٨\٣\٢٠١٤
ژنکوژیی،
شەرەف و ناموس و یاسا لە باشووری کوردستان.
لە وڵاتێکی پێشکەوتوودا هەرچەشنە تووندوتیژیی دژ بە ژنان و منداڵان بە پێی یاسا سزا دەدرێ و مکانیسمی پێویست بۆ بەرگریی لە گیانی ئەو ژنانەی کە دەسترێژیان لێکراوە یاخود گیانیان لە مەترسی کوشتن یاخود هەرچەشنە دەسترێژیی و ئازاری جەستەیی و ڕووحیی دایە، لەبەر چاو گیراوە. ئەم کەسانە نە تەنیا لە ڵایەن سیستێمی دادوەریی و پۆلیسی وڵات بەلکوو لە لایەن ڕێکخراوە جوراوجۆرەکانی مەدەنیش پشتیوانی دەکرێن.
بەڵام لە وڵاتێکدا کە دابو نەریتی کۆن و وەدواکەوتوو ئاخەرین قسە دەکا و یاسا بە هۆی باڵادەست نەبوونی لە کۆمەڵگادا لەبەرامبەر توندوتیژیی بە ژنان بێدەنگی پێشە دەکا و بەشێکی بەرچاو لە عاڵمە ئایینییەکان لە مزگەوت و هتد ... لە ورووژاندنی پیاوان بۆ ئەنجامی توندوتیژیی دژی ژنان دەورێکی سەرەکی دەگێرن، گیانی ژنان بە هۆی پاراستنی شەرەفی بنەماڵە زۆرتر لە ژێر مەترسیی کوشتن دایە و ڕادەی کوشتنی ژنان و کچان بە پاساوی شەرەف ڕۆژ بە رۆژ ڕوو لە زیادە دایە. زۆرجار بەشێک لە دیاردە نەریینیییەکان بە تێپەرینی کات دەبنە فەرهەنگی زاڵی نێو کۆمەڵگا و وەکو دیاردەیەکی ئاسایی لەبەر چاو دەگیرێن، یەک لەوان کوشتنی کچو ژن لەو وڵاتانەیە کە جارێ فەرهەنگی خێڵەکیی - ئایینیی و پیاوساڵار هەیشتا باوە و ڕخنەی لە پێستو گۆشتو خوێنی بەشێکی زۆر لە ئەندامەکانی کۆمەڵگا کردوە. لەم وڵاتانەدا پشتیوانی شەریعەتو قانوونی دادوەریی و دەستەڵات یاخود بێدەنگی ئەوان سەبارەت بەم چەشنە جەنایەتانە بە جووانیی دەبیندرێ.
ڕەنگدانەوەی بەشێکی زۆر لەم جەنایەتانە لە دەزگای ڕاگەیاندنی گشتیی و گۆڤاری حیزبە سکوڵارەکانیش زۆرتر لە چوارچێوەی بڵاوکردنەوەی خەبەر و جاروبار دەڕبرینی دڵسۆزییەکی بە تاڵ لە ناوەرۆکو راستیی دایە تا لێکدانەوە و خەسارناسیی ئەم دیاردەیە یاخود پێدانی پێشنیارێکی دروست بۆ لەبەین بردن یان پێشگیری کردن لە سەرهەڵدانی ئەم ئاکارە نائینسانییانە!؟
بە ڕاستیی چۆن دەکرێ لە وڵاتێکی ئاوا لە چەشنی باشووری کوردستان خەبات لەگەڵ ئەم چەشنە هەڵسوکەوتانە لە کۆمەڵگادا بکردرێ؟ ئێستا کە کورد لەم بەشەی کوردستاندا حکومەت و یاسای خۆی هەیە، بۆ بە چەشنێکی جیددی بەڕبەڕەکانی بۆ پێشگیریی لەم کارەساتانە ناکردرێ و بەشی سەرەکیی بکوژانی ناموسپەرەست بە ڕاحەتیی بێ هەر چەشنە سزایک دەرباز دەبەن؟ بۆچی لە دەزگای بڵاوکردنەوەکانی گشتیی ڕەخنەیەکی جیددی لە یاسا و بێدەنگی و بێ عەمەلیی حکومەت و پارلەمان و پۆلیس و دەزگای دادوەریی ناکردرێ و بایەخێک بە خەسارناسیی فەرهەنگی کۆمەڵگا نادرێ؟ بە ڕاستیی چۆن دەکرێ لە وڵاتێک کە بیرو فەرهەنگی عەشیرەییو ئیسڵامیی یەکێک لە هۆیە سەرکیییەکانو خولقێنەری ئەم چەشنە جەنایەتانەیە پێشگیری لەم چەشنە کارەساتانە بکردرێ؟
بۆ ئەوەی کە وڵاتێکی پێشکەوتوومان بێ پێویستە ژن وەک ئەندامێک بە ماڤی بەرامبەرەوە نە تەنیا لە ژیانی ماڵێ بەلكوو لە ڕەوتی گەشەسەندنی تەواوی بوارەکانی کۆمەڵگادا نەخش بگێرێ، ئەمە پێداویستیی بە پێکهێنانی وڵاتێک هەیە کە قانوونێکی سکوڵار و ئەورۆیی بە پێی ماڤی مرۆڤ لەوێدا سەروەر بێ و رێگا بە توندوتیژیی و سووکایەتی کردن بە هیچ تاکێکی کۆمەڵگا نەدا و ژنان بتوانن بە ئازادیی و بە دور لە هێرشی جەستەیی و ڕووحیی کەڵک لە ژیانی خۆیان وەرگرن. بە جێهێنانی ئەم ئەرکە کارێکی هاسان نییە بەڵام کارێکی پێویست و ئینسانییە.
خەڵکی کورد بێ لادانی ئەم دابو نەریتە وەداوکەوتووە ناتوانێ ڕێگای خۆی بۆ گەیشتن بە ژیانێکی مودێرن و ئەمرۆیی ببرێ. ئەم ڕاستیییە پێویستە وەکو دیاردەیەکی ئەمرۆیی لە کۆمەڵگای ئێمەدا جێ بکەوێ کە ژن نە کەرەستەی جینسییە و نە کلفەتی ماڵێ، ژن نە ناوەندی گوناهە و نە هۆی بێ کەرامەت کردنی بنەماڵە، بەلکوو ژن سەرچاوەی ژیان، هێمنیو خۆشەویستیییە. ژن هەر ئەو دایکەیە کە ئێمەی لە باوەشی خۆیدا گەورە کردوە و ڕێگای ژیانی پێ نیشان داوین و بە تەواوی هەستی خۆی گیانو سڵامەتی ئێمەی پاراستووە. ژن سەرچاوەی جووانترین هەستی ئینسانییە کە لە ژیانی ڕۆژانەی ئێمەدا لە دڵسۆزیی و خۆشەویستیی دایک و خوشک و ئەوینی هاوسەر و هەست و نازی کچەکانمان ڕەنگ دەداتەوە.
|