١٢\١٠\٢٠١٣
ژنی فێمێنیست لە
نێو کورد هەیە؟

تاڤگە سابیر
پێویستە سەرەتا ژنی فێمێنیستی کورد بە خۆیدا بچێتەوە، کە لە کوێدایە؟
کاری چییە؟ شوناسی چییە؟ ئامانجی چییە؟ لە هەمووشی گرنگتر ئایا
رێگەیەکی رەوای گرتووە بۆ بەدیهێنانی ئامانجەکەی، لێرەدا پێویستە هەندێ
شتی زۆر ساکار بخەمە روو بۆ ئەوەی روونی بکەمەوە لەوانەی کە خۆم
بینیومە کە بە داخەوە لە ژنانێک وەشاونەتەوە خۆیان بە داکۆکییکاری ژن
دەزانن!!!!! ژنێک، کە هەنگاو دەنێ بەرەو فێمێنیزم چۆن دەست دەکاتە
رەخنەگرتن لە خود.
١- ئەگەر تۆی ژن لە رێکخراوێکی ژنانەدا کار دەکەی.. لەوانەی کە
حیزبەکان وەک هەر رێکخراوێکی دیکە (پزیشکیی و خوێندکاریی و ئەندازیاریی
و... هتد) رێکخراوێکی ژنانیشیان بە ئێوە کردۆتەوە کە توێژیک لە چین و
توێژەکانی کۆمەڵی بۆ رێک بخا.. ئەوە بێگومان ئەو ژنە فێمێنیست نییە،
چونکە فێمێنیست ئەو مرۆڤە نییە یان ئەو ژنە نییە کە لایەنێکی
پاتریارکیی وەکو ئامێری جێبەجێکردنی ئایدیای پاتریارکیی بەکاریبهێنێ
چونکە جیهانێکی دیکەی پاتریارکیی ئەگەر لاوازتریش بێ هێشتا ئامانجی
فێمێنیستەکان نییە و ئەویش جێگەی رەخنەیە.
٢- ئەگەر تۆ لە رێکخراوێکی بە ناو سەربەخۆدا کار دەکەی.. لەوانەی لە
نێوخۆی یان لە دەرەوەی کوردستان دامەزراون، بەڵام متمانەی مادیی و
مەعنەوییان خستۆتە سەر دەسەڵاتەکان و بە ناوی ژنەوە خۆیان لە
دەسەڵاتەکان نزیک دەکەنەوە و ژنانێکی کەنارگرتوون و لە مەینەتی ژنە
چەوساوە و کرێکارییەکان ناگەن و دوورن لە کێشە سەرەکییەکانیان.. ئەوە
تۆ فێمێنیست نی چونکە فێمێنیست ئەو مرۆڤە نییە کە خەونی باڵابوونی خۆی
لەگەڵ دەسەڵاتە جیاوازەکاندا هەیە.. بەڵکە ئەو مرۆڤەیە کە خەون و
مەینەت و ئازارەکانی ژنان لە نەوییەوە بۆ باڵا دەبا و کارکردنی لە
واقیعەوە بۆ باڵا هەڵدەگەڕێ.
٣- ئەگەر لە بوارێکی رۆشنبیرییدا کاردەکەی و نارەوایی پێشکەوتنی
هاورەگەزەکەت دەبینی و پێی شێتگیر دەبی و شێلگیرانە دەکەویتە
سەرزەنشتکردن بەڵام دەبیە هۆی کۆکردنەوەی دەستەبەندیی پاتریارکییەکانی
دەوروبەرت و وەک ئامێری جێبەجێکاری فەرمانەکانیان هەڵدەسووڕێی.. ئەوە
تۆ فێمێنیست نی و جوانترە ئەو وشەیە بەکارنەهێنی و تەنانەت خۆشت بە
داواکاری مافەکانی ژنانیش ناوزەد نەکەی، چونکە فێمێنیست ئەو مرۆڤەیە
هەرگیز کێبڕکێ لەگەڵ هاورەگەزکەی ناکا.. بەڵکە پێشبڕکێی سەرخستنی دۆزە
پیرۆزەکەیان دەکەن بەرامبەر سیستەمی پاتریارکیی، گوتاری ژنانەی خۆی
دەبێ بەرامبەر گوتاری پاتریارکیی و دەبێ جیهانبینیی ژنانەی ئەو لەوە
گەورەتر بێ کە هیچ گوتارێکی پاتریارکیی بتوانێ گوتارێکی مێینانە یان
گوتارێکی فێمێنیستانە بخاتە پەراوێزەوە.. نەک خۆی دەستی لەگەڵ سیستەمی
پاتریارکیی تێکەڵ بێ و گوتاری پاتریارکیی لە دژی گوتاری فێمێنیستیی
بنووسێتەوە.
٤- ئەو ژنەی وێنەیەکی جوانی هاورەگەزەکەی بە سەرکەوتنێکی هاورەگەزەکەی
دەبینێ و لە کەناڵەکانەوە تووشی هیستریا دەبێ بە سەدان وێنەی جۆراوجۆر
و دەیان بابەتی بێ ژێدەر و نازانستیی و ناووناتۆرەی سەیر بڵاودەکاتەوە
و کوڵی دڵی بەوە دادەمرکێنێتەوە و وا هەست دەکا ئەگەر بابەتاکانی پتر
بوون ئەوە مێژوو بە مەزنتر ناوزەدی دەکا یان مێژوو جوانتر و پرشنگدارتر
دەکا یان ئەگەر خەڵکی لەکەدار کرد خۆی جوانتر دەبێ و ئەگەر خەڵکی
گوناهبار کرد گوناهە زۆروزەوەندەکانی خۆی بزر دەبن یان هاوگوناه
دەدۆزێتەوە و ئیتر لۆمەی ئەو ناکرێ.. ئەوە کردەوەی فێمێنیستان نییە..
بەڵکە ئەوە لە زانستی دەروونییدا پێیدەگوترێ نەخۆشیی کەمسەریی واتە
هەستکردن بە کەمیی، مرۆڤی فێمێنیست مرۆڤێکە نەخۆشییە دەرونییەکانی خۆی
بە تەواویی چارەسەر کردووە و باوەڕی بە کۆششە بۆ هەوڵی گۆرینی ئەو
کەلتوورە داڕزاوەی کە ئەوی ژن بە گوناهبار نیشان دەدا و رێگە لە
گەشەکردنی دەگرێ.. سەرەنجام توانیویەتی ببێ بە خاوەنی گوتارێکی
مەعریفیی فێمێنیستیی، فیمینیزم خەباتێکی بابەتییە نەک چلۆنایەتیی..
خەباتێکی مەعریفییە نەک نەهیلیستیی.
ماڵپەڕی تاڤگە سابیر
|