په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١١\١١\٢٠١٣

ژینگە و بەرهەمهێنان.


ئەرسەلان مەحمود  


لەهەر کۆمەڵگەیەکدا، وەبەرهێنان بەمانا بابەتییەکەی، یانی وەک ئەوەی شایستە بەهەبوونە، لەجێگەی خۆیدا نەبێ‌ و، نەکەوتبێتە سەر شاڕێگە ئاساییەکەی، ئەوا ژینگەکەی دیارە بەهەموو ماناکانییەوە، لەژێر پرسیار و مەترسیدایە.

هەڵبەتە، ئەو تاک و خەڵکە سەرمایەدارانەی، نەیانتوانیبێت زۆر بەدیقەت و بەباشییەوە، زەوی و مڵکە تایبەتیەکەی خۆیان، خاک نیشتیمانە هەمیشەییەکەی هەمووان، بپارێزن، ئەوا لەئەنجامدا نەک هەر خودیخۆیان، بگرە زۆرینەی هەرە زۆری فەزا گشتییەکەی ژینگەی وڵاتەکەیشیان لەناو بردوە. جێگەی داخە زۆرینەیەکی دیار لەسەرمایەداو سەرمایە گوزارانی ئەم وڵاتەو لەم وڵاتەدا، لەسەرمایە بازاریدا، ئەوەندەی لەخەمی بەدەستهێنانی زیاتری قازانجدان، هەرگیز ئەوەندە هزریان بەلای ئەوەدا ناچێت، ئاخۆ ئەم سەرمایەکارییەی دەیکەن، لەبنەمادا چەند زیانی هەیە لەسەر ژینگە بەمانا فراوانەکەی.

بەرهەم هێنەر، نابێ‌ بەتەنها هەر خەریک بەکەمکردنەوەی خەرجیەکانی بێت و، ئەمە بکاتە بیانووێک، چییە بەم ڕێگەیە بەرهەمی هەرزانتر دەخاتە بازاڕەوەو، کاڵاکانی لەبەرهەم هێنەرانی دی هەرزانتر دەفرۆشێت، بەڵکو بەخاتری دەستگرتن بەهێشتنەوەی ژینگە شایستەییەکە، دەبێ‌ لەهەوڵدانی ئەوە دابن، باشترین کاڵاو کواڵێتییەکان لەبەرهەم پێشکەشبکەن، یانی باشترین کاڵا بهێننە بەرهەم و بازاڕەکانەوە نەک هەرزنترین و نزمترین کوالێتییەکانی کاڵا.

رەنگە ڕاستکردنەوەی وەها بارێک، جگە لەبەهێنانە ئاراوەی یاسا شیاوەکان، بەڵکوو بەگرینگیدانی زیاتری ئەزموونی کەرتی تایبەت، ببێتە وەڵام و، هێنانە ئاراوەی چارەسەرێک، بەنمونە:"لەوڵاتی ئوستڕالیا کەرتی تایبەت توانیوویانە بەشێک لەئاژەڵەکان وەک کانگرۆ لەمەترسیەکانی لەناوچوون ڕزگار بکەن، هەروەها لەئەوروپا ئەرکی پاراستنی بەشێک لەپارکە گشتیەکان، دراوەتە کەرتی تایبەت"، یانی دەشێت بەنمونە لەسنوری ئیدارەی سەربەخۆی ڕاپەڕین، غابات و دارستانە جیاوازەکان، پارک و ناوچە گەشتیارییەکان، یاریگەو، مەلەوانگەو، پاشماوەکانی خۆراک و خاشاک، پڕۆژەکانی سەوزکردنی شارەکان و،... هتد، لەسەر ڕۆشنایی پڕۆتۆکۆڵێکی مۆدرێن، بدرێتە کەرتی تایبەت، ئەوە بەو مانا نییە بمانەوێ‌ وانیشانی بدەین لەکەرتی تایبەتدا، هەرگیز هەڵەو خەمساردی و بەکاربردنی ناڕەوا ڕوو نەدات، بەڵام ئەزموونی کۆمەڵگەی گەشەکردو، ساغیکردوەتەوە، ئەم بەشە زۆر باشتر ئەتوانی هەڵەکانی ڕاستەبکاتەوەو بەرپرسیارانەتر هەڵس و کەوت بکات، چونکە لانیکەم لەئەنجامدا، مەترسییەکانی لەناوچوونی داهات و ژیانی خۆی، دێتە ئاراوە، بەڵام حکومەتەکان وەک پیشەی هەمیشەیی خۆیان، ئەتوانن کێشەکە بخەنە ئەستۆی کابینەو حکومەتەکانی دواو پێش خۆیانەوەو، خۆیان لەوەها بەرپرسیاریەتییەک بپارێزن و، بدزنەوە.

دیارە وەها خەمساردییەک لەڕاستیدا، تایبەتیش لەوڵاتی ئێمەدا، لەئاستەکانی تاکیشدا بەدیکراوە، یانی لانیکەم نەتواندراوە ژینگەو هۆشیاری ژینگەیی، ژینگەو بەرپرسیارێتییە ژینگەییەکان، بەکۆمەڵایەتی بکرێت، بەڵام ئەگەر دەربازکردنی سەرمایەداران، لەچنگ ئەو بێموبالاتییەی تێیکەوتوون لەم وڵاتەدا، بەهۆی هەبوونی دەستەی ژینگەو فەرمانگەکانی، ئیدی لێرەوە بەیاسا ڕێکبخرێت، بابەتی بەکۆمەڵایەتیکردنی ژینگەو، بەماناکردنەوەی تاک، لەتاکێکی نابەرهەمهێنەوە بۆ تاکێکی بەرهەمهێن، هەروا سادەو سانا نابێت و، دەبێت بکرێتە نەریتێک تیایدا ژینگە بۆ هەمووان، ڕەنگبداتەوە.

"لاولاک" وەها ئاریشەیەک بەهێنانە ئاراوەی تیورییەکەی"گایا" دەیەوێ‌ ئاوا بەچارەسەر بگەیەنێت، ئەو سەبارەت بەیەکەوە لکاندنی مرۆڤ و ژینگە، وەک تاک، دەڵێت " وەها هەژمار بکەن و، بڵاوبکەنەوە، گەرمبوونی زەوی و، هاتنە پێشەوەی وێشکە ساڵی و، کەمکردنی ئاوی‌ ژێر زەوی و، تەنانەت هاتنە ئاراوەی ڕوداوە سروشتییەکانیش، مایەی تۆڵەکردنەوەی ژینگەن، لەمرۆڤ و ناپاکیەکانی مرۆڤ، بەرانبەر بەخودی ژینگە ".

هەر چەندە وەها گوزارشتکارییەک، لەم سەردەمەدا زیاتر بچێتە خانەی هزرینە باوە سوننتگەراکانیشەوە، بەڵام دەبێ‌ لەبیرمانبێت هەتا ئێستایش، بەلای زۆرینەیەک لەژینگە پارێزان، وەها تێگەیشتنێک بەهەند وەردەگیرێت و، دەشێت وەها تیورییەک لەفۆڕمێکدا تەواو بەبنەماو، بەزانستیبکرێت.
 

ماڵپه‌ڕی ئه‌رسه‌لان مه‌حمود

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک