١٩\٥\٢٠١٦
ژنان لە پێگەی راستەقینەی خۆیان
دوورخرانەتەوە.

ناودار زیاد
هەروەکو لەکۆنەوە گوتراوە مرۆڤ نیوەی نێر و نیوەکەی دیکەی مێیە. واتا
چ ژن و چ پیاو هەریەکەیان بەتەنهاو بەسەربەخۆیی و دوور لەوی دیکەیان
نیوەو ناتەواوە. هەر هەوڵێک و لەژێر پەردەی هەر پاساوێکداو
بەئەرگیومێنتی هەر بیر‌و باوەڕو گریمانەو شیمانەیەک بەمەبەستی دابڕین و
ترازان و کەلێن خستنە نێوان ڕەگەزی مێ و نێرەوە ناسروشتی و نالۆژیکییە.
بەڵگەنامە مێژووییەکان و پاشماوەو دۆزینەوە ئارکیۆلۆجییەکان ئەو
ڕاستییە نیشان ئەدەن لەبەرەبەیانی شارستانییەت و مێژووی مرۆڤایەتیدا
ژنان پێگەو ڕۆڵیان لەپیاوان زیاتر بووە، لەپاوان و ناوەندەکانی
دەسەڵاتداریەتی و بەڕێوەبردندا خاوەن بڕیاربوون، هێزیان لەپیاوان
زیاتربووە، بەپیرۆز تەماشاکراون و پەرستراون، وەک چۆن ڕێز لەسروشت و
زەوی گیراوە بەهۆی ئەوەی سەرچاوەی بەروبووم و پیت و فەڕو ڕزق و ڕۆزی
بووە ئاوهاش نرخ و سەنگیان بۆ ژن داناوە چونکە وەچەی خستۆتەوە، هێلانەی
هەڵگرتن و داڵدەدانی کۆرپەلە بووە، باری ئازار‌و مەینەتییەکان لەئەستۆی
ئەو بووە، شیری داوەتە منداڵ، چاودێری کردووە، پەروەردەی کردووە،
لەکاروباری بەڕێوەبردنی ماڵ و خێزان و کێڵان و تۆوکردن و ئاژەڵداریدا
لەپیاو کارامەترو بەسەلیقەتر بووە.
سروشتی ئەم پەیوەندییە هەروەکو خۆی نەماوەتەوە. دوای ئەوەی پیاو هەست
ئەکات لەڕووی جەستەییەوە لەژنان بەهێزترەو ئەتوانێ زاڵبێ بەسەر ژناندا،
ئەم ووزەیە لەخزمەتی ڕەگەزەکەی خۆی بەکاردێنێ، ژن بەرزەفت ئەکاو
ئەیکاتە ژێر هەژمون و کۆنتڕۆڵی خۆیەوە. ووردە ووردە لەململانێ و
ناکۆکییەکاندا بڕیار‌و ئیرادەی خۆی بەسەر ژناندا فەرز ئەکات، بۆ سەپاندن
و جێگیرکردنی ئەم قەناعەتی خۆزاڵکردنە پاساوو بەڵگەو دەلیل و هۆکاری
هەمەجۆری چەوت و نالۆژیکی و ناسروشتی ئەهۆنێتەوەو لەدژیان بەکاریدێنێ،
بەڵام ئەمە بەو مانایە نییە کەئیتر ڕۆڵ و پێگەی ژنان تەواو بووەو
کۆتایی پێ هاتووە، بۆیە ئەو ووتەیەش لەخۆڕا نەووتراوە کەلەپشت هەر
پیاوێکی سەرکردەو هەڵکەوتووەوە ژنێکی بەهێز هەیە. کەواتە ئەو ڕاستیە
دانپیانراوە کەژنان فاکتەرێکی کاراو کاریگەرن بەسەر پیاوانەوە. جا ئەم
کاریگەرییە ئەگەر بەپەنهانی و لەژێر پەردەی وێنەو دیمەنەکانەوە بێت یان
بەئاشکرایی و لەسەر سەکۆی ڕووداوەکان بەدەرکەوێ، گرنگ ئامادەیی و
بەرجەستەییەتی.
ئەوەی کەمێژوونوسانی ئیسلام دەربارەی بارودۆخی ژن پێش هاتنی ئیسلا م
ئەیڵێن بەهیچ پێودانگێک ناچێتە عەقڵەوە. ڕوون بۆتەوە بۆ پیرۆزکردنی
ئایینی ئیسلام مێژوونوسانی ئیسلام سەرلەبەری دیاردە ناجۆرو خراپ و
خەوشییەکانی کۆمەڵگەی عەرەبییان چەندین هێندە لەقەبارەی خۆی
گەورەترکردۆتەوەو هەندێکیشیان هەڵبەستووە یان شێواندووە. لەناو
ئەمانەشدا شێواندنی ڕاستێتی دۆخی ژنە لەڕوانگەی ئیسلامەوە پێش هاتنی
ئایینەکە.
دەبینین له‌كاتێكا مێژوونوسانی ئیسلام دۆخی ژن پێش هاتنی ئیسلام په‌رێشان
و قێزەون و ناشرین و دزێو نیشان ئه‌ده‌ن كه‌چی لات و عوزا و مه‌نات سێ
گه‌وره خواوه‌ندی ژنی سه‌رده‌می بتپه‌رستی نیمچه‌دوورگه‌ی عه‌ره‌بی
بوون، ته‌نانه‌ت عه‌بدولموته‌لیب باپیری حه‌زره‌تی موحه‌ممه‌د ناوی
دووان له‌كوڕه‌كانی عبدللات و عبدلعزی به‌خۆشی ئه‌م ژنه‌خواوه‌ندانه‌وه
ناوه. ئه‌مه گه‌واهیده‌ری ئه‌و ڕاستیه‌یه هه‌رچه‌نده عه‌ره‌به‌كان
خێڵه‌كییانه له‌گه‌ڵ ژن‌دا هه‌ڵس وكه‌وتیان كردووه‌و له‌نه‌ریتی
خێڵیشدا جیاوازی و نابه‌رانبه‌رییه‌كی زۆر هه‌یه له‌نێوان نێر‌و مێدا،
به‌جۆرێك ته‌رازووه‌كه له‌هه‌موو ڕوویه‌كه‌وه به‌لای مێدا لاسه‌نگه‌و
مێ كه‌وتۆته په‌راوێزه‌وه به‌ڵام ڕێز‌و مه‌قامی ژن له‌شوێن و كاتی
خۆیدا باڵابووه‌و بێ ده‌ورو كاریگه‌ری نه‌بووه. به‌پێچه‌وانه‌وه ئه‌گه‌ر
نرخ و سه‌نگی ژنیان لاكه‌م و نزم بووایا هیچ كات ئاماده‌نابوون له‌پاڵ
نێرخواوه‌نده‌كانیان دابنێن، كڕنۆشیان بۆبه‌رن و داوای كه‌ره‌م و ڕه‌حمه‌تیان
لێبكه‌ن.
هەروەها باسدەکرێ و سەلمێنراوە کە پێش هاتنی ئایینی ئیسلام لەبتخانەی
مەککەدا ژنان مەراسیمی تەوافی کەعبەیان بەبێ جل وبەرگ و بەڕووتی
بەئەنجام گەیاندووەو لەکۆتایی مەراسیمەکەدا وەک نرخ و ڕێزێک لەلایەن
پیاوەکانیانەوە جل و بەرگی تازەیان بەدیاری پێشکەش کراوە.
ئەمانەو چەندین نمونەی ژنی هەڵکەوتوو، خاوەن پێگەو ڕۆڵی بەرچاو
لەکۆمەڵگەی عەرەبیدا ئەیسەلمێنن ژنان بێ‌نرخ و پەراوێزخراو نەبوون بەو
جۆرەی ئیسلام باسی دەکات. لەلایەکیترەوە کەسانێک لەپاڵ ئەوەی ئەو
گۆڕانکارییانە نادیدە ناگرن کەئیسلام لەدۆخی ژن‌دا دروستی کردووە بەڵام
پێیان وایە ئەوانە گۆڕانکاری فەلسەفی و ڕیشەیی نەبوون بۆ چارەسەرکردنی
پرس و گرفتەکانی ژنان. واتا هێندەی دەسکاریکردن و هەموارکردنی نەریت و
کلتورە کۆنەکان بووە هێندە وەرچەرخان و گۆڕانکاریی نەبووە بۆ
ڕاستکردنەوەی دۆخە ناهەموارو نالەبارە مێژووییە دەسکردەکەی.
znawdar910@gmail.com
|