په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٣\١٠\٢٠١٠

  ژنێک بە خوێنی خۆی

  نیشتیمان زیندوو دەکاتەوە.

کەژاڵ ئیبراهیم خدر

(1)

ئەو ژن بوو،
پێش ئەنفال لەناو گیرفانى خۆیدا،
بەردێکى گوندەکەى هەڵگرت...
لەسەری نووسی،
ئەى بەرد تۆ جەستەت چەندرەقەو، منیش دڵم،
عەرعەریش ناتوانێ نشتیمانم بیرباتەوە...


(2)

ئەو کچ بوو،
لە سەر مشتەخۆڵێکى تەعریبکراوى باشوور
نامەیەکى تۆمارکرد،
نوسیبووى:
لەناو خۆڵی ئەم بیابانە،
خوێنى منء خاکى گوندم
سەرلەنوێ نشتیمان زیندوو دەکەنەوە.


(3)

کەنیشکێکى رەشپۆش بوو،
پەڕى سیگارێکى لەدایکى دزى...
بە پەنجە خوێناویەکانى نووسی،
سەرکردەکان دەتوانن نشتیمان داگیر بکەن،
بەڵام ئەى چی لەدڵى ئێمە دەکەن.


(4)

مێیەکی ئازاو بەجەرگ،
لەناو زیندانى دڵڕەقی،
دەپاڕایەوە فێرى یەکء دووی کەن،
کە فێربوو،
بەحونجە دەینوسی،
لە یەکەمء دوا رستەى خۆمدا...
رۆژێک دێت، خوا ئاوڕێک لە ئێمەش بداتەوە...


(5)

شێرەکیژێک،
بەدەم زریکەو دوعاوە
کە هێشتاش بۆنى کفریى لێدەهات،
لەناو هەوایەکى تەڵخى بیاباندا،
بە پەنجەى شایەتمانى دەینووسی،
خودایە ئیماندارەکانت دەبینى.


(6)

مێردمناڵێکى کچی رەشپۆش،
تا لەماڵ بوو،
لە خەتەنەش دەترسا،
کەچی لەناو زیندانی تۆقیندا،
دەستیان دەبڕیء ئەو پێدەکەنى...


(7)

بێریەکى قەشەنگى جوانکیلە،
لەناو تۆزى بیابانء
قیژەى ژنء،هاوارى مناڵ....
بە دەنگى بەرز هاواریکرد،
ئەوە ئێوە یەکەمجار نییە،
خاکمان دەخۆن،خوێنمان دەبەن،
کیژەکانمان لەناو عەگالى
پیاوى جەهل رەشپۆش دەکەن.


(8)

ئەو ژنێکى گەرمیانی بوو
ئازار لەپشکۆوە کردیە خۆڵەمیش،
لەگزنگەوە کردیە زەردەپەڕ،
سترانێکى نەبیستراو بوو،
لەناو گەرووى بیابانێکى توڕەدا...
سەمایەک بوو،
لەسەر دوو قاچی شەکەت وەستابوو،
کەچی هێشتاش دەیووت
من شۆڕە ژنم..


(9)

ئەو کەنیشکەى من بینیم
شانۆیەکى بێکۆتاییء،
وەرزى یەکەمى رۆمانێکى درێژبوو...
کە پاڵەوانەکەش مرد ..
کەچی ئێستاش لەناو دڵى ئێمەو
لەسەر خاکى بیابانى بێ ویژدان زیندووماوە..


(10)

ئەو کچۆڵەى لەگوندەکەى شەرم خواردى،
لەزینداندا ببوو بەشێر،
بوو بە ژنێک
پیاوەکانیش لێی دەترسان.
چونکە شۆڕە ژنی گەرمیان بوو...

ماڵپهڕی که‌‌ژاڵ ئیبراهیم خدر