په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٥\١\٢٠١٥

ژن لە کاڵاوە بۆ باڵا.

سەباح تاھیر    

 

ئـێستا ئـەوان شانازیی میللەتێکن، بە جەنگاوەر و پاڵەوان لەسەر رووپەڕی رۆژنامە و راگەیاندنە ھەرە پێشکەوتوەکانی جیهان نێویان دەبردرێ. لە کاتێکدا باس لە بەکاڵاکردنی ژنانی ئـێزیدی دەکرێ وەک سەبایا بە دەستی گرووپی تیرۆریستی داعش.

لە ھەمان سات چیڕۆکی قارەمانێتی یەپەژە لە بەرەکانی پێشی پێشەوەی جەنگ لە بەرگریکردن و ھەڵمەت بردن بۆتە مانشێتی میدیاکانی جیھان، راستتر جیهانیان سەرسام کردوە، بەم تێکۆشان و بەرخودانە.

لە دوای سەدان ساڵ دەوڵەتمەداریی و پێشکەوتن و ژینگەی دیموکراسی ئـەوروپا، تازە لەم ساڵدا شانشینی بەریتانیا بڕیار دەدا، ژنان بخاتە یاخود بنێرێتە ھێلی پێشەوەی بەرەی جەنگ، کەچی ئـاپۆ توانی لەن ێو جەرگەی دواکەوتوویی ژینگەی پیاوسالاریی دکتاتۆریی، ژنان وا پەروەردە بکا بە شێوەی کردار بیسەلمێنن کە یەکسانن لە ماف و کردار، نەک بە تەنھا دەتوانن خۆیان بپارێزن لەوەی بکرێن بە کاڵا و بە کۆیلە، بەڵکو دەتوانن بەرگریی لە خاک و نەتەوە بکەن.

بەڵێ لەو دەمەی ترۆرستانی داعش بەکارە دڕندە و قێزەونەکانیان جیهانیان تۆقاند و، کەچی ئـەو ترۆرستانە زەندۆقیان لە دەست و بازووی جەنگاوەرانی یەپەژە چووە.
 
بۆیە دەبێ لێرە بەدوا ئـاپۆییانە پەروەردەی ژنان و پیاوانی کورد بکرێ، تا وەکو پیاوان لە تاوانبار و دواکەوتوویی رزگاریان بێ و ژنانیش لە کۆیلە و بەکاڵابوون.

تا لە جیاتی وەک دڕندە باسمان بکرێ لە میدیاکان و کۆمەڵگا پێشکەوتووەکان، ببینە نموونەی پێشکەوتن و پێشەنگ، ئـاخر ئـەوە پەروەردەی ئـاپۆی رچەشکێن بوو لە ناو جەرگەی دواکەوتن، توانی ژنی کورد لە کاڵاوە بگۆڕێ بە باڵایەک کە بە قەد چیایەکانی کوردستان بەرزن.

دڵنیام ئـەگەر ژنانی شنگال ھەمان ئـەو پەروەردەیان هەبووایە، نەک نەدەبوونە کاڵا بە دەست داعش، بەڵکو بەرگرییان لە شنگال و دەڤەرەکەش دەکرد، کۆبانێ ئـاسا رووبەڕووی داعش و دڕندەکان دەبوونەوە.

ئـێستا نەک ئـێمە بەڵکو تەواوی جیهان بە ئـازایەتی جەنگاوەرانی یەپەژە سەرسامە، وەک چۆن تراژیدیای ژنانی ئـێزدی سەرتاپای جیھانی تووشی سەرسامیی کرد.


ماڵپه‌ڕی سەباح تاهیر

 

 


 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک