایەتی ژنانی کورد هەموو شوێنێکی ڕووناک کردۆتەوە و بوونە بە قەڵغانی بەرخودان ، دەبینین ئەمڕۆ ژنانێکی زۆری عەرەب و تورک و ئەوروپایی بەشداری ناو ڕیزەکانی بزووتنەوەی ڕزگاری ژنانی کوردستان دەبن ، لەوانەیە هەندێک کەس بڵێن ئەوەندەش نا بەڵام لەناخەوە دەتوانم بڵێم لەهەر چینێکی ژناندا دەتوانرێت سوپایەک پێکبهێنرێت ، لەناو بزووتنەوەی ئازادی ژناندا بەشداربونێکی بێژمارە لەئارادایە وەهەریەک لەو بەشداربوانانەش دەیانەوێت لە بەرگریەکاندا بچنە ڕیزی هەرەپێشەوەی بەرەکانەوە ، لە ڕۆژهەڵاتی ناوین و جیهانیشدا ڕێکخراوێکی زۆری ژنان پەیوەندی و هاوپەیمانی لەگەڵ بزووتنەوەی ژنانی کوردستاندا دەکەن ، هێزی تێکۆشانی ڕێکخراوی ژنانی کورد کاریگەری کردۆتەسەر ژنان و چینەکانی تری ناو کۆمەڵگا ، دەبینین ئەمڕۆ ژنانی ئاسوری و سوریانی یەکینەکانی پاراستنی ژنانی خۆیان پێکدەهێنن.


ژنانی ئێزیدی و کاکەییەکان بۆیەکەمجارە کە هێزی پاراستنی خۆجێی خۆیان دروست دەکەن ، لە هەرێمەکەدا بەشێوەیەکی سەرسورێنەر و بەرچاو بەڕێکخستنی ژنان بەدیدەکرێت ، هەموو ئەمانە گۆڕانکاری مێژووین ، ئەمەش ئەوەدەگەهێنێت کە ئەم سەدەیە سەدەی ژنانە ، ژنانی کورد ئەوەیان سەلماند کە بەهێزترین ژن ژنانی بەڕێکخستنە ، کاریگەرترین تێکۆشان بەرامبەر بە بەرەنگاربونەوەی توندوتیژیی دژ بە ژنان ژنانی کوردە کە بە ڕێکخستنی خۆجێی و لەسەر بناغەی هێز و ئیرادەی خۆجێی خودی خۆیان بە پراکتیک ئەمەیان سەلماند ، ئەگەر ژنان دەیانەوێت ڕێ لە توندوتیژیی بەرامبەر بە خۆیان بگرن کە بێگومان دەیانەوێتیش پێویستە خۆیان لە بوارەکانی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابوری و بەرگریی خۆجێی خۆیان پتەوبکەن و بنەمای بە ڕێکخستن و خۆ بەهێزکردن بە بناغە بگرن هەروەها ئەگەر ژنان لە هەموو بوارەکانی ژیاندا خۆیان بە ڕێکخستن بکەن و یەکینەکانی خۆیان پێکبهێنن هیچ پیاوێک و دژواری دەوڵەتیش ناتوانێت بیانچەوسێنێتەوە و بیانکوژن ، ژنانی کوردیش ئیسپاتی ئەم ڕاستیانەن ، ژنانی کورد نەک تەنها تورکیا و سوریا بەڵکو لە هەموو هەرێمەکەدا گرنتی دیموکراسی و ئازادین ، بۆ وەرچەرخانێکی نوێ لە ڕۆژهەڵاتی ناوین هێزی هەرە پتەو و خۆڕاگر و کاریگەر ژنانی کوردە ، لەبارەی ژنی کورد ڕێبەر ئاپۆ دەڵێت ( ژنانی کورد دەتوانن ڕێبەرایەتی بۆ ژنانی هەرێمەکە بکەن ) کەواتە ژنانی کورد دەتوانن ببن بە هێزێک بۆ بە دیموکراتیزەکردن و گۆڕانی بیرۆگرافی هەرێمەکە.


ئەو ڕێگایەی کە کۆتایی بە توندوتیژیی سەر ژنان دەهێنێت دروستکردنی کۆمەڵگایەکی ئازاد و پێکهێنانی سیستەمی دیموکراتییە، ئەو هێزەی کە دەتوانێت ئەمانەش دەستەبەربکات تێکۆشانی ژنانی بەڕێکخستنە.

___________________________
سەرچاوە:
www.yeniozgurpolitika.org/index.php?rupel=nivis&id=704

 

ماڵپه‌ڕی رێبوار

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک