٢١\١٢\٢٠١٣
ژنێک
لە باران.

هاوار تەیب
ژنێک ھەموو شەوێ
بە بەرچاوی مانگەوە
دەسماڵێ لە ئەستێرە دەچنێتەوە
زریانی ھەموو سپێدەیەکی پۆلێ پەپوولەی پاییزی بەڕێ دەکا
ژنێک فەرمانڕەوای
خەمێکی ھەتاھەتاییە و
بە گەردەلوولی خەونێکی بڕۆنزییەوە
بووەتە رێبواری شیعری زەمەن و
قوبەی زھینی عەشق و جوانیی رژاندوەتە پێلووی دەریاوە
نە ئەم ئەخەوێ و...
نە ئاسمان چاو لێکدەنێ
لەبەر پێی خاکا سەر ھەڵئەبڕێ و
لە پێناوی ژیانەوەی ھەر گوڵێکدا
ئازایانە دەمرێ
ھەرزەکارانە دەستبەرداری
جوولەی ئۆقیانووسی ئاواتی دەبێ
ژنێ قەتارەی ژیانی
سارای خەونێکی تێپەریووی سەر شەقامێکی پڕ لە گلەیی کۆ دەکاتەوە
ئەفسانەی جەنگی مۆمێک لە تاریکیی شەودا بۆ ئەبەدیی دەنووسێتەوە
نمە نمی بارانی بێدەنگیی
لە سەفەری زیکری عەشقدا
سۆفییەکی ریش سپی و قەسیدەیەکی ئاویی ئاوییە
و
بووەستەیەک لە شەماڵی وشە دەکا بە شیعر و
دیوانێک بە مرواری دەڕازێنێتەوە.
ھاتنی تۆ.
دوای ئاوابوونی مانگ و
بەر لە هەڵهاتنی
خۆر،
لە جیاتی بوومەلێڵ
تۆ دەرکەوتی.
ماڵپەڕی هاوار تەیب
|