١\٨\٢٠١٣
ژنان لە پەرلەمانی
کوردستان دەتوانن چ سوودێک بگەیەنن بە بزووتنەوەی ژنان؟

لاوژە ماهیە
کۆمەڵگای کوردستان بە پێی تایبەتمەندیە ناوچەیی و مێژویەکانی خۆی،
خاوەن پەیوەنداریەتیەکی کۆنەپەرەستانە و بە ناوەرۆک دژە ژنە. من لەم
بابەتەدا نامەوێت تیشک بخەمە سەر چۆنیەتی پێکهاتن و سەرهەڵدانی ئەم
موناسەباتە و چۆنیەتی گەشەکردنی لە قۆناغە مێژویەکاندا، دەمەوێت
ڕاستەوخۆ پەنجە ڕاکێشم بۆ دەرەنجامەکان و سەرنج بخەمە سەر هەلومەرجی
واقعی ئەمڕۆی ژنانی کوردستان.
بەدەر لە کێشەی چینایەتی کە دەیان کێشەی و ڕێگری ناوەتەوە بۆ ژنانی
کرێکار و زەحمەتکێش، کۆمەڵێک بنەمای هەن
بوونەتە هۆی کێشەی سەرەکی بۆ ژنان کە دامێنگیری سەرجەم ژنانی کوردستانە
بە بێ جیاوازی پلە و پایەی چینایەتی، واتا
زۆر لە بابەتەکە ناگۆڕێ کە کچی ئەم یان ژنی ئەویتر بی. ئەو بنەمایانەی
کە پێگەی ڕەگەزی مێینەیان لاواز کردووە بریتین لە سێ پێگەی سەرەکیی:
-١- ئابووری سەربەخۆی ژنان.
٢- یاساو سیستەمی دادپەروەریی.
٣- تێڕوانین و ئاراستەی پەروەردە.
یەکەم: ئابووریی سەربەخۆی ژن، گرنگترین فاکتەر بۆ پشت ڕاستکردنەوەی ژن
وەک کائینێکی سەربەخۆ، وەک کائینێک کە خاوەنی خۆی و منداڵەکانی خۆی و
بڕیاری خۆی بێت، واتا ژێردەستەیی ئابووریی ملکەچی کۆیلایەتی ڕەگەزەکەی
تری نەکات. وابەستەیی ئابووریی هۆکارێکی کوشەندەیە بۆ ناچار کردن و
هێشتنەوەی ژنان لە دۆخی زەواجێک کە هەر ساتێکی دۆزەخێکە. ژن لە دۆخی
ژێردەستەیی ئابووریی ناتوانێ خاوەن هیچ بڕیارێک بێ لە دەرەوەی ویست و
ئارەزوی لایەنی باڵادەست، ئەگەر باڵادەست باوک بێ یان شو، لە گەڵ
درکاندنی یەکەم وشەی پێچەوانە ئەوە هەموشت لەدەست دەدات و ژیانی
دەکەوێتە مەترسیەوە.
ئەرکی دەسەڵاتە بە شێوەی سیستەماتیک تۆڕێکی یارمەتی ماڵی هەبێت بۆ
پاراستننی دانیشتوان لە ملکەچکردن بۆ ناحەقی بۆ هۆی نەداریی و
هەژارییەوە.
دووەم: یاساو سیستەمی دادپەروەری لە کوردستان لێواولێوە لە
نادادپەروەری لە دژی ژنان، بنەمای دەستوری کۆمەڵگا هیچ پەیوندیەکی بە
عەقڵ وزانستی سەردەمەوە نیە، ڕاستەوخۆ و بێشەرمانە وەرگیراوە لە
دەورانی جاهێلیەت و ژنان بە ڕون و بێ پەردە پلەدوو و بێ عەقڵن، لە گەڵ
ئەوەشدا سیستەمی دادپەروەری سەربەخۆ نیەو وەک دامودەزگا ئیداریەکانی تر
بەشێکن لە ئەحزابی دەسەڵاتدار.
ئەمەیان ئەرکی کۆمەڵگایە بە شۆڕشێکی کۆمەڵایەتی و بە هەڵمەتێکی
جەماوەری ڕەگ و ڕیشەی سیستەمی سەرمایەداری و سیستەمی خێڵەکیی حیزبە
چاوچنۆکەکانی دەسەڵات ڕیشەکێش بکا و سیستەمێکی هاوچەرخ و سکۆلار بونیات
بنێ.
سێەم: تێڕوانین و ئاراستەی پەروەردە جۆرێک پیاوسالارانە خراوەتە سەریەک،
منداڵان و گەنجان وە لە ئاکامدا کۆمەڵگا فێری ئەوەدەکات کە دەبێت پلەو
پایەی ژن وپیاو جیابێت، ژن کەمترە، ژنبوون یانی ڕازی بوون بە پلە دوویی
و زۆر جار سوکایەتی قبووڵ کردن، لە پێشبوون و باڵادەستبوونی ڕەگەزی نێر
کراوەتە عەقڵی سەرتاپای کۆمەڵگا، ژنان خۆشیان ئەم پلە دوویەیان
قبوڵکردووە، لە کردار و هەڵسوکەوتی ڕۆژانەی هەردوو ڕەگەزەکە ڕەنگی
داوەتەوە و پەیوەندیە کۆمەڵایەتیەکان لە سەر بنەمای ئەم تێڕوانینەوە
دەڕواتە پێشەوە، ئەوە تەنها پیاوان نین ژەهراوین بە سەمی پیاوسالاریی،
بەڵکو ژنان خراپترن، هۆی سەرەکی گەشانەوە و درێژبوونەوە تەمەنی
مناسباتی پیاوسالاریی، تێگەیشتنی ژنان و قبوڵکردن و ملکەچ کردنە بۆ
مەسەلەکە، هۆکاری سەرەکی بۆ ئەم تێگەیشتنە پێچەوانەبوونی سیستەمی
پەروەردەیە. زۆرن ئەو کەسانەی کە بەناو خەبات بۆ مەسەلەی ژنان و دابین
کردنی یەکسانی ژن و پیاو، ساڵانێکە خۆڵ دەکەنە چاوی خەڵکەوە، بەڵام بە
پرسیارێکی سادە دەتوانیت پەردە لە سەر ناخیان هەڵدەیتەوە، بۆ ئەوەی
بزانی خۆیان چەندە سوورن لەسەر یەکسانی. با لە پیاوان گەڕێین، کام ژنی
سیاسی و پلە بەرزی کورد دەتوانن قبوڵی ئەوە بکات کە تەنها بۆ یەک
چرکەشبێت خودا لە ڕەگەزی مێینەبێت.
کەواتە سیستەمی خوێندن و پەروردە هۆکاری سەرەکی ئەم هەڵاواردنەیە و
دەبێت بۆ بەدیهێنانی یەکسانی نێوان ژن و پیاو دەبێت ئاڵوگۆڕی ڕیشەیی
بەسەردا بێ.
ئەوەی من لێرە دەمەوێت ئیشارەتی پێبدەم ئەم حیزب و لایەنانەن کە لە
پەرلەماندا هەن و بەشێکیان ژنن کێن؟
وەک هەمومان دەزانین پەرلەمانی کوردستان پێکهاتووە لە کۆمەڵێک حیزبی
بۆرجوازی و کۆنەپەرست بەشێکیان ئۆپۆزشیۆنن و بەشێکیشیان دەسەڵاتن.
هەردو کوتلەکە کۆنەپەرست و پیاوسالارن و تا سەر ئێسقان دژە ژنن. هیچ
کامێکیان حیزبی علمانی و پێشکەوتوخواز نین و باوەڕیان بە یەکسانی
هەمەلایەنەی ژن و پیاو نییە. ئەو ژنانەی کە لە پەرلەمانن هەڵگری هەمان
بیرو ڕاو بۆچۆنی حیزبەکانیانن و سیاسەتی ئەوان دەبەنە پێشەوە. بۆیە
ئەوانیش ناتوانن هیچ سوودێکیان بۆ بزووتنەوەی ژنان هەبێت. ئەمان هەر
ئەم حیزبانەن کە لە مەیدانی سیاسی کوردستان بوون بەدوای ڕاپەڕینی
بەهاری ساڵی ١٩٩١ و دیاری ئەوان بۆ ژنان تەنها ژن کوشتن و پەرەسەندنی
توندو تیژی بووە بەرامبەر بە ژنان، ئەو حیزبانە تا پێیان کرابێت یاسای
دژە ژنی و دژە ئینسانیان لە پەرلەمان پەسند کردوەو نمونەی بەرجەستەشمان
پەسەندکردنی یاسای فرە ژنی بووە لە پەرلەمان و وە بەشێک لەوانەی کە
دەنگیان پێداوە ژنانی پەرلەمانتار بوونە. هەر ئەم حیزبانە بوونە لە
ماوەی ٢٢ ساڵی ڕابردودا مەکتەبی کۆمەڵایەتیان هەبووەو سەرۆکەکانیان
نوێنەری تایبەتیان بۆ سوڵحی عشائیری هەبووەو لە دیوەخانەکانیان ژنیان
کردۆتە قوربانی و ئاگری شەڕو کوشتاریان پێ کوژاندۆتەوەو دەسەڵاتێکیان
بۆ یاسا نەهێشتۆتەوە لە هەمانکاتدا تاوانکارو ژن کوژیان حەشارداوەو
یاسای لێبوردنی گشتیان دەرکردوەو تاوانبارو ژن کوژان ئازادانە
سوڕاونەتەوە لەبری ئەوەی سزای یاسایی خۆیان وەربگرن.
بانگەوازی من بۆ بزووتنەوەی یەکسانیخوازی ژنان ئەوەیە کە دەبێت بە
چاوکراوەیەکی دیقەتەوە بڕوانینە ئاڵوگۆڕەکانە وە هەروەها ئەو خاڵە
مێژویانەی کە چارەنووسی کۆمەڵگا دیاری دەکات، کێشەی ئێمەی ژن تەنها
ئەحزابی دەسەڵاتدار نیە بەڵکو سەرتاپای سیستەمەکەیە، بەشی زۆری ئە
حزابی ئۆپۆزیسیۆن لە ئەحزابی دەسەڵاتدار باشتر نین، ئەمانە هیچ
چارەسەرێکیان پێنیە بۆ کێشەکانی کۆمەڵگا، ئەو کێشانە بە شێوازی بابەتی
چارەسەر ناکرێن، بەڵکو چارەسەری ڕیشەیی و بنەڕەتی دەوێت، ئەویش تەنها
بە لادانی دەسەڵاتو ئۆپوزیسیۆن مسۆگەر دەبێت. کام یەک لە ئەحزابی ناو
پەرلمان دەیەوێت بە جیدی خەبات بۆ کەمکردنەوەی کێشەی ژنان بکات،
بێگومان هیچیان. بۆیە دەبێت سەرجەم ژنان و ئەو کەسانەی کە بەتەنگ کێشەی
ژنانەوەن بایکۆتی ئەم هەڵبژاردنانە بکەن و بەناوی ئەوەی کە کاندیدی ژن
و بوونی ژن لە پەرلەمان پشتگیری نەکەن. گرنگ نییە ئەم پەرلەمانە
ئەندامەکانی ژنن یان پیاون گرنگ ئەوەیە ئەم پەرلەمانتارانە هەڵگری
سیاسەتێکی دواکەوتو، کۆنەپەرستانەو دژە ژنن. بزووتنەوەی یەکسانیخوازی
لە کوردستان بۆ ئەوەی کە بتوانێت ببێتە گوشارێک بۆ سەر کۆمەڵگاو ئەم
بزووتنەوە کۆمەڵایەتی بکاتەوەو بیباتە ناو کۆمەڵگا، لەبری ئەوەی کاتی
خۆیان بۆ پشتگیریکردنی کەسانێک تەرخان بکەن تەنها لەبەر ئەوەی کە ژنن و
هەڵگری سیاسەتێکی کۆنەپەرستانەو دژە ژنن، دەبێت خەتی خۆیان لەم حیزبانە
جیابکەنەوە بە دەسەڵات و ئۆپۆزشیۆنەوەو لە دەوری سیاسەتێکی ڕادیکاڵانەو
پێشکەوتوخوازانە سیاسەتێک کە ئینسان تییدا سەنتەر بێت و باوەڕێ بە
یەکسانی ژن و پیاو هەبێت کۆبنەوەو کاری جدی بۆ بەدیهێنانی یەکسانی ژن و
پیاو بکەن و ببنە گوشارێک بۆ دەسەڵات و پەرلەمانی کۆنەپەرست و دژە ژن.
وە ئەم پەرلەمانتارە بەڕێزانەش ئەگەر بەجدی بەخەمی پرسەکانی ژنانن با
خۆیان لە پەرلەمان و حیزبەکانیان بێنە دەرەوەو لەدەوری بزووتنەوەیەکی
یەکسانیخوازی واقعی کۆببنەوە کە کاری جدی بۆ پرسەکانی ژنان بکەن.
تەنها ڕێگا بۆ بەدیهێنانی یەکسانی هەمەلایەنەی ژن و پیاو و سەپاندنی
مرۆییبوونی ژن رووخاندنی تەخت و تاجی ئەم دەسەڵاتەیە لە ڕیشەوە و هاتنە
سەرکاری دەسەڵاتێکی سکۆلار و مەدەنییە کە خەڵک خۆی حوکمی خۆی بکا و
یاسا و دەستوورێکی مرۆییانە جێبەجێ بکرێ، دین جیابێ لە دەسەڵاتی
یاسادانان و دەوڵەت. ئەمەش تەنها بە هاتنە مەیدانی ئیرادەی یەکگرتووی
ژنان و پیاوانی ئازادیخواز و یەکسانیخواز دەکرێ لە کوردستان.
ماڵپەڕی
لاوژە ماهیە
|