ژینگه له‌نێوان
مرۆڤ و یاسادا.
(1-5)

د.مارف عومه‌ر گوڵ
-1-
با به په‌ندێکی کوردی ده‌ستپێبکه‌م: بزن بۆ شه‌وێک جێگه‌ی خۆی
خۆشده‌کات. واته، ئه‌گه‌ر ژیان و گوزه‌ران بۆ شه‌وێکیش بێت بزن جێگه‌یه‌کی
له‌بار و گونجاو هه‌ڵده‌بژێرێ و خۆشی ده‌کات تاکو ئه‌و شه‌وه به
ئارامی تێیدا بحه‌وێته‌وه. ئه‌گه‌ر ژیانی ته‌نانه‌ت شه‌وێک لای بزن
گرنگ بێت و به گوێره‌ی توانا و عه‌قڵی خۆی شوێنه‌که‌ی له‌گه‌ڵ
خۆیدا ڕێکده‌خات و ده‌یگونجێنێت، که‌واته بۆ مرۆڤ زۆر گرنگه، شوێنی
ژیان و گوزه‌ران ڕێکبخات و گۆڕانکاریی تێدابکات. ژینگه ڕاسته‌وخۆ په‌یوه‌ندی
به ژیانی مرۆڤه‌وه هه‌یه، هه‌ر خراپکاریی و له‌وتاندن وێرانکردنێک
له ژینگه‌دا، ڕاسته‌وخۆ کارده‌کاته سه‌ر ژیانی مرۆڤ، به‌پێچه‌وانه‌شه‌وه
هه‌ر ڕێکخستن و خزمه‌تکردن و چاک کارییه‌کیش له ژینگه‌دا، هه‌ر کارده‌کاته
سه‌ر مرۆڤ، به‌ڵام به‌باشه. که‌واته مرۆڤ و ژینگه یه‌کتری ته‌واوده‌که‌ن،
ئه‌ی چی هه‌ردووکیان ده‌پارێزێت؟ ئه‌ی چی ده‌بێته هۆی پێشکه‌وتنی
هه‌ردووکیان، بێگومان یاسایه، که‌واته هاوکێشه‌یه‌کی سێقۆڵی دروست
ده‌بێت، به‌مجۆره: (ژینگه، مرۆڤ، یاسا).
بۆئه‌وه‌ی له‌و هاوکێشه‌یه تێبگه‌ین پێویسته له هه‌رسێ وشه‌که
بکۆڵینه‌وه، ئه‌وسا کاریگه‌رییه‌کانی هه‌ریه‌که‌یان له‌سه‌ر ئه‌ویتر
ڕوون بکه‌ینه‌وه:
با له ژینگه‌وه ده‌ستپێبکه‌ین: ژینگه چییه؟ شوێنی ژیان، (ژین + گه
+ ژینگه)، پاشگری (گه) له زمانی کوردی‌دا بۆ شوێن دێت، واته:
شوێنی ژیان. لێره‌دا به پێویستی ده‌زانم ئه‌وه بڵێم که به‌شێوه‌یه‌کی
فراوان ئێستا له گۆڤار و ڕۆژنامه و میدیاکاندا بۆ (مجتمع)ی عه‌ره‌بی
وشه‌ی (کۆمه‌ڵگه) به‌کارده‌هێنرێت، به‌ڵام ئه‌مه هه‌ڵه‌یه، چونکه
(کۆمه‌ڵگه) به مانای شوێنی ژیانی کۆمه‌ڵ یان (شوێنی کۆمه‌ڵ) دێت،
بۆیه ڕاسته‌که‌ی (کۆمه‌ڵ) نه‌ک (کۆمه‌ڵگه).
که‌واته، مرۆڤ به ژینگه‌وه به‌نده، چ باش یان خراپ، چ به‌شێوه‌یه‌کی
کاتی، یان به‌شێوه‌یه‌کی به‌رده‌وام، هه‌ردووکیان کار له یه‌کتر ده‌که‌ن.
ژینگه هه‌ر له ماڵه‌وه بیگره تا گه‌ڕه‌ک و ئه‌وجا شار و ئه‌وجا ده‌وروبه‌ر
و ئه‌وجا وڵات، هه‌موو ئه‌و شتانه‌یه که له ده‌وروبه‌ری مرۆڤن: خاک،
ئاو و هه‌وا، دار و دره‌خت، که‌سانی تر، به‌رزی و نزمی، ئاژه‌ڵ و هه‌موو
شتێکی گیاندار و بێ‌گیان. که‌واته، مرۆڤ تاک و ته‌نیا نییه، به‌ڵکو
به ژینگه‌وه بوونی دیاره و ژینگه‌ش به مرۆڤه‌وه هه‌ستی پێده‌کرێت.
ئالێره‌وه، ژینگه و کۆمه‌ڵ هاوبه‌ندی یه‌کترن، بۆیه ژیان له ژینگه‌یه‌کی
خراپ و پیس و وێران و دواکه‌وتوودا سازنابێت.
وه‌ک چۆن ژینگه کارده‌کاته سه‌ر باشی و خراپی ژیانی مرۆڤ، به‌وجۆره‌ش
مرۆڤ کارده‌کاته سه‌ر باشی و خراپی ژینگه. هه‌ر مرۆڤ ده‌وروبه‌ر
ئاوه‌دان ده‌کاته‌وه و نه‌خشه‌ی دابه‌شکردن و ڕێکخستن و پێشکه‌وتنی
ژینگه و ئاوه‌دانکردنه‌وه و جوانکردنی پێکدێنێت، هه‌ر مرۆڤیش ده‌توانێت
پیسی بکات و وێرانی بکات و ناشرینی بکات، بۆیه پێشکه‌وتنی مرۆڤ و
ئاستی شارستانی و به‌رهه‌مهێنانی ژینگه‌یه‌کی له‌بار و گونجاو
دروست ده‌کات، به‌ڵام هه‌ندێکجار چ جوانی و چ ناشرینی ژینگه ده‌که‌ونه
به‌ر کاریگه‌ریی سروشت، ئه‌ویش له ئه‌نجامدا ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ئاست
و عه‌قڵی مرۆڤ له ڕێکخستنه‌وه‌یدا.
ئه‌گه‌ر له کۆمه‌ڵه سه‌ره‌تاییه‌کاندا سروشت زیاتر زاڵ بووه به‌سه‌ر
ژیانی مرۆڤدا، به‌ڵام پێشکه‌وتنه‌کانی و داهێنانه‌کانی مرۆڤایه‌تی
مرۆڤی زاڵکرد به‌سه‌ر ژینگه‌دا ئه‌مه‌ش ئه‌وه ده‌خوازێت مرۆڤ خۆی به
به‌رپرسیار بزانێت به‌رانبه‌ر ژینگه.
ساڵی (1972) ڕێکخراوی نه‌ته‌وه یه‌کگرتووه‌کان له ستۆکهۆڵم کۆنگره‌یه‌کی
له‌سه‌ر ژینگه سازدا، کۆنگره‌که‌ش به دروشمێکی سه‌رنجڕاکێش ئه‌نجامدرا،
ئه‌ویش ئه‌م دروشمه بوو: (ئێمه هیچ شتێکمان نییه ته‌نیا یه‌ک گۆی
زه‌وی نه‌بێت) ئه‌م دروشمه ئه‌وه‌مان پێده‌ڵێت که گه‌وره‌ترین و
چالاکترین ڕێکخراوی نێوده‌وڵه‌تی جیهانی به مرۆڤایه‌تی ده‌سه‌لمێنێت
که ئێمه به‌رپرسیارین له ئێستا و پاشه‌ڕۆژی گۆی زه‌وی، دیاره ئه‌و
به‌رپرسارێتییه‌ش هه‌ر که‌سێک له ماڵی خۆیه‌وه بۆ گه‌ڕه‌کی خۆی و
بۆ شاری خۆی و بۆ ده‌وروبه‌ری خۆی و سه‌رانسه‌ری وڵاتی خۆی ده‌ستپێده‌کات.
باشه مرۆڤ چۆن ناچار ده‌کرێت ئه‌و ئه‌رکه بگرێته ئه‌ستۆ؟
چۆن سیستمێک دروستده‌بێت له‌لایه‌که‌وه په‌یوه‌ندیی نێوان مرۆڤه‌کان
ڕێکبخات؟ به چ شێواز و ئامرازێک ئه‌و په‌یوه‌ندییانه دروستده‌بن؟
ئاخۆ مرۆڤایه‌تی گه‌یشتۆته ئاستێکی پێشکه‌وتنی خه‌یاڵی که ئیتر
هه‌ر که‌سه و له‌لای خۆیه‌وه هه‌ر کاری باش ده‌کات؟ یان پێویسته
میکانیزمێک دروست بێت بۆ ئه‌م مه‌به‌سته؟ بێًگومان یاسا په‌یوه‌ندییه‌کانی
نێوان مرۆڤ و مرۆڤ له‌گه‌ڵ مرۆڤ و ده‌وروبه‌ردا ڕێکده‌خات. ئه‌ی یاسا
چۆن ده‌گاته ئه‌و ئاسته‌ی ئه‌و ئه‌رکه گرنگه جێبه‌جێ بکات؟ که‌واته:
یاسا مرۆڤ ڕێکده‌خات یان به‌پێچه‌وانه‌وه، یان مرۆڤ ڕۆڵی هه‌یه له
دروستکردن و جێبه‌جێکردنی یاسادا.
یاسا، چ ئاسمانی یان زه‌مینی به توانای مرۆڤ ده‌بێت به به‌رنامه‌ی
ژیان بۆیه له‌ناوخۆی هه‌ر وڵاتێکه‌وه بۆ سه‌رجه‌م کۆمه‌ڵی مرۆڤایه‌تی
ئاوڕیان له ژینگه داوه‌ته‌وه.
له‌گه‌ڵ هه‌موو کرداره دزێوه‌کانی ژیانیشدا، هه‌ر پێویسته ئاوڕ له
یاساکانی ناوخۆی و ده‌وڵه‌ت و یاسای نێوده‌وڵه‌تان بده‌ینه‌وه بۆ
به‌ده‌نگه‌وه هاتنی ژینگه و مرۆڤ.
به ده‌نگه‌وه‌هاتنی یاسا به‌رانبه‌ر به چی؟ به‌رانبه‌ر به سێ
کێشه‌ی گه‌وره:
یه‌که‌میان: به ده‌نگه‌وه هاتنی یاسا به‌رانبه‌ر به کێشه‌ی زیاد
بوونی مرۆڤ.
دووه‌میان: به ده‌نگه‌وه هاتنی یاسا به‌رانبه‌ر به کێشه‌ی له‌وتاندنی
ژینگه.
سێیه‌میان: به ده‌نگه‌وه هاتنی یاسا به‌رانبه‌ر به له بنهێنانی
کانزا و سه‌رچاوه سروشتییه‌کان.
هه‌ریه‌ک له‌م کێشانه به ده‌وری مرۆڤدا ده‌سوڕێنه‌وه، واته ژینگه‌ی
مرۆڤ به کۆ پێکده‌هێنن. هه‌ریه‌که له ئێمه له‌گه‌ڵ ئه‌وانی ترداین،
سات به سات ڕووبه‌ڕووی ناشرینی و ناخۆشی و پیس بوونی ده‌وروبه‌ر
ده‌بینه‌وه و که‌مبوونه‌وه و خراپ به‌کارهێنانی سه‌رچاوه سروشتییه‌کان
ترسی خستۆته دڵمانه‌وه.
-2-
که دێینه سه‌ر ڕۆڵی یاسا له پاراستنی ژینگه‌دا، پێویسته ئاوڕ له
یاسای ناوخۆی ده‌وڵه‌ت و یاسای نێوده‌وڵه‌تان بده‌ینه‌وه. یاسای
ناوخۆی ده‌وڵه‌ت سه‌رجه‌م کاروبار و په‌یوه‌ندییه‌کانی ناو وڵات
ڕێکده‌خات، چ به‌جێگه‌یاندنی ئه‌رکه‌کانی هاوڵاتیان و ده‌زگاکانی ده‌وڵه‌ت،
یان به‌ده‌ستهێنانی مافی هاوڵاتیان و مافه‌کانی ده‌زگاکانی ده‌وڵه‌ت.
که‌واته، هاوکێشه‌یه‌ک هه‌یه دوولایه‌نی هه‌یه:
یه‌که‌میان: په‌یوه‌ندییه‌کانی نێوان هاوڵاتیان خۆیان، دووه‌میشیان:
په‌یوه‌ندییه‌کانی نێوان هاوڵاتیان و ده‌زگاکانی ده‌وڵه‌ت.
ژینگه له‌م هاوکێشه دوولایه‌نییه‌دا جێگه‌یه‌کی باش و گرنگ ده‌گرێت،
که‌واته، بێ ژینگه‌یه‌کی له‌بار و ته‌ندروست ژیانی مرۆڤ تێکده‌چێت
و ده‌وڵه‌تیش وێران ده‌بێت، بۆیه به‌رپرسیارێتی پاراستن و جوانکردن و
پێشخستنی ژینگه له ئه‌ستۆی ده‌وڵه‌ت و مرۆڤدایه.
ئه‌گه‌ر له‌سه‌ر ئاستی ناوخۆی ده‌وڵه‌ت قسه له‌سه‌ر ژینگه بکرێت
یاسای ناوخۆ ده‌گرێته‌وه، یاسای ناوخۆش، هه‌ر له ده‌ستووری وڵاته‌وه
تا یاساکانی تر ئه‌و ئه‌رکه‌یان ده‌که‌وێته ئه‌ستۆ. دیاره ده‌ستوور
دایکی یاساکانی ناوخۆیه و ده‌زگاکانی تر به‌رپرسیار ده‌کات به‌رامبه‌ر
ڕێکخستن و پێشخستنی هه‌موو بواره‌کانی ژیانی ناوخۆ.
یاساکانی ناوخۆش تاکه‌کان ناچار ده‌که‌ن پابه‌ندبن به جێبه‌جێکردنی
ئه‌رکه‌کانیان. که ده‌ڵێین ئه‌رکه‌کانیان ئه‌وه‌ی په‌یوه‌ندی به
ژینگه‌وه هه‌یه.
یه‌که‌م: به‌رنامه‌ی ده‌وڵه‌ت بۆ باش به‌کارهێنانی ژینگه به‌گوێره‌ی
پلان و نه‌خشه‌ی گرنگ و جۆراوجۆر، که هه‌ر تاکێک به‌رپرسیاره له
یارمه‌تیدان و به ده‌نگه‌وه چوون و پاراستنی‌دا.
دووه‌م: به‌رپرسیارێتی هه‌ر تاکێک به‌رانبه‌ر نه‌خشه و که‌ره‌سه و
بست به بستی خاکی وڵاته‌که‌ی، چ ناوشار یان ده‌ره‌وه.
بۆ جێبه‌جێکردنی ئه‌م ئه‌رکانه‌ش له ناوخۆدا یاسای کارگێڕی و یاسای
سزادان و به‌گوێره‌ی پێویست یاساکانی تریش ئه‌رکی چاودێری و
پێشخستن و پاراستنی ژینگه‌یان ده‌که‌وێته ئه‌ستۆ. بایه‌خدان به
ژینگه و پاراستنی له یاسای نێوده‌وڵه‌تاندا یه‌کێکه له بابه‌ته
گرنگه‌کانی ژیانی مرۆڤایه‌تی، هه‌ر بۆیه ئه‌و بابه‌ته بووه به
ته‌وه‌ری ژماره‌یه‌کی دیاری ڕێککه‌وتننامه و به‌ڵگه‌نامه له
ڕێکخراوی نێوده‌وڵه‌تان و له په‌یوه‌ندی نێوان ده‌وڵه‌تاندا، لێره‌دا
ئاماژه به هه‌ندێک له‌و به‌ڵگه‌نامه نێوده‌وڵه‌تییانه ده‌که‌ین:
1- ڕاگه‌یاندنی ستۆکهۆڵم ده‌رباره‌ی ژینگه‌ی مرۆڤ، ساڵی (1972).
2- ڕێککه‌وتننامه‌ی له‌نده‌ن تایبه‌ت به پاراستنی دۆخی سروشتی
ئاژه‌ڵ و ڕووه‌ک، ساڵی (1973).
3- ڕێککه‌وتننامه‌ی هلسینکی تایبه‌ت به پاراستنی ژینگه‌ی ده‌ریایی
له ده‌ریای به‌ڵتیک، ساڵی (1974).
4- بڕیاری کۆمه‌ڵه‌ی گشتی ڕێکخراوی نه‌ته‌وه یه‌کگرتووه‌کان ده‌رباره‌ی
ڕێگه‌گرتن له‌و کرده‌وانه‌ی که کاریگه‌رییان هه‌یه له‌سه‌ر ژینگه و
که‌شوهه‌وا به‌و جۆره‌ی که ناکۆک بێت له‌گه‌ڵ پاراستنی ئاسایشی
نێوده‌وڵه‌تی و خۆشبه‌ختی و ته‌ندروستی مرۆڤ، ساڵی (1975).
5- ڕێککه‌وتننامه‌ی به‌رشه‌لۆنه تایبه‌ت به پاراستنی ده‌ریای سپی
ناوه‌ڕاست له له‌وتاندن، ساڵی (1976).
6- ڕێککه‌وتننامه‌ی کوه‌یت بۆ پاراستنی ژینگه‌ی ده‌ریایی له له‌وتاندن،
ساڵی (1978).
7- بڕیاری کۆمه‌ڵه‌ی گشتی ڕێکخراوی نه‌ته‌وه یه‌کگرتووه‌کان ده‌رباره‌ی
هاوکاری نێوده‌وڵه‌تی له‌بواری ژینگه‌دا، ساڵی (1980).
8- ڕێککه‌وتننامه‌ی ژنێڤ تایبه‌ت به له‌وتاندنی که‌شوهه‌وا، ساڵی
(1989).
9- ڕێککه‌وتننامه‌ی ڤیه‌ننا بۆ پاراستنی چینی ئۆزۆن، ساڵی (1985).
10- پرۆتۆکۆڵی مۆنتڕیاڵ تایبه‌ت به چینی ئۆزۆن، ساڵی (1987).
11- ڕاگه‌یاندنی (لوتکه‌ی زه‌وی) له (ڕیۆ- به‌ڕازیل) ده‌رباره‌ی
ژینگه و په‌ره‌پێدان، ساڵی (1992).
هه‌روه‌ها چه‌ندین به‌ڵگه‌نامه‌ی دیکه.
کێشه‌ی ژینگه و په‌یوه‌ندی به ژیانی مرۆڤایه‌تییه‌وه، ئێستا یه‌کێکه
له‌کێشه سه‌ره‌کییه‌کانی ده‌وڵه‌تان، بۆیه به ئه‌ندازه‌ی کێشه‌ی
چه‌کی ئه‌تۆمی و کیمیایی بایه‌خداره، چونکه هه‌ریه‌ک له‌کێشه‌ی
ئه‌تۆمی و کیمیایی ڕاسته‌وخۆ کارده‌که‌نه سه‌ر ژینگه، که‌واته
ڕاسته‌وخۆ کارده‌که‌نه سه‌ر مرۆڤ. هه‌ر بۆیه‌ش کێشه‌ی ژینگه، کێشه‌ی
مرۆڤایه‌تییه. ڕێکخراوی نه‌ته‌وه یه‌کگرتووه‌کان کۆنگره‌یه‌کی
تایبه‌تی له ستۆکهۆڵم له (5 – 16)ی حوزه‌یرانی 1977 ته‌رخانکرد بۆ
ژینگه و کێشه‌کانی، ئه‌م کۆنگره‌یه ڕاگه‌یاندنێکی گرنگی بڵاوکرده‌وه
که (26) پرنسیپی گرتۆته خۆی.
ئه‌م ڕاگه‌یاندنه، مرۆڤایه‌تی زیاتر به ئاگاهێنایه‌وه له مه‌ترسییه‌کی
درێژخایه‌ن که چوارده‌وری هه‌موومانی گرتووه له‌هه‌ر شوێنێکی
دونیادا بین. بابه‌ته گرنگه‌کانی ئه‌و (26) پرنسیپانه په‌یوه‌ندییان
به ئێستا و داهاتووی مرۆڤه‌وه هه‌یه، زۆربه‌ی بابه‌ت و که‌ره‌سته
و ده‌وروبه‌ری مرۆڤ ده‌گرێته‌وه و ئه‌رکی پێویستیش ده‌خاته ئه‌ستۆی
ده‌وڵه‌تان.
هه‌ریه‌ک له‌و پرنسیپانه بابه‌ت و لایه‌نه گرنگه‌کانی ژیانی مرۆڤ و
ده‌وروبه‌ری ده‌گرێته‌وه. ژیان له ژینگه‌یه‌کی گونجاو‌دا مافێکی
بنه‌ڕه‌تی مرۆڤه. له‌پێناوی به‌رژه‌وه‌ندی نه‌وه‌ی ئێستا و نه‌وه‌کانی
داهاتوودا پێویسته به‌رهه‌مه سروشتییه‌کانی زه‌مین بپارێزین، به‌تایبه‌تیش
زه‌مین و به‌رهه‌مه زیندووه‌کانی. مرۆڤ بۆی هه‌یه هه‌موو
پێداویستییه‌کانی ژیانێکی ئاسایی و له‌بار به‌ده‌ستبهێنێت، به‌ڵام
به‌ده‌ستهێنانی هیچ مافێک پێویسته له‌سنووری مافی خۆیدا بێت و ده‌ستدرێژی
نه‌بێت بۆ سه‌ر مافی به‌رامبه‌ر یان ئه‌وانی دیکه.
له‌کاتێکدا نه ژینگه له مرۆڤ جیاده‌بێته‌وه و نه مرۆڤیش به‌بێ
ژینگه هه‌ڵده‌کات، یاساش به‌بێ مرۆڤ و ژینگه هیچ سوودێکی نابێت،
بۆیه یاسا کاتێک کاراده‌بێت به‌سه‌ر مرۆڤ و ژینگه‌دا جێبه‌جێبکرێت.
یاسا شتێکی بێ گیانه، چۆن ڕۆڵی خۆی ده‌بینێت؟ مرۆڤ خۆی ئامرازی
جێبه‌جێکردنی یاسایه چ به‌شێوه‌ی تاک یان له‌چوارچێوه‌ی ده‌زگایه‌کی
ڕه‌سمیدا. که‌واته چ له‌ناوخۆی ده‌وڵه‌تدا و چ له‌ئاستی نێوده‌وڵه‌تیدا
ئه‌رکه‌کانی ده‌وڵه‌ت مرۆڤ و ژینگه ده‌گرێته‌وه.
له‌م سه‌رده‌مه‌شدا پاراستنی ژینگه و پێشخستنی، واته پاراستنی
مرۆڤ و ڕێزگرتن له‌مافه‌کانی که له ژیان و گوزه‌رانێکی گونجاو‌دا به‌رجه‌سته
ده‌بێت.
-3-
ئه‌گه‌ر ژینگه و یاسا و مرۆڤ هاوکێشه‌یه‌کی سێقۆڵی له‌یه‌ک دانه‌بڕاوبن،
که‌واته ژینگه و مرۆڤیش له‌یه‌ک دانه‌بڕاون. بوون و ژیان و پێشکه‌وتنی
هه‌ردووکیشیان، واته ژینگه و مرۆڤ به یاسا پارێزگاری ده‌کرێ و
پێشده‌خرێت، یاساش له ناوخۆی ده‌وڵه‌تدا هه‌یه و له ئاستی ده‌ره‌وه‌شدا
یاسای نێوده‌وڵه‌تانه. ئه‌گه‌ر هه‌ر ده‌وڵه‌تێک له ناوخۆی خۆیدا
پێویستی به‌وه‌بێت له هه‌موو بواره‌کاندا یاسای گونجاو دابنێ و
جێبه‌جێی بکات بۆ ڕێکخستنی سه‌رجه‌م په‌یوه‌ندییه‌کان و دروستکردنی
هاوکێشه و نه‌خشه‌ی گونجاو بۆ ژیان و گوزه‌رانی مرۆڤ، به‌شێوه‌ی
پێکه‌وه‌ژیان کۆمه‌ڵ پێکده‌هێنێت، که‌واته ده‌وڵه‌ت له ئاستی ده‌ره‌وه‌شدا
پێویستی به ڕێکخستنی په‌یوه‌ندییه‌کانی هه‌یه له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تانی
تردا. ژینگه‌ی سه‌رجه‌م ده‌وڵه‌تانی دونیاش ژینگه‌ی مرۆڤایه‌تی
پێکده‌هێنن.
له‌و پێودانگه‌وه، یاسای ناوخۆی ده‌وڵه‌ت و یاسای نێوده‌وڵه‌تانیش
په‌یوه‌ندییان به یه‌که‌وه هه‌یه، بواری ژینگه‌ش زیاتر ئه‌و په‌یوه‌ندییه
تۆخ ده‌کاته‌وه.
یاسای نێوده‌وڵه‌تان مادام بایه‌خ به مرۆڤایه‌تی ده‌دات، ده‌بێت
ژینگه‌ی مرۆڤایه‌تیش جێگه بایه‌خی ئه‌و یاسایه بێت. له‌به‌ر پێشکه‌وتنه‌کانی
دونیا و په‌یدابوونی بواری هه‌مه‌جۆری په‌یوه‌ندییه‌کان و بابه‌تی
هه‌مه‌جۆری گرنگ که په‌یوه‌ندییان به مرۆڤایه‌تییه‌وه هه‌یه.
که‌واته په‌یوه‌ندییان به سه‌رجه‌م ده‌وڵه‌تانی دونیا و ڕێکخراوه
نێوده‌وڵه‌تییه‌کانیشه‌وه هه‌یه جا چ ڕێکخراوی جیهانی یا ئیقلیمی
له ئاستی ده‌وڵه‌تاندا یان ڕێکخراوه ناحکومییه‌کان (NGO) له
ئاستێکی گشتیدا.
بۆیه یاسای نێوده‌وڵه‌تان چه‌ند لقێکی لێ په‌یدابووه. یاسای
نێوده‌وڵه‌تی مرۆڤایه‌تی و یاسای نێوده‌وڵه‌تی ژینگه، هه‌ردووکیان
دوو لقی دیاری نێوده‌وڵه‌تانن له‌م سه‌رده‌مه‌دا. یاسای نێوده‌وڵه‌تی
مرۆڤایه‌تی بۆخۆی بایه‌خێکی باشی به ژینگه داوه، چونکه ژینگه
زه‌مینه‌ی ژیان و گوزه‌رانی مرۆڤایه‌تییه، ئه‌مه جگه له‌وه‌ی که
یاسای نێوده‌وڵه‌تی ژینگه‌ش لقێکی دیاری یاسای نێوده‌وڵه‌تان خۆیه‌تی
و له چه‌ندین لایه‌ن و بواره‌وه ژینگه بووه به جێگه بایه‌خی
بابه‌ته‌کانی له چوارچێوه‌ی په‌یماننامه و کۆمه‌ڵێک به‌ڵگه‌نامه‌دا.
له‌م سه‌رده‌مه‌دا چ له ناوخۆی ده‌وڵه‌تاندا و چ له ئاستی نێوده‌وڵه‌تیدا،
کێشه و گیروگرفت زۆربووه. که‌ره‌سه و ئامرازی جۆراوجۆر په‌یدابوون
که هه‌م مرۆڤ ده‌گه‌نه ئامانج و به‌ره‌و مه‌رگ و ژیانێکی ناخۆش و سه‌ختی
ده‌به‌ن، هه‌م ژینگه به هه‌موو پێکهاته‌کانیه‌وه ده‌شێوێنن و وێران
ده‌که‌ن. که‌ره‌سه‌کانی شه‌ڕ، تاقیکردنه‌وه‌ی ئه‌تۆمی، چه‌کی
کیمیاوی و بایۆلۆجی و که‌ره‌سه‌ی ژه‌هراوی، به‌رده‌وامبوونی شه‌ڕ
و به‌کارهێنانی چه‌کی ترسناک و هه‌ڕه‌شه‌دار، که‌م بارانی له هه‌ندێک
ناوچه‌ی جیهان و لافاو و که‌شوهه‌وایه‌کی سه‌خت و ناسازی هه‌ندێکی
تر، که‌مبوونی ئاو و به‌رده‌وام ده‌رهێنانی کانزاکانی ژێر زه‌وی،
په‌یدابوونی نه‌خۆشی زۆر ترسناک له‌سه‌ر مرۆڤ و گیانله‌به‌رانی دیکه،
به‌شێوه‌یه‌کی گشتی تێکچوونی هاوکێشه‌ی په‌یوه‌ندییه ئاساییه‌کانی
مرۆڤ و که‌ره‌سه و ئامرازه‌کانی ژیان ژینگه‌یه‌کی هه‌ڕه‌شه‌لێکراویان
دروست کردووه.
بۆ به‌ده‌نگه‌وه‌هاتنی ئه‌و دۆخه تازه‌یه‌ی که ژینگه‌ی مرۆڤایه‌تی
تووشی بووه، چ ژینگه‌ی سروشت و چ ژینگه‌ی مرۆڤ، هه‌ردووکیان له
بابه‌ته گرنگه‌کانی یاسای نێوده‌وڵه‌تانن، وه‌کو وتمان یاسای نێوده‌وڵه‌تانیش
به یاسای نێوده‌وڵه‌تی مرۆڤایه‌تی و یاسای نێوده‌وڵه‌تی ژینگه‌وه
سه‌رقاڵی کێشه‌کانی ژینگه بووه.
ڕێکه‌وتننامه‌کانی ژنێڤ/ ساڵی 1949 هه‌رچواریان سه‌رچاوه‌یه‌کی سه‌ره‌کی
یاسای نێوده‌وڵه‌تی مرۆڤایه‌تین. ئه‌و ڕێکه‌وتننامانه دوو پرۆتۆکۆڵی
پاشبه‌ندیان هه‌یه له ساڵی 1977دا ئه‌نجام دراون.
پرۆتۆکۆڵی یه‌که‌می ساڵی 1977 که تایبه‌ته به پاراستنی
قوربانیانی کێشه چه‌کدارییه نێوده‌وڵه‌تییه‌کان بایه‌خێکی باشی به
خه‌ڵکی سیڤیل داوه له کاتی شه‌ڕی نێوان ده‌وڵه‌تاندا، جا چ خه‌ڵکه‌که
خۆی یان شوێن و جێگای ژیان و گوزه‌رانیان، یا شوێنه ئاینی و
کولتوورییه‌کان یان ژینگه. که‌واته ژینگه‌ی مرۆڤ و ژینگه‌ی سروشت
هه‌ردووکیان گرێدراوی یه‌کترین و هه‌ردووکیان ده‌وروبه‌ری مرۆڤ پێکده‌هێنن.
به‌ندی (51)ی پرۆتۆکۆڵی یه‌که‌می پاشبه‌ندی ڕێکه‌وتننامه‌کانی
ژنێڤ باسی پاراستنی خه‌ڵکی سیڤیل ده‌کات.
به‌ندی (52)ی پرۆتۆکۆڵه‌که باسی پاراستنی شوێن و جێگه‌ی ژیان و
گوزه‌رانی خه‌ڵکی سیڤیل ده‌کات.
به‌ندی (53) باسی پاراستنی شوێنه کولتووری و ئاینییه‌کان ده‌کات.
به‌ندی (54) باسی پاراستنی سه‌رچاوه‌کانی ژیانی خه‌ڵکی سیڤیل ده‌کات.
به‌ندی (55) باسی پاراستنی ژینگه‌ی سروشت ده‌کات.
له‌م پێنج به‌نده‌دا پێکهاته‌ی ژینگه به‌مجۆره دیاری ده‌کرێت: (مرۆڤی
سیڤیل + ژینگه‌ی مرۆڤ / شوێن + سه‌رچاوه‌کانی ژیان + شوێنه کولتووری
و پیرۆزه‌کان + سروشت).
که‌واته، فه‌وتاندن و ئازارپێگه‌یاندنی مرۆڤ و وێرانکردنی شوێنی
ژیان و وێرانکردنی سه‌رچاوه‌کانی ژیان و وێرانکردنی شوێنه کولتووری
و پیرۆزه‌کان و وێرانکردن و شێواندنی سروشت، ئه‌مانه هه‌موویان
تاوانن، له ئه‌نجامیشدا تاوانن له دژی مرۆڤ.
لێره‌دا ده‌گه‌ینه ئه‌و ئه‌نجامه‌ی، تاوان ئه‌گه‌ر له دژی مرۆڤ خۆی
بکرێت یان له دژی ژینگه‌که‌ی ئه‌وه هه‌ر تاوانه.
ئه‌گه‌ر تاوان له دژی مرۆڤ خۆی بکرێت، ئه‌وا ژینگه ئه‌و لایه‌نه
له‌ده‌ست ده‌دات که په‌یوه‌ندیی به‌رده‌وامی له‌گه‌ڵدایه، به‌شێوه‌یه‌کی
ئاسایی و له چوارچێوه‌ی یاساشدا، چونکه مرۆڤ ده‌توانێت ژینگه به‌کاربێنێت
و له‌پێناوی پێشکه‌وتندا بیپارێزێ و خزمه‌تی بکات. ژینگه‌ش به
مرۆڤه‌وه دیاره و گۆڕانکاریی به‌سه‌ردا دێت.
-4-
کێشه‌ی له‌وتاندن و وێرانکرنی ژینگه له یاسای نێوده‌وڵه‌تاندا
بایه‌خێکی باشی پێدراوه، له‌به‌رئه‌وه‌ی پاراستن و په‌ره‌پێدانی
ژینگه ڕاسته‌وخۆ په‌یوه‌ندی به مرۆڤه‌وه هه‌یه، بۆیه ئه‌و کێشه‌یه
ده‌بێته کێشه‌ی مرۆڤ. که‌واته، پاراستن و په‌ره‌پێدانی ژینگه
مانای پاراستن و په‌ره‌پێدانی مافه‌کانی مرۆڤ ده‌گه‌یه‌نێت، به‌پێچه‌وانه‌شه‌وه
له‌وتاندن و وێرانکردنی ژینگه‌ش، واته پێشێلکردن و ڕێزنه‌گرتنی مافه‌کانی
مرۆڤ.
جا له‌به‌ر ئه‌مه‌یه یاسای نێوده‌وڵه‌تان له دوو لقی دیاریدا بایه‌خی
باشی به ژینگه و بابه‌ته په‌یوه‌ندیداره‌کانی داوه. یاسای نێوده‌وڵه‌تی
مرۆڤایه‌تی و یاسای نێوده‌وڵه‌تی ژینگه.
ئه‌گه‌ر سه‌یری یاسای نێوده‌وڵه‌تی مرۆڤایه‌تی و بابه‌ته‌کانی بکه‌ین،
ده‌بینین ژماره‌یه‌کی دیاری نوسه‌ران و زانایانی یاسا پێی ده‌ڵێن:
یاسای شه‌ڕ یان یاسای کێشه چه‌کدارییه نێوده‌وڵه‌تی و ناوخۆییه‌کان.
ئه‌گه‌ر به یاسای نێوده‌وڵه‌تی مرۆڤایه‌تی بووترێت یاسای شه‌ڕ،
واته ئه‌و یاسایه‌ی که له‌کاتی شه‌ڕ و له‌کاتی پێویستی په‌یوه‌ندیدار
به شه‌ڕه‌وه پێویسته جێبه‌جێبکرێت. شه‌ڕ له کوێ ده‌کرێت و له‌نێوان
کێ و کێدایه؟ له هه‌ر شوێنێک بێت ژینگه‌ی مرۆڤه، له‌نێوان هه‌ر
لایه‌ن و ده‌وڵه‌تێکیشدا بێت هه‌ر له‌نێوان مرۆڤ و مرۆڤدایه. له هه‌موو
حاڵه‌ته‌کانیشدا ڕاسته‌وخۆ هه‌موو شه‌ڕ و پێکدادانێکیش له ژینگه‌ی
مرۆڤدایه. هه‌ر بۆیه یاسای نێوده‌وڵه‌تی مرۆڤایه‌تی له چه‌ند
بابه‌تێکی گرنگ و له کۆمه‌ڵێک ڕێکه‌وتننامه و به‌ڵگه‌نامه‌دا بایه‌خی
به ژینگه و لایه‌نه‌کانی داوه، ئه‌گه‌ر له یاسای نێوده‌وڵه‌تی
مرۆڤایه‌تیدا بگه‌ڕێینه‌وه بۆ سه‌رچاوه نه‌نوسراوه‌کان (واته عورف
یان داب و نه‌ریت)، ئه‌وا یه‌کێک له پره‌نسیپه‌کانی ئه‌وه‌یه که (قه‌ده‌غه‌یه
هه‌ر به‌شێکی ژینگه‌ی سروشت وێران بکرێت مه‌گه‌ر له حاڵه‌تێکی
پێویستی سه‌ربازی ناچاریدا بێت). ئه‌مه ئه‌وه ده‌گه‌یه‌نێت که
وتمان یاسای نێوده‌وڵه‌تی مرۆڤایه‌تی لای هه‌ندێک له زانایان پێی
ده‌وترێت (یاسای شه‌ڕ یان یاسای سه‌رده‌می کێشه چه‌کدارییه نێوده‌وده‌ڵه‌تی
و ناوخۆییه‌کان). ئه‌گه‌ر ئه‌م یاسایه له‌پێش ئه‌وه‌ی به‌ڵگه‌نامه‌ی
شێوازی ڕێککه‌وتننامه هه‌بێت، واته نه‌نوسراوبێت، به‌مجۆره پێ له‌سه‌ر
پاراستنی ژینگه داده‌گرێت، ئه‌وا له ڕێککه‌وتننامه و کۆمه‌ڵێک به‌ڵگه‌نامه‌ی
نوسراودا ژینگه بابه‌تی ڕێککه‌وتنه‌کانی سه‌رده‌می جه‌نگه، ئه‌ویش
به‌مجۆره: 1- پره‌نسیپه گشتییه‌کان: یه‌که‌مجار له ڕاگه‌یاندنی (سان
پتر سبورگ)دا ساڵی (1868) پرنسیپێک جێگیرکرا که ده‌ڵێت: (لایه‌نه
ناکۆکه‌کان له هه‌ڵبژاردنی که‌ره‌سه و شێوازی شه‌ڕدا مافێکی بێ
سنووریان نییه)، واته سنوورێک هه‌یه ڕێگه‌یان لێده‌گرێت. هه‌ر هه‌مان
پره‌نسیپ جه‌ختی له‌سه‌ر کراوه‌ته‌وه و دواجاریش له بڕگه‌ی یه‌که‌می
به‌ندی بیست و پێنجی پرۆتۆکۆڵی یه‌که‌می ساڵی (1977)دا دووباره
کراوه‌ته‌وه و، ئه‌مه ئه‌وه ده‌گه‌یه‌نێت که لایه‌نه ناکۆکه‌کان
له به‌کارهێنانی ئامراز و شێوازی شه‌ڕدا پێویسته ژینگه به هه‌ند
وه‌ربگرن، سه‌ره‌نجام ژینگه لانه‌ی هه‌موو مرۆڤایه‌تییه، که لایه‌نه
ناکۆکه‌کانیش خۆیان به‌شێکن له مرۆڤایه‌تی.
2- ئه‌و په‌یماننامانه‌ی به‌شێوه‌ی ناڕاسته‌وخۆ ژینگه ده‌پارێزن: چ
له کۆندا ناکۆکییه‌کان له شێوه‌ی عورفدا و چ پاشتر که ڕێککه‌وتننامه‌ی
نوسراو جێگه‌ی گرته‌وه، پاراستنی ژینگه یه‌کێک بووه له‌و بابه‌ته
گرنگانه‌ی که په‌یوه‌ندی به یاسا و نه‌ریته‌کانی شه‌ڕه‌وه هه‌بووه.
ژماره‌یه‌ک له‌و به‌ڵگه‌نامانه‌ی که ئاماژه به‌و بنه‌ما عورفیانه
ده‌که‌ن له پاراستنی ژینگه‌دا ده‌رباره‌ی یاسا و نه‌ریته‌کانی شه‌ڕن،
هه‌ندێک له‌و به‌ڵگه‌نامانه‌ی که ناڕاسته‌وخۆ باس له پاراستنی
ژینگه ده‌که‌ن ئه‌مانه‌ن: یه‌که‌م: پرۆتۆکۆڵی ژنێڤ (ساڵی 1925) ده‌رباره‌ی
قه‌ده‌غه‌کردنی به‌کارهێنانی گازی خنکێنه‌ر و ژه‌هراویی.
دووه‌م: ڕێککه‌وتننامه‌ی به‌ربه‌ندکردنی به‌رهه‌مهێنان و هه‌ڵگرتنی
چه‌کی بایولۆجی (ساڵی 1972).
سێیه‌م: ڕێککه‌وتننامه‌ی به‌ربه‌ندکردنی به‌کارهێنانی چه‌کی فره
زیان و هه‌ڕه‌مه‌کی (ساڵی 1980).
3- ئه‌و په‌یماننامانه‌ی به‌شێوه‌ی ڕاسته‌وخۆ ژینگه ده‌پارێزن: ئه‌مجۆره
په‌یماننامانه له قۆناغی ئێستادا به‌شێکی دیاری یاسای نێوده‌وڵه‌تی
مرۆڤایه‌تین، هه‌ندێک له نموونه دیاره‌کانیان ئه‌مانه‌ن:
یه‌که‌م: ڕێککه‌وتننامه‌ی به‌ربه‌ندکردنی به‌کارهێنانی ته‌کنه‌لۆژیای
گۆڕینی ژینگه بۆ مه‌به‌ستی سه‌ربازیی یان هه‌ر مه‌به‌ستێکی
دوژمنکارانه. ئه‌م ڕێککه‌وتننامه‌یه له ساڵی (1976)دا له ڕێکخراوی
نه‌ته‌وه یه‌کگرتووه‌کان په‌سه‌نکراوه.
دووه‌م: پرۆتۆکۆڵی یه‌که‌می ساڵی (1977)، پاش به‌ندی ڕێککه‌وتننامه‌کانی
ژنێڤی ساڵی (1949).
4- پاراستنی ژینگه له‌کاتی شه‌ڕی چه‌کداری ناوخۆییدا: پرۆتۆکۆڵی
دووه‌می ساڵی (1977) پاش به‌ندی ڕێککه‌وتننامه‌کانی ژنێفی ساڵی
(1949)، له چه‌ند به‌ندێکیدا بایه‌خی به پاراستنی ژینگه داوه. له
به‌ندی چوارده‌دا باس له پێویستی پاراستنی شوێن و مه‌ڵبه‌نده‌کانی
ژیانی خه‌ڵکی ده‌کات که پێویستن بۆ مانه‌وه و پاراستنی خه‌ڵکی
سڤیل. هه‌روه‌ها له به‌ندی پانزه‌دا باس له پاراستنی ده‌زگا و
ئامرازه ئه‌ندازه‌یی و گرنگه‌کان ده‌کات که مه‌ترسی دروستده‌که‌ن
له هه‌ر دوو به‌ندی چوارده و پانزه‌دا چ شوێن و سه‌رچاوه‌کانی ژیان
و ناوچه‌کانی به‌رهه‌مهێنان و ماڵداری و ڕێگا و بان پێویسته
بپارێزرێن و چ ئه‌و ده‌زگا و بنکانه‌ی که که‌ره‌سه‌ی مه‌ترسیداریان
تێدایه بۆئه‌وه‌ی به‌کار نه‌هێنرێن.
له‌م چه‌ند دێڕه‌دا بۆمان ده‌رکه‌وت چ له شه‌ڕ و پێکدادانی نێوان ده‌وڵه‌تان
و چ له شه‌ڕی ناوخۆدا، ژینگه بایه‌خی پێدراوه. بۆیه بۆمان ده‌رده‌که‌وێت
کێشه گرنگ و سه‌خته‌کانی مرۆڤ بابه‌تی یاسای نێوده‌وڵه‌تانن ئه‌گه‌ر
له‌نێوان ده‌وڵه‌تاندا بێت یان له‌ناوخۆی ده‌وڵه‌تدابێت.
هه‌ر ئه‌وه‌ش ده‌مانگه‌یه‌نێته ئه‌و ئه‌نجامه‌ی که بڵێین: ژینگه و
مرۆڤ یه‌ک بابه‌تی تێکه‌ڵن ئه‌گه‌ر کێشه‌کانیان له‌ناوخۆی ده‌وڵه‌تدابێت
یان له ئاستی نێوده‌وڵه‌تیشدا بێت، بۆیه له‌م قۆناغه تازه‌یه‌ی
مێژووی مرۆڤایه‌تیدا ئه‌و کێشه و بابه‌تانه له‌ناوخۆی وڵات‌دا به
بیانووی جۆراوجۆر ناتوانرێت گه‌مارۆ بدرێن.
-5-
بابه‌ت و کێشه‌کانی تایبه‌ت به ژینگه چ له ئاستی نێوده‌وڵه‌تیدا
بێت یان له ناوخۆی ده‌وڵه‌تاندا، ئه‌وه په‌یوه‌ندیی به مرۆڤه‌وه
هه‌یه، که‌واته بابه‌ت و کێشه‌کانی تایبه‌ت به مرۆڤ له ناوخۆی ده‌وڵه‌ت
و له ئاستی نێوده‌وڵه‌تانیشدا بابه‌تی نێوده‌وڵه‌تین و له یاسای
نێوده‌وڵه‌تاندا بوون به بابه‌تی بایه‌خدار. وه‌کو ده‌زانین یاسای
نێوده‌وڵه‌تی مرۆڤایه‌تی و یاسای نێوده‌وڵه‌تی ژینگه دوو لقی
یاسای نێوده‌وڵه‌تانن، هه‌ر بۆیه ژینگه بابه‌تێکی گرنگ و بایه‌خداری
هه‌ردوو لقه‌که‌ن که سه‌رچاوه‌یه‌کیان یاسای نێوده‌وڵه‌تانه.
ئه‌گه‌ر به وردیی سه‌رنجی ئه‌و کێشه و بابه‌تانه بده‌ین که له
ناوخۆی ده‌وڵه‌تاندان، له‌م سه‌رده‌مه‌دا به‌شێکی گرنگیان بوون به
بابه‌تی یاسای نێوده‌وڵه‌تان. ژینگه‌ش بابه‌تێکی بایه‌خدار و گرنگه
له‌و لایه‌نه‌وه. ئالێره‌وه، کێشه‌کانی تایبه‌ت به ژینگه له
ناوخۆی ده‌وڵه‌تیشدا گرێدراوی شه‌ڕ و ناکۆکییه‌کانه، چ شه‌ڕی ناوخۆ
یان شه‌ڕی نێوان ده‌وڵه‌تان. له شه‌ڕی ناوخۆدا ده‌وڵه‌ته‌که له‌گه‌ڵ
ده‌سته‌یه‌کی دابڕاو له ده‌وڵه‌ت یان پێکهاته‌یه‌کی شه‌ڕکه‌ر له‌گه‌ڵ
ده‌وڵه‌تدا، به شه‌ڕ و ناکۆکییه‌کانیانه‌وه بابه‌تی یاسای نێوده‌وڵه‌تانن.
گرنگترین ڕێکه‌وتننامه‌ی نێوده‌وڵه‌تی که بایه‌خی به شه‌ڕی
ناوخۆی ده‌وڵه‌تان داوه، پرۆتۆکۆڵی دووه‌می ساڵی (1977)ه که
پاشکۆی په‌یماننامه‌کانی ژنێڤی ساڵی (1949)یه. بۆ خوێندنه‌وه‌ی
بایه‌خی ئه‌و پرۆتۆکۆڵه که بایه‌خی به شه‌ڕی نێوان ده‌وڵه‌ت و
پێکهاته‌یه‌کی ناوخۆ داوه، پێویسته له دوو لایه‌نه‌وه سه‌یری بکه‌ین:
یه‌که‌م: بایه‌خدانی یاسای نێوده‌وڵه‌تان به‌وجۆره شه‌ڕانه‌ی که
شه‌ڕی نێوان ده‌وڵه‌تان نین، به‌ڵکو شه‌ڕی ده‌وڵه‌تێک و به‌شێکی
دابڕاو یان پێکهاته‌یه‌کی تایبه‌ته.
دووه‌م: بایه‌خی یاسای نێوده‌وڵه‌تان به ژینگه له‌وجۆره شه‌ڕانه‌دا.
که‌واته، ژینگه و مرۆڤ له ناوخۆی وڵات‌دا بابه‌تی یاسای نێوده‌وڵه‌تانن،
بۆیه بۆ خوێندنه‌وه‌ی پرۆتۆکۆڵی دووه‌می پاشکۆی ڕێکه‌وتننامه‌ی
ژنێڤ، پێویسته ژینگه وه‌کو بابه‌تێکی نێوده‌وڵه‌تی سه‌یربکه‌ین، به‌ڵام
پێش ئه‌وه‌ی بێینه‌سه‌ر پرۆتۆکۆڵی دووه‌م پێویسته باسی پرۆتۆکۆڵی
یه‌که‌میش بکه‌ین.
پرۆتۆکۆڵی یه‌که‌می ساڵی (1977) که پاشکۆی په‌یماننامه‌کانی
ژنێڤی ساڵی (1949)یه، بایه‌خی به ژینگه داوه. ئه‌م پرۆتۆکۆڵه
تایبه‌ته به شه‌ڕی نێوان ده‌وڵه‌تانه‌وه.
خاڵی سێیه‌م له به‌ندی (35) له پرۆتۆکۆڵی یه‌که‌م ده‌ڵێت؛ "ئه‌و
که‌ره‌سه و شێوازانه‌ی شه‌ڕ قه‌ده‌غه‌ن که به‌مه‌به‌ست یان ڕه‌نگه
زیان به ژینگه‌ی سروشت بگه‌یه‌نن به‌زۆری یان به‌شێوه‌یه‌کی
درێژخایه‌ن". خاڵی یه‌که‌می به‌ندی په‌نجا و پێنجی هه‌مان پرۆتۆکۆڵ
ده‌ڵێت؛ "له کاتی شه‌ڕدا چاودێریی پاراستنی ژینگه‌ی سروشت ده‌کرێت
بۆ ئه‌وه‌ی زیانی زۆر و فراوان و درێژخایه‌نی پێ نه‌گات، ئه‌م
پاراستنه‌ش به‌وجۆره‌یه که که‌ره‌سته و شێوازی شه‌ڕ قه‌ده‌غه‌ده‌کات
که چ به‌مه‌به‌ست بێت یان ڕه‌نگه زیان به ژینگه‌ی سروشت بگه‌یه‌نێت
که ئه‌ویش زیان به ته‌ندروستی و دانیشتوان ده‌گه‌یه‌نێت".
خاڵی دووه‌می هه‌مان به‌ندیش ده‌ڵێت؛ "هه‌ر هێرشێک له دژی ژینگه‌ی
سروشت قه‌ده‌غه‌یه".
هه‌روه‌ها به‌ندی په‌نجا و شه‌شی پرۆتۆکۆڵی یه‌که‌م جه‌خت له‌سه‌ر
ئه‌وه ده‌کاته‌وه که "هه‌ر هێرش و په‌لامارێک قه‌ده‌غه‌یه ئه‌گه‌ر
بکرێته‌سه‌ر هه‌ر ده‌زگا و ڕێگاوبان و پرد و به‌نداو و ده‌زگا کاره‌بایی
و گرنگه‌کان که زیان به دانیشتوان ده‌گه‌یه‌نێت، دیاره ئه‌م هێرشانه
ده‌بنه‌هۆی وێرانکردن و له‌وتاندنیش، که ئه‌م وێرانکردنه‌ش به‌رهه‌م
و سه‌رچاوه‌کانی ژیان تێکده‌ده‌ن".
به‌مجۆره، پرۆتۆکۆڵی یه‌که‌م که تایبه‌ته به شه‌ڕی نێوان ده‌وڵه‌تانه‌وه
بایه‌خ به ژینگه ده‌دات، که‌واته بایه‌خ به مه‌ڵبه‌ند و ژیان و سه‌رچاوه‌کانی
ژیانی مرۆڤ ده‌دات، به‌ڵام پرۆتۆکۆڵی دووه‌می ساڵی (1977) که
پاشکۆی ڕێکه‌وتننامه‌کانی ژنێڤی ساڵی (1949)یه تایبه‌ته به شه‌ڕی
نێوان ده‌وڵه‌تێک و به‌شێک له ناوخۆی ده‌وڵه‌ته‌که، واته شه‌ڕه‌که
له‌نێوان ده‌وڵه‌تاندا نییه.
ئه‌م پرۆتۆکۆڵه له به‌ندی یه‌که‌میدا جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌وه‌ده‌کاته‌وه
که "کار به‌سه‌ر ئه‌و که‌سانه‌دا ده‌کات که به‌رکه‌وتووی شه‌ڕی
ناوخۆن، مه‌به‌ستیش له شه‌ڕی ناوخۆ ئه‌و شه‌ڕانه‌یه که له هه‌رێمێکی
ناوخۆی ده‌وڵه‌تێکدا دروست ده‌بن له‌نێوان ده‌وڵه‌ته‌که و هێزێکی چه‌کداری
دابڕاو له هێزی چه‌کداری ده‌وڵه‌ته‌که یان هێزێکی چه‌کداری
ڕێکخراو که سه‌رکردایه‌تییه‌ک به‌رپرسیارێتی هه‌ڵده‌گرێت.
به‌ندی (13)ی ئه‌م پرۆتۆکۆڵه له سێ خاڵیدا جه‌خت له‌سه‌ر پاراستنی
خه‌ڵکی سیڤیل ده‌کاته‌وه، دیاره هیچ پاراستنێکی ئه‌و خه‌ڵکه‌ش به‌بێ
پاراستنی ژینگه‌که‌یان دروست نابێت.
به‌ندی (14) باس له پاراستنی سه‌رچاوه‌کانی ژیانی خه‌ڵکی ده‌کات.
دیاره سه‌رچاوه‌کانی ژیان به‌شێکی گرنگی ژینگه‌ن.
هه‌ر وێرانکردنێکی ژینگه واته وێرانکردنی سه‌رچاوه‌کانی ژیانیش.
به‌ندی (15) باس له پاراستنی شوێن و جێگه و ڕێگه‌وبان و مه‌ڵبه‌نده‌کانی
ژیان و گوزه‌ران ده‌کات.
به‌ندی (16) باس له پاراستنی شوێنه پیرۆز و کولتوورییه‌کان ده‌کات.
له ئه‌نجامدا ده‌ڵێین؛ "هه‌ردوو پرۆتۆکۆڵی پاشکۆی ڕێکه‌وتننامه‌کانی
ژنێڤ که تایبه‌تن به شه‌ڕی نێوان ده‌وڵه‌تان و شه‌ڕی نێوان ده‌وڵه‌تێک،
به‌شێک یان پارچه‌یه‌کی ناوخۆی ژینگه‌یان کردۆته بابه‌تێکی گرنگ
هاوشانی بابه‌ته په‌یوه‌ندیداره‌کانی ژیان و مافه‌کانی مرۆڤ".
|