په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٦\١١\٢٠١٢

ژن ھیچ مافێکی نییە لە مافەکانی خواییدا، بۆ شاهێدیی.


شۆڕش شەریف زادە    


لە پرسێکی مافی ژن لە ئایینی ئیسلامدا، زۆرجار وا خراوەتەڕوو کە، ژن نیوەی مافی شایەتیدانی پیاوی ھەیە، لەکاتێکدا ئەمە تەنھا بەشێکی بچووکی پرسی شایەتیدانی ژنە لەم ئایینەدا، ژن نەک دوویان بەرامیەر پیاوێک، بەڵکو لەزۆربەی جۆرەکانی شایەتیدا ھیچ مافێکی شایەتیدانی نییە.


دەبێت بزانین ئەو مافانەی شایەتیان پێدەدرێت بەپێی شەریعەتی ئیسلام دوو جۆرن(مافی ئادەمیزاد و مافی خوایی).


یەکەم: مافی ئادەمیزاد، دابەش دەبێت بەسەر سێ‌جۆردا:


(١) ھیچ جۆرە شاهێدییەکی بۆ وەرناگیرێت، تەنھا شایەتی دوو پیاو نەبێت، واتە: لەوجۆرە مافەدا شاھێدی ئافرەت و سوێند خواردن وەرناگیرێت، ئەمەش ئەوە جۆرە مافەیە کە، ھیچ ماڵی دونیای تێدا مەبەست نەبێت، وەک: شایەتیدان لەسەر، کوشتنی بەقەست و بوختانکردن و ..ھتد، ھەروەھا ئەو مافانەیشی کە، پیاو پێی ئاگادارن وەک: ئیسلام بوون و مارەبڕین و تەڵاقدان و مردن و وەکیلایەتی و سەروەسێت و کەفالەت و ...ھتد، تەنانەت پرسی تەڵاق کە لەنێوان ژن و پیاوێکدایە، ھەر ژن نابێتە شاھێد بەپێی شەرعی ئیسلام! وەک پەیامبەریش ووتویەتی: شاھێدی ئافرەت بۆ سزای تاوانەکان و مارەبڕین و تەڵاقدان وەرناگیرێت. (لا تجوز شھادة النساء فی الحدود، ولا فی الطلاق ، ولا فی النکاح) (رواە امام مالک)
کەواتە لەم جۆرەدا بەھیچ شێوەیەک ئافرەت مافی شایەتیدانی نییە.


(٢) شاھێدی دوو پیاوی تێدا وەردەگیرێت یان شاھێدی پیاوێک و دوو ئافرەتی تێدا وەردەگیرێت، یان شاھێدی پیاوێک و سوێندی داواکراوی تێدا وەردەگیرێت، ئەمەش ئەو جۆرە مافەیە کە، مەبەست تێدا ماڵ بێت، وەک: کوشتنی بەھەڵە و قەرز و کڕین و فرۆشتن و...ھتد، بۆ ئەم مەبەستە لەقورئاندا دەڵێت: دوو شاھید بگرن لەپیاوانی خۆتان(موسوڵمان) ئینجا ئەگەر دوو پیاو نەبوون، ئەوە با پیاوێک و دووژن بن لەوانەی کە، پەسەندیان دەکەن لەشاھیدەکان، بۆئەوەی ئەگەر یەکێکیان لەبیری چوو با ئەوەی تریان بیری بخاتەوە(١).


کەواتە جگەلەوەی دووئافرەت بەرامبەر پیاوێکە، ھەروەھا سوێندی داواکراویشی تێدا وەردەگیرێت، دواجار دەبێت موسوڵمانانیش خۆیان ئەم دوو ئافرەتە پەسەند بکەن و ڕازیبن پێیان، ئەگەرنا ھەموو دووئافرەتێکیش نابێتە شاھێد.


(٣) شاھێدی پیاوێک و دوو ئافرەتی تێدا وەردەگیرێت یان شاھێدی چوار ئافرەتی تێدا وەردەگیرێت، واتە: سوێند خواردن لەو مافەدا کاری پێناکرێت، ئەم جۆرە مافەش ئەوەیە کە، بەزۆری پیاوان لێی ئاگادار نیین، وەک: حەیز و کچێنی و منداڵبوون و ...ھتد، وەک پەیامبەریش دەڵێت: شاھێدی ئافرەتان لەو جۆرە شتانەدا دروستە کە، بەزۆری ھەر ئەوان پێی ئاگادارن، وەکو: منداڵبوون و کەموکوڕییەکانی ژێر بەرگ.


کەواتە لەمافی ئادەمییدا، ژن لەمافێکدا بەھیچ شێوەیەک ناتوانێت شایەتی بدات، لەدووجۆرەکەی تردا مافی ھەیە بەڵام لەجۆرێکیاندا بەمەرج و لەدواھەمیشدا جگەلەوەی پرسی تایبەتی ژن خۆیەتی، چواریان دەتوانن ببنە شایەت، واتە بەرامبەر پیاوێک دوو ژن دەبێتەوە بەشایەت.


تا ئێرە مافە ئادەمییەکان بوو، بزانین لەمافە خوداییەکەدا مافی ژن و شاھێدی چۆنە؟


دووەم: مافی خوایی، سێ‌جۆرە:


(١)لەچوار پیاو کەمتر بە شاھێد وەرناگیرێت، ئەو جۆرە مافەش زیناکردنە و دەبێت بەچاوی خۆیان ڕووداوەکەیان بینیبێت، ئەمەش لە قورئاندا (النساء ١٥، النور١٣)دا ھاتووە. واتە: ئافرەت بەشاھێد وەرناگیرێت، کەواتە بەپێی شەرع لەم جۆرە شایەتییەدا، ئەگەر سەرجەمی ئافرەتانی دونیا زینا ببینن، نابێتە بەڵگە و شاھێدی.


(٢)شاھێدی دوو پیاوی تێدا وەردەگیرێت و بەس، بۆ ئەو تاوانانەی لە زینا کەمترە، ئەو جۆرە مافەش وەک: مەی خواردنەوە و کافربوون و ڕێگری و دزی و ...ھتد، لەقورئانداباسی ھاتووە(٢) لەم جۆرەشدا دیسانەوە ئافرەت بە شاھێد وەناگیرێت.


(٣)دواھەمین مافی شاھێدی کە، یەک پیاو بەتەنھا بەشاھێد وەردەگیرێت، ئەوجۆرە مافەش دیتنی مانگی یەک شەوەی ڕەمەزانە، واتە: بەھیچ شێوەیەک نابێت ئافرەت شاھێدی بدات.(٣)


کەواتە لەکۆی ھەرشەش جۆرە مافەکەدا، ئافرەت بە ڕەھایی لەدەرەوەی چوار جۆریانە، لەدوو مافەکەی تریشدا مافی سەرەکی نییە و بگرە زۆریش لاوەکییە، چونکە بەبێ ئافرەت، پیاو لە تەواوی مافەکاندا دەتوانێت شاھێدی بدات، دوای بینینی ئەم بڕیارەی شەرع، دەبینین نیوەشایەتی ئافرەت بەو شێوە نییە کە، چ موسوڵمانان و چ ھەرکەسێک وای ناساندووە.


بۆیە ناکرێت ئەو سورەتەی قورئان بکەینە بەڵگە بۆئەوەی وا تێبگەین لەھەموو بارێکدا ئافرەت لەشایەتیداندا دوانیان بەرامبەر پیاوێکە، بەڵک و لەزۆرکاتدا ھیچ مافێکی شاھێدی نییە.


لێرەدا پێویستە یەکەم جار بپرسین، ھۆکاری چییە لەیەکێک لەمافەکاندا(نەک لەتەواوی شایەتیدانادا) ئافرەت دوویان بەرامبەر بەپیاوێکە و ئەم شایەتیدانەش بۆ بووە بە خاڵی دەستنیشانکردنی شایەتیدانی دوو ئافرەت بەرامبەر پیاوێک؟


وەک لە قورئاندا ئاماژەی بۆکردووە، مەبەست لەوەیە کە، ئەگەر یەکێک لەم دوو ئافرەتە لەبیری چوو ئەوی تر بەبیری بھێنێتەوە، لەکاتێکدا ئەم ئایەتە باسی قەرز و مامەڵەی کڕین و فرۆشتنە، وەک لە تەفسیری ڕامانیشدا وەک پاساوێک و بۆ لاواز نەبوونی ئیمانی خوێنەر دەڵێت: دوو ژن لەباتی یەک پیاو لە حساباتی قەرز و قۆڵەدا پێکەوە شایەت ئەبن، چونکە ئافرەتان زۆر کەم بەم جۆرە حساباتانەوە خەریک دەبن، بەڵام بێگومان لەبابەت ئیش و کاری ناوماڵ و منداڵەوە لەپیاو بیری بەھێزترە!


ئەم بەڕێزە بیری لەوە نەکردۆتەوە کە، ئەگەر ئافرەتان لەکاری تایبەتی خۆیان بیریان بەھێزترە، ئەی بۆچی لە کۆتا مافی ئادەمییدا کە تایبەتە بە کارو‌باری ئافرتان، دووپیاو بەرامبەر ژنێک ناوەستن و بگرە بەپێچەوانەوە، دیسان پیاوێک بەرامبەر دوو ژنە؟!


خۆ ئەگەر بڕوامان کرد کە، ئافرەت لە ڕووی قەرز و قۆڵەوە بێتواناو زووشت لەبیرەوە چووە، ئەی بۆچی لە بینینی زیناکاردا نابێتە شاھێد؟


ئەی بۆچی نەتوانێت شاھێدی لەسەر کەسی مەیخۆر و دزو ڕێگر بدات؟


ئەی بۆچی نەتوانێت شاھێدی بینینی مانگ بێت؟


چونکە ئەمە ھیچ پەیوەندی بە لەبیر چوونەوەوە نییە و کارێکی ڕاستەوخۆیە و پەیوەندی بە بینین(چاو)ەوە ھەیە، ئایا دەکرێت وەک چۆن قورئان لەپێشتر بۆ شایەتی کڕین و فرشتن ووتی با دوو ژن بن لەبەر ئەوەی لەبیریان نەچێتەوە، ئێمەش بڵێن لەبەر ئەوەی ژن وەک پیاو چاوی باش نابینێت بۆیە ناتوانێت و ڕێگەی پێنەدراوە کە، شاھێدی بینینی مانگ بێت؟


ھیچ گومانێک ھەڵناگرێت کە، ئەم دابەشکردنە زۆر نادروستە و کەمنرخ بینینی ئیسلام لە خودی پەیامبەر و قورئانەوە نیشان دەدات، بەرامبەر بە ئافرەت.


ئەم کەمنرخ بینینەی ئیسلام بۆ ئافرەتان لە شاھێدیدا بەوەندەوە ناوەستێت، ئەوەتا پەیامبەر وەک چۆن بۆ حەیزی ئافرەتان ووتی: ناقێ دینن، ئاواش دەڵێت: بۆ ئەوەی شایەتی دانی ئافرەت نیوەی شایەتی دانی پیاوە، ئەوە ناقێ عەقڵیشن!(٤)


شێخ محمد عەبدەش بارەیەوە دەڵێت: خوا کە ژنی دروستکردووە باری گرانی منداڵ بوون و پەروەردەکردنی منداڵی تاتەمەنێکی دیاریکراو لەئەستۆ ناوە، ھەر ئەوەندەی منداڵێکی بوو ئامادەدەبێت بۆ سککردن و منداڵ بوونێکی تر، ئیتر بەم شێوەیە لەمنداڵ بوون و پەروەردەکردنی منداڵ نابنەوە، ھەردەڵێیت بەتایبەتی بۆ ماڵ بەڕێوبردن و لەماڵ دەرنەچون دروستکراون، ئەمەش بازنەیەکی دیاری کراوە کە، مێردیان سەرپەرشتیان دەکات، لەبەر ئەوە خوا، لەم ڕوەوە ئەوەندە ھۆشی پێداون کە پێویستیان پێیەتی، ئیتر شەرعیش ڕاست پڕاوپڕی فیترەت ھاتووە، بۆیە ژنان لەحوکمەکانیدا وادانراون بەپیاو ناگانەوە، نەلە پەرستش و نەلە شاھێدی و نەلە میراتگرتندا.


ئیمامی عەلییش لە (نھج البلاغە)‌دا دەڵێت: ئەی خەڵکینە ژنان ئیمانیان کەمە، بەختیان کەمە، ھۆشیان کەمە، کەمی ئیمانیان لەوەوەیە کە، لەڕۆژانی بێنوێژیدا(حەیز) نوێژ و ڕۆژوویان لەسەر نییە، کەمی ھۆشیان لەوەوەیە کە، لە شاھێدیدا دوانیان بەرامبەر شاھێدی یەک پیاوە، کەمی بەختیشیان لەوەوەیە کە، لەمیراتدا نیو ئەوەندەی بەشە میراتی پیاویان بەردەکەوێت، کەواتە خۆتان لە خراپەکانیان بپارێزن و لەچاکەکانیشیاندا وریابن، لەچاکەکاریدا بەقسەیان مەکەن، بۆئەوەی چاویان لەخراپەوە نەبێت. (٥)


وەک لەم وتانەدا دەردەکەوێت کە، خەیاڵی موسوڵمانان بۆ کەم ھۆشی و کەم دینی ئافرەت چۆن دەبێتە ھۆی سوکایەتی پێکردنیان، تا ئەو ئەندازەیەی وەک ئیمامی عەلی ئاماژەی بۆکردووە، بەگومانەوە بڕوانیینە چاکەکردنیشی.


ھەرچەند ئەوە قبوڵنەکراوە کە لەو دوو دانە مافەی ژن دەتوانێت شایەتی بدات، دوو ژن بەرامبەر بە پیاوێکە، بەڵام ئەوەی جێی سەرنجە، لەمافەکانی خواییدا، ئافرەت ھیچ مافێکی نییە!
______________________________________________
پەراوێزەکان:
١- (البقرة ٢٨٢، تەفسیری ڕامان، دانراوی: ئەحمەد کاکە مەحمود).
٢- (الطلاق ٢، تەفسیری ڕامان).
٣- بۆ پرسی شەرعی ئەم بابەتە سوود وەرگریراوە لە:
کفایة الاخیار فی حل غایة الإختصار: فی الفقە الشافعي، المولف: تقي الدین ابو بکر بن محمد الحسینی الحصني، ێ٦٧٧.
پوختەی فیقھی شەریعەت، ن، طارق حسن ھەمەوەندی، لا٥٢٥.
ڕۆژی پرشنگدار، دانانی: عبداللە عبدالعزیز ھەرتەلی، لا٣٢٢.
٤- (صحیح البخاري، کتاب الحیض، باب: ترک الحائض الصوم، ص ١١٦، حدیث٢٩٨).
٥- (مرۆڤایەتی و ژن و تەڵاق، لەبەر ڕۆشنایی بیروباوەڕە ئاسمانی و زەمیینیەکان، ن،نەجم عبداللە محەمەد، لا٥١٣-٥١٤).

 

 

shorshenwar@gmail.com

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک