په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٦\١٢\٢٠١٠

ژنکوژیی نەریتی خەڵکی کوردستان نییە بەڵکو نەریتی ناسیونالیزم و ئیسلامی سیاسییە.


سەردار عەبدوڵا حەمە

 

پاش ئەوەی ھەواڵی کوشتنی 'ژیان"ی ٢١ ساڵە بە دەستی باوکە دڵڕەقە ٦٢ ساڵەکەی لە ووڵاتی سوێد بڵاو بوویەوە . بەشێک لە رۆژنامەو میدیاکانی ئەو ووڵاتە و تەنانەت بەشێک لە نوسەرانی کورد زمان لە ماڵپەرە کوردیەکاندا ھۆی دیاردەی ژنکوژییان گەڕاندەوە بۆ نەریت و کەڵتوری خەڵکی کوردستان. ڕاستیەکەی ئەمە نەک ھەر وانیە بەڵکو لە ھەمان کاتدا سڕینەوەی دەورو نەخشی دەسەڵاتدارانی ناسیونالیستی و ئیسلامی سیاسی و ئەم دوو رەوتە کۆمەڵایەتیەیە لە سەر کۆمەڵگای کوردستان. بەڵگەش بۆ ئەمە تا پێش بالادەستی ئەم دوو رەوتە بە سەر کۆمەڵگاوە ژن کوشتن لە ئارادا نەبوو گەرچی ئاستی نەخوێندەواری و ئاستی ھۆشیاریش نزم بووە و گەرچی کۆمەلگا ھێشتا لە ژێر چەپۆکی سیستەمی دەربەگایەتیش تەواو رزگاری نەبووبوو.


ئەوەی تا ئێستا زۆر بینراوە و بیستراوە لە ئەوروپا و جیھاندا زۆربەی ژن کوژەکان و قوربانیەیەکانی کوردزمان بوون ،بەڵام ئەمە ھێشتا ئەوە ناگەیەنێ کە ھۆی ئەم دیاردەیە نەریت و کەلتوری خەلکەکەیەتی . چەندین کەیسی تری لەو چەشنە بینراوە و بیستراوەلە خەلکی وولاتانی تری وەک ئێران و پاکستان و ئەفغانستان و سوماڵ و ووڵاتە عەرەبیەکان. بۆیە ئەمە ئەوە زیاتر دەسەلمێنێ کە ئیسلامی سیاسی و ناسیونالیزمی باڵا دەستی ئەم وڵاتانە کە چەندە نەخشیان ھەیە لە سەر بوونی ئەم دیاردەیە لەم ووڵاتانە.


لەم ڕۆژانەدا نەتەوەیەکگرتوەکان ئامارێکیان راگەیاند کە لە ھەر پێنج ژنێکی عێراقی ژنێک لە ژێر توندوتیژیی دایە. مەبەست لەم توندو تیژیە کوشتن و لێدان و شەڕی نەفسی و نەبوونی سۆزو وە ھەروەھا دڵرەقیە لە بەرانبەر ژنان.


ئەم جۆرە ئامارانە سەرەرای ئەوەی تا چەندە راست و دەقیقن جاران تا پێش باڵادەستی ئەحزابی قەومی و دینی و میلییشیایی لە ئارادا نەبوون ، دیارە لە دەورانی حاکمیەتی بەعسیشدا ژنانێکی زۆر ھەر بە ئاشکرا لە لایەن دەوڵەتەوە کوژران بە ناوی حەملەی ئیمانیەوە ، بەڵام ئەم دیاردەیە لە پاش رووخانی بەعس و ھاتنی ئەمەریکاو سەپاندنی دەسەڵاتی تاقم ودەستە قەومی و دینیەکان بە سەر خەلکەوە زۆر لە جاران زیاتر بووەو واتە دیاردەی ژن کوشتن و توندوتیژیی بەرانبەر ژنان لە ژێر دەسەڵاتی ئەم ھێزو تاقمە کۆنپەرستانەداڕوو لە سەر بووە . ئەمانە ھەموو بەڵگەن بۆ بوونی کاریگەری دەسەڵاتدارانی ئایینی و ناسیونالیستی بە سەر کۆمەڵگاوە.


لە کوردستان دا ،لەم رۆژانەدا ھەموو ھەواڵی ئازاد کردنی "ساڵە موەزلیمان " بیست ، ئەم کەسە کە بە تاوانی کوشتنی دوو ژن لە کوردستاندا حوکم درابوو. لە بیرمە کاتی خۆی ژنی یەکەمی کوشت ئەم کەسە ئازادانە دەسورایەوە ژیانی خۆی دەکرد کاتێ ژنی دووەمی کوشت ، خەڵکی ئازادی خواز تەحەمولیان نەماو داوای دادگایی کردنی ئەم کەسەیان کرد ، لە ژێر فشاری خەلکدا ئەم کەسە دەسگیر کرا و حوکم دراو لەم رۆژاندا بە بریاری لێ بوردنی سەرۆکی ھەرێم لەگەڵ چەندین تاوانباری تر ئازاد کران. ئایا ئەمە ھۆ نیە بۆ زیاد بوونی کوشتنی ژنان و توندو تیژی لە سەر ژنان ؟ ئایا ئەمە ئەوە ناگەیەنێ کە ناسیونالیزمی کورد ھاندەرە بۆ زیاد بوونی ئەم دیاردەیە ؟ ئایا خەلکی نارەزایەتیان نیە لە سەر ئازاد کردنی ئەم کەسە ؟ ئایا ئەمە ئەوە ناگەیەنێ کە خەلکی کوردستان دژی ژن کوشتنن ؟وەڵامی ئەمانە ھەمووی بەڵێ یە ، ھەر تەنھا ئەمانە نموونە نین بۆ رۆڵی گرنگی ناسیونالیزم لە سەر زیاد بوونی دیاردەی ژن کوشتن و توندوتیژیی لە سەر ژنان نموونە زۆرن لەوانە وەک بوونی یاسایەک بۆ فرە ژنی لە پەرلەمانی کوردستان ، بوونی یاسا لە سەر دەرنەچوونی ژنان لە یاساو نەریتی کوردەواری ، پێکەوە کارکردنی دەسەڵات و دین و جیا نەکردنەوەی دین لە دەوڵەت. ..ھتد.


رەوتی کوردایەتی و ئاینی ئیسلام سەرچاوەی سەرەکی چەوساندنەوەی ژنانن ، ژن لە لای ئەمانە زەعیفە و توانای بریاردانی نیە لە ھەموو شتیکدا دەبێ پیاو چ ئەگەر مێرد بێ یا باوک و براو مام وخاڵ بێ دەبێ باڵا دەست بن بە سەر ژیانیدا. ئەمە ھۆیە بۆ کوشتن و توندو تیژی دژی ژنان ،ئەگەر ھەر کەس ئیعترافەکەی باوکی "ژیان" ی ٢١ساڵەی بیستێ ئەم کاریگەریەی ئیسلام و ناسیونالیزم دەبێنێتەوە نموونەیەکی زیندووە بۆ واقیعی بوونی ئەم مەقولەیە بۆ نموونە کاتێ ئەڵێ : بۆیە " ژیان" ی کچم کوشت چونکە ھیچ بە قسەی نەدەکردم بە رای خۆی دەجوڵایەوە. ھەر بۆیە تاوانبارانی کوشتنی ژنان پێش ئەوەی پیاوەکان بن ، ئیسلام و ناسیونالیزمە.


ئەو ووڵاتانەی کە ئیسلام و ناسیونالیزم باڵادەستن پێکەوە ،دیاردەی ژن کوشتن دیاردەیەکی بەرچاوە ، لەو ووڵاتانەش کە ئەم رەوتانەش باڵادەست نین ئەم دیاردەیە نیە یا ئەگەر ھەبێ تاوانباران و بکوژەکان لەو ووڵاتانەوە ھاتوون کە ئەم رەوتانەی تێدا حاکمە.


ئەگەرچی سەرمایەداری و سیستەمی چینایەتی سەرچاوەی سەرەکی ستەمە لە سەر ژنان بەڵام لە ھەر کۆمەڵەگەیەکدا ھێزی رادیکال و پێشکەوتوو خواز زۆرتر بێ لەوێدا مافی زیاتر بۆ ژنان بە دەست ھاتووە . لە وڵاتانێکی وەک چین و نەرویچ و سوێد ئەوروپاو کەنەداو ئەمەریکا و ئوسترالیا ژن کوشتن لە سەر ناموس لە لایەن باوک و مێردو براومام و خاڵەوە جێگای سەرسورمانەو وەک داستانەکانی دێو و دایناسۆڕ وایە.


خەڵکی کوردستانیش ھیچی کەمتر نیە لە خەلکی ئەم ووڵاتانە و خەڵکیکی سکولاریستە دژی کوشتن و توندو تیژی ژنانە، قەلەشتی نێوان خەڵک و دەسەڵاتی ناسیونالیستی زۆر بە روونی دەبێنرێ لەم بارەوە . بۆ ئەم مەبەستەش چاو لە ھەڵوێست و نارەزایەتیەکانی خەڵک بکەن لە بەرانبەر کوشتنی ژنان و ئازاد کردنی بکوژانی ژنان و لە بەرانبەر دەخالەتی دین لە دەوڵەتدا و لە بەرانبەر یاسای فرە ژنی ... ھتد ئەمە ئەوە نیشان دەدا کە خەڵکی کوردستان ھەڵگری نەریتی دژ بە ژن نین ئەوە ناسیونالیزم و ئیسلامی سیاسیە خاوەنی ئەسڵی ئەم دیاردە دژی ئینسانیەن.


رێگا بۆ دەرباز بوون ھەر ئەوەیە کە ژنان دەبێ خۆیان یەکگرتوو وە رێکخراو بکەن و جیا بن لەو دوو رەوتە 'ناسیونالیزم ' و " ئیسلامی سیاسی "و حیزب و تاقمەکانیان. وە ھەروەھا شان بەشانی ھێزە رادیکال و چەپ و کۆمۆنیست و ئازدیخوازەکان خوازیاری کۆمەڵگایەکی سکۆلاریست بن.


٢٨
\١١\٢٠١٠
ماڵپه‌ڕی سه‌ردار عهبدوڵا حهمه