٢٧\٥\٢٠١٤
ژنکوشتن نەریتی
ئێمەی هاوڵاتیان نییە.

حەمە غەفور
پیاوسالاریی
و ئابڕووپەرستیی، ئەو نەریتە چەپەڵەی تاوانکاریی و دڕندەیی خۆی لە
خوێنڕشتنی ژناندا بەرجەستە ئەکات، نەریت و کەلتووری ئێمەی هاوڵاتییان
نییە! نەریتی ئەو حیزب و هێز و دەستە و دەسەڵاتدارانەیە، حکومەت و
یاسا و دەزگا و دامەزراوی جۆراوجۆریان دروست کردووە بەناوی بەڕێوەبردنی
کۆمەڵگا و ڕێکخستنی سێکتەرەکانی ژیانەوە، کەچی تەنیا خزمەتی دەسەڵات و
باڵادەستیی خۆیانیان پێئەکەن و بەرانبەر بە ژیانو ئاسایش و مان و
نەمانی هاوڵاتیان ئەوپەڕی بێدەربەستیی پیادەئەکەن!
هەزاران تاوانباری بکوژی ژنانی کوردستان لە نێو ڕیزی ئەم حیزبانە و ئەم
دەسەلاتەدا بە سمێڵی قەوی و قشقەڕەییانەوە ئازادانە ئەسوڕێنەوە و مێش
میوانیان نییە!
کەواتە خەڵکینە، ڕێگا مەدەن ئەم تاوانکارییە بێ کۆتاییە لەدژی ژنان بە
ناوی ئێوەوە تەواو ببێت. ڕێگا مەدەن تاوانباران بە ناوی ئەوەی گوایا
ئەمە "نەریت و کەلتووری ئێوەیە" بەردەوام کوردستان بکەنە ئەنفالستانی
ژنان و ڕۆژانە ئێمە شاهیدی تاوانی قێزەونی چەشنی کوشتنی ئەم کیژە
منداڵانە و دایکانمان ببین!
ئەم کەلتوورە نەگریسەو ئەم نەریتە دژەژن و دژەمرۆییە تووڕهەڵدەن و
شەقێک لە دەمی هەموو ئەوانەش هەڵدەن کە جورئەت ئەکەن و ئەڵێن لە پشتی
چاوی ژنێک یان کیژێک دوو برۆ هەیە! بە دژی ئەم تاوانکارییە و ئەم
کوشتارگەیەی بۆ ژنان دانراوە بە بیانووی پاراستنی شەرەفەوە، یاخود وەکو
نەریتی پیاوسالارانە، ڕاوەستن و کوردستان لە ژێر دەستی ئەم ژنکوژانە و
ئەم نامووسپەرستە سمێڵ قەویانە دەرکێشن. با هەموومان هەناسەیەکی پاک و
ئازادانە هەڵکێشین و چیتر حەسرەتی خوێنڕشتنی دایکانمان بە دەستی
پیاوان نەکێشین.
ماڵپهڕی حهمهغهفور
_________________________________
هەموو بابەتەکان دەربارەی
''دنیا'' لێرە ببینە:
www.emrro.com/dosiyeydunya.htm
|