ژنان و کۆمۆنیزم.
دارا ئه‌حمه‌د
فه‌لسه‌فه‌ی ماتریالیستیی به پشتبه‌ستن به تێکڕای زانسته‌کانی مێژووی مرۆیی له خوێندنه‌وه‌ی مێژوو به شێوه‌یه‌کی بابه‌تییانه سه‌لماندوویه‌تی که ژنان به‌ر له دروستبوونی کۆمه‌ڵگه‌ی چینایه‌تیی - سه‌رده‌می کۆمه‌ڵگه سه‌ره‌تاییه‌کان - به هۆی ژنبوونیانه‌وه به‌هیچ جۆرێک له لایه‌ن پیاوانه‌وه نه‌چه‌وسێندراونه‌ته‌وه .. چونکه ئه‌وده‌م توانیویانه به پێی پێویستییه‌کانی گوزه‌ران و تێکڕای ژیان گشت ئه‌رکه‌کانی سه‌رشانی خۆیان رابپه‌ڕێنن .. ته‌نانه‌ت بۆ ماوه‌یه‌ک ده‌سه‌ڵات له ده‌ست ئه‌وندا بووه نه‌ک پیاوان، به‌ڵام کاتێک کۆمه‌ڵگه‌ی چینایه‌تیی - کۆمه‌ڵگه‌ی کۆیله‌یی - هاته ئارا و کۆمه‌ڵی دابه‌شکرد بۆ دوو چینی چه‌وساوه و چه‌وسێنه‌ر.. ده‌سه‌ڵاتی پیاوسالارییشی له‌گه‌ڵ خۆیدا هێنا .. واته به په‌یدابوونی چه‌وسانه‌وه‌ی چینایه‌تیی له‌وساکه‌وه تا ئێستا ژنان له‌ژێر ده‌ستی پیاوان ده‌چه‌وسێندرێنه‌وه.
هاتنی ئه‌و باره چه‌وسێنه‌ره‌ی ژنان به کورتییه‌که‌ی به‌و شێوه‌یه‌ی خواره‌وه بووه: سه‌ره‌تا به هۆی بارگرانیی منداڵ به‌رهه‌مهێنان و پێ له‌کورتیدانی ژنان (دابه‌شبوونی سروشتییانه‌ی کار) به ناچاریی هاتۆته پێش؛ واته ئه‌و کارانه به ژنان سپێردران که له ماڵ یان شوێنی ساده‌ی پشوودان و خه‌وتن و ده‌وروبه‌ره‌که‌ی هه‌بوون وه‌ک به‌خێوکردنی منداڵ و خواردن ئاماده‌کردن و کاری ساده‌ی کشتوکاڵیی و ... هتد، کاره‌کانیتریش وه‌ک به‌دواداگه‌ڕان و کۆکردنه‌وه‌ی به‌ری دارودره‌خت و گژوگیا و راوکردنی ئاژه‌ڵان و ... هتد به‌ر پیاوان که‌وتن، ئه‌و کاردابه‌شکردنه‌ش بووه هۆی به‌هێزترکردنی بیروبازووی پیاوان له هی ژنان، پاشان هه‌ندێک که‌س - له‌نێو پیاوان - به‌هۆی ئه‌و کاره‌یان و پتر گه‌شه‌سه‌ندنی بیروبازوویان له خه‌ڵکانیتر به‌رهه‌می زیاده و که‌رسته سه‌ره‌تاییه‌کانی کارکردنیان داگیرکرد و خۆیان کرده خاوه‌نیان .. (دابه‌شبوونی چینایه‌تییانه‌ی کار) هاته ئارا؛ واته کۆمه‌ڵه خه‌ڵکێکی که‌م بوونه خاوه‌نکار و زۆربه‌ی خه‌ڵکیش که نه‌یانتوانی ببنه خاوه‌نی هیچ شتێک زۆربه‌ی کاره‌کانیان خرایه سه‌رشان و ده‌ستکه‌وتی کاره‌کانیشیان له لایه‌ن خاوه‌نداره‌کانه‌وه زه‌وت ده‌کرا .. ته‌نانه‌ت وای لێهات که‌سێک ببێته خاوه‌نی چه‌ندان که‌س و قۆناغی چه‌وسێنه‌ری کۆیله‌یی ده‌ستپێبکا، له‌و نێوه‌شدا ژنان به هۆی ئه‌و باره‌یان که له سه‌ره‌وه باسکرا له ژێر سایه‌ی ده‌سه‌ڵاتی چه‌وسێنه‌رانه‌ی چینایه‌تیی ده‌سه‌ڵاتی پیاوسالارییان به‌سه‌ردا سه‌پێندرا.
له‌و کاته‌وه تا ئێستا به تێپه‌ڕبوونی هه‌ردوو قۆناغی کۆیله‌یی و ده‌ره‌به‌گیی و هاتنی قۆناغی سه‌رمایه‌داریی که هه‌رسێکیان کۆمه‌ڵگه‌ی چینایه‌تیین و له‌سه‌ر بنچینه‌ی چه‌وسانه‌وه‌ی چیناته‌تیی دامه‌زراون .. هێشتا ژنان - له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی هه‌میشه له خه‌بات و به‌رانگژبوونه‌وه‌دا بوونه هه‌ندێک ده‌ستکه‌وتیشیان وه‌ده‌ستهێناوه - رزگار نه‌بوونه و به دڕندانه‌ترین شێوه له لایه‌ن پیاوانه‌وه ده‌چه‌وسێندرێنه‌وه .. ته‌نانه‌ت چه‌وساندنه‌وه‌که‌یان گه‌یشتۆته راده‌یه‌کی ئه‌وتۆ که وا لێ‌ڕاهێندراون خودی خۆشیان خۆیان بچه‌وسێننه‌وه، دیاره تا چه‌وسانه‌وه‌ی چینایه‌تییش مابێ رزگاریان نابێ .. چونکه چه‌وسانه‌وه‌ی ئه‌وان له په‌یدابوونی چینه‌کان و چه‌وسانه‌وه‌ی چینایه‌تیی سه‌رچاوه‌ی گرتووه، هه‌ر به‌و پێیه‌ش که کۆمۆنیزم هزری رزگاریی مرۆڤه و ئه‌و رزگارییه‌ش به لابردنی چه‌وسانه‌وه‌ی چینایه‌تیی و دامه‌زرانی کۆمه‌ڵێکی بێ چین ده‌ستپێده‌کا هه‌ر جۆره ده‌سه‌ڵاتێک که له‌سه‌ر بنچینه‌ی چه‌وسانه‌وه‌ی چینایه‌تیی په‌یدا بووه - وه‌ک ده‌سه‌ڵاتی پیاوسالاریی - به‌ره‌و مه‌رگ راده‌ماڵێ .. که‌واته کۆمۆنیزم تاکه رزگارکه‌ری یه‌کجاره‌کییه بۆ ژنانیش.
هه‌رچه‌نده بزاڤی کۆمۆنیستیی رابردوو له سه‌راسه‌ری جیهان له یه‌که‌م هه‌نگاویدا کێشه‌ی ژنانی به کێشه‌یه‌کی گرنگی خۆی زانیووه و له گۆڕه‌پانی خه‌باتیشدا ده‌ستکه‌وتی زۆر مه‌زنی له یه‌کسانییکردنی ژنان به پیاوان وه‌ده‌ستهێناوه به‌ڵام هه‌روه‌ک له زۆر لایه‌نیدی دووچاری لادان و شکست بۆته‌وه له پرسی ژنانیش کۆمه‌ڵێک هه‌ڵه و که‌موکوڕیی و تێڕوانینی نادروستی هه‌بووه و که گرنگترینیان ئه‌وانه‌ی خواره‌وه‌ن:
١- تێڕوانینی بۆ هه‌ر کێشه‌یه‌ک به تایبه‌تییش بۆ کێشه‌ی ژنان پتر تێڕوانینێکی پیاوانه بووه. ٢- به‌ستنه‌وه‌ی چاره‌سه‌رکردنی کێشه‌ی ژنان به هه‌ڵگیرساندنی شۆڕشی سۆسیالیستیی به‌جۆرێک بووه که زۆر جار جوولاندن و بردنه‌پێشه‌وه‌ی کێشه‌که له چوارچێوه‌ی کۆمه‌ڵگه‌ی سه‌رمایه‌داریی فه‌رامۆش بکرێ و بۆ کاتیتر هه‌ڵبگیردرێ. ٣- هه‌ندێک جار هه‌ر بۆ ئه‌وه‌ی بیسه‌لمێنن که به ته‌نگ کێشه‌که‌وه‌ن رووکه‌شییانه ژنانیان خستۆته گۆڕه‌پانی تێکۆشان و رۆتینییانه به‌رنامه‌یان بۆ کێشه‌که داناوه .. سه‌رئه‌نجام دووچاری '' زۆریی و بۆریی '' بوونه‌ته‌وه. ۴- دووپات‌کردنه‌وه‌ی هه‌ڵه‌ی هه‌بوونی رێکخراوی تایبه‌ت به ژنان .. سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ش ئه‌و رێکخراوه تایبه‌تانه‌شیان بۆ به‌رژه‌وه‌ندیی ته‌سکی حیزبیی و رامیاریی خۆیان و ئه‌ندامگیریی به‌کارهێناون و هه‌ر خۆیان بۆ چه‌ند مه‌به‌ستێکی خۆیان دروستیان کردوون. ٥- نه‌بوونی رێکخراوێکی دوور له به‌رژه‌وه‌ندیی سیاسه‌تێکی دیارکراو که له ژنان و پیاوانی یه‌کسانییخواز پێکهاتبێ و ته‌نیا ئامانجی وه‌ده‌ستهێنانی مافه‌کانی ژنان و یه‌کسانییکردنیان بێ به پیاوان. ٦- نه‌بوونی به‌رنامه‌یه‌کی تایبه‌ت له‌نێو کۆمۆنیسته‌کان بۆ هۆشیارکردنه‌وه و په‌روه‌رده‌کردنی ژنان به‌شێوه‌یه‌کی وا که بتوانێ رێگه بگرێ له‌به‌رده‌م سه‌رلێشێواندن و بازرگانیی پێوه‌کردنیان له لایه‌ن سه‌رمایه‌دارانه‌وه. ٧- ملکه‌چبوون به‌رامبه‌ر دابونه‌ریته کۆنه‌کان و ره‌وته کۆن و نوێیه پیاوسالاریی و نێرسالاریی و دینیی و کۆنه‌په‌رستییه‌کانی نێو کۆمه‌ڵ که چه‌وسانه‌وه‌ی ژنان درێژه پێده‌ده‌ن و قووڵتری ده‌که‌نه‌وه. ٨- پشتگیریی نه‌کردن و یارمه‌تیینه‌دانی ئه‌و هزر و رێبازانه‌ی ده‌ره‌وه‌ی کۆمۆنیستیی که ده‌توانن تا راده‌یه‌ک هه‌ندێک ده‌ستکه‌وت بۆ ژنان وه‌ده‌ستبهێنن، هه‌روا له‌یه‌ک جیانه‌کردنه‌وه‌ی ئه‌و هزر و رێبازانه له‌یه‌کتر که هه‌ندێکیان به‌شێوه‌یه‌کی تاکتیکیی دێنه سه‌ر گۆڕه‌پانه‌که بۆ پتر سه‌رلیشێواندن و له‌باربردنی خه‌باتی ژنان. ٩- زۆربه‌ی پیاوه کۆمۆنیسته‌کان نه‌یانتوانیبوو له کرده‌وه‌دا به یه‌کسانیی له‌گه‌ڵ ئه‌و ژنانه هه‌ڵسوکه‌وت بکه‌ن که له‌گه‌ڵیاندا ده‌ژیان یان له کارکردن و ریزی سیاسه‌ت به یه‌که‌وه بوون، له لایه‌کیدیش زۆربه‌ی ئه‌و ژنانه‌ی که ته‌نیا به ناو و پالپشتیی حیزبه‌کان ببوونه کۆمۆنیست به ره‌فتاری نایه‌کسانییخوازانه‌یان پتر سه‌ریان له‌و ژنانه ده‌شێواند که ده‌رفه‌تی هۆشیاربوونه‌وه‌یان نه‌دراوه له‌نێو کۆمه‌ڵ. ١٠- له‌به‌رچاونه‌گرتنی تایبه‌تمه‌ندیی ژنان - که به‌شێوه‌یه‌کی سروشتیی ره‌گه‌زێکی جیاوازن له پیاوان '' نه‌ک به که‌مترگرتنیان له پیاوان'' - وه‌ک ئه‌وه‌ی تایبه‌تمه‌ندیی پیاوان له‌به‌رچاو گیردراوه یان پێویسته له‌به‌رچاو بگیردرێ.. به‌ڵام به مه‌رجێک ئه‌و تایبه‌تدمه‌ندیی له‌به‌رچاوگرتنه نه‌بێته هۆیه‌کیتر و جۆرێکی‌تر بۆ پترکردنی چه‌وسانه‌وه‌که‌یان.
به‌وجۆره به راستکردنه‌وه‌ی ئه‌و هه‌ڵه و که‌موکوڕییانه و به‌و رێگه‌چارانه‌ی باسکران هزری کۆمۆنیستیی باشترین و داکۆکییکه‌رترین هزره بۆ رێگای خه‌باتی ژنان و وه‌ده‌ستهێنانی ماف و ئازادییه‌کانیان، چونکه ئه‌و هزره جگه له‌وه‌ی له‌نێو ریزه‌کانی خۆی به یه‌ک چاو سه‌یری ژنان و پیاوان ده‌کا به‌رامبه‌ر به کۆمه‌ڵیش په‌نجه له‌سه‌ر بچووکترین جیاوازیی داده‌نێ و بۆ چاره‌سه‌رکردنیشیان تێده‌کۆشێ .. هه‌روا رێکخراوی تایبه‌ت به ژنان ره‌ت ده‌کاته‌وه و له‌جێی ئه‌ودا رێکخراوی داکۆکییکه‌ر له ژنانی پێ باشه که له ژنان و پیاوانی یه‌کسانیخواز پێکدێ به جۆرێک که به بێ له‌به‌رچاوگرتنی به‌رژه‌وه‌ندییه رامیاریی و و رێکخراوه‌ییه‌کانی خۆی ته‌نیا یارمه‌تیی هه‌مه‌لایه‌نه‌ی دامه‌زراندنیان ده‌دا و خۆی دایاننا‌مه‌زرێنێ.
٢٠\١٠\٢٠٠٩ - له‌نده‌ن dara@emrro.com
|