په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٠\٧\٢٠١١

ژینگە و خوێندن.


سەرتیپ دلێر   


بنه‌مای پێکهاته‌ی مرۆڤ لەوکاتە ده‌ستپێده‌کا کە که‌ له‌ دایک ده‌بێ، یەکەم ژینگەش کە چاوی تێدا دەکاتەوە ئەوا خانواده‌که‌یه‌تی، واتە منداڵ لەوەی کە چاوی دەکاتەوە ئه‌وه‌ دایک و باوکن یه‌که‌م وشه‌ی فێرده‌که‌ن و په‌روه‌رده‌ی ده‌که‌ن، دواتر کاتێک دەچێتە قوتابخانە ژینگەیەکی جیاوازتر دەبینێ کە ئەویش مامۆستا ھاوپۆلەکانیەتی.. لێرەوە کارەکتەری سەرەکیی گەورە مامۆستاکانن لەوەی چارەنووسی ئەم خوێندکاره‌ دیار دەکەن چونکه‌ خوێندکار لەژێر دەستی مامۆستاکەیدا فێردەبێ و بە جیهانی دەرەوە ئاشنادەبێ.

 

کوردستان کۆمەلێک قۆناغی مێژوویی جیاوازی تێپه‌ڕاندوه‌ ئەو قۆناغا‌نەش کاریگەریی خۆیان لەسەر رەوتی خوێندنگه‌ و خوێندن بەجێھێشتوە بەڵام کە بە شێوەیەکی راشکاو قسە لەسەر مێژووی دوای راپەرین ده‌که‌ین دەبێ لەوە تێبگەین کە ئه‌و قۆناغه‌ واتە قۆناغی دوای راپەرین بە کۆمەڵێک واقیعی تراژیدیی و کارەساتباردا تێپەری.. کاتێک جەنگی ناوخۆ لەئارادابوو ھەموو پیرۆزییه‌کان نرخی خۆیان لە دەست دابوو بۆیە ھەروەک چۆن کۆمەڵگه‌ی کوردی قوربانییه‌کی زۆریدا له‌ هه‌موو بواره‌کان یەکێک لەو بوارانه‌ش پرۆسەی خوێندن بوو بە تایبەت قوتابی و خوێندکارەکان بە نێو واقیعی جەنگی پرۆسەی خوێندندا تێپەرین تا ئەمڕۆش بە شێوەیەکی کاریگەر ئەم ژینگەیە ھەر ماوە ئەمەش وابەستەیە بە کۆمەڵگه‌وە واتە ئەم سیستەمە و مامۆستاکان ھی ئەو کۆمەڵگه‌یەن.

 

لە ماوەی رابردوو گرتە ڤیدیۆییه‌ک بڵاوبۆوە کە مامۆستایەک سووکایه‌تیی به‌ قوتابیه‌کەی دەکا، ئەو گرتە ڤیدیۆییه‌ دەنگدانەوەیەکی زۆری ھەبوو لە نێو میدیاکانی کوردیدا.. ئەمەش بووە ھۆی سزادانی کارەکتەری ئەم رووداوە کە مامۆستاکە بوو.. من پێم وایە ئەم گرتە ڤیدیۆییه‌ نوێنەرایەتی ھەزارەھا رووداوی له‌وه‌ تراژیدییتر و کارەساتبارتر دەکا واتە ھەموو خوێندکارێک بە جۆرێک لە جۆرەکان بە نێو ئەو جۆرە رووداوانەدا گوزه‌ری کردوە، کاتێک جەنگ لە چیاکانی کوردستان لە ئارادابوو کە برا برای دەکوشت جەنگێکی دیکەش لە ناو خوێندنگه‌کان بوونی ھەبوو.. مامۆستا بە ھەمان سیستەم کاری دەکرد، منداڵ دوای تەواوکردنی کاتی خوێندن دەبووایە خۆی شاردباوە لە ترسی مامۆستاکەی.. وای لەو خوێندکاره‌ی کە مامۆستا بیدتبا لە دەرەوە جا ھەرچیەکی بکردایە ئەوه‌ سبه‌ینێ لێدانێکی بۆ خۆی ئامادەکردبوو.. کارەساتی گەورە لێرەوە بوو کە کۆمەڵگه‌ وەک پاڵەوان سەیری ئەو مامۆستایەیان دەکرد کە بە شێوەیەکی توند مامەڵەی لەگەڵ خوێنکاره‌کاندا بکردایە.

 

من پێم وایە نەوەی رابردوو بە نێو ھەمان ئەو جەنگەدا گوزه‌ری کرد کە باوک و برا گەورەکان لە چیاکان ئەنجامیان دەدا، ھیچ خوێندکاره‌ک نییه‌ (من باس لە دوای راپەرین دەکەم) ئه‌و جۆرە مامەڵەیەی نه‌دیتبێ، بۆیە من پێم وایە ئێستا زۆر درەنگە لەوەی کە ئەو رووداوە ئاشکرا بوو، خاڵی سەرەکی لێرەدا کە دەبێ قسەی لە سەر بکەین ئەوەیە کە ئەوەی کاریگەریی سەرەکی ھەیە لە دروستبوونی ئەو جۆرە رووداو و کارەستانەی کە کە خوێندنگه‌کاندا روودەدەن وابەستەیە به‌و ژینگەیەی کە مامۆستا و خوێندکار تێیدا دەژین بەرھەمهێنه‌رن بۆ ئەو جۆرە واقیعە.

 

گرنگه‌ لەوە تێبگەین باشترین شتێک کە بۆ خوێندکار بەرھەمی بھێنی ئەوه‌یه‌ که‌ ژینگەیەکی ھێمن بۆ خوێندکار بهێنیه‌ ئارا کە قوتابی تێیدا بتوانێ خۆی خاوەنی بریار بێ لەسەر دیارکردنی داھاتوی خۆی بەڵام کۆمەڵگه‌ کێشەی گەورەی لە‌گەڵ خوێندکار ئەوەیە کە نایه‌وێ لێی تێبگا.. دایک و باوک تەنیا دەتوانن ئەوەندە بڵێن کورم بخوێنه‌وه..‌ لەوە تێناگا کە لە ماڵەوە ژینگەیەکیان بۆ چێکردوه‌ کە ھەرگیز بەو شێوازە ئه‌و خوێندکاره‌ سەرکەوتوو نابێ.. پاشان لە خوێندنگه‌ش مامۆستا به‌ پێی ئه‌وه‌ ژینگەیە مامەڵە دەکا کە خۆی تێیدا دەژی و تێناگا لەوەی کە ئەم خوێدکاره‌ لە چ بارودۆخێک دایه‌.

 

 

بەریتانیا

sartepnoray@yahoo.com

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک