١٢\١٠\٢٠١٣
ژن
-
عیشق و کینە.

بەفراو نوری
گەرچی لە فەرهەنگ و شیعری ئێراندا، ژن وەک خۆشەویستێک زۆر ستایشی لێ
کراوە. بەشی زۆری شاعیرانی کلاسیک و تازەڕەو لە پیاهەڵدان و وەسفیدا
شاکاریان نووسیوە، گەرچی دەنگخۆشانی مێژووی ئێران، جوانیی و بەرزیی ژن
ویردی سەر زمانیان بووە. بەڵام مێژووی راستەقینەی، جیاواز لەم هەموو
عیشق و عاتیفە هەڵڕێژراوە بەسەر ژندا، شتێکی تر بەیان ئەکا.
ئەو ئازارە زۆرەی ژن لە ئێران بە درێژیی مێژوو چەشتوێتی، لەگەڵ ئەو
وەسف و پیاهەڵدانەدا ناڕەخسێ، کە کولتووری جێماو لە سەردەمی کورشەوە بە
ئیرس جێیهێشتوە. سەفەرێکی کورت بە باغی ئەدەبیاتی ئێراندا، ئەوەمان بۆ
دەرئەخا ناکۆکییەکی زۆر لە نێوان وێنەی ژن لە ئەدەبیات و مۆسیقادا
لەگەڵ وێنەی ژن لە ژیانی راستییدا هەیە. لە فەرهەنگی ئێرانیدا ژن تا
پلەی خوداوەندەکان بەرزکراوەتەوە، جێیەکی شایستەی پێ دراوە، بەڵام لە
میانەی ژیاندا، ژن ژێردەستەیەکی زەلیلە کە رۆژانە شوێنی سووکایەتی و
دیلییە.
لە نێوان ئەو ژنەی فەرهەنگ و ئەدەبیات نیگاری ئەکێشێ و ئەو ژنەی لە ماڵ
و خانەوادە و لای مێرد ئەژی، جیاوازی گەورە ئەبینرێ، بە جۆرێ هەر
بینەرێ سەرسام ئەکا. ئەو ژنەی ناو ئەدەبیات کێیە و لە کوێیە؟ ئەی ئەو
ژنەی لای برا و باوک یا لە حەساری ماڵ گیرۆدەیە کێیە؟
لە جێیەکی پێشوودا باسم لە ژنێک کرد زادەی خەیاڵاتی نێرەکانە، نموونەی
جوانیی و کەماڵ و باشییە. ئەم ژنە، پیاو نایگرێ و پێی ناگا، چونکە لە
شێوەی ژنێکی واقیعیدا نیگاری بۆ نەکێشراوە، پیاوان لە خەیاڵدا وێنەی
ئەکێشن و هەر بە خەیاڵ لەگەڵی ئەژین و بە خەیاڵیش وەسفی ئەکەن. ژنێک لە
شیعر و نیگار و موزیکی ئێرانیدا شاژنی هەر کار و تێکست و نەقاشییەکە،
تەنیا بۆ راگرتنی میزانێکی دەروونیی دروست بووە، میزانی سەیرنەکردنی
پیاو بۆ ژنانی نزیک خۆی وەک ئادەمیزاد. بەرزکردنەوەی ژنی ناو خەیاڵ بۆ
مەقامی یەزدانیی، بە مەبەستی دابەزان و سووکایەتییە بە ژنی راستەقینە،
بە خوشک و خزم و هاوسەرە نزیکەکان کە پیاو سووک و بێ ڕێز تەماشایان
ئەکا. نیگاری ئەو ژنە نموونەییە، بۆ بەراوردێکە رێ خۆش بکات، پیاوان
هەرچی بێ و نزمتر سەیری ژنانی دەوروبەری خۆیان بکەن، کە بە وێنەی
پێچەوانەی ئەو ژنە ئەیانبینن، کە نموونەی کەماڵ و جەمالە. بۆ ئەوەی
پیاو بتوانێ ستەمی خۆی بەرابەری ژن درێژە پێ بدا، ئەبێ سیفەتی ژنبوون و
ئادەمییبوون لە ژنە راستییەکان وەرگرێ، بیدا بە ژنێک لە جێیەکی
دوورەدەست.
پیاوانی خۆرهەڵاتی لە روانیندا بۆ ژن ئەفلاتوونیین. بۆ ئەوەی بە نزمیی
سەیری ژنان بکەن، بشێ دەسەڵاتیان بەرابەر ژن ئازاد بێ، پێویستە بە چاوی
خەتاکار لێیان بڕوانن، ئەبێ ژن نموونەی کەوتووی وێنەیەکی بەرز بێ. ئەو
ژنەی پیاو ئەیپەرستێ و شیعری پیائەخوێنێ، بۆ دوورخستنەوەی ژنە لە خۆی.
ژنە ڕاستییەکان نابنە ئەوەی کە ئەبێ ببن، ناتوانن ئەو نیگارە خەیاڵییە
بنوێنن کە ئەو وێنە بەرز و خەیاڵیەی ژن هەیەتی. ژنی راستیی بەرامبەر
ژنی خەیاڵیی ساختە و ناڕەسەن دەرئەکەوێ، کەواتە ژنی وێنە ئەبێ بە ژنی
راستیی و ژنی راستیی ئەبێ بە ژنی کاڵەوەبوو یا بە کۆپی خراپی نیگارە
بەرزەکە.
ژنی جوانی ناو فەرهەنگ و ئەدەبیات، بۆ ئەوە دروست نەکراوە پیاو بۆی
بگەڕێ، بەڵکو بۆ ئەوەیە خوشک و دایک و هاوسەری پێ بەراورد بکا و لە خۆی
نزمتر بیانبینێ. ژن بە هۆی ئەو بەراوردەوە ئەبێ بە گوناهبار، ئەبێ بە
کەسێ کە نە ژنی تەواوە و نە پیاو. ئەو ژنەی ئەدەبیات نیگاری لێ کێشاوە،
بۆ گەورەکردنی فاسیلەی نێوان ژنی نموونەیی ناو خەیاڵ و ژنی راستیی ناو
ماڵ دانراوە.
لە مێژووی ژن بڕوانین لەم ناوچانەدا، روون ئەبێتەوە ئەدەبیاتی
سووکایەتی بە ژن، شوێنێکی زۆری لە ژیانی پیاو گرتوە. دروستکردنی چیڕۆک
و نوکتە و پەند لەسەر ژن نیشانەن بۆ رقێکی شاراوە لە ناخی نێراندا. گەر
سەیری مێژووی خۆرهەڵات بکەین، ئەبینین لە هەموو ململانێیەکدا دوو
رێگاچارە زاڵ بووە، یان بێدەنگکردن و کۆنترۆڵ یاخو لەناوبردنی
تەواوەتیی. وەلێ ژن نەیارێکی نائاسایی و رکەبەرێکی تایبەتە، ژن
ئۆبژەیەکە نە تەواو بێدەنگ ئەکرێ، نە تەواویش کۆنترۆڵ ئەکرێ. کینە
ئەنجامی بەرخوردە لەگەڵ نەیارێکدا، نە لائەبرێ، نە بێدەنگ ئەبێ، نە لە
یاد ئەبرێتەوە. کەسێ کە ئەکرێ بە شمەک، بە کۆیلە، بە لەشێکی بێ گیان و
بێ هەست، بەڵام نهێنییەکەی لە جێی خۆیەتی و تەواو نابێ.
کینەی پیاو هەستێکی پێویستە بۆ بەردەوامیی پیاوسالاریی. تەنیا کینە
ئەتوانێ هێزی ئەو کۆنترۆڵە درێژە بە پیاوان ببەخشێ. ئەبێ زوو زوو
نیگاری ژن، وەک کەسێکی بێ هۆش و خیانەتکار زیندووبێتەوە تا نەزم و
ئادابی کۆنترۆڵ درێژەی هەبێ. بەهانەیەکی تری کینەی پیاوان، مانەوەی
تەلیسمی ژنە وەک خۆی. گەرچی ژن بەوپەڕی سووکایەتی رەفتاری لە دژ ئەکرێ،
کەچی تەلسیمی لە مێشکی نێراندا هەر ئاڵۆز و بێچارە ئەمێنێتەوە. غەریزەی
پیاو بۆ ژن کەمێکی وەرئەگەڕێتە سەر زمانی عیشق، بەشی زۆری هەر لە بازنی
قودرەتدا ئەسوڕێتەوە، ژن لە فەزای دەروونیی پیاودا ئەوەندەی ئۆبژەی
دەسەڵات و کۆنترۆڵە، ئەوەندە بۆ ئەڤین و عاتیفە نییە. عاتیفە کاتێک
دەگاتە بەرەوە کە قودرەت بچێتە دواوە، لە ساتی عیشقدا ژن و پیاو ئەبن
بە دوو ئادەمیزاد کە دەسەڵاتی نێرانە و پیاوسالار بێدەنگ ئەکەن. عیشق
راوەستانی پیاوسالارییە، راگرتنێکە بۆ شەڕخوازیی نێر، بەڵام کاری
فەرهەنگی پیاوسالار لەسەر خەیاڵی ئەوان بەهێزترە، هەر زوو نێران عیشق
ئەکەن بە فیدای قودرەت و نیشانەکانی.
__________________________________________
تێبینیی:
ئەم نووسینە، بەشێکی بچووکە لە پەرتووکی «ژن - کۆمەڵگا - دەوڵەت لە
ئێران» - نووسەر -.
|