په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٠\٨\٢٠١٦

ژن لە کۆمەڵدا!

جەمال عەزیز     


کۆمەڵی مرۆڤایەتی بەسەر دوو بازنەی کارو سەرمایە دابەش بووە، ئەگەر کارت کرد نان هەیە بیخۆیت، خۆئەگەر کارنەکەیت نان نیە بۆ خواردن، یان دەبێت چاولەدەست بیت، بەرنامەی ژیان لە ناو کۆمەڵدا بەم شێوەیە دەڕوات بەڕێوە، بەهۆی کەمی هەلی کار بۆ ژنان لە کۆمەڵە نەریتییەکان ژنان جێگەیان ماڵەوەیە، لەماڵدا کارئەکەن خزمەتچیەکی بێ کرێن، بگرەئەرکیان لەپیاوان قورسترە لەبەر ئەوەی لەڕووی مادی دەستکەوتیان نیە بەڵام بەکار بۆیان نایەتە هەژماردن، لەبەرئەوەی ژیانی لەناو چواردیوار تێپەڕناکات سەنگ وقورسایشی بەستراوە بەوچوار دیوارەی کەبۆتە زیندانێک بەخواستی خۆی نیەو خۆشی دەیەوێ تێیدا بمێنێتەوە، هەرکات بیەوێ لەوچواردیوارە بێتەدەرەوە بۆ دیاری کردنی جێگەپەنجەی لە ناو کۆمەڵدا ڕووبەڕووی هەزارو یەک کێشەی نەخوازراو دەبێتەوە کەلەلایەن پیاوان بۆیان دروست دەکرێت، دەبێتە بارگرانی بەسەر ژنانەوە ڕێگەی خۆناساندنی لێدەگرێت، هەربۆیە ژن مەجبوور دەکەن لەسێبەری پیاواندا خۆی بناسێنێ.

لە کۆمەڵە ڕۆژهەڵاتیەکان بارودۆخێکی نەخوازراو بەرۆکی خەڵکی گرتووە، بەبێ ئەوەی خۆیان هەستی پێبکەن بۆتە قورسایی بەسەر دڵ و دەروونی تاک بەتاکی کۆمەڵەوە، بەتیبەتی ئاین کاریگەری زۆر نەرێنیی هەیە لەسەر پیاوان لەبەر ئەوەی ئاین پیاو بەباڵادەست دەزانێ وپیاوان ئەرکی پەیداکردنی خۆراک وپێداویستیەکانی ژیانی لەئەستۆیە هەر لەمڕوانگەیەشەوە پیاو خۆی بەسەروەرو سەردار دەزانێ بەتایبەت بەرامبەر بەژن، پیاو ژنی لەچوارچێوەی ماڵێکدا زیندانی کردووە بەبێ ئەوەی بزانێ هۆکاری ئەو زیندانی کردنە بۆچی؟ تەنها وشەیەک کەبۆتە وێردی سەرزمانی پیاو وشەی (حەیا)یە (ڕەوشت) بەبێ ئەوەی بزانێ واتای چی یە؟ یان لێکدانەوەیەکی زانستی بۆ وشەی حەیا هەبێ! ژنیش وشەی حەیای کردوە بەکەلپچەیەک ولەدەست وپێکانی خۆی کردوە هیچ لە واتاکەشی تێناگات، بەڵام لەپیاوان باشتر پارێزگاری لێدەکات، ژن دەتوانێ چەند ڕۆژێک بەبێ نان و ئاو بژی بەڵام ناتوانێ چەند ساتێک بەبێ حەیا بژی، پیاو واتای دەسەڵات دەگەیەنێ لەلای ژن، جلوبەرگی پیاوان واتای سەروەری و ئازایەتی و جوامێری، ژنان زۆر حەز بەبەرگی پیاوان دەکەن دەبینین لەبۆنەو دەرکەوتنەکانیاندا ژنان بەرگی پیاوان ئەپۆشن ولەبەرگی ژنانەی خۆیان دێنەدەرەوە بۆ ئەوەی نیشانی بدەن بەحەیان وشانازی دەکەن بەڕەوشتی پیاوانەوە،(جوانترین ژن، باشترین ژن، ساغترین ژن ئەو ژنەیە کەخۆی لەقاڵبی ژندا ئەبینێتەوە شانازی ئەکات بەژنێتی خۆیەوە، ژنی لەش ساغ و تەندروست هەرگیز لەقاڵبی ژنێتی ناچێتە دەرەوە، بۆئەوەی ڕووبەڕووی ناخۆشیەکان بێتەوە، بەڵکو وەک ژن هەڵسوکەوت ئەکات، ئەوکاتەی ژن ئەیەوێ وەک پیاو خۆی نیشان بدات بۆ ئەوەی خۆی لەئازار بپارێزێ بەپێچەوانەوە ئازارێک بۆ خۆی زیاد دەکات کەزۆر بەسوێترە لەئازارێک لەلایەن پیاوانەوە تووشیان هاتووە، ئازاری دەروونی کاریگەری نەرێنیی زیاترە بەراورد بەئازاری جەستەیی، ئەوکاتەی ئازاری دەروونی زیاد بکات لای ژن، پیاو بەدوای هاوکاریکردنیدا ناگەڕێ، بەڵکو وشەیەکی تری بۆزیاد دەکات بەشێت یان خڵەفاو ئەیناسێ بۆ ئەوەی خۆی لە هاوکاریکردنی بدزێتەوە).

ژن لە کۆمەڵە پێشکەوتووەکان بەتایبەت ئەوروپا ئەشێ ژیانیان لە ژنانی کۆمەلە نەریتییەکان باشتربێت لەڕووی مادییەوە، بەڵام لەڕووی دەروونیەوە هەرگیز ژیانیان لەژنانی ڕۆژهەڵات باشترنیە، ژنان لەئەوروپا خوێندەواریان زیاترە هەربۆیە زووترهەست بەچەوساندنەوە دەکەن، لەبەر ئەوەی زۆرینەی ژن لەئەوروپا بۆکار دێنەدەرەوەی ماڵ بەکرێی کەمتر لەپیاوان بەڕێژەی ٢٠٪ هەروەها بێدەنگی هەڵدەبژێرن لەبەر ئەوەی ئەم سیستەمە بەیاسا پارێزگاری لێدەکرێ کەدەبێت ژن کەمتر لەپیاوان مووچە وەربگرێ، بەهۆی زۆری ژن لەجێگای کار ڕێژەیەکی زۆر لەژنان ڕووبەڕووی دەستدرێژی یان گێچەڵی پیاوان دەبنەوە وبێدەنگیش هەڵدەبژێرن تەنها لەبەر ئەوەی کارەکەیان لەدەست نەدەن، لەئەمەریکاو ئەوروپا ڕێژەی لە ٢٪ ژن خاوەنی کاری تایبەت بەخۆیەتی بەبێ بوونی پیاوێک لەپشتیەوە، لەڕوانگەی لێکۆڵینەوەیەکی (دکتۆر گلۆریا باخمن) لە ٣٨٪ ژنانی ئەمەریکا لەتەمەنی منداڵیدا ڕووبەڕووی ئازاردانی سێکسی دەبنەوە) ئەم ڕێژەی بێحورمەتی کردنە بەژن وکچان زۆر بڵندە بەراورد بەوڵاتێک کەپڕوپاگەندەی لووتکەی دیموکراتی وپاراستنی مافی مرۆڤ بکات،(لەلێکۆڵینەوەیەکدا کەبەسەرپەرشتی ڕێکخراوی پارێزگاری جیهانی(لوری هەس) ئەنجامدراوە واپیشان ئەدات کەژمارەی ئەوکچانەی لەسەرانسەی جیهاندا لەهەژاری وبرسێتیدا دەمرن چوارجار لەکوڕان زیاترە چونکە زیاتر خۆراک بەکوڕان ئەدرێت تابەکچان)، لەئەوروپاو ئەمەریکا بەهۆی ئەوئازادیەی کەسەرمایەداری دروستی کردوە ئەیەوێت گەنجان بێهۆش بکات و کۆمەڵی وەک جەنگەڵستان لێکردووە، مرۆڤیش وەک ئاژەڵێکی بێهەست وهۆش، سەرمایەدار تەکنەلۆژیا بەباشترین شێوە لە خزمەتی خۆیدا بەکاردەهێنێ، هیچ داهێنانێک نرخی نابێت گەرلەخزمەت سەرمایەداریدا نەبێت، ژن لەو کۆمەڵەی سەرمایەداران دروستیان کردووە تەنها کاڵایەکەو بەس، نرخی ئافرەت بەراوردە بەنرخی ئەو جلوبەرگەی کەئافرەت بەلەشی ڕووت ڕیکلامی بۆدەکات، ئەوکاتی سەرمایەداران ژن ڕووت دەکەنەوە بۆڕیکلام و کەڵەکەکردنی زیاتری سەرمایە بەرامبەر بەکەمێک کرێ بۆ ژن تاکو بتوانێ بەزیندووی بمێنێتەوە لەجیهانی سەرمایەداریدا، زۆرن ئەو پیاوانەی هاندەری ژنانن بۆ خۆڕووتکردنەوە بەرامبەر بەدەستهێنانی بژێووی، زۆریش کەمن ئەوپیاوانەی کەگیانی پێکەوە ژیان لەگەڵ ژناندا قبوڵبکەن بەبێ هیچ بەرژەوەندیەک، لەئەمەریکاو ئەوروپا ئەگەر ژن لەدەرەوە کارنەکات وخاوەنی داهاتی خۆی نەبێت، ئەوەجێگای چواردیواری ماڵە بەهەمان ژنی کۆمەڵی ڕۆژهەڵاتی دەبێت خزمەتچیی پیاوبێت لەماڵەوە.

پێویستە ژن بوونی خۆی بسەلمێنێ لەگشت بوارەکاندا بەتایبەت لەوجێگایانەی هەست بەئازاری جەستەی ودەروونی دەکەن، زۆرگرنگە ژن ملکەچ و بێدەنگ نەبێ بەرامبەر بەناڕەوایی، لەوەش گرنگتر پێویستە ژن چاوەڕوانی پیاو نەکات تۆڵەی بۆبکاتەوە یان مافی خوراوی بۆوەربگرێتەوە، پێشکەوتنی ژن پێویستە لەبواری چۆنیەتی بەرگری کردن لەئازاردانی جەستەیی ودەروونی، ئەگەر ژن هۆشیار بوو ئەوکات تێدەگات کەزۆرشتی لەتوانادایە وزۆرشتی لەهەگبەدایە بۆ بەخشین بەخودی ژن، ڕاستی ژیان سەلماندی ئەگەر ژن هەستی باشی نەبێ بەرامبەر بەناڕەزایی وسەرکەوتن ئیتر چۆن کەسانی دی هەستی باشیان دەبێت بەرامبەر بەژن، لە کۆمەڵی سەرمایەداریدا پیاوان بەوێنەی ژنان کۆیلەو چەوساوەن وەک ئامێر بەکار دەهێنرێن، ئەگەر پیاو ئازاد نەبێ زۆر ئەستەمە بۆ ژن چاوەڕوانی ئازادی بکات لەپیاوی کۆیلە.

______________________________
سەرچاوە: پەرتووک جەستەی ژن رۆحی ژن نووسینی کریستیان نۆرترۆپ، وەرگێڕانی شەیدا ساڵح و پێداچوونەوەی ئازاد بەرزنجی.

 

٥\٨\٢٠١٦ - نەرویج

ماڵپه‌ڕی جه‌‌مال عه‌زیز


 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک